ژینا (مەهسا) چی کردبوو؟

Tuesday, 19/12/2023, 10:20

1828 بینراوە


جارجار نووسین لە سەربابەتێکی هەستیارکە لە پڕ سەرهەڵدەدەن وتانوپۆی کۆمەڵگا دادەپۆشين زۆر گرانە.هەروەک ئەزانن کۆمەڵگا لە چین وتوێژیی هەمەرەنگ پێکهاتووە،بەشیکیان هۆگریی سیاسەتن،بەشێک هۆگریی هونەرن،بەشێکیش لایەنگریی ئەدەبن،بەشێکیش وەدوای ژیانی شەخسیی خۆیان دەکەون،ئەوەش مافێکی رەوایە وهەر مرۆڤێک ئازادە چۆن دەژی وچۆن بیر دەکاتەوە.
تا دایکو باوکێک جگەر گۆشەکەی لە دەست نەدا،هیچکات کەسانی دەوروبەریی ئەو دایکوباوک هەست بە لە دەستدانی منداڵ و ئازارەکانی ئەو دایکوباوکە ناکەن.تەنیا دایکوباوکی ژینا ئەزانن چییان بەسەرهاتووە،لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەڵ بە مووبەندە،هەرکەس لە رابوردوودا دەنکە جۆیەکی مەلاکانی کۆماری ئیسلامی خواردبێ،حیسابی لێ ئەکێشن.بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە کورد بێ.ژینا زۆر بێ ویژدانانە لە غوربەت شەهید کرا.چون زۆر بابەتە دەستیان دابووە یەک تا ئەو رووداوە تاڵە بخوڵقێ.
ئەو کێژە خەنجیلانە ودیمەن شیرینە هیچکات چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد لە جلوبەرگێکی سادە کە لە بەریی دابووپەڵپی پێ بگرن وئاوادڕندانە گیانی لێ بستینن.بەڵام داخی گرانم لە بێ کەسیی کورد.رووداوە سیاسییەکان وئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی وفەرهەنگیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان،دەریایەکی خەمووخەفەت رژاندۆتە سەرئەو بەشە لە وڵات.کۆمەڵگای تینووی ئازادی لە دەرفەتێک دەگەڕێ، وێنەی گڕکانێکی بە هیزکفوکوڵی خۆی دەربخا.کفوکولێک کە زۆر جار ئەگەر بە شێوەی کاتیش بێ پێشی پێ ناگێرێ.
رووداوی دڵتەزێنی ژینای کورد،بیانویەک بووبۆ ئەو کۆمەڵگایەی کە وێنەی ئەو باڵندەیە ئەچووکە داییم لە کەناری ئاوەکانە بەڵام،تینوویە وناتوانێ ئاو بخواتەوە.بەواتایەکی دیکە خەڵك لە دەسەڵاتداریەتیی کۆماری کەمتیارەکان لە ئێران وەڕەس بووە.بۆیە زۆریی نەخایاند چۆنیەتی شەهید کردنی ژینا،سنووری کوردستان وئێرانی تێپەرآندوبوو بە پرسێکی جیهانی ودەنگی دایەوە.

ژیناچی کردبوو؟

لە دێر زەمانەوە گووتوویانە ئاوژەنیی بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی دەریا یەکجار زۆر زەحمەتە.جار جارە هیندێک بابەت ونووسینیش هەرئاوایە.بەباوەڕی من نووسینی ئەو شێوە گوتارانە لە نە نووسینیان باشترە.مەرجیش ئەوە نییە خوێنەریی بابەتەکە دەق وناوەرۆکی بابەتەکەی بە دڵ بێ.رەنگە زۆریشی لە دڵ گران بێ.
ژینای،تازە نەمامی کورد بووبە بیانوویەک بە کوردوناکورد،خۆپشاندانەکانی ئەم دوایبەی کاتی بە خاک سپاردنی ژینا لە شآری سەقزوهەڵدانی درووشمی پڕ ناوەرۆکی،ژن،ژیان،ئازادی،بوو بە مەڵحەمێک بۆ ئارام بوونەوەی برینی پڕ لە ژانی ژینا بۆداکوباوک ومیلیونان کەسی ئازادیخوازلە کوردستان ولە جیهان.ژینای لە دەست چووتازە ناگەڕیتەوە،وەک هەزاران شەهیدی دیکە نەتەوەی کورد.بۆیە ژانی لە دەستدانی ژینا بۆ دایکوباوکی تا ئەو کاتەی کە لە ژیاندا ماون،رۆژگاریان دادەپۆشێ.
بۆئەوەی باسەکەم بە لاڕێدا نەبرێ وکەسیش لێم زوێر نەبێ ئاماژە بە یەکێک لەو ژنانە دەکەم کە لە مێژووی رزگاریخوازیدا زۆر بە دەگمەن ناویان تۆمار کراوە،ئەویش قارەمانێکی کورد بە ناوی زەینەب جەلالیان کە بۆ ماوەی شآزدە ساڵە لە ناو زیندانەنی دڕندەکانی کۆماری ئیسلامی کۆڵ نادا بۆ گەیشتن بەئازادی سەر دانانەوێنێ.زەینەب،زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ بڕاوەتەوە.لە مێژووی دەسەڵاتداریەتی یەک بە دوای یەکی ئێراندا یەکەمین ژنە کە زیندانیی هەتاهەتایی بۆ بڕابێتەوە!مرۆڤ کوژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی مافی دوکتورودەرمانی بدەنێ،داوای لێدەکەن بێتە سەرمێدیاکانی سەر بە دەسەڵات،پەژیوانی لە هەڵوێستەکانی رابگەیەنێ وداوا لە کەمتیاری گەورەبکا کە بیبەخشێ.
کە چی ئەو قارەمانە حازر نییە ئەو داوایەی کوردکوژەکانی تاران پێک بێنێ.ماوەی شآزدە ساڵە هیچ دیداڕێکی دەگەڵ دایکوباوکە دڵشکاوە پیرەکی ئەنجام نەداوە.لەو ماوەیەدا زۆر زیندانی وهۆلی تاریکیی دیوە،بەڵام چون کەسێکی باوەڕمەندە بە دۆزیی نەتەوەکەی ئازارو شکەنجە پشتی پێ ناچەمێنێتەوە. بۆیەگونانم لەوەدانییە،جیاوازیی هەیە لە نێوان زەینەب وژینا.چون ژینا بۆ یەک رۆژیش بیری لە سیاسەت نەکردۆتەوە وزیندانیی نەکراوە.

خەڵاتی ساخارۆف وژینا:

ژینای کوردوزەینەبی شۆڕشگێڕی کورد هەردووکیان وێنەی فریشتەیەک دەچن لە بە کانیاووهەوای وڵاتی کورد پەروەردەبون.بەڵام لە دوو دونیای جیاوازدا.خەڵاتی ساخارۆف درا بە ژینا،پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە کوردو بنەماڵەی ژینا دەکەین.واتای ئەو خەڵاتە بۆ ئازادی بیرورآدەڕبڕین وتێكۆشان لە پێناوی مافی مرۆڤ.ژینا بۆ سەفەرێکی بنەماڵەیی رێگای کەوتە شآری تاران کە بەداخەوە ئەو تڕاژیدیایە بەسەرهات.خۆزگە ئاوای لێ نەهاتبایە وچش لە خەڵاتی ساخارۆف.بەڵام زەینەبی تێکۆشەرلە چیا سەربەرزەکانی کوردستان خۆی گەیاندە ناو جەرگەی پڕ لە مەترسی لەناو خاكی رۆژهەڵاتی کوردستان تا رووبەڕوو بەرەنگاریی دووژمنی کوردوکوردستان ببێتەوە.بەداخەوە گیراودەیان شکەنجەی فیزیکیی وروحی لەسەر تاقی کراوەتەوە،بە پێی گووتنی ژنێکی فارس زمان کە سەردەمێک هاوزیندانیی زەینەب بون وپاشآن ئازاد کراوە ولە هەندەران دەژنی دەڵێن ئیمە بۆ یەکەمین جار،درووشمی،ژن ،ژیان،ئازادیمان،لە زاری زەینەبەوە فێر بوین وبیستوومانە لە ناو زینداندا.ئەوڕۆکە هەزاران زەینەب لە سەر چیاکان کوردستان بە هزرو فەلسەفەیەکی کوردخوازانە چەکی رزگاریان دەشآن کردوە وبۆ ئازادیی بیروڕاولە پێناو مافی مرۆڤدا دەگەڵ دڕندەترین دووژمنی کورد دەجەنگن.
رەنگە ژینا،لە ژیانیدا ناوی خەڵاتی ساخارۆڤیشی نەبیستبێ.رەنگە قەت بۆ جارێکیش بیری لەو نەکردبێتەوە بۆ کورت خایەنیش بووبێ ڕووبکاتە چیاکان وهەڵوێستیی شۆڕشگێڕانەی هەبووبێ.ژینا بە هەڵکەت گیراوکەوتە دەست دڕندەکانی تاران،زەینەب بە شوێندادەگەڕآن تا قۆڵبەستیی کەن،چون لێی دەترسان.ئەو دووفریشتەیە،هەردووکیان ڕۆڵەی نەتەوەیەکی دابەشکراون.بەڵام دۆزیی زەینەب وگیرانی ئەو،جیاوازە دەگەڵ چۆنیەتی شەهید بونی ژینا.چون ژینا هیچ مەترسیەکی بۆ دەسەڵات نەبووە،بە خاتری ئەوەی تۆزێک قژی سەری دیار بووە یان جلوبەرگەکەیان بەدڵ نەبووە ئاوابێ ویژدانانە لە ناویان برد.
یادی ژیناهەرمانبێ.ئاواتی ئازاد بونی قارەمانێکی وەک زەینەب جەلالیانیش،ئاواتی نەتەوەکەمانە.زەینەب شایانی خەڵاتێکی مەزنترە لە خەڵاتی ساخارۆڤە،چون شێوەی گرتن وئازاردانی لە ناو زینداندا بە بارتەقای دۆزەی گەلەکەی و پانتایی خاکی کوردستان مەزنە.

دووپرسیار؟

یەک: ژیناچی کردبووکە ئاوا دڕندانە شەهیدیان کرد؟
دوو: ژینا چی کردبوو کە خاڵاتی ساخاڕۆڤیان دایە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە