بەم کۆنسێرتە عەدنان کەریم ناتوانێت چوار دەفتەر دۆلارەکەمان لە بیر بەرێتەوە

Saturday, 18/04/2015, 21:10

9221 بینراوە


حسێن پناهی: مەڕەکان دەزانن شوانەکان خۆشیان دەوێن، بەڵام نازانن کە شوانەکان هاوڕێی نزیکی قەسابەکانن...!

 زەحمەتە سەردەمێک بهێنینە پێش چاومان کە سبەینێ وەک مێژوویەکی پڕشنگدار لیی بڕوانین و بڵێین: ئازیز دنیا لە گرێژنە نەچووە! ئەوە نییە لەناو هەرەسی ئەخلاقدا گۆرانیبێژێک داهاتی کۆنسێرتەکەی دەکاتە خەڵاتی ماڵە شەهیدەکان. 
 کۆنسێرتەکەی "عەدنان کەریم " دەبێت ئەو خەڵکە لێی بە ئاگابێن، ئەو پرسیارەشمان لا دروست دەکات، کە لە عەدنان کەریمی بکەین، بپرسین: با ئاواز و گۆرانییەکانی بۆ پێشمەرگە نەبێت، بەڵکو ئاواز و گۆرانێکانی بۆ گەڕانەوەی ئەو چوار دەفتەرە دۆلارە بێت کە لەهەڵەبجە وەری گرتووە و حەپەلوشی کردووە، چونکە ئیتر عەدنان کەریم هەرچی بڵێت، کەسمان ناتوانین باوەڕی پێبکەین، بەداوای لێبوردنەوە کە دەڵێم کەسمان، چونکە ئەمە جەخت دەکاتە سەر پەیوەندیە ئاسۆییەکان نەک لەپەیوەندییە ستونییەکان. بۆنمونە بەعسییەکان بەهەموو هەوڵێکیان نەیان توانی وا لەشوفێرێکی سەر شەقامە کانی سلێمانی بکەن گۆرانییەکی عەرەبی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلەکەیدا لێبدات. کەچی ئێستا لەو دووسێ تەسجیلاتەی کەماوە و سی دی فرۆشی دەکەن بەردەوام دەڵێ لەگەڕەکێکی "عەفەجی" عەرەبی دەژنەوی و لە ڕادیۆ زۆر و زەبەندەکانیشەوە عەرەبی و فارسی تورکی بەردەوام پەخش دەکەن. ئەوە چ جای تەلەفیزۆنەکان، ئیتر شتێک نەماوە بەناوی پیرۆزییەکانی نیشتمانی کورد، ئەم نیشتیمانە بە هەموو جۆرێک لاقەی دەکەن، نەتەوەبوون و شانازییکردن بە کوردبوونمانەوە ناشرین کراووە، کەس لە خەمی پاشەڕۆژدا نییە، ئەوەی کورد بەخۆی دەکات و کردوویەتی، دوژمن نایکات و نەیکردووە! 
 ئەگەر هونەرمەندەکان لە نمونەی عەدنان کەریمەکان، لەژێرەوە خۆیان هەرزان بەها نەکردایە ئەم پاشاگەردانییەش دروست نەدەبوو! ئاخر ئەگەر هونەر چاوی میللەت بێت، عەدنانەکان چاوی سوشەن و تەنیا دەبریقێنەوە و رێگامان پیشان نادەن.
 کۆنسێرتەکەی "عەدنان کەریم" لەم کاتەدا هیچ نییە، جگە لە پاکانەیەک بۆ لە بیر بردنەوەی ئەو سکانداڵ و پیسخۆرییەی کە چەند گۆرانیبێژێک نمایشیان کرد. لەم نیشتمانەدا هەموو شتێک، کە دەیبینین بە بەر چاومانەوە مردووە. هەمووشمان دەزانین ئەمە حەقیقەتی مردنی هەموومانە، مردنی میللەتێکە، کە هەموومان بەرپرسیارین لێی، بەڵام کەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵگا دەبوو نمونەی وەستاندنی مردنی جوانییەکان بن و نەیان هێشتایە هەموو شتێک هەرەس بهێنێت.
 هونەرمەندەکان ئێمەیان توشی دڕدۆنگ و دڵەراوکێ کردووە، ئەوان کەسانێکن لە دەسەڵاتەوە هێندە نزیکن، مرۆڤ فەتی دەکات داخۆ ئەمانە بەڕاستی دەزانن هونەر مانای چێیە؟ هەڵوێست وەرگرتن لەهەموو کاتێکدا مایەی نووسینەوەی مێژووە بۆ نمونە کەستان دەزانن کاتێک "عەدنان کەریم " دەچێت دیدار لەگەڵ هەرزەیەکی وەک نێچیر بارزانیدا دەکات و خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە کە گوایە داوای لە کاکە نێچیر کردووە ئاگای لە ئاوارەکانی کەرکوک بێت، بەوەشەوە ناوەستێت لەگەڵ بکوژی شێخ ستار و سۆراندا لەسەر مێزێک دادەنیشێت و سەر دەنێن بەیەکەوە، ئیتر هونەر چ پەیامێک و هونەرمەند چ جوانییەکی تێدا دەمێنێت، کۆنسێرتی بۆ پێشمەرگە چ مانایەکی دەمێنێت، ئەمان پێناسەی پێشمەرگە بە مەرجی دەسەڵاتیش دەکەن، نەک بەو پێناسە جوانەی جاران  کە هەموومان بە ناوەکەی تەزوو بە لەشماندا دەهات، عەدنان کەریم دوای دەنگی خۆی کەوتووە، نازانێت لە کوێدا دەنگی دەگات بە شەهید، ئەو ئەوەندە بەدوایەوە کە کاتێک دەزانێت پێشمەرگە شەهید دەبێت، ئەم دەچێت وەکو هەڵەبجە پارەی خوێنەکەی وەردەگرێت! هەڵوێست لای کاکە عەدنان غایبە، هەڵویست خۆ نمانیشکردن نییە! 
 نمونەیەکی تر دەهێنینەوە "ڕەئوف کەرکوک"ی کە گیانی خۆی لە بۆیاخ ناوە بەردەوام لە بەردەم چایخانەی شەعبدایە و بەچاویلکەیەکی ڕەشەوە وێنەی بڵاو دەبێتەوە لەگەڵ حاجی مەکی وچەند کەسێکی سوکی تر لەگەڵ کوڕی نێچیر بارزانی دا وێنە دەگرێت، بەڵام ئامادە نییە بچێتەوە کەرکوک چونکە ژیان لەوێ بۆ ئەم بێمانایە، ڕەئوف تەنها نییە بەڵکو کۆمەڵێک بەناو هونەرمەندی تر کە بۆ هەتاهەتایە ناچنەوە کەرکوک بەڵام لە کاتی خواردنەوە و دانیشتنەکانی ئێوارایاندا باس لە "باهوی" کەرکوک دەکەن و قسەی زلی بێماناش بەدەمیانا دێنێتە خوارەوە. پێتان وانەبێت ئەمانە پارێزگاری لە فرە کەلتوی دەکەن ! نا بەپێچەوانەوە ئەمانە خەڵکانێکی هەلپەرستن. وەک هونەرمەند هیچ ناسکی جوانی و ڕاستگۆییەکیان تێدا نییە.
 ئەو بارە ئابووریی و سیاسییە ئاڵۆزەی ئەمڕۆ بە باشووری کوردستان تێدەپەڕێت ئێستا وا دەخوازێت پێداویستێکانمان کەمتر بکەینەوە، قوربانی بەهەندێ شتی لاوەکی بدەین و بەرژەوەندی تاکە کەسی وەلابنێین بیر لەم کاتە بکەینەوە کە ئێمە لەشەڕداین لەگەڵ چەتەکانی ئیسلامی داعشدا و کۆنسێرتەکەی "عەدنان کەریم"یش هەر لەو ڕوانگەیەوە سەیر بکەین، بەڵام گەر سەیری بەرژەوەندییە خۆیەکانیش بکەین، دەبێت پێوەرە ئەخلاقێکانمان لەدەست نەدەین، ئەگەر کەسایەتی ڕووەو بەهای باڵاتر لەدەروون هەنگاوی نەنا، ئەوە دیارە گەندەڵی و پیسخۆریی و خیانەت باڵا دەست دەبێت" بۆیە هونەرمەند ئەگەر بەئاگاییەوە نەیتوانی مامەڵە لەگەڵ ئەم تێکشکانە ئەخلاقیەی ئەمڕۆدا بکات، بەدڵنیاییەوە هونەرەکەی پێش خۆشی دەمرێت، چونکە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین جودا لەسەردەمی باو باپیرمان، ناخۆشی لەوەدایە عەدنان کەریم دەیەوێت لەهەڵبژاردنی تێکستەکانیدا زمانی "عیرفانییەت" بۆ ئێمەی گوێگر بێنێتە زمان، ئاخر عیرفانییەت و چوار دەفتەر دۆلار کوجا مەرحەبا...؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە