جووت بنەماڵەی (برایم و جەلال)

Monday, 15/01/2024, 23:14

1917 بینراوە


ئیدریس بارزانی لە رۆژی 31/ 01/ 1987 لە راژان لە کاتی دەستبەئاوگەیاندندا جەڵتە لێی دەدات و گیان لە دەست دەدات. هەندێک دەڵێن لەو کاتەدا بووە، کە فڕۆکەکانی عێراق فڕکەیان هاتووە، ئەمیش لە ترساندا لە ئاودەستەکە هاتۆتە دەرێ و رایکردووە، جەڵتەکە لێی داوە. راگەیاندەکانی پارتیی دەڵێن لە کاتژمێر ٦ی سەر لە بەیانی رۆژی ٣١ی مانگی ١ی ١٩٨٧ لە ناحیەی «سلیڤانا»ی سەر بە شاری ورمێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.
سەرچاوەکانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بە جۆرێکی دیکە باس لە مردنەکەی ئیدریس دەکەن، گوایە مەسعود بارزانی برای دەرمانخواردی کردووە، چونکە ئیدریسی بە رکابەری خۆی زانیوە، لەوە ترساوە، وەک برا گەورە جێگای مەلا مستەفای باوکی بگرێتەوە و دەسەڵاتی بنەماڵە بکەوێتە دەستی، ببێتە سەرۆکی پارتی و عەشرەتی بارزانی، بە تایبەتی مەسعود لە دایکەوە زێباریی بووە نەک بارزانی، ئیدریس دەسەڵاتی رەهای لەناو بنەماڵەکەیاندا دەبێت.
هەرچەند ئێمە باسەکەمان هۆکار و چۆنێتی مردنی ئیدریس بارزانی نییە، بەڵکو ئەمەی خواریشەوەیە:
لە چلەی مردنی ئیدریسدا لە شاری لەندەن، پارتییەکان پرسەی بۆ دادەنێن، بەو بۆنەیەوە داوەتنامە بۆ کۆمەڵیک کەسایەتیی کورد و عەرەب و دۆستی خۆیان دەنێرن، نامەش بۆ چەند بەرپرسێکی یەکێتی دەنێرن، بەڵام ئیبراهیم ئەحمەد بەسەر ناکەنەوە، بەڵکو بە مەبەست نامە بۆ مەزهەری خالقی هونەرمەند دەنێرن، کە هاوەڵزاوای برایم ئەحمەد دەبێت، پاش کەمێک لە پرسەکەدا مەزهەری خالقی دەبینێت برایم ئەحمەد دێتە هۆڵەکەوە، وەک نە بای دیبێت و نە باران دادەنیشێت، دەستەسڕێک دەگرێت بە دەستییەوە دەست دەکات بە گریان، پەیتا پەیتا فرمێسکی دەموچاوی خۆی دەسڕێت، ئەمە دەبێتە جێگای سەرنجی زۆر کەس بە تایبەتی مەزهەری خالقی، پاش ماوەیەک ئیبرایم ئەحمەد بەمە ناوەستێت، داوادەکات، کە رێگای بدەن بچیت هەندێک قسە بکات، دوای ئەوە دەچێت ولەسەر مێزگردەکە، میکرۆفۆنەکە بە دەستەوە دەگرێت، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بارزانی دەکات و دەست دەکات بە پیا‌ەلدان و رۆڵی ئیدریس بارزانی. ئەوەی بۆی گێڕامەوە، پێی خۆش نەبوو ناوەکەی بهێنم وتی مەزهەری خالقی کە دەچنە دەرەوە، چەند کەسێک لە دەوریان دەبێت بە برایم ئەحمەد دەڵێت کاک برایم پێم سەیرە ئەوان نە بانگیان کردبوویت، کەچی تۆ هاتیت، نە دایان نابوو وتار بدەیت، بەڵام وتاریشت خوێندەوە لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو، ئەو هەموو فرمێسکەت رشت، لە کاتێکدا (بیست) ساڵ زیاترە ئێوە شیر و تیر لە یەکتر هەڵدەسون و بەو هۆیەوە کوردتان کردووە بە دوژمنی یەکتر، کەچی لێرەش ئەم هەموو شین وشەپۆرەت بۆ کرد. زۆر عەیب بوو کاک برایم لە راستیدا من لە ئێوە تێناگەم.
 ئەمەم لە یادەوەرییەکانی خۆمدا دۆزیەوە، کە کاتی خۆی نووسیبوومەوە، کاتێک گریانەکەی شاناز  گریانەکەی باوکیم بیرخستمەوە، کە لە چلەی ئیدریس بارزانییدا لە لەندەن گریا و لەشەڕی ناوخۆی نێوان پارتیی و یەکێتیی تەلەفیزیۆنەکانی پارتیی چەندین جار لێیان دەدایەوە. شانازیش لە مەراسیمی بەڕێکردنی روفاتی ئەنفالکراوەکان، لوشکە لوشک دەگری، گوایە ئەوەندە خەمبارە بە بینینی ئێسک و پروسکی ئەو ئەنفالکراوانە خۆی ناگرێت و دەگری. ئەو ڤیدیۆیە بە درۆی گریانەکەی شاناز، رقم زیاتر لێیان ئەستورتر بوو، چونکە دەزانم ئەم بنەماڵە خائینانە فرمێسکەنانیشیان بە فیڕۆ نادەن، بۆ دەستکەوتی سیاسیی و مادیی بە کاری دەهێنن.
بە تایبەتی شاناز یەکێک بوو لەو خائینانەی، کە لە چەند نووسین و بۆنەی دیکەدا باسم کردووە، وەک تاوانبارێک دەبێت دادگایی بکرێت، چونکە ئەو بوو داوای لە تالەبانی کرد تا تارق رەمەزانی فڕۆکەوان ئازاد بکرێت، ئەو تارق رەمەزانەی کە هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، ئەم لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی رزگاری کرد و بردی بۆ ئینگلتەرا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە