دوژمنی رووبەڕوو باشترە لە دۆستی دووڕوو

Saturday, 06/04/2024, 19:28

1550 بینراوە


مەلا کرێکارم پێ لە مەسعود بارزانی باشترە:

هەر نەتەوەیەک دۆست و دووژمنی خۆی بە باشی نەناسێ، کەمترلە مێژووی خۆی تێدەگات. هەرنەتەوەیەکیش بۆرزگارکرنی خۆی پەنا بەڕێتە بەر حیزبی سەقەت وچەواشەکار رێک ئەو بارودۆخەی بەسەردێ کە بەسەر دانیشتوانی باشووری کوردستان هاتووە. هیچ کۆمەڵگایەک بە بێ سیستمی پەروەردە و ڕاهێنانێکی سەردەمیانە ناگاتە ئاواتەکانی خۆی. بیانی لە هەر دین و ئایینێک و رێبازێکی خواناسیی بێ بە فریان نەتەوەیەک ناکەوێ کە خۆی بە تێکۆشآنی بێ وچانی خۆی حەول بۆ چارەسەریی نەدا.
بار و دۆخی چەند ساڵەی باشووری کوردستان ئەەمان پێ ئێژێ کە  کورد لەو بەشە لە وڵات زۆر خراپتری بەسەرهاتووە تا سەردەمی سەددام. راستە ئەو سەردەم ئەنفال کراین و کێمیاباران کراین، زیندانیی وشکەنجەدراین، بەڵام قەرار وابوو دوای دەسەڵاتداریەتیی حیزبی بەعس ئێش وئازارەکانمان لەناوبچن و یان هێدی هێدی کەم بنەوە. ئەوە سی ساڵە بەشێوەیەکی دیکە بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی ئەنفال بەسەر کورددا ئەسەپێنن!

مەلا کرێکار دوژمنێکی راستگۆیە:

خۆزگە ئەو مەلایە کە مێشکی پڕە لە برشی کۆنە مێژوو، ناوی کرێکار نەبوایە. چون ئەوناوە شآیانی کەسانێکن کە لە تەواوی ژیانیاندا سەربڵندانە ئۆگری نەتەوە و نیشتمانی خۆیان بوو بن و رزگاریی نیشتمانیان پێ لە سەرووی هەمووئاواتەکانیان بووبێت. ئەو مەلایە کە ناوی خۆی ناوە کرێکار، تەنیا دژی کرێکاران بیر ناکاتەوە و دژی مرۆڤایەتیشە وهەرچی بەهای مرۆڤێکی کورد کە ئەبێ هەیبێ، بە دوور کەوتۆتەوە. هیچ بوونەوەرێکی زیندوو، کە لە سەرخاکی باب و باپیرانی لە دایک بووبێ بەم شێوەیە دژی خاک و نەتەوەکەی خۆی هەڵوێست وەرناگرێ. لەو کورتە ویدئۆیەداکە دەگەڵ وتارەکە بڵاو ئەبێتەوە هەر شت روون وئاشکرایە.
مەلا کرێکار، حاشآلە خاکی نیشتمان و کوردبون و ئاڵا و سروودی ئەی رەقیب دەکا. خۆشی وەک نوێنەریی کوردیش پێناسە ئەکا و دەڵێ، زۆرینەی کورد بە هۆی ئیسلامەوە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کوردیی خستۆتە ژێرپێ وموسڵمانە. هەرکەسێک رەخنە لەو مەلایە بگرێ لە شێوەی بیرکردنەوەکەی سەتا لە سەت دە هەڵەدایە. مەلاکانی ئەو رێبازە بەئاشکرا دژایەتی خۆیان بە رامبەر بە کورد و دۆزەکەی رائەگەیەنن، کۆمەڵگاش بە روونی لە بیرکردنەوەکانیان تێەگەن. مەرج لێرەدا هۆشیاریی یان نا هۆشیاریی کۆمەڵگایە، کە رێورێبازیی خۆی لەم ئەقڵیەتە بە دوور رابگرێ.
مەلا کریکار، بەڕاشکاوی قسەی خۆی ئەکا. بەڵام ئەگەرحیزب یان دەسەڵاتێک کە ماوەی ٣٣ساڵە بە بیانووی نیشتمان و شەهید و ئاڵا و، پێشمەرگە خەڵك و ژیانی خەڵك بەرەو وێرانی بەرێ، ئەبێ چۆنی لێ بڕوانین؟ مرۆڤی زانا و هۆشیار و خاوەن بیرکردنەوە ئەبێ دوژمنی رووبەڕوو راستە و راستی پێ لە دۆستی دووڕوو باشتربێ. لەوەتی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی خۆیان بە رزگاریدەریی کورد، بە کورد پێناسە کردوە، هەر سیخوڕ و گوێ لە مستی بیانی بون. هەزاران مرۆڤی کوردیان بە کوشتداوە کە چی دەست لە دەسەڵات هەڵناگرن.
ئەگەر مەلا کرێكاربیانی پەرەست ودژی نەتەوەکەی بیر دەکاتەوە، خۆ ئەو دەسەڵاتەی باشووری کوردستانیش هەر نۆکەریی بیانی سیخوڕی بیانی بوون. بە رواڵەت جیاوازیی لە بیرکردنەوەدایە، بەڵام لە راستیدا هەر دوو لا دژی نیشتمان ونەتەوەی کوردن. یەکیآن بۆ ئەوەی شەرم لە کوردبونی خۆی بکا رێبازیی ئایینی ئیسلامی تووندئاژۆی هەڵبژاردووە، بنەماڵەی بارزانیش رێبازیی درۆزنانەی ئازادیخوازی و نیشتمانیی رەچاو دەکا. جیاوازیی ئەو دووچین وتوێژە لە چیدایە؟

لە خوارەوە کلیکی ئەو لینکە بکە، بۆ گوێگرتن لە راوبۆچوونی مەلا کرێکار لەسەر ئاڵای کوردستان و سرودی ئەی رەقیب

https://www.tiktok.com/@mohammad.uk97/video

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە