کاتێک ناتوانین بگەڕێینەوە

Monday, 26/02/2024, 22:42

1919 بینراوە


بیست ساڵ زیاترە نەمتوانیوە سەر بکەمەوە بە کوردستان و نیشتیمانی داگیرکراودا.
بیست ساڵ، تەنیا یادەورەییەکانی تەمەنی هەرزەکاریمی تێدا دەبینم و منی بێ هیوا نەکردووە، هێشتۆمیەتەوە، تا لەم دوورییەوە بۆ نیشتیمانەکەم بژیم،  بەو هیوایەی ئەو رۆژە ببینم، کە دەسەڵاتی دزەکان نەمێنێت و بە دیداری شاد بمەوە.
ئەو برایەم کە کۆچی دوایی کرد، لە دوا تەمەنی ژیانیدا و لە قوڵایی ئازاری نەخۆشییەکانیدا دەیگوت: دەترسم بمرم و نەتبینمەوە. ئەو مرد و ئازارەکەی بۆ من و ترسەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کەسیێکی خۆم ماڵئاواییم لێبکات و نەیبینمەوە، لەو هەموو ساڵانەدا دایکم و باوکم مردن، کەسیانم نەبینییەوە، مام، پور، خاڵۆزا و پورزاکانم زۆربەیان ماڵئاواییان لە ژیان کرد، لە نزیکەوە لەگەڵیاندا نەبووم، زۆر لە هاوڕێکانم جێیان هێشتم، پێش مردنیان ئەوانیشم نەبینییەوە.
هەندێک کەس بۆم دەنووسن: تۆ بە رقەوە دەنووسیت و قسە بە دەسەڵات دەڵێیت و مێژووی ئەو سەرکردانە ناشرین دەکەیت.
لە دەرەوەی ئەو رقە پیرۆزەی من، هەستێکی دیکەش هەیە، تەژییە لە خۆشەویستی بۆ خاک و گەل، دوور لە ئارەزوو، کە ئەوانە وا دەزانن منیش وەک خۆیان خاڵیم لەو هەستە پیرۆزە، لەو خۆشەویستییە مەزنە، دەیانەوێت سەری رقم بەسەر دەسەڵاتی دزەکاندا بنێنەوە، وەک خۆیان لە ناو دنیای ناوگەڵ و گەدە و خۆشییەکانی ژیانیاندا دابنێم.

لە پاڵ کۆمپیتەرێکدا دانیشتووم تەنیا  قسەی زل دەکەم

کابرایەکی نووسەر، گوایە رووناکبیرە بۆم دەنووسێت:
(تۆ ترسنۆکی، تۆ (جبان)یت، تۆ لە پاڵ کۆمپیتەرێکدا لە دوورە وڵاتەوە دانیشتوویت قسەی زل دەکەیت. خەتێکی راست و چەپم پێدا دەهێنێت، دەیەوێت بمسڕێتەوە. درێژەی دەداتێ: ئەوە ئێمەین لێرە سەر و ماڵمان تیاناوە، پەلاماری ئەم دەسەڵاتە ئەدەین، نەترسانە دەچین لە راگەیاندن و کەناڵەکانی خۆیان قسە دەکەین، هەی کەمالی فەقیر... هەی ترسنۆک تۆ چیت کردووە و چیت لە دەست دێت؟! ئەگەر راست دەکەیت فەرمو وەرەوە  لایەنی کەم لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی، هەرچەندە وەک منت پێت ناکرێت بشیڕێنیت، فەرمو تاکە وێنەیەکی خۆتم بۆ بگرە! ئایا ئەمە دەکەیت!؟ نەخێر نایکەیت، چونکە تۆ ترسنۆکیت.... تۆ جەبانیت!؟).

هەر پێ بنێمەوە کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەگم پێوە دەنێت

- پێش چەند ساڵ لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا، قسە لەگەڵ کارمەند و کەسە نزیکەکانی دەوروبەری خۆیدا دەکات، تا رێنمایی بکەن چی بکات بۆ ئەوەی دەنگە ناڕازییەکان فێری پیسخۆریی بکات؟! یەکێک لە پێشنیارەکان، کە دەیخەنە بەر دەمی ئەوە دەبێت، داوەتنامە بۆ هەندێک لەو کەسانە بنێرن، بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی وڵات، تا بگەڕێنەوە، بۆ ئەمە ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەی بۆ هەڵ دەدەن، یەکێک لەوانە ناوی منیش دەبێت!
وەک بۆیان گێڕامەوە: کاتێک نێچیرڤان ناوی من دەبیستێت تووڕە دەبێت و دەڵیت: هەر پێ بنێتەوە کوردستان، من سەگی پیوە دەنێم.
ئەو  سەگە چونکە خۆی هێندە لە من بە قینە، رەنگە مەبەستی لە خۆشی بووبێت، کە قەپم پێدا بکات.
- کاتی خۆی کە کوردستانپۆست لە هەرەتی لوتکەدا دەبێت، عومەر فەتاح لە سەردانێکی بۆ هۆڵەندا بە کەسەکانی دەوروبەری دەڵێت: ئەرێ کەسێک نییە، ئەو کەمالەم بۆ بطۆپێنێت؟!
کاودزەکان لەسەر کێشی (کاوبۆیەکان)، کە داویانە بە سەر ئەو نیشتیمانەدا و تاڵانیان کردووە، چۆن دەهێڵن ئەگەر کەسێک وەک خۆیان دز و پیاوخراپ و ناپاک نەبێت بگەڕێتەوە، ئەوەی لەوێن دەبێت کزۆڵە و بێدەنگ دانیشن، یان رەخنەی رێگاپێدراو بگرن،  لەملاشەوە دەرگای نیشتیمانیان خستۆتە سەر گازی پشت،  تا هەرچی لاوی کورد و کەسی دڵسۆزە،،، نیشتیمانیان بۆ چۆڵ بکات و جێی بهێڵن. ئەوان  زینداندان پڕ کردووە لەوانەی کە بێدەنگ نیین و سەرکێشی فەرمانەکانیان کردوون،  یان لە گۆشەیەکدا  گیریان پێخواردوون  و دایاننیشاندوون. 
لە کۆتاییدا سەرچاوە و هۆکاری ئەم هەموو نەهامەتییانە باجی کوردبوونمانە، کە نرخەکەی لەسەرمان گران کەوتووە و کەم کەس توانای هەیە، بچێتە ژێر بارییەوە، ئەوانەی توانایان نییە قەرزی کوردبوونی خۆیان بدەن، روویان کردۆتە خیانەت و ناپاکی، ئەمڕۆ ئەو نیشتیمانە پڕە لە خائین و دزە قەرزکوێرەکان،  دەستی ئەوانەش دەبڕنەوە، کە ئەستۆیان خاوێن و پاکە،  تا کەس چاویان لێنەکات.
ئەی ئەوانەی کە نەمدین و ماڵئاواییتان کرد، ئەگەر رۆژێک نەمردم و توانیم بگەڕێمەوە، دێمە سەر گۆڕەکانتان لە بری چەپکێ گوڵ دوو فرمێسک بۆ سەرگۆڕی هەر یەکەتان دادەنێم. بە لای گردی ئەو خائینانەشدا تێدەپەڕم، وەک ئەهریمەن و شەیتانەکانی نیشتیمان رەجمیان دەکەم.
رێز و سوپاس و پێزانین بۆ ئەوانەی سەرخۆشیان لێکردووم، لەوانەش کە لە دوورەوە هاوبەشی خەمیان کردم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە