باشوور ئەو نیشتیمانەی کە هەموو شتێکی تیا هەتک کراوە، وا سەرە گەیشتە سەر نەورۆزیش

Sunday, 22/03/2015, 12:00

2157 بینراوە


ئێرە سلێمانییە "ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە " کە بێگانەکان حاکمی شاربوون و بەعسییەکانیش سلێمانیان داگیر کردبوو، هەموو ساڵێک سلێمانی ئاگری نەورۆزی خۆی دەکردەوە و مانایەکی هەبوو.
ئەمڕۆ شار خرۆشابوو بۆقی نایلۆنی دەست پیاوە گەنجەکان، قێزەوەترین شتێ بوو جێگەی " ئەمڕۆژی ساڵی تازەیەی" گرتبۆوە لە بەردەم باخچەی گشتی یەوە، تاکو پردی خەسرەو خاڵ، هەموو سەرە شەقامەکان بە بەردی کۆنکرێتی گیرابوون، شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) پڕ ببوو لە خەڵک.لە هەموو تەمەنێک، خەڵکی بەرگی ئاڵاو واڵایان پۆشیبوو بەهەردوو سایتی شەقامەکەدا دەهاتن و دەچون، داشقەی خۆراکەکان، پەشمەک، دۆ، نۆکاو، یاری منداڵان ئاڵای کوردستان، یەپەکە، ئاپۆ، ملپێچی، ئاڵا بەتاڵەبانی، لەم شەقامەدا دەبینرا.گەنجەکان بۆقیان لێدەدا و دەماقاچاغەکان کە لە ڕۆژهەڵات پێی دەڵێن "فیق فیقە" دەتەقێنرا.گەر لاشت بایە بۆ ناو کۆڵانەکان بەدەستی ڕاست و چەپدا ئەوە دەبوو ژەهری ئەگزۆزی ئۆتۆمۆبیلەکان هەڵمژی.بەرگەکان کە بەحساب کوردی بوون کچەکان یەکی چەند کیلۆ ئاڵتونیان پێوە بوو، کوڕەکانیش جلی کوردیان وا بەپانگ کردبوو نەت دەزانی ئەمە دەستوری چ نیشتمانێکە ؟ بەڕاستی بەرگی کوردی بەپەند چووە چ هی ژنان و چ هی پیاوان.
شار پڕ ببوو لە پۆلیس، ئاسایش دژە تیرۆر، سواد، لەچەند جێگەش سوادەکانت دەدی بەئۆتۆمۆبێلی جام ڕەش و گەنجە هەڵخڵەتاوەکەش ئاڵایەکی ئەمەریکا بە قۆڵی ڕاستێوە و غودەکەی سەرێوەبوو.
سیمای ئەم مرۆڤە قەشمەرانە زیاتر لە کلاونی تساو دەچوو، پێیان دەوتین ئێرە سلێمانی یە بەڵام بەڵایەک بەڕێوەیە. لەچەند جێگەش قەفەزی گەورەت دەدی کە بەدەست گەنجێکی پۆستاڵ لەپێ و بەحساب کۆماندۆوە بوو، بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێک.لەهەمووی سەمەرەتر بەرگی ئەو کچ و کوڕانەبوو کە بە بەرگی قواتخاسەکانی جاران و پۆستاڵەوە بوون و یەکی لافیتەیەکیان راست و چەپ بەخۆیاندا هەڵواسیبوو گوایە هەموویان هەر پێشمەرگەن.
یەکەمین هەواڵ بڵاو بونەوەی سەربڕینی سێ پێشمەرگەبوو لەدایەن تیرۆریستە ئیسلامییەکانی داعشەوە.
ئەز بەدەستی ڕاستدا سەرکەوتم لەگەڵ هاوڕیەکمدا و بەدەستی چەپ هاتینە خوارەوە، جگە لە دەنگی دەماقاچان و بۆقی گەنجان وێنەگرتن هیچ گوێم لە سرودی نەورۆز نەبوو.شار خرۆشابوو ئەگەر لەسیمای ئەم خەڵکەت بڕوانیایە دەتووت کە دەڵێن درۆیە سێ مانگە موچە نەدراوە.ئاڵتونی بەرۆکی کچان و ژنانی ئەم سەر شەقامە هێندە زۆربوو دەتوانی بەرەیەکی شەڕی یەک ساڵەی پێ بەڕێکەیت.ئەوەی لام جێگەی سەرسوڕمان بوو جلی کوردی ئاڵا و ئاوا، بەڵام خاوەنەکەی موحەجەبە بوو بۆ خاتری ژیانیش یەک هۆقە رەنگی سوراو و سپیاوی لەخۆی دابوو.من چیرۆکی شاعیرە شێتەکەم بیر کەوتبۆوە.بەهاوڕێکەم ووت ئەمانە ئیسفنجێکی تەڕ لەبەردەم ئاوێنەیەکدا بەئابڕویاندا بێنی کەسیان خۆیان ناناسنەوە.هاوڕیەکەم ووتی جوانە، بەڕاستی وایە.
ئێمە لە شەڕداین لە تێڤێکانەوە هەندێ کچی گەنجی پیشان دا کە لەبەر خاتری شەهیدەکان بەرگی ڕەشیان پۆشیوە.ئەمە قەشمەرترین شتێک بوو کە بیستم و بەچاوانم دیم لەیەکێک لەکەناڵەکانەوە، چونکە هەستت دەکرد سوراو و سپیاوەکەیان شتێکی ترمان پێدەڵێت.ئەم دەسەڵاتە هێندە نائاگایە هێشتا نازانێت خەریکی چییە ؟
لە چاڤی لاندەکەی کە هەراج کراوە لەوێش نەورۆز پیرۆز کرا نەورۆزی ئەوێ لەگەڵ "پرسیارگروپ"دا بوو ئەو دادەیە ی کە بەرنامەکە بەڕێوە دەبات زۆر زەخت لەخۆی دەکات.پرسیارەکان زۆر داماوانە دانراوە و ئەویش دەیکات.لەلایەک هەلهەلەو گۆرانی ووتنە و دەفلێدانە و نمایشی جلو بەرگە.لەلایەکی تر ستایشی ئەو ئازادییەیە لەسایەی پێشمەرگەکان.ئاخرین جار ئاڵتونەکە بۆ ژمارەیەکی "علوج" دەرچوو کە زیاتر ئەو ژمارانە لە موسڵ و حەویجە بەکار دێت، دەلێن ڕەنگە پاڵەوانێکی چەتەکانی داعش بێت، لەنەورۆزدا.
لەئاماد ملیۆنێ خەڵک ئامادەی پیرۆزکردنی نەورۆزبوون، لەقەندیلیش پیاوە فایلدارەکەی یەکێتی "سەعدی ئەحمەد پیرە" پەیامی پیاوێکی نەخۆشی گەیاند کە یەکەمین جار بوو ڕووی لە پەکەکە کرد تفەنگەکانیان دانێن.بەڵام ئیستاشی لەگەڵدا بێت یەک فەوج گەنجی خێرلەخۆ نەدیو لە نوسنەوبەرە ڕەنگ زەردەکاندا لەدەباشان و تونێلی پێشرەو قەڵاچوالان و ئەزمەڕ بەچەکەوە پاسەوانی ئەم پیاوە ئاشتی خوازە دەکەن.ئێستاش کە بەژێر پردە سەقەتەکانی سلێمانیدا گوزەر دەکەی قسەیەکی تێک شکاو قۆڕی تاڵەبانی دەبینی لەم سەر بۆ ئەوسەر دانراوە وەسف لە پێشمەرگەو شۆڕشی چەکداری دەکات و ستایشی دەکات.
نەورۆز لەم شارەدا هێندە ناشرین بووە نە بۆنی تایەی سوتاو دەکەیت، نە ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە لەلای کەس دەوترێتەوە.لەلایەک پێشمەرگە دیلەکان سەردەبڕێن، لەلایەکیش خەڵکی تر لە ڕێگەی دوکان خەریکی خۆنمایش کردنن بە پشتێنی ئاڵتونی "دوبەی و ملەلیرەو پشتێنی ئاڵتونەوە" کە هەست دەکەی نیشتمان لای ئەمانە هیچ نییە جگە لە لەزەتی کاتی بۆ خۆیان، ئۆتۆمۆبیلە گران بەهاکان هەر دەبینی ڕەنگە کەمتر بێت لەپار بەڵام لەڕاستیدا کەمیش نەبوو هەست ناکەیت کە ئەم نیشتمانە لەشەڕدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە