ژن و خۆشەویستی، "کام شەوت گەش و رووناکە، ئەو شەوی پف لە چراکەم"

Thursday, 03/09/2015, 13:02

5374 بینراوە


ئەگەر پرسیار بکرێت بڵێن، لە کام شیعری پەشێودا خۆت دەدۆزیتەوە؟ دەڵێم  لە شیعری  "سەربازی وون"دا خۆم و میللەتەکمی تیا دەدۆزمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بۆ شیعرێکی تری پەشێو دەبەم بە مەبەستی  ئەوەی هەندێک راو بۆچونی تایبەتی خۆمی لە سەردا بخەمە بەرچاوان، ئەویش هۆنراوەی "لە دەستم دێت"ە. هۆکاری ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ بوونی سەرنجی جیا لەسەر ئەو هۆنراوەیەدا، هەندێک جار دەخرێتە نێو چوارچێوەیەکی تەسک، دەگوترێت کە ئەو هۆنراوەیە دژی ژنە، یاخود دژی رەگەزی مێینەییە، مەبەست لەو شیعرە بوونی جیاوازی تێروانینە لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا بۆ ژن.
بەهرە، بە شێوەیەکی سروشتیی لەگەڵ مرۆڤدا لە دایک دەبێت، بەڵام گەشەپێدانی پەیوەستە بەوەی، کە مرۆڤی بەهرەدار چەند هەل و بواری بۆ دەرەخسێت، بۆ گەشەپێدانی ئەو بەهرەیە و دەوڵەمەند کردنی، ئینجا ئەو بەهرەیە چۆن بەکاردەهێنێت لە ژیانیدا، ئایا دەیکا بە ئامرازیک بۆ دەستکەوتی تایبەتی، وەکو دەستکەوتی ماددی ، یان دەستکەوتی تر کە پەیوەندە بە غەرائیزە مرۆیەکانی وەکو هەڵخەڵەتانددنی ژنان.
لە هیچ دانیشگایەکی دنیادا، وانەیەک تەرخان نەکراوە بە ناوی وتنەوەی بەهرە، یان فێرکردنی بەهرە ، هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە بەهرە دیارییەکە سروشت بە هەندێک تاکی خۆش بەختی دەبەخشێت، بەڵام وانەی زۆر هەنە کە تەرخانکراوەن بۆ جۆری گەشە پیدانی، مێژووی ئەو کەسانەی کە توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو بەهرەیەدا بوون بە خاوەنی قوتابخانەی رێچڵەکی تایبەت بە خۆیان، نمونە شاعیر و ئەکتەری ئینگلیزی بەناوبانگ شەکسپیر.
 شیعر بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە هەستی شاعیرو مێژووی ژیانی تایبەتی، کە ئەو مێژووە پڕیەتی لە سەرکەوتن، دابەزین، هەست، هەڵوێست، را، بیرەوەری و بۆچوونی تایبەتی خۆی بەرامبەر هەموو روداوەکانی کە لەماوەی تەمەنیدا پیایدا ڕەت دەبێت. ئەمە هۆکارێکی ئێجگار گرنگە کە لێکدانەوەی شعرەکانی هەر شاعیرێک ناتگەینێت بە رێگەیەکی بەستراوی کۆنکریت، بگەیە ئەو بڕواییەی کە توانییوتە لە مەبەستی ئەو شاعیرە بگەیت ئەوە مەحاڵە. مەبەست و مانای شیعر تەنیا لە دڵی شاعیردا دەبێت. ئەوەی کەسی دوەم دەیکات تەنیا دەچێتە قاڵبی تەفسیرەوە، کە رەنگە وا بێت وە رەنگە واش نەبێت. 
شعیر پەیوەندییەکی ئێجگار پتەوەی هەییە بە هەستی شاعیر لە دونیایی تایبەتی خۆیدا، ئەو شیعرانەی کە هەستی راستەقینەی تیادا بەدی نەکرێت شیعرەکە وەکو لاشەیەکی بێ گیان دەبێت، بۆ نمونە زۆربەی هەرە زۆری شاعیرەکانی دنیا کە تەمەنیان چۆتە سەرەوە، ئینجا توانیویانە باس لە ئازارەکانی مرۆڤ بکەن بەرامبەر بە خەزانی تەمەن و نزیک بوونەوە لە مردن. کاتێک کە ئەو شاعیرانە لە بەهاری تەمەندا بوونە، نەیانتوانیوە هەستی تەمنی خەزان لە خۆیاندا دروست بکەن و دەریببرن، تەنیا ئەو کاتە توانیویانە بە تەواوەتی لە خەزانی تەمەن بگەن، کە بە شێوییەکی سروشتیی ئەو هەستە لە ناخیاندا لە دایک بووە، بەهۆی هەڵکشانی تەمەن، پیربوون و نزیک بوونەتەوە لە مردن.
خاڵی بەهێزی شیعر لەوەداییە کە شاعیر راستگۆبێت لەگەڵ هەستەکانی، پەنجە بۆ راستییەکان درێژ بکات، تاڵی، سوێری و شیرینی ژیان بەدەربخات، دەبێت ئاوێنەیەک بێت رەنگدانەوەی واقیع، ئازارەکان، غەمەکان، خۆشییەکان، کەلتورە پێشکەوتوەکان و دواکەوتوەکان بێت، کە دەبنە هۆی نەهامەتی بۆ ژیانی تاکەکان، بەربەست دروست دەکەن لە دەربڕینی ڕاستی هەستەکانیان و بە پراکتیز کردنیان بۆ ژیانی تایبەت. نوسەردەبێت تواناو هێزی ئەوەی هەبێت کە زامەکانی خۆی پێناسە بکات، بە شێوەیەک کە کۆسپ و تەگەرەکانی هاتۆتە رێگا، بوون بەرێگر لە ئازاد کردنی بۆ دەڕبڕینی جۆری هەستەکانی بە کاملی سەربەستی، کە پەیوەستە بە هەست و دەروون لە هەڵبژاردن بۆ پەیوەندیە مرۆییەکاندا، ئەمە لە شیعرەکەی "لەدەستم دێت" بە روونی دیارە. چۆن؟
 لەو شیعرەدا هەستی مرۆیی جیاجیا بەدی دەکرێت لە وەسف کردنی هەستی خۆشەویستی پیاوێک  بۆ ئەو ژنەی کە خۆشی دەوێت. لەو شیعرەدا هەموو جۆرەکانی هەستەکانی کە لە مرۆڤدا هەیە ریزبەند کراوە، هەریەکەو بەگوێرەی حاڵەتە مرۆیەکەی کە شاعیرەکە خۆی تێیی کەوتووەو پیایدا رەت بووە، وەکو خۆشەویستی راستەقینە، ساتە خۆشەکانی بەیەک گەیشتن، تورەیی و سارد بوونەوە، بێ هیوایی، تەنیایی، رق، هەڕەشە، ترس، پەشیمان بوونەوە، پەیمان نەبردنە سەر، دڵ شکانددن، لەدەست چوون، گلەی و گازاندە، تٶڵە، دابڕان و تلانەوە بەدەست هەستێکەوە کە لەجەستەی لایەنەکیان هێشتا لە بەهاری تەمەنیەتی و نەمردوە خواستی بەردەوام بوونی تیاییدا ماوە.
لەو شیعرەدا، پەیوەندییەکی پاک پێشاندەدات، کە بە دزیوە پەیرەو کراوە لە نێوان دوو مرۆڤدا. جگە لە بەبیر هێنانەوەی مێژووی ئەو پەیوەندییە، گرتنی شایەد لە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی خۆشەویستی، لە هەمان کاتدا شاعیر توانیویەتی سەرکەوتو بێت لە دەرخستنی دابو نەریتە کۆمەڵایەتیە دواکەوتوەکاندا، کە رێگر بووە  لە پراکتیزکردنی ئەو هەستە بە ئازادی،  شکانددنی تامەزۆریی ویستە مرۆیەکان لە نێوانیاندا، کە ئەمە لوتکەی دواکەوتنی کۆمەڵگا پێشاندەدا، کارەساتێکی ئێجگار مەزنە لە نێو کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ کوشتن لە هەموو سەردەمێکدا بە ئاشکرا بووە، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆشەویستی قەدەغەیەو تاوانە، دەبێت بەدزیوە بێت،  ئەمە بە رونی دیارە کە شاعیر دەڵێت: 
گەواهی دەدەن لەسەرت
دارتێلەکانی سەر شەقام،
گەواهی دەدەن ئەوانەی 
نامەی تۆیان بۆ دەهێنام،

جوانترین شت لەو شیعرەدا ئەوەیە، کە شاعیر بە هۆی بەرز راگرتنی ئەو پەیوەندییە و گڕی جیابونەوە و بۆ دڵنەوایی، پەنا دەبات بۆ دیارەییە سادەکانی کە لە نێوانیاندا گۆڕدراوەتەوە، لە کاتێکدا کە ئەو پەیوەندییە لە قۆناغی زێرینیدا بووە، سەرەڕای ئەوەش ئاستی ئابوری ئەو دوو خۆشەویستە پێشاندەدات، وێنەیەکە هەر کچ و کورێکی کورد کە لەو تەمەنەدا بووبێت و خۆی بەستبێتەوە بە پەیوەندیی خۆشەویستی، بە شێوەیەکی گشتی هەمان دۆخی ئابووریی هەبووە کە دەڵێت؛
دیارییە سادەکانت یەک یەک ماون،
چاویان شۆرە،
دەست لەسەرسنگ بۆم وەستاون.
ئەو وڵات و نەتەوانەیی کە پێناسە دەکرێن بە دونیایی سێیەم، تاک لەگەڵ ئەوەی دەناڵێنی لە ژێر سیستەمیی سیاسیی سەپێندراو، باری ئابووریی نالەبار، ئاستی خوێندەواریی و تێگەیشتنی نەگونجاودا، لەهەمانکاتد گیرۆدەی دەستی کۆمەڵیک داب و نەرییەتی کۆمەڵاییەتی دواکەوتوە، کە هۆکارێکی ئێجگار گرنگن لە لێسەندنەوەی ئازادییەکانی کە پەیوەندە بە ئازاد بوونی خودی تاک. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا ژن و پیاو ئازادی خۆیان لەدەستداوە، ناتوانن  بڕیار بەدەستی چارەنوسی خۆیان بن، داب و نەرییەتە کۆمەڵاییەتەکان تەحەکوم بە ئیرادە، هەستە تایبەتیەکانیاندا دەکەن.
بۆچوونی وا هەییە، کە لە کۆمەڵگای کوردەواری پیاو سالاریدا، پیاو هەموو هەڵبژاردەیەکی لەبەردەستدا بێت بۆ دەربڕینی هەستی یان گەیشتن بەو ژنەی کە دەیەوێت. ئەم بۆچوونە راست نییە، چونەک لە بەرامبەردا پیاوی تر هەنە وەکو، باوک، برا، مام، خاڵ و مێرد هەر نێرینەیەکی تری خێزانی ئافرەتەکە، کە مەسەلەکە بە شەرفی خۆی دەزانێت، خۆی تیادا هەڵدەقوڵتێنێت، بەرگریەکی بەهێز دەکات و رێگر دەبێت لەو مەسەلەیە، لە ئەنجامدا هەر دوو لایەن چ ژنەکە وە چ پیاوەکە رووبەرووی هەمان ئەنجام دەبنەوە کە دوورکەوتنەوەیە، ئەو حاڵەتەش بریندارکردنی هەستەکانیانە ئەگەر بەیەک ئەندازەش نەبێت بەڵام بۆ هەردووکیان بوونی دەبێت، کە بە ناچاری و بەبێ دەنگی لە ژیانیاندا بەرێوەی دەبەن. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا جیاوازییەکە لەوەدا دەبێت، کە ژنەکە زیاتر دوچاری توانجی کۆمەڵگا دەبێتەوە بە هۆی ئەو مەسەلەیەوە بە بەراورد کردن لەگەڵ پیاوەکەدا.
زۆرن ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگایی ئێمەدا باجی زۆر مەزنیان داوە لە ئەنجامی بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ پیاوێکدا کە خۆشیان ویستوە، پیاوەکە ئەو پەیوەندییەی وەکو چەکێک بەکارهێناوە دژی ژنەکە کە لە کۆتاییدا زانیوییەتی ئەو ژنە لەبەر هەر هۆیەک بێت بۆ ئەو نابێت.  ئەو ڕاستییە کە بوونی هەییە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا لە شیعری " لەدەستم دێت" بە روونی دیارە.  کە ئەمە جگە لەوەی کە تەنیا شیعرێک بێت، بەڵکو دەربڕینی واقیعێکی تاڵی کۆمەڵگای کوردەوارییە، کە لە ژێر کۆنترۆلی نە ژنەکە نە پیاوەکەدا بووە.
لەدەرئەنجامدا، ئەو شیعرە بۆ ژنێک نوسراوە نەوەکو بۆ میللەتێک، بەڵام شاعیر رەزیلی نەکردوە لە بەشداری پێکردنی میللەتی کورد، لەو ئەزمونە تاڵ و پڕ ئازارەی کە لە ژیانیدا پیایدا ڕەت بووە. ئەو شیعرە تابلۆییەکی رەنگاو رەنگە، پڕییەتی لەو هەستانەی کە لە هەموو مرۆڤێکدا بوونی هەییە.  ئەو شیعرە هیچ توانجێکی تیادا بەدی ناکرێت بۆ لێدانی رەگەزی مێینە، یان کۆسپێک بێت لە بەردەم  بزونتەوەی فیمینیزم. ئەو شیعرە تەنیا دەربڕینی ئازاری پیاوێکە بۆ ژنێک کە چۆن گڕی گرتووە.  لە کۆتایشدا هۆنراوەکەی بە هەستێکی جوان دەردەبرێت کە هێشتا لای ماوە بەرامبەر بە ژنەکە و دەڵێت؛
خۆشەویستیت – نەهەنگێکە،
خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە...
خۆشەویستیت – رووباریکە،
قینی ڕەشم دەشواتەوە!

تێبینی:
ژنێکی خۆش بەختە، کە ئەو شیعرە گرنگەی بۆ نوسراوەو و چیرۆکی خۆشەویستییەکەی چۆتە نێو پەڕەکانی مێژووەوە..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە