بۆچی هەرلایەك لە پارتی نزیك بێتەوە جەماوەرەكەی لەدەست دەدات؟

Tuesday, 25/08/2015, 20:23

3146 بینراوە


ئەو پرسیارەی دەبێت خودی پارتی پێش لایەنەكانی تر وەڵامی بداتەوە، ئەوەیە، ئایا بۆچی هەر كەس و لایەنێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی بە پاڵەوانی كوردستان دەزانێت و بەو هەموو توانا و مێژووەوە  بە هەر شێوەیەك بووە، نزیك بێتەوە،  رێژەیەكی باش لە جەماوەرەكەی لەدەست دەدات ؟
ئەمە وا لە چاودێران دەكات لە زۆر لاوە شیكاری زانستیانەی بۆ بكەن و، راست و دروستی هۆكاری بڤەیی پارتی لە پەیوەندیەكانی  لە گەڵ لایەنەكانی تر بدۆزنەوە . ئەمەش زیاتر وا دەردەكەویت كە بیەوێت، لە فەرزكردنی بەرژەوەندیە تەسكەكەی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەر و جێبەجێ كردنی ئەجێندا تایبەتیەكەی  و ئامانجەكانی خۆی  لە رێگەی ئەوانی ترەوە جێبەجێ بكات و،ئەو ئىنجامەش  بۆ هەموو لایەك  دەربخەن،  كە هەمیشە هەوڵی بەردەوامی پارتی ئەوەیە، كە  خۆی باڵا بێت و لە هەموو لایەك براگەورە بێت ، بۆیە لە دەرئەنجامدا بەو شێوەیە لە بەرژەوەندی بەرامبەرەكەی دەدات ، ئەمەش  هۆكاری سەرەكی زەرەرمەندی هەر لایەنێكە كەلە پەیوەندی و نزیكبونەوەی  لەگەڵ پارتیدا بەردەوام بێت و، نزمبونەوەی ئاستی جەماوەرێتیی لێدەكەوێتەوە و بەرژەوەندیە حزبی و سیاسیەكانی لەدەستدەدات  .
مێژووی پارتی لە مامەڵە كردنی لەگەڵ پرسی كورد و كوردستاندا، وا خۆی دەنوێنێت، كە هەمیشە وا دەزانێت تا ئێستاش  تاكە حزبە و واقعی كوردستان  وەك شۆرشی ئەیلولە و سەرجەم  لایەنەكانی تر  لە منداڵدانی ئەو هاتونەتە دونیاوە و ئەو باوك و برا گەورەیە و ئەوانی تر لای ئەو ریزبەندیەكی بۆ كردون و، دەبێت ئەوانی تر وەك باوك وكور لە پارتی بروانن و داواكاریەكانی  وەك فەرمانی عەسكەری جێبەجێ بكەن، سەرەرای ئەوەی ئێستا و دوور لە گزی و فرت وفێل و ساختەی هەڵبژاردن، بە ژمارەی دەنگدان پارتی نوێنەری كەمینەیە .
 لە كوردستاندا، بارودۆخی سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان گۆڕاوە و هەمیشە گۆران و پێشكەوتن باڵی بەسەر كوردستاندا كیشاوە و، ئەمەش وا پێویست دەكات كە پارتی پێش لایەنەكانی تر، بە رێگەیەكی زانستیانە ئەم هەموو گۆرانكاریە گشتیانە بخوێنێتەوە و، لە مامەڵە و پەیوەندیەكانی لەگەڵ لایەنەكانی تردا لەبەرچاو بگرێت و، سەرجەم هەنگاوەكانی لەسەر ئەم گۆرانكاریە گشتیە تازانەدا بنیات بنێت . ئەمە لە لایەك، لەلایەكی ترەوە زۆر پێویستە لە خوێندنەوەی بارودۆخی كوردستان تەنانەت مامەڵە و  سیاسەتی خۆی لەگەڵ خەڵكیشدا مەیسەر بكات، نەك هەمیشە هەموو لایەك بە تابع وخۆی بە مەتبوع  تەماشا  بكات و بزانێت  . 
لەو روانگەشەوە، دەبێت  پارتی بە خۆی هۆكاری سڵكردنەوەی خەڵك و تەماشاكردنیان بۆ ئەم حزبە وەك لایەنێكی  ساختەچی لە هەڵبژاردن و رەفتار نادیموگراسی و موحافكار و  تەنها بنەماڵەیی و ناوچەگەری  بدۆزێتەوە و، سكەی سیاسی خۆی راستەرێ بكات .   بۆیە،  لەم قۆناغە و لەمەش بەدواوە، سەرجەم حزبەكان لە نزیكبونەوەیان لەگەڵ پارتی زۆر سڵ دەكەنەوە و لەوبارەوە بە وریاییەوە هەنگاودەنێن، بۆ ئەوەی جەماورێتی خۆیان لەدەست نەدەن . ئەمەش سونەتی ژیانە كە دەبێت گۆرانكاری رووبدات و گونجاو لەگەڵ سەردەم و گۆرانكاریەكان جێگەی ناگونجاو دەگرێتەوە، هەرچەند كاتەكەی دوا بكەوێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە