کوردستانپۆست دەستی بە کارەکانی خۆی کردەوە

Monday, 25/03/2024, 21:24

3896 بینراوە


نەتەوەکەمان لە باشووری کوردستان لە وێنەی ئەوباڵندەیە دەچێ، کە لە قەراغ کانیاوەکانی زولالی سەرچیاکانی کوردستان بژی، بەڵام هەمیشە تینووی بێ! مرۆڤ جگە لە نان وئاو و ژیان وهەرچی پێی دەژی، حەوت جێی بە ئازادی هەیە. ئازادی لە بیرکردنەوە، لە نوسین، لە رەخنەگرن، لە سیاسەت و...دەیان بابەتی دیکە.
دوای نەمانی حیزبی بەعس باشووری کوردستان کەوتە ژێرچەپۆکی دووبنەماڵەی بێ ویژدان ودژەکورد، کە یەکەم کارێک کردیان هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ بوو، پاشآن سیخوڕیی بۆ دوژمن و پاشتر برسیکردنی خەڵكی بێ تاوان. لەو ماوەیەدا، ئەوەی کە پێنووس ومێدیا و چاپەمەنیی ژێر دەستی خۆیان بوو بە پارەی دزێتی وقوتی خەڵک کردیاننە نۆکەری خۆیان، رێگایان نەدا پێنووسی ئازاد وڕآمانی ئازاد پەرە بستێنێ. لە دونیای سەردەمدا لە باشووری کوردستان، راگەیاندن وچاپەمەنی نەیانتوانیوە ئەرکی نیشتمانی وئەرکی ئەخلاقیی خۆیان بۆ ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بە جێ بگەیەنێ.
ماوەی چەند رۆژێک دەبێ لە لایان سەرنووسەری کوردستانپۆست ڕێزدار کەمال جەمال موختار، لەسەر فەیسوبوک روونکردنەوەیەکم چاو پێکەوت، تێیدا ئاشکرای کردبوو، کە چۆن و کێ و بە کام مەبەست کوردستانپۆست لە لایان ترسنۆکەکانی سەر بە دەسەڵات هاککراوە و کارەکانی وەستێنراوە.
هۆیەکەش ئاشکرایە، ترس لەو سایەتە، کە لە سەرشآنی زەحمەت وتێکۆشآنی بەرپرسەکەی وەگەڕ کەوتووە، بۆتە مایەی ئەوەی، بەشێک لە دەسەڵات ترسی لە جەوهەر و ناوەرۆک وهەڵوێستی ئەو سایتە ئارام وقەراری لێ هەڵبگێرێ، هەمیشە لە بیری ئەوەدابن، کە بتوانن کارەکانی کوردستانپۆست بوەستێنن.
بەخۆشیەوە، دوای چەند رۆژ لە وەستانی کوردستانپۆست، ئەوڕۆ دووبارە وێنەی سەکۆیەکی ئازاد و رەخنەگرهەمدیسان توانی دەستی بەکارەکانی خۆی بکاتەوە. ئەوسایتە حەوجێی بە پێنووسی بوێر و رەخنەگر هەیە. با کەسانی هوشیار لەو بوارەدا بابەتیان بۆ بنێرن تا بە دڵێکی ئاواڵا بۆیان بڵاوبکەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە