کورسى

Friday, 28/08/2015, 18:55

2232 بینراوە


کورسى! نێوەندێکى دانیشتن بە چوار لاق و پاڵپشتێکەوە! کورسى دەسوێژێکى سوودمەندە، چونکە مرۆڤ لە "خۆ" دەگرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ کورسیى دروست کردووە. مرۆڤ حەز دەکات لەسەر کورسى دابنیشێت، کەمێک بەرزتر لە زەوییەوە، بەڵام هەروەها حەز دەکات لەسەرى بحەسێتەوە.
     کورسى! نێوەندێکى دانیشتن بە چوار لاق و پاڵپشتێکەوە! ئەو دەشێت بۆ دانیشتنى خەڵکان دروست کرابێت، بەڵام هەروەها دەشێت "تەخت"ى دەسەڵات بێت. لێرەدا دەگەین بە کێشەى کورسى، کێشەی ئەم بابەتە دروستکراوەى مرۆڤى داماو! ئاخر مرۆڤ لێرەدا کورسیی لە سوودمەندییەکەى کردۆتەوە و وەک سیمبۆلى پایەگا دایناوە. گەر هەڵپەى مرۆڤ بۆ دەسەڵات بێت، ئەوا دەبێت سیمبۆلى دەسەڵاتیش بهێنێتە گۆڕێ و وەک ئامرازێک خۆی لە کەسانى دیکە پێجیاکاتەوە - بڵند دایبنێت. بۆ نا؟ ئاخر گەر پایەگاى جیاوازى دەسەڵات هەبن، ئەوا چى دەبێت کە لەژێر کورسیى پاشاوە کورسیى دیکە هەبن و ئاماژە بۆ پایەگایەک بدەن؟ ئەمە بەڕاستى کارێکى ناڕەوا نییە، هەروەها هەوڵدان بۆى ئاساییە، جا گەرچى ئێمە بەڕێى کورسییەوە کارەکتەر دەناسینەوە. ئاخر کورسى لەم کۆنتێکستەدا بابەتى خەونبینینە، بەندەى نێو جیهانى هاڤرکێ لە سەرجەم بوارەکاندا هەوڵى بۆ دەدات: بوارى دامەزراوەیى و ئابووری، لە خێزاندا، لە بیرۆ، لە ژوورى مەلا. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە هەوڵدەران بۆ کورسی وەک یەک ئازا نین. ئەمە زۆر پڕکێشەیە. یەکێک هەموو کۆششى خۆى ئاڕاستەى گەیشتن بە کورسی دەکات و ڕاستگۆیانە پێى دەگات؛ ئافەرین! یەکێکى دی بە خشکەیى، بەڵام کەمێک دیار بۆى دەخشێت؛ ئافەرین! ئاخر ئەم ئەوها سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە) و کەسێکى حەزەرکەرە. بەڵام هەروەها بیچمی ئەوتۆ هەن کە ئەوانیش بە خشکەیى هەڵپەى بۆ دەکەن، بەڵام بە مەرایى، بە دۆزینەوەى واسیتە، بە گەوادى؛ ئافەرین! ئێمە سەرلەنوێ کێشەى کارەکتەرمان هەیە و دەبێت بڵێین: ئەو جۆرە ناکەسانە ئەوها هەڵکەوتوون. ئاخر هەموو مرۆڤێک بوێر نییە و ئازادانە هەڵوێست وەربگرێت! بەڵام کەسانی دى هەن کە بە هەمان شێوەى "جەنابەکانى!" سێیەم هەوڵى بۆ دەدەن، بەڵام بە جیاوازییەکەوە، کە نایەڵن هەوڵەکەیان دەربکەوێت، ئیدی دواى ئەوەى لەسەر کورسى دادەنیشن، هەزار سوێند دەخۆن کە ئەوان کورسییان گەرەک نییە و لە پێویستییەوە لەسەری دانراون یان لەبەر ئەوەی نەشیاوی دەستبەردارین، ئەوا بە تکاوە لەسەری دادەنرێن، کەچى لە بنەڕەتدا تاکە خەونیان بۆ کورسیی دەسەڵاتە و گەر خاوەنی کورسییەکی بەو چەشنە بن، ئەوا هەموو هەوڵێکیان ئاڕاستەى بەرزکردنەوەى دەکەن. ئەمانە جەبانن، لە بنەڕەتدا زۆر نزمن، جا گەر تەنانەت هەڵبکەوێت ئەوپەڕی بەرز دابنیشن!
     کورسى بە چوار لاق و پاڵپشتێکەوە هەموومانى وڕکردووە! هەموومان؟ نەخێر، ئەمە ناشێت! ئەو بکەرەى بەردەوام لە مەیداندایە، ناتوانێت مەیدانەکەى جێبهێڵێت. ئەو لە کار بۆ کار و لە پرۆژە بۆ پرۆژە هەنگاو دەنێت، ئەو بکەر و خۆکردە. کەواتە ئەمیش کەسى دەسەڵاتە! بێگومان ئەمە هەر ئەوهایە و ناشێت بە جۆرێکى دیکە بێت. سەربارى ئەمە بکەرى خۆکرد لە خوازیارانى کورسى جیا دەبێتەوە. لەبەر ئەوەى کردنەکەى هاوکات خۆکردنە، ئەوا هەندێک جار بە جەستەى شەکەت دەبێت، ئەو کورسییەش کە ئەو لەسەری دادەنیشێت، بە تەواوی ئەو لە خۆ دەگرێت. ئاخر ئەو تەنیا لەسەر کورسییەک "دادەنیشێت" کە ئەو "لە خۆ بگرێت". ئەو خۆی خۆشدەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە