ژیانی ژن لە ناو ژووری رووناکبیری کورد

Wednesday, 27/03/2024, 17:28

3303 بینراوە


رووناکبیربە کێ دەڵێن،کێ دەتوانێ رووناکبیر بێ؟ئایا بۆ ئەوەی کەسێک بە رووناکبیربناسین،دەتوانین بڵێن پێویستە خاوەنی بڕوانامە وخوێندنی باڵابێ؟ئایا چین وتوێژیی رووناکبیرەکانمان لە ناو کۆمەڵگادا توانیویانە ئەرکی ئەخلاقی وسیاسیی خۆیان بە جێ بگەیەننن؟رۆڵی رووناکبیرلە ئاست حیزبە کوردیەکاندا دەبێ چۆن بی؟ئایا مرۆڤی رووناکبیری کورد،تاکێکی نەترس ورەخنەگرە؟
هەروەک دەزانین،بنەماڵەگرینگترین ئەساس وبونیادی کۆمەڵگایە کە بە پێک هێنانی ژیانی هاوبەشیی لە نێوان ژن وپیاوداپێکدێ وبە بونی منداڵیش ئەو کۆمەڵگایە گرینگە پتەوتروپەل داوێژێ.ئایا رووناکبیری کورد بەرپرسە لە ئاست چارەنووسی خەڵک وباوەڕمەندە بە بەهاکانی دێمۆکڕاتیک ووەک هەوی؟لە وتارەدا تەنیا باس لە رووناکبیریی کورد دەکرێ،بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان وباشووری کوردستان.ئایا لەو دووبەشە لە وڵات رووناکبیریی کورد سەربەخۆیە؟
من لێرەداسەرەتا رەخنە لەخۆم دەگرم،بە بێ ئەوەی پێناسەی رووناکبیربدەمە پاڵ خۆم.چون ئەرکێکی گرانە ولە ماوەی تەمەنی خۆمدا نەمتوانیوە ئەو ئەرکە بە باشی بەڕێوەبەرم.ئەوەش بەو مانایە نییە کە مافی رەخنەگرتن لە خۆم ولە کەسانێک کە دۆستی خۆمن وەربگێرێتەوە.
لە حاند پرسی ژن وهەڵوێستی پیاوەرووناکبیرەکاندا دەتوانین شێوەی ژیانیان بە دووشوێن یان مەکان دابەش بکەین.رووناکبیری کورد لە ناو ژووری ماڵی خۆیدا،ئەو جێگایەی کە ژیان شەخسیی وتایبەتی خۆی دەگەڵ هاوسەرەکەیدا تێپەڕ دەکا،شوێنێکی دیکەش دەرەوەی ماڵ وژیانی شەخسیی خۆیەتی کە پێی دەگووترێ کۆمەڵگا.خاڵی مەترسیدارليرەوە دەست پێدەکاکە،رووناکبیری کورد خاوەنی دووکەسایەتی بێ.کەسایەتیی ناو ماڵ وکەسایەتی دەرەوەی ماڵ.
من لێرە بە ڕاشکاوی ناوی کەس ناهێنم.بەڵام لە دونیای فەیسبوکداکە دۆستایەتیم دەگەڵ تاقمێک بەرواڵەت نووسەرورووناکبیر هەیە،سەرم سوڕ دەمێنێ!کەسانیکیشیان هەن کە هەرچەند لێیان دوور بوومەوە بەڵام چاکیان دەناسم.نووسینی ناو فەیسبوکیان وکردارورەفتاری ناو ژووری ناوماڵیان دەگەڵ هاوسەرەکانیان ئەوەندە جیاوازە کە زۆر جار مرۆڤ باوەڕ ناکە ودەلێ:تۆ بڵێی ئەوکەسە هەمان کەس بێ کە باس لە ئازادی ودێمۆکڕاسی ومافی ژن ورۆژی جیهانیی ژنان و...دەکا.
مرۆڤەکان بە گشتی،بە دووشێوە تووشی نەخۆشیی دەبن.یان نەخۆشیی جەستەیی یان نەخۆشیی دەروونی.کەسێک خۆی بە رووناکبیربزانێ وخاوەن پێنووس بێ،دەبێ هەم جەستەی وهەمیش دەروونی لە هەرجۆرە نەخۆشیەک بەدوور ڕابگرێ.رووناکبیرێک کە کاتێک لەناو ماڵی خۆیداهاوسەرەکەی بە دەنگی بەرز بانگ بکاو لە جیاتی ناوهێنانی هاوسەرەکەی پێناسەی / حۆل یان گێل/ ی،بۆ بەکار بێنێ،کوارووناکبیرە؟
کام رووناکبیریی کورد لە کوردستان پێچەوانەی ئەوئاکارە دزێوە لە ژنەکەی قەبوڵ دەکا؟ئەگەریش هەبێ زۆرینە نییە.ئەرکی رووناکبیریی هەروا هاسان نییە.کۆمەڵگایەک کە حیزبیی دواکەوتوووشکست خواردوو بەڕێوەی بەرێ،بەرپرسایەتیەکی گران دەکەوێتە سەر شآنی پێنووس بەدەستی کورد.هەرمرۆڤێک لەو جیهانەدا ناووپاشناوی خۆی هەیە.تۆ،رووناکبیریی بەرواڵەت رووناکبیر، ناوی خێزانەکەت،گێل یان حۆل،نییە.بەناوی خۆی وبەڕێزەوە بانگی بکە،چون شەریکی ژیانی تۆیە،لە خەم وشآدیەکانی تۆدا خەمخۆرو هاوبەشە.
لەسەرفەیسبوک لەسەردرووشمی ژن،ژیان،ئازادی،دەیان هەڵسەنگاندنوشڕۆڤەت هەیە ئەی رووناکبیر،کەچی لە ناو ژووری ناو ماڵەکەت کاتێک ژنەکەت بانگ دەکەی خۆدەپارێزی لەوەی کە بەناوی خۆی بانگی بکەی و لە وشەی،گێل ویان حۆل کەڵك وەردەگری!ئەو بەناورووناکبیرانەی ژنەکانیان بە ناوی /گێل یان حۆل/لە ناو ژووری ماڵەکانیاندا بانگ دەکەن،بۆ خۆیان لە فەیسبوکی من بڕۆنە دەرێ.هەرکاتێکیش ئەوعادەتە خراپەیان تەرک کرد،دۆستایەتیان دەکەم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە