تەڵەی سیخوری و کورد زنجیرەی (٣)

Monday, 04/03/2024, 12:35

5380 بینراوە


تەڵەی سیخوری و گوێڕایەڵی دەزگەی هەواڵگری لەسەر ئاستی سەرکردایەتی میللەتێک زۆر ماڵوێرانکەرترە لە سیخوری لەسەر ئاستی شەقام و تاکە کەسدا. سەرانی شۆڕشی میللەتان یان سەڕۆکی وڵاتان کە بوون بە بەکرێگیراو و بەگوێرەی ئەجێندای دەزگەی هەواڵگری زلهێزێکی ناوچەیی یان دنیا مامەڵەیان لەگەڵ پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی کرد، ئەوا ئەو کاتەیە کە مەلەفی پرسی میللەتەکە بە کراوەی پێشکەش بە دەزگەی هەواڵگری دەکەن، هەموو هەنگاوێکی کە دەیهاوێژن دەبێت لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێت، ڕێرەوەی مێژووی بزوتنەوەیەکی سیاسی، شۆڕشێک بەرەو هەڵدێر دەبەن، خەونی ئازادی و سەربەخۆی وڵات بەدەستی ئەوان دەنێژرێت. 
بزوتنەوەی سیاسیی هیج وڵاتێک لە قۆناغی شۆڕشدا یان سەرکەوتندا ناتوانێت گۆشەگیر بێت، دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە سیاسیی و سەربازیی ساتەوەختەکان و پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان و ناوچەیەکان بکات، بەڵام بە مەرجێک، کە خاوەن ئەجێندای تایبەتی خۆی بێت، ئەگەر لە فەلەکی ئەجێندای دەزگەی هەواڵگری ناوچەکە و دنیادا خولایەوە تەنیا ڕۆڵی بەکرێگیراوی گێرا، ئەوا ئەو پەیوەندییە لە ڕێڕەوەی دیبلوماسی و مامەڵەی هێزێک لەگەڵ هێزکدا نامێنێت، ئەڵبەتە دەبێتە مامەڵەی هێزێک لەگەڵ دارودەستە و ئەڵقە لەگوێی و سیخور. 
لەنیوەی سەدەی ڕابردوو، سەرانی هێزە کوردیەکان هەمیشە لە فەلەکی دەزگەی هەواڵگری سواک، ئیتیلاعات، ئیستیخباراتی عیراقی و سوری و میتی تورکیی ئەوجا دەزگەی هەواڵگری ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیادا خولاونەتەوە. بەهێزی خۆیان لە گفت و بەڵێنی ئەواندا دیوە، نەک لە قەوارەی شۆڕش و بزوتنەوەکان و سەرچاوەی مڕۆی و پێگەی جەماوەریی کە فەرامۆش کراوە، لە کاتێکدا کە لە بنەڕەتدا هێزی جەماوەریی ئەوانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە بتوانن لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری دنیا و ناوچەکەدا مامەڵە بکەن. ئەگەر هێزی جەماوەری نەبوایە، ئەوان هیچ چەکێکی دیان نەبوو بۆ ئەوەی خۆیان بە سەرکردە و ڕێبەری میللەتێک پێشان بدەن، لە هاوکێشە سیاسیەکاندا هەژماریان بۆ بکرێت. بە مانایەکی دی، ئەگەر ئەو بنەکە جەماوەریە نەبوایە، سەرانی حزبە سیاسیەکان و سەڕۆکی شۆڕشەکانی کورد لە باشووردا، لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە گرنگیان پێ نەدەدرا. ئەگەر ئەوان خۆیان نەکردبا بە خاوەنی هێزە چەکدارە یاخی بووەکانی کورد لە باشووری کوردستاندا، ئەوا هەرگیز دەزگەی هەواڵگری دنیا و هەواڵگری ساواک، ئیتیلاعات و میت هەژماریان بۆیان نەدەکرد و تورەگەیان بۆ واڵا نەدەکردن. 
 دەزگە هەواڵگریەکانی وەک ئیتیلاعات و ساواک و ئیستخبارات و میت، بە پلانی داڕیژرا، خوێندنەوەی زانستیانە و لێکۆڵینەوە مەبەستیان بووە، کە هەژموونی خۆیان بەسەر سەرانی شۆڕش و سەرانی حزبەکانی باشوور بسەپێنن، بۆ ئەوەی جڵەوی دەنگی یاخی و ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەی چەکداری بکەوێتە دەستیان و بەو ئاقارەیدا ببەن کە دەیانهەوێت. 
 
دەزگەی سی ئای ئەی ئەمریکی، دۆکیۆمێنتێکی لە ساڵی ٢٠١١دا بەجەماوەر کرد، واتە بڵاوی کردەوە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٩/٣/ ١٩٧٢. لەسەر بیناغەی ڕاپۆرتی ساواک بۆ دەزگەی هەواڵگری (سی.ئای.ئەی) ئەمریکی ئەو ڕاپۆڕتە دەنووسرێت. کە تێیدا دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت، کە مەلا مستەفا و شۆڕشی کورد بەگوێرەی فەرمانەکانی ئەو هەنگاو دەنێن، ئەو دەتوانێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاریان بهێنێت، بەتایبەتی دژی گەشە کردنی هەژموونی ڕوسیا لە عیراق. 
بەگوێرەی ئەو دۆکیۆمێنتە بێت، بە هاوکاری ساواک لە ١١/١٩٧١دا نوێنەری مەلا مستەفا بەنهێنی لەگەڵ ئەمریکیەکان لە بیروت دادەنیشن. بێ گومان سەداسەد ساواک مەبەستی بووە، کە هەواڵی ئەو کۆبوونەوەیە بگەیەنێتە دەزگەی ئیستیخباراتی بەعسی عیراقی ئەو کات. واتە لە ساڵی ١٩٧١دا ، مەلا مستەفا بەفیتی دەزگەی هەواڵگری، کەی،جی،بی یەکێتی سۆڤیەت و ئیستیخباراتی عیراقی، لە گەرمەی پەیوەندیی باش بوو لەگەڵ بەعس و لەنێو چوار ساڵی هودنەدا بوو، واتە بە هەموو پێوەرێک بێت، کۆبونەوە بە نهێنی لە بەیروت لەگەڵ سواک و سی.ئای.ئەی کاتێکی گونجاو نەبوو، کە بێ گومان هەر خۆیان ئەو نهێنیەیان بە عیراق گەیاندوە و لەلایەکی دی ئەندازە و قەوارەی  شۆڕشی کورد لە هاوکێشەی هێزدا بۆی نەدەلوا لەیەک کاتدا، یاری لەسەر پەتی دوو زلهێزدا بکات و گوێڕایەڵی بۆ هەردووکیان لەیەک کاتدا نیشان بدات، بەڵام ئەمە ساواک بە مەلا مستەفای کرد، لەبەرئەوەی ئەو کاتە بۆ بەرژەوەندیەکانی شا و ساواک دۆخەکە لەوپەڕی باشیدا بوو، بەهێز بوونی حکومەتی بەعس لەسەر دەستی ڕوسیا مەترسی لەسەر ئیران و کورسی شا دروست دەکرد. لەلایەکی دی دەیانویست مەلا مستەفا لە باوەشی ڕوسیا دەربهێنن، ئەوجا بە ئاسانی گورگان خواردی بکەن.  
ئەوەی سی.ئای.ئەی لەو دۆکیۆمێنتەدا باسی کردووە کە لە خوارەوە دانراوە، ڕاپۆرتێکی ساواکی ئیرانە، کە بۆ ئەوانی ناردووە و دەڵێت، لەسەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوی خۆیان بە گوێرەی ناوەڕۆکی ئەو دۆکیۆمێنتە بێت سەرچاوەی باوەڕ پێکراوەکە (دەزگەی ساواکە)، لە ساڵی ١٩٧٢دا ڕاپۆرتێکیان بەدەست گەیشتووە تێیدا هاتووە، کە مەلا مستەفا بەخواستی خۆی نەبووە، لەژێر فشاری ڕوسیادا ناچار کراوە لەگەڵ حکومەتی بەعسدا هودنە بکات، هەروها یەکێتی سۆڤیەت دەیەوێت حزبی شیوعی عیراقی و بەعس لەیەکدی نزیک بکات، ئەگەر بەوجۆرە بڕوات، عیراق دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕوسیا، کە ئەمە لە بەرژەوەندیی شۆڕشی کورد و میللەتانی عیراقدا نییە، بۆیە بارزانی بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەمریکا هەڵوێستی چییە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەعس واژۆ ناکات و دەیەوێت شاندێک یان خۆی بەشەخسی بێت بۆ ئەمریکا و تاوتوێ ئەو مەسەلەیە بکات. ساواک وەک پاڵپشتیەک بۆ پێشنیارەکانی خۆی کارتی کورد بەکاردەهێنێت، وەک شایەد حاڵ ڕایەکانی بارزانی بۆ سی.ئای.ئەی دەخاتە ڕوو، خۆشی پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکات، کە ڕاستە بارزانی لەژێر فشاری ڕوسیادا لەگەڵ بەعس هودنەی کردوە، ئەگەر بەوجۆرە بڕوات عیراق دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتی سۆڤیەت، کە ئەمە کۆسپ لەبەردەم بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیران لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لە کەنداوی فارس دروست دەکات، بۆیە پێویستە ئەمریکا ڕژێمی بەعسی عیراقی بروخێنێت. بۆ ئەو مەبەستە ساواک دەیەوێت دڵنیا بێت، کە ئایا ئەمریکا یارمەتی ماڵیی و سەربازیی دەدا بۆ سەرکەوتنی ئەو پێشنیارە؟ 
ساواک لە ساڵی ١٩٧١ و ١٩٧٢دا ئەمە بە بارزانی دەکات، دوو ساڵ دوای ئەوە، لە ساڵی ١٩٧٥دا لەژێرەوە لەگەڵ سەدام ڕێک دەکەوێت، ئەوجا دووبارە داوا لە مەلا مستەفا دەکات بە قسەی ساواک ئاشبەتاڵی شۆڕشێک جاڕدا کە لە لووتکەی هەرە بەرزی بەهێزیدا بوو، زۆربەی هەرە زۆری کوردی باشووری لەگەڵدا بوو، پارە و ئازوقەی زێتر لە چوار ساڵیان هەبوو ئەگەر ددانیان بە خۆیاندا نابا. حکومەتی بەعس تازە هاتبووە دەسەڵات و لە ئەوپەڕی بێ هێزیدا بوو، شا لەگەڵ ئەمریکا گڵۆڵەی لە لێژی بوو، لە ئەرشیفی بەرنامەی سیکستی مینیتی ئەمریکیدا، کە لە ساڵی ١٩٧٤دا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ شای ئیران کرد و پێیان گوت، کە بۆ دەبێت ئیران نرخی نەوت بەرزکاتەوە لە کاتێکدا ئەمریکا لە قەیرانی ئابووریدا گوزەر دەکات؟ هەروها گەندەڵی ئیداریی و ئابووریی ئیران بەڕووی شادا دەدەن، ئەویش وەڵامی توندی هەیە. کەواتە بۆ هەموو چاودێرێکی سیاسی ئەو کات ڕوون بووە کە پەیوەندیی شا لەگەڵ ئەمریکادا گرژی تێکەوتووە.   لە ساڵی ١٩٧٥دا کەناڵی سی بی سی کەنەدی، بەهەمان شێوە چاوپێکەوتن لەگەڵ شادا دەکەن کە هەمان کەشوهەوای گفتوگۆی بەرنامەی سیکستی مینیتی هەیە. دووبارە سیکستی مینت لە ساڵی ١٩٧٦دا و کەناڵێکی بریتانی چاوپێکەوتن لەگەڵ شای ئێراندا دەکەن، کە بە ڕوونی دیارە شا لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا پەیوەندیی باش نییە و شاش دەرکیی بەوە کردوە کە دەیانەوێت بیروخێنن. 
لەو چاوپێکەوتنەدا، شا کۆمەڵێک بابەت باس دەکات، کە پێشکەشکەری بەرنامەکە لێی نیگەرانە، بۆ نمونە شا باسی بەهێزی دەسەڵاتی جوو لە بواری ئابووری، میدیا و سیاسەت دەکات لە ئەمریکادا. بەرنامەکەش لەگەڵ هەر وەڵامێکیدا گەندەڵیەکی شای ئیران باس دەکات، بۆ نمونە دەوڵەمەند بوونی ئەشرەفی خوشکی شا، بوونی١٠٠٠٠٠هەزار زیندانی سیاسی لە ئیران و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن ساوەکەوە و دەیان نمونەی دی. لەلایەکی دی پێشکەشکەری بەرنامەکە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتێکی سی، ئای، ئەی، بۆ شا دەخوێنێتەوە، کە تێیدا هاتووە، شا تەنیا لە هەوڵی بەهێز کردنی خۆیەتی و گوێ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نادات و هاوپەیمانێکی دڵسۆزی ئەمریکا نییە. ئەوەی تەنیا سەرەداوێک لە ئەلفوبێ سیاسەت دەربکات، لەو چاوپێکەوتنەدا دەرک بەوە دەکات، کە ئەو کات شا لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیەکی باشی نەبووە. لە ساڵی ١٩٧٧دا چاوپێکەوتن لەگەڵ شادا هەمان ئاماژە دەدات. بۆیە دوای سێ ساڵ لەو چاوپێکەتنانە، شا لەلایەن ئەمریکاوە ڕووخا. 
ئەگەر سەرانی کورد ئەو کات لە فەلەکی ساواک و شا نەخولابانەوە، بە دڵنیاییەوە بە ڕووخانی شا هەلێکی مێژووی دی دروست دەبوو بۆ شۆڕشی کورد کە چارەنووسی ئاشبەتاڵی نەدەدی. لە دوای ڕووخانی شا لە ئێران، بۆ چەند ساڵێک بۆشایی کۆنتڕۆڵ کردن و دەسەڵات دروست بوو، تا ئەو کاتەی کە بە تەواوەتی لەلاین خومەینی و هاورێکانیەوە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی حوکمڕانی ئیرانیان کرد. دواتر لە ساڵی ١٩٨٠دا جەنگی عیراق و ئیرانی بەسەردا هات، هەموو خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ئەو کات، ئەوە دەگەیەنن کە هەلێکی زێرین بۆ بزوتنەوەی کورد دەهاتە پێش. بێ گومان ئەو ڕووداوانە لەلایەن زلهێزەکانەوە زەمینەسازی بۆ کرابوو و پێشوەخت ئاماژەکانی لە میدیاکاندا دەرکی پێ کرا بوو، کە پلانی داڕێژراو هەیە بۆ خوڵقاندنی ئەو دۆخە. بەدڵنیایەوە سەرانی شۆڕشی کورد و کەسە نزیکەکان لێیان دەرکییان پێ کردوە، بەڵام هەر ویستویانە دڵسۆزی خۆیان بۆ شا و دەزگە هەواڵگریەکان دەرببڕن، بە قسەی ئەوان بکەن، ئاشبەتاڵ جاڕدەن و کەی ئەوان ڕایان لەسەر بوو دەست پێ بکەنەوە. دەرئەنجام نەدەبوایە جڵەوی شۆڕشی کورد، تەسلیم بە ساواک یان سی،ئای،ئەی، یان کەی،جی،بی ڕوسی و ئیستیخباراتی عیراقی و سوری بکرێت، ئەمە ئەنجامی خولانەوەیە لە فەلەکی دەزگەی هەواڵگری و سیخوری بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و پارە.  
جەلال تاڵەبانی کاتێک لە مەلا مستەفا نزیک بۆیە و بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بۆی دەرکەوت کە بوون بە خاوەن پێگەی جەماوەریی و هێزی چەکدار کلیلی نزیک بوونەوەیە لە دەزگەی هەواڵگری ناوچەکە و دنیا، پەیوەندی لەگەڵ دەزگە هەواڵگریەکان و دابین کردنی سەرچاوەیەکی ئابووریی چەندێک گرنگە بۆ ئەوەی خۆی لە شانی مەلا مستەفا بدات و لەتای تەرازوودا بەرامبەری بێت، یان ببێت بە ڕێبەری یەکەمی هێزێکی سیاسی، بۆیە کنەی لە ڕیزەکانی پارتی کرد، هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەی جەماوەریی دا لە دەزگەی هەواڵگری سواک دواتر ئیتیلاعات، میتی تورکیی و ئیستیخباراتی سوری نزیک بۆیەوە و یەکەم هەنگاویشی لەسەر دەستی ئیستیخباراتی عیراقی لە ساڵی ١٩٦٦دا هێزی جەماوەریی و پێشمەرگەی لەت کرد و گەڕایەوە ژێر باڵی حکومەتی عیراق. بۆیە ئەگەر سەرنجێک لە مێژووی پەیوەندیی و مامەڵەی سەرانی ینک و پدک بدەین لەگەڵ هەردوو دەزگەی ساواک و ئیتیلاعات بە تۆزقاڵێکیش جیاوازی نابینین. 
بۆ جەلال تاڵەبانی کۆکردنەوەی هێزی جەماوەری ئاسان بوو، لەبەرئەوەی پرسی نەتەوەیی کورد چارەسەر نەکرابوو، داپلۆسین و زوڵم و زۆری ڕژێمەکان لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو، واتە زەمینەیەکی لەبار هەبوو بۆ ئەوەی جەلال تاڵەبانی مەلا مستەفا ئاسا کاری لەسەر بکات و هەست و نەستی نیشتمانپەروەری و شۆڕشگیری ببزوێنت و وتاری پڕلەهەست لە بۆنەکاندا بەگوێ خەڵکدا بچرپێنێت، خۆی بکات بە خاوەنی هێزێکی چەکداری و پەیوەندیی لەگەڵ دەزگە هەواڵگریەکان ببەستێت. ئەم هەنگاوەی جەلال تاڵەبانی بوو بە چاولێکەری،  لە سەرەتایی هەشتاکان هەر حزبێک هێزی چەکداری هەبوایە ڕێگەی بۆ خۆش دەکرا لەلایەن دەزگە هەواڵگریەکانی ئیتیلاعات و ئیستیخباراتی سوری و هیتر. 
ئەوە ساواک بە مەلا مستەفای کرد لە ساڵی١٩٧٥دا، لە هەشتاکان ئیتیلاعاتی ئیرانی بە هێزە کوردیەکانی کرد بەتایبەتی یەکێتی و پارتی. لە مانگی ٩ی ساڵی ١٩٨٧ بە فەرمانی ئیران بۆ خۆ دەربازکردن جەلال تاڵەبانی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کوردستان نەمابوون، دوای سەپاندنی گەلێک مەرج لەلایەن ئیتیلاعاتەوە ڕێگەی تاڵەبانی و خێزانی درا بۆ ئەوەی بچن بۆ بریتانیا. تەڵەی سوپای پاسداران بۆ پێشمەرگەی ینک لە شاخی گمۆ ١٩٨٧.  لێدانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک، ئیران ناوی نا عەملیاتی فەتحی یەک، کە بەهاوبەشی هێزی پ.م یەکێتی و پاسداران ئەنجام درا. نیشتنەوەی کۆپتەری ئیرانی لەسەر ژیلوان ١٩٨٨. دواتر بە فەرمانی ئیتیلاعاتی ئیران سەرانی ینک هێزی پێشمەرگەی یەکێتیان ئاشبەتاڵ پێ کرد و گوتیان تەنیا ١٥٠٠گەنجی سەلتی چەکدارمان دەوێت. گەڕاندنەوەی جەلال تاڵەبانی لە بریتانیا دوای ڕاپەڕین. ئیتلاعات و سەرانی حزبە کوردیەکان نەهامەتی ئێجگار مەزنیان بەسەر میللەتەکەمان هێنا، کە ئەنجامەکەی کیمیابارانی هەڵبجە و ئەفالی لێ کەوتەوە. دواتر ڕاپەرینی جەماوەریی کوردی باشوور و کۆڕەو شەڕی کەرکوک و چۆڵ کردنی،  هەمووی بە فیتی دەزگەی هەواڵگری دنیا و ئیتیلاعاتی ئیران لەلایەن سەرانی حزبە کوردیەکانەوە لە باشوور بۆ ئەجێندای دەرەکیی بەکارهات. 

سەرچاوە و دۆکیۆمێنتەکان: 



دۆکیومێنتی سی ئای ئەی ئەمریکی ساڵی ١٩٧٢ و لە ساڵی ٢٠١١دا بەجەماوەر کرا

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە