تەڵەی سیخوری و کورد، زنجیرەی ( ٤ ژنی کورد)

Friday, 08/03/2024, 5:23

2116 بینراوە


مێژوو پێمان دەڵێت، کە تا هەنووکە دەزگەی هەواڵگری و سیخوری لەلایەن پیاوەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هەژموونی ئەوی بەسەردا زاڵە، بەڵام ئەوەشمان پێ دەڵێت کە، ژنیش بێبەری نەبووە لە کاری سیخوری، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندەی گرنگی بە ناو و ڕۆڵی پیاوی سیخور دراوە، ئەوەندە گرنگی نەدراوە بە ڕۆڵ و ناوی ژنە سیخور، بۆ نمونە لە کوردستاندا تەنیا لەنێو پیاواندا خۆفڕۆشتن و جاشەیەتی نەبووە، یان کۆمەڵگەیەک کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سێسەدو پەنجا هەزار جاشی هەبووبێت جگە لە سیخور، خۆ ژنەکان فریشتە نەبوون، بە قەد ئەو ژماریە ژنە بەعسی و ژنە سیخور هەبوو، بەڵام پەنجەی بۆ درێژ ناکرێت، شەرمەزار ناکرێت و هیچ ژنێکیش لەسەر ئەو مەسەلەیە سەرزەنشت نەکراوە. کاتێک کە ڕاستیەک پەردەپۆش دەکرێت، مانای ئەوە نییە لە واقیعدا ئەو ڕاستییە نەبووە.  چەندێک ژنی شۆڕشگێر لەنێو کورددا هەبووبێت، سەدان بەرابەر ژنی خۆفڕۆشیش هەبووە، کە خیانەتی لە دۆزی ڕەوای میللەتەکەی کردووە. دوای ڕووخانی سەدام بە هەزاران ناوی ژنی کورد و عەرەب و کەمەنەتەوەکانی دی ئاشکرا بوون، کە پەیوەندیان بە دەزگەی ئیستیخباراتی عیراقی هەبوو، بەڵام ئەو کۆمەڵگەیە چۆن قبوڵی سێسەد و پەنجا هەزار جاشی کرد، قبوڵی فایلداری کرد، قبوڵی سیخوری سەرانی کوردیی کرد بۆ دەزگەی هەواڵگری ناوچەکە و دنیا، ئاوا قبوڵی خۆفرۆشتن و خیانەت و سیخوری ژنانیشی کردووە و بە دێرێکیش کەس باسی ناکات.   
ژن و پیاو بەهەمان هاندەر بوون بە سیخور، جا ئەو هاندەرە لەژێر دروشمی خۆشەویستی و خزمەت کردن بە وڵات بووبێت، یان بۆ پارە و خۆشگوزەرانی خیانەتکردن بووە لە وڵات و پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی یان لەژێر فشاردا کەسەکە ئەو ڕێگەیەی گرتووە. دەبێت ئەوە بگوترێت، کە  هاندەرەکانی بوون بە سیخور هەرچی بوو بن، بەشێوەیکی گشتی لەنێو نەتەوەییدا ئەو کارە جێگەی ڕێزلێنان نەبووە و نییە، هەمیشە ئەو جۆرە کەسانە کۆمەڵگە بەچاوی گومانەوە سەیری کردوون،  متمانەی پێ نەداون و بە یەک وشە پێناسە کراون کە ئەویش "سیخور"ه.
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەدا، ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا و بریتانیا، ئەمریکا و ڕوسیا بەهۆی سەرقاڵی پیاوان لە گۆڕەپانی جەنگدا، دروست بوونی بۆشایی بۆ گرنگی دان بە دامودەزگەی هەواڵگری، ئەوان هەوڵیاندا بۆ پڕ کردنەوی ئەو بۆشاییە، ژن ڕێکبخەن کە زەمینەیەکی لەباری بوونی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و پارێزگاری کردن لە وڵاتەکەیان لەنێو ژناندا هەبوو، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک ژن بەخۆبەشی دەچوونە ئەو بوارە بۆ نمونە، ڕۆژنامەوان مارگرێت هەریسۆنی سیخوری ئەمریکی، لە ساڵی ١٩١٨دا پەیوەندیی کرد بە دەزگەی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکی، داوای لێ کردن کە ببێت بە سیخوریان.
مارگرێت هەریسۆن
مارگرێت لەژێر ناوی ڕۆژنامەوانی و دەرهێنەری فلیم، بۆ سیخوری چووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرلین، مۆسکۆ و سایبیریا. ئەو شوێنی زیندانیە ئەمریکییەکانی لە ڕوسیادا ئاشکرا کرد،  زانیاریی لەسەر جەنگی مەدەنی ڕوسیا، چالاکی بەلشەویەکان دەکرد بە ڕاپۆرت و بۆ ئەمریکای دەنارد. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە دەگوترێت، کە ڕاپۆڕتەکانی تێڕوانینێکی تازەی بۆ گواستنەوەی واقیعی جیوسیاسی ئەو ناوچەیە بوو بۆ ئەمریکیەکان. دواتر دەستگیر کرا، دوای ئازاد بوونی دەستی لە سیخوری هەڵنەگرت، ئەو ڕێگە خۆشکەر بوو، بۆ زیاد بوونی ژمارەی ژنان لەو بوارەدا کە بەدەگمەن ئافرەت کاری تێیدا دەکرد، ئێستا لە مێژووی ئەمریکادا بە شانازییەوە ناوی دەهێنن بەڵام هەر بە "سیخور" پێناسە دەکرێت. 
بواری هونەری و نووسین، جێگە سەرنجی دەزگە هەواڵگریەکانی دنیا، ناوچەکە، نێو خودی وڵاتەکان بووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوان هەوڵیان داوە، لەنێو خودی ئەو میللەتانەدا کاربکەن، نووسەر و هونەرمەندە ژنە بەناوبانگەکان هەڵخەڵەتێنن بۆ کاری سیخوری، بۆ نمونە لە میسر لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، ئەسمەهان گۆڕانیبێژی سوری لە میسر بەناوبانگ بوو، لە خێزانی مالیکەی شاخی دروز بوو هەروها بەهۆی پیشەکە و جوانیەکەی لە دەسەڵاتدارانی میسر، خەڵکە دەوڵەمند و بەناوبانگەکەی نزیک بوو.
ئەسمەهان ئەتڕەش
 دەزگەی هەواڵگری بریتانی دەرکیی بەوە کرد بوو، کە ئەسمەهان دەتوانێت کاردانەوەی هەبێت لەسەر ڕای پیاوانی دەسەڵات لە میسر و جوڵانەوەی سیاسیی لەشاخەکانی دروز دژی فرەنسیەکان، بۆیە هەوڵیاندا خۆیانی لێ نزیک بکەنەوە و پێشوەختیش زانیاریان  هەبوو، کە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەسمەهان پارەیە، بۆیە بە پارە فریویان دا و کردیان بە سیخوری بریتانی. لە ساڵی ١٩٤١دا ئەسمەهان جیلبرت کلایتون، ئەفسەری هەواڵگری سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە باڵوێزی بریتانیادا لە قاهیرە دیت. 
محەمەد تابعی هاوڕێی ئەسمەهان، لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا دەڵێت، "ئەسمەهان پێی گوتم، کە هاوپەیمانی بریتانیا دەیانەوێت هێرش بکەن بۆ سوریا و لبنان، مەبەستیانە بزانن ئەوانەی شاخەکانی دروز هەڵوێستیان چی دەبێت؟ ئەوان زانیارییان هەیە حاکمی ئەوێ حەسەنە کە کوڕی مامە و هاوسەری ڕابردووم بووە و ئێستاش منی خۆش دەوێت و مامم سوڵتان باشا ئەترەش هەمیشە ڕای منیان بەهەند وەرگرتووە، بۆیە ئەوان دەزانن کە من دەتوانم بڕوایان پێ بهێنم کە لەگەڵ هاوپەیمانن هاوکار بن دژی فرەنسا".  محەمەد تابعی  ئەوەش دەڵیت، کە دوای ئەوەی ئەسمەهان دەچێت بۆ باڵوێزی بریتانی لە قاهیرە ٣٠٠ جونەیهی دەدەنێ، هەروها دەڵێت من ئامۆژگاریم کرد، کە ئەم کارە مەترسی تێیدایە و باشتر وایە نەیکات. 
ئەسمەهان کە دەکەوێتە نێو داوی دەزگەی هەواڵگری، سەری لێ دەشێوێت، لە یەک کاتدا پەیوەندیی بە دەزگەی هەواڵگری ئەڵمانی دەکات، پارە وەردەگرێت و بەرەو ئەنقەرە دەڕوات بۆ دیتنی ئەفسەر فرنز فون. بریتانیەکان پێ دەزانن و لە ڕێگەدا ئەفسەری دەزگەی هەواڵگری بریتانی دەستگیری دەکات. لە هەمان کاتدا لەگەڵ سیخورێکی ئەمریکی ئاشنا دەبێت، ئەوجا لەگەڵ ئەفسەری هەواڵگری فرنسی و پارە وەردەگرێت. لەگەڵ حەسەنێنی عاشقی نازلی مەلیکەی میسر پەیوەندیی سۆزداری دەبەستێت.  لە کۆتاییدا هەموویان پشتی تێ دەکەن. لە ٧/١٩٤٤دا لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا ئەسمەهان بە ڕووداوێکی نادیار، ئوتومبیلەکەی دەکەوێتە نێو ئاو و دەخنکێت، شوفێرەکە دیار نامێنێت. 
 یەکەم کەس کە نهێنیەکانی ئەسمەهانی ئاشکرا کرد، محەمەد تابعی، نزیکترین هاوڕێی ئەسمەهان بوو لە پەڕتووکی "أسمهان تروي قصتها"  واتە "ئەسمەهان چیرۆکی خۆی دەگێرێتەوە"، بە زمانی عەرەبی نووسیتی و هەر زوو لە دوای مردنی ئەسمەهان، هەموو کۆمەڵگەی عەرەبی لە نهێنیەکانی ئەسمەهان ئاگادار کرد و ژماریەکی زۆری لێ فڕۆشرا، محەمەد پارەیەکی خەیاڵی لە فرۆشتنی ئەو کتێبە دەستکەوت.  سەرەڕای ئەوەی کە ئەسمەهان خاوەن دەنگێکی بێهاوتایە، وەک بولبول دەخوێنێت، لە دنیای گۆڕانیدا بۆشایەکی مەزنی جێهێشت، کە هەرگیز شوێنی پڕ نابێتەوە، بەڵام لە دوای خۆی چیرۆکی بەسیخور بوونی بەجەماوەر دەکرێت، وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی ژیانێکی کورتدا تا هەتایێ بۆی تۆمار دەکرێت. 
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر ژنێک کەوتبێتە نێو داوی دەزگەی هەواڵگری دنیا، ناوچەکە نێوەخۆ، داهاتووی ڕسوابوون، ناوبانگی خراپ و کوشتن بووە. لە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، سەڕۆکی گشتی دەزگەی هەواڵگری میسری سلاح نەسر و وەزیری ئیعلام سەفوەت شەریف، یاریەکی قێزەوەنیان لەنێو کۆمەڵگەی میسری کرد، لەژێر پەردەی خۆشەویست و پاراستنی ئاسایشی میسر. 
پیاوی دەزگە هەواڵگریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە غەریزە شارەوەکانی نێو خودی خۆیان کاردانەوەی مەزنی دەبێت لەسەر بڕیاری دەستنیشان کردنی ژنێک، بۆ هێنانە نێو دەزگەکەیان و جۆری مامەڵەکردنیان لەگەڵیدا، بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت کاریان لەگەڵدا بکات. لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرتەی ڤیدیۆی سێکسی، گەورەترین چەکی کارێگەر بووە، کە دەزگەی هەواڵگری بەکاری هێناوە بۆ دروست کردنی فشار لەسەر تاکی نێر و مێ، چی ئەوانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن چی ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوونە، بۆ ئەوەی ملکەچی بڕیارەکانیان بن. 
ئیعتیماد خورشید ئەکتەری میسری، لە پەڕتوکی ، “شاهدة على انحرافات صلاح نصر” کە لە ساڵی ١٩٨٩دا بەچاپی گەیاند. ئیعتیماد دەڵێت، لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵەکەی ژیانی کردووە کاتێک کە سەڵاح نەسر لێپرسراوی گشتی دەزگەی هەواڵگری میسری، بەزۆرەملێ لە مێردی بە تەڵاقدانی دەدا و لەخۆی مارە دەکات.
ئیعتیماد خورشید
ئیعتماد لە پەڕتووکەکەیدا باس دەکات، کە بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆی سێکسی لەگەڵ ئەفسەرێکی دەزگەی هەواڵگری میسری کە خۆی بە کاربەڕێکەرێکی لیبی بە ئیعتیماد ناساندوە و بەفێل پەیوەندیی لەگەڵیدا بەستووە، دەکرێت بە فشار و ئەوەی سەلاح نەسر و دەزگەی هەواڵگری میسری دەیانەوێت لەژێر فشاردا بەو ژنەی دەکەن.  
دەزگەی هەواڵگری میسری، یەکێک لە ئەفسەرەکانیان دەنێرن بەفێڵ خۆی لە ئەکتەری بەناوبانگ سوعاد حوسنی نزیک بکات و وەک کابرایەکی فرەنسی خۆی پێ بناسێنت. لە ئاکامدا پەیوەندیان توند دەبێت و ١٨ گرتەی ڤیدیۆی سێکسی نێوانیان، لەلایەن دەزگەی هەواڵگری میسری بەسەرپەرشتی سەفەوت شەریف تۆمار دەکرێت. ئینجا سوعادی لێ ئاگادار دەکەنەوە و پێ دەڵێن، ئەوە گرتە ڤیدیۆکانتە، ئەگەر کارمان لەگەڵدا نەکەی، بڵاوی دەکەیەنەوە و ئابرووت دەبەین. سوعاد لە پەڕتووکی بیرەوەریەکانیدا، ددان بەو ڕاستیە دەنێت و دەڵیت لەژێر فشاری گرتە ڤیدیۆکاندا، من کارم لەگەڵ دەزگەی هەواڵگری میسری کردووە. 
ئەم بابەتە کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەست و دەروونی سوعاد، بەتایبەتی ئەو کاتەی کە دەرک بەوە دەکات، کە هەندێک لەوانەی لە بواری هونەری و هەواڵگری کار دەکەن زنیاریان لەسەر ئەو مەسەلەیە دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات کە بیرەوەریەکانی بنوسێتەوە، بۆ ئەوەی بە پێنووسی خۆی ڕاستی ئەو ڕووداوە بۆ هەوادارانی و گەلی میسر باس بکات. سەفەوت شەریف و دەزگەی هەواڵگری میسری هەڕەشە لە سوعاد دەکەن، کە بیرەوەریەکانی نەنووسێت باشترە، دەنا دەیکوژن، بەڵام سوعاد پێ دادەگرێت، کاتێک کە لە لەندەن دەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشی، لەگەڵ نووسەرێک ڕێک دەکەوێت بۆ ئەوەی بیرەوەریەکانی بکەن بە کتێب. لە ساڵی  ٢٠٠١دا سوعاد لە ڕووداوێکی پڕ لە تەمومژاوی لە لەندەن لە ستیوت تاوەر، کە باڵاخانەی دەزگەی هەواڵگری میسریە، دەخرێتە خوارەوە و دەمرێت، لێکۆڵینەوەی پولیس و دادگەی بریتانی، دەڵێن ڕووداوێکی خۆکوژی بووە، بەڵام میسریەکان و خیزانەکەی سوعاد پێیان وایە سوعاد بەدەستی دەزگەی هەواڵگری میسری کوژراوە.  
سعاد حوسنی
دوای ئەوەی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک ڕووخا، سەفەوت شەریف لە دادگە ددانی بەو ڕاستیانە هێنا و ناوی گەلێک لە ئەکتەری دی میسری ئاشکرا کرد کە کاریان بۆ دەزگەی هەواڵگری میسری کرد بوو.
*-*-*-*-*-*-*-*-*-
لە دوای کۆڕەو باشووری کوردستان بووە لانەی دەزگە هەواڵگریەکانی دنیا، ناوچەکە، کۆنە بەعسی و ئەفسەرە پلە بەرزەکانی سوپای عیراقی، دەزگەی هەواڵگری ینک و پدک. لەو کەشوهەوایەدا زەمینەی چوونە نێو کۆمەڵگەی کوردیی ڕەخسا، هەوڵیاندا کە ژن و پیاو بە پارە بکڕن بۆ سیخوری.  بۆ چارەکە سەدەیەک دەچێت، کە دەزگەی میت، ئیتیلاعات، ئیستیخبارات، پاراستن، دەزگەی ئاسیش و دەزگەی زانیاری کار لەسەر کۆمەڵگەی باشوور بە نێر و مێ دەکەن بۆ بەدڕەوشت کردنیان و کردنیان بە سیخور. 
فۆکەیسی ئەو دەزگەیانە لەسەر ئەو ژنانەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کارد دەکەن، بەتایبەتی بواری سیاسیی، میدیا، زانکۆکان، هونەری وەک گۆڕانیبێژە ئافرەتاکان، لەش فڕۆشەکانی ڕوسی، سوری، ئیرانی، کوردی ڕۆژهەڵات و لبنانی و هیتر.  هەنووکە زۆرێک لە ژنانی کورد کە کەوتونەتە نێو ئەو تەڵە پیسە، چی بۆ پارە بێت، یان بۆ بەدەستهێنانی  پۆزشنی  بواری کارکردن بێت، یان بۆ تۆمار کردنی کلیپی گرانبەها و پێشکەش کردنی بەرنامەیەک لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان و جلوبەرگ و خشڵی نرخدار بێت، بۆ ئەو دەزگە بەدفەرانە کار دەکەن. هاتنی لەشکرێک لە لەشفڕۆشی عەرەب، تورک، فارس و ڕوسی و هیتر بۆ باشووری کوردستان بەبێ گومان دەستی دەزگەی هەواڵگری ناوچەکەی تێیدایە، هەروها دەوڵەمەند بوونی کتوپڕی ژنە گۆڕانبێژ، مۆدیلە، لەشفڕۆش لە باشووری کوردستاندا، تەنیا پەیوەندیی بەوە نییە کە لێپرسراوێک پشتیوانیان دەکات و دۆلاریان بەسەردا دەبارێنێت، ئەڵبەتە مەسەلەکە زۆر لەوە گەورەترە، کە ئەویش گەمەی دەزگەی هەواڵگری ناوچەکە و ناوەخۆیە.   
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە هەموو ئەو نمونانەی سەرەوە، ئەزموونی ئەو ژنانەی کە کەوتونەتە تەڵەی دەزگەی هەواڵگری، پێمان دەڵێن، کە ڕۆژێک دێت بەهەرچی پاسواوێک بێت، کار کردن لەگەڵ ئەو دەزگەیە ئاشکرا دەبێت. مەلەف، تۆمارە دەنگی، وێنەکان و ڕاپۆرتەکانیان دەبنە دۆکیۆمێنت، وەک ئەوەی ئیعتیماد خورشید، سوعاد حوسنی،شەریفە ماهر، ئەسمەهان و بەسەدانی دی، سوچێکی پڕ لە شەرمەزاریی لە کتێبخانەی مێژوو داگیر دەکەن، کە تا هەتایێ نەوەکانی دوای خۆیان نەفرەتیان لێ دەکەن. 
سەرچاوەکان:   
پەڕتووکی ئیعتیماد خورشید، "شاهدة على انحرافات صلاح نصر"
پەڕتووکی محمەد تابعی، "أسمهان تروي قصتها" 


اعتماد خورشيد: صفوت الشريف هو اللي قتل سعاد حسني 


شقيقة سعاد حسنى تفاجئ نادية يسرى بتفاصيل الواقعه: انت مجرمه وشعرك كان فى إيدها ! 

ئەو بابەتە درێژەی دەبێت


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە