کامیان بۆ ئێمەی کورد لە پێشترە: (کوردبوون، یان مرۆڤبوون؟)

Thursday, 28/12/2023, 16:30

2169 بینراوە


بەڕێزێک ئەمەی خوارەوەی بۆ نووسیوم و رەخنە لە بیرکردنەوە و کوردبوونی من دەگرێت، پێی وایە کوردبوون واتا نەتەوەپەرستیی و فاشی و رەگەپەرستیی و ... هتد، بەتایبەتی کە پێشتر وێنەیەکی ئاوارەبووەکانی ساڵی 1991م دانابوو، ئەو بەڕیزە وشیارییم دەداتێ، گوایە عەرەبە شیعەکانی خوارووی عێراقیش بە دەست رژێمی سەددام و بەعسەوە هەمان کارەساتیان لێقەوماوە،  لەوێدا دەڵێت:
- (ئێمەی کورد ئاوارە بووین لەباشور، لە هەمانکاتدا عەرەبەکان لە باشور عێراق ئاوارە بوون، دەسەڵاتیش سەدام بوو،کە پاڵەوانێکی نەتەوەیی بوو، ئیستایش نەتەوەپەرستەکانی عەرەب شانازی پێوە دەکەن. هیتلەر، بەناوی ئەڵمانی بوون ئەڵمانیا و بەشێکی زۆری دنیایی ویرانکرد، دەیان ملیۆن ئینسان بوون بە قوربانی ڕەگەزپەرستی.)
ئینجا پرسیارێکم ئاڕاستە دەکات و دەپرسێت:
- (ئەتوانیت نمونەیەکی جوانی حیزبێکی نەتەوەیی و دینیم بۆ بێنیتەوە لە مێژوودا کەشایەنی ئەوە بێت شانازیی پێوە بکەین!؟).
ئەمەش وەڵامی منە بۆ ئەو بەڕێزە:
وێنەی کوردە ئاوارەبووەکانی ساڵی 1991، پەیوەندیی بەو لێکدانەوەیەی بەڕیزتانەوە نییە، وێنەیەکی نیوتراڵە، ژیانی مرۆڤی کورد پیشان دەدات، کە لە بەر کوردبوونەکەی، دوژمن و داگیرکەرەکە وای بەسەر دەهێنێت. من وێنەی هەڵپەڕێیەکی کوردی، یان پێشمەرگەیەکی چەکدارم،... هتد، دانەناوە، کە مانایەکی نەخوازراو بدات بە ناوەرۆکی باسەکە، بۆ قسەکردن لەسەر (کوردبوون). ئەو وێنەیەم بە گونجاو زانی.
هەروەها نووسینەکەم پەیوەندیی بە حیزبی نەتەوەییەوە نییە، وەک نمونەت لەسەر سەددام و هێتلەر هێناوەتەوە، بۆچوونەکەتان بۆنی عێراقچێتی لێدێت، بۆیە لە رێگای ئەو وێنەیەوە عەرەبەکانی باشووی عێراق و کوردت تێکەڵ کردووە، خستووتە نێو هزری خۆتەوە،  بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت وەکو عەقڵی ئیسلامییەکی سیاسیی بیردەکەیتەوە، کە چۆن بۆ ئیسلامەکانی غەززە و مانیمار دەگرین، بەڵام بۆ کوردەکانی رۆژئاوا و باشوور بێدەنگن. تۆش ئاوا هاتوویت وەک ئەوەی دادگاییم بکەیت و لە رێگای ئەو وێنەیەوە، بڵێت تۆ ئەوانەت لە بیرچووە، خۆ ئەوانیش بە دەستی سەددام وەک کوردیان لێقەوما بوو. منیش دەڵێم: بەڵێ و دیسان نەخێر، ئەوان لەبەر شیعەبوون و یاخیبوونیان لە سەددام وایان لەگەڵدا کرا، بەڵام  کورد ئەنفال و کیمیابارانیش کرا. کورد لەبەر ئەوەی نەتەوەیەکی جیاوازە و عەرەب نەبوو، هەموو شتێکی بەرامبەر کرا، تا ئاستی ژینۆساید.

 ئەحمەد کایەی هونەرمەندی مەزنی کورد، کاتێک وتی من کوردم، تورکەکان پەلاماریان دا و لە تورکیا دەریان کرد. نەک تەنیا وەک کوردێک، بەڵکو وەک مرۆڤێکیش کاتێک ماڵئاوایی لە ژیان کرد، رێگایان نەدا تەرمەکەی ببرێتەوە نیشتیمانی خۆی.

چەوساندنەوەی نەتەوەیی سەخترە لە بیروباوەڕی جیاوازیی ئاینی و ئایدۆلۆژی، کە دژی دەسەڵات و حوکمی دیکتاتۆر و راسیست و فاشی بێت. بۆ زانیارییتان شیعەکانی باشوور هەر ئەوانەن کە دوایی زۆربەیان بوونە حەشدی شەعبی و دژی کورد هاتنە کەرکوک و خانەقین، ئەگەر دەستیان بڕوات لە سەددام خراپتر بە کورد دەکەن، بەتایبەتی کە زۆرینەی کورد شیعەش نیین. باسەکەی من لەسەر ئەو تایبەتمەندیانەیە، کە ئێوە پێتان وایە کورد نابێت خۆی جیابکاتەوە، دەبێت مرۆڤانە لەگەڵ دوژمن و داگیرکەرەکانیدا رەفتاری هەبێت.
بێمەوە سەر بەشێکی دیکەی پرسیار و بۆچوونەکەتان، ....کە بە کورتی وەڵامی دەدەمەوە، زۆربەی وڵاتانی وەک ژاپۆن، چین، روسیا، هیندستان و وڵاتە ئەوروپییەکان، ... هتد، ناوی وڵاتەکانیان ناوی نەتەوەکەیانە، زمانی فەرمییان، کە قسەی پێدەکەن، زمانی زۆرینەیە، کەلتور و مێژوو، لەگەڵ هەموو تایبەتمەندیی و بۆنەکانی دیکە هی نەتەوەی باڵادەستەکەیە، تەنیا جیاوازییەک هەیە، کە لەناو سیستەمی بەڕێوەبردنیاندا سیستەمێکی دیموکراتی هەیە، زۆربەی ئەو وڵاتانە مافی ئازادییان بە نەتەوەکانی دیکە داوە، جگە لەمانە (کەنەدا، بەڵجیکا و چیکۆسلفاکیا ی پێشوو، لەگەڵ  هەندێک وڵاتی دیکەی ئەوروپی، هەر نەتەوەیەک هەرێمێکی سەربەخۆی هەیە، وەک دەگوترێ دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا).  ئێوە بەراوردی سیستەمی حوکمڕانی ئێران و تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان، کە سیستەمێکی دیکتاتۆریی و شۆڤێنییە، بەراوردی دەکەن بە سیستەمی ئەو وڵاتە، ترستان لەوە هەیە، ئەگەر کورد بووە  خاوەنی دەوڵەتی خۆی دەبێتە دەوڵەتێکی فاشی و رەگەزپەرستی هاوشانی ئێران و تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکان، بۆیە وا بیردەکەنەوە و پێتان باشە کورد نابێت دەوڵەتی هەبێت، بەڵکو دەبێت مرۆڤ بێت، ئێوە کە هێشتا کورد نەبووە بە هیچ وەک تورکێک و عەرەبێک و فارسێک لە دژی دەوەستنەوە، دەتانەوێت، نیشتیمانەکەی هەروا بە دابەشکراوەیی و ژێر دەستەیی بمێنێتەوە، کورد تەنیا دەبێت مرۆڤدۆست بێت. ئێوە لە چاو دوو حیزبی خۆفرۆشی وەکو پارتیی و یەکێتیی مامەلەی کورد بۆ پاشەڕۆژ و چارەنووسی دەکەن، هەموو مافێک لە کورد دەسەندنەوە. ئەمەش بەشێکە لە خۆدزینەوە لە ئەرکی کوردبوون، پێتان باشە کوردێکی ژێر دەستە دەبێت مرۆڤ بێت و خاوەنی ناسنامەی خۆی نەبێت..
چەند ساڵ لەمەوبەر کابرایەکی زمانلوسی فارس باسی کێشەی کوردی دەکرد، کە لە ئێراندا کورد نابێت باسی رزگاریی و جیابوونەوە بکات، بە بیانووی ئەوەی هەموو نەتەوەکانی ئێران یەک دوژمنیان هەیە، ئەویش حکومەتی ئیسلامی ئێرانە، کە دەبێت هەموو دژی ئەو حکومەتە یەک بگرن، بەتایبەتی کورد و فارس کە یەک نەتەوەن لەناو ئێرانێکی یەکگرتوودا، کورد پێویستی بە دەوڵەتی سەربەخۆ نییە.
من لەگەڵ دەیان کەسی وەکو بەڕێزتاندا لە نزیکەوە دواوم، دەزانم تەنیا بە نووسین و زمان ئێوە کوردن، لە دنیای خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆتاندا لە داگیرکەر و دوژمنانی کورد، خراپتر بۆ مافی کورد بیردەکەنەوە، هەموو مافێک لە کورد دەسەندنەوە، بۆیە کاتێک باسی کوردبوون دەکرێت، لە هەموو نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە زیاتر دوژمنایەتی دەکەن. گوایە هەموو مرۆڤین و کورد دەبێت لە ناو مرۆڤبوونی خۆیدا کوردبوونی لە بیربچێتەوە.
من وەک کوردێکی مرۆڤ، ئەو کاتە بە مرۆڤبوونەکەم ئاسودە دەبم، کە ببینم تورکێک و عەرەبێک و عەجەمێک وەکو مرۆڤ سەیری کورد بکەن، ئەوەی بە خۆیان رەوا دەبینن، بە منی کوردیشی رەوا ببینن. من دەمەوێت نیشتیمانەکەم ئازاد بێت و سیستەمێکی دیموکراتی وڵاتەکە بەڕیوە بەرێت، وەک ئەوان وڵاتی سەربەخۆی خۆم هەبێت، نەتەوەکانی ناو ئەو نیشتیمانە هەموو مافێکیان هەبێت، مێژووش سەلماندوویەتی کە کورد بەرامبەر بە هەموو کەمەنەتەوەکانی ناو کوردستان بە چاوێکی یەکسانەوە سەیری کردوون، نمونە تورکمانەکانە، کە دوای نەمانی دەوڵەتی عوسمانی لە هیچ ولاتێکی عەرەبی ئاسەواریان نەما، تەنیا لە کوردستانی (باشوور و رۆژئاوا) ماون و مافیان پارێزراو بووە، پارتیی و یەکێتیی هەمیشە ویستوویانە ناکۆکی بخەنە نێوان هەموو نەتەوە و کەمەنەتەوە و  گروپە ئاینییەکانی ناو کوردستانەوە، گیانی عەشایرییان زیندووکردۆتەوە، تا کۆمەڵگە یەکگرتوو نەبێت و خەڵکەکەی ناتەبابن. ئەوەش پلانی تورک و عەرەب و فارسەکان بووە، سیاسەتی پارتی و یەکێتی سیاسەتی میت و ئیتیلاعاتە تا سیمای کوردبوون ناشرین بکەن.
ئەو بیرکردنەوەکەی ئێوە، ئەو مافە بە کوردبوونی من نادات، چونکە ئێوەش کورد بە بچوک دەزانن، لە چاوی ئەو جاش و سیخوڕ و خائینانەی کوردەوە  دەڕواننە کێشەی کورد، کە ئەمڕۆ هەرێم بەڕیوە دەبەن، هەروەها وەک ئەو حیزبە ئیسلامییە خۆفرۆشانە سەیری هەموو کوردێک دەکەن و مافی ئازادیی و سەربەخۆییان لێدەسەننەوە، ئیسلامەکە دەیەوێت هەموو کوردێک ئیسلام بێت و لە برا ئیسلامەکەی جیانەبێتەوە. ئەوان بە ناوی برای ئیسلامەوە، ئێوەش بەناوی مرۆڤبوونەوە، دەتانەوێت کورد واز لە کوردبوونی خۆی بهێنێت، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە تەنیا لە ناو کورددا هەیە، تورک و فارس و عەرەب نمونەی وای تێدا نییە، جیاوازیی من لەگەڵ ئێوەدا ئەوەشیانە، کە مرۆڤبوونی خۆم لەناو کوردبوونەکەمدا دەدۆزمەوە، ئەگەر من کوردنەبم، مرۆڤیش نییم، دەبێت ئازاری کوردبوونی من ئازاری هەموو مرۆڤایەتیی بێت.
ئەحمەد کایەی هونەرمەندی مەزنی کورد، کاتێک وتی من کوردم، تورکەکان پەلاماریان دا و لە  تورکیا دەریان کرد. نەک تەنیا وەک کوردێک، بەڵکو کاتێک ماڵئاوایی لە ژیان کرد،  وەک مرۆڤێکیش رێگایان نەدا تەرمەکەی ببرێتەوە نیشتیمانی خۆی..
مرۆڤبوون مانایەکی نییە، ئەگەر کوردبوونی من تێێدا جێگای نەبێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە