چوار خاڵەکەی باڵەکەی هیرۆ و شاناز!

Thursday, 13/08/2015, 1:42

10278 بینراوە


پرۆژەی بەرهەم ساڵح،"درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکاییەتی هەرێم وەکو مەرحەلەی ئینتیقاڵی"، ئەو پرۆژەییە لەو رۆژەدا لە دایک بوو، کە ئەمریکا بڕیاریدا بێتە دەنگ لەسەر پرسی سەرۆکاییەتی هەرێم. مەکتەبی سیاسیی پارتەکەی هێرۆ و شاناز، دوای کۆبونەوەیەک لە شاری کەرکوکدا، رەزامەندیی خۆیان دەربڕی بۆ پرۆژەکەی بەرهەم، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا پروپاگەندەیی ئەوەیان بڵاوکردەوە ،کە گوایە ئەوە تەنیا پرۆژەی بەرهەمە، دەنگی نارەزایی هەییە لە نێو ئەنجومەنی ئەو پارتەدا، دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکاییەتی هەرێم. بەو مەبەستە ئەنجومەنی سەرکرداییەتی پارتەکەی هێرۆ لە ١٢/٨/٢٠١٥دا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، هەموویان پێکەوە لەسەر چوار خاڵ رێکەوتون. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە هیچ یەک لە خاڵەکاندا نەهاتوە کە ئەوان لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکاییەتی هەرێم نین و پرۆژەکەی بەرهەم ڕەتدەکەنەوەو دژی سازانن لەسەر ئەو پرسە. 

یه‌كه‌م: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سوره‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای پێشكه‌شكراوی له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا.
لەوپرۆژە یاساییەی کە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، هیچ خاڵێکی تیادا روون نەکراوەوتەوە، کە ئەوان دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکاییەتی هەرێمن. ئەمە تەنایا چەواشەکردنی میللەتە.
دووه‌م: ده‌رگای سیاسیی یه‌كێتیی، بۆ گفتوگۆ له‌پێناوی سازانی لایه‌نه‌كان، واڵایه‌و یه‌كێتیش، به‌ ره‌چاوكردنی بۆچونی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، بیروبۆچونی سازانی ھه‌یه‌.
ئەم خاڵە هەمان خاڵی بەرهەم ساڵح و پارتییە، کە داوای سازان دەکەن.
سێیه‌م: یه‌كێتی، له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ سازانی گشتی و نیشتمانییه‌، له‌ھه‌مانكاتیشدا، له‌گه‌ڵ ھیچ لایه‌كدا، دوو لایه‌نه‌، رێكه‌وتن ئه‌نجامنادات. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌گه‌ری پێشوه‌ختی ھه‌ڵبژاردنیش، یه‌كێتی ئاماده‌یه‌.
لەم خاڵەدا روونە کە مەبەستیان رێکەوتنە لەگەڵ پارتی گٶڕان.
چواره‌م: به‌ لێبسڕاویی یه‌كێتی دژی ھه‌موو چه‌شنه‌ سیاسه‌تی دوو ئیداره‌ییه‌و له‌ژێر ھیچ په‌رده‌و پاساوێكدا، سیسته‌می په‌رله‌مانی. سازانی راسته‌قینه‌.
سیستەمی پەرلەمانی و سازانی راستەقینە دوو شتی زۆر لەیکتر جیاوازان، سازان بەمانای ئەوەیە ئەوەی ئیمرۆ هەییە لە کوردستاندا، رێکەوتن  لەسەر دابەشکردنی پشک لە پۆست و دەرامەتی وڵاتدا. 
سیستەمیی پەرلەمانی سازان نییە!
سەدەیی ١٧و سەدەیی ١٨بە گشتی لە ژیانی مێژووی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، مرۆڤایەتیدا بەتایبەتی لە مێژووی ئەوروپادا، بە سەدەیی رووناکی ناسراوە. فەیلەسوفەکان، زانایان ورۆشن فکرانی ئەوروپا لەو سەدەیەدا، بوون بە رابەریی گۆڕینی سیستەمیی کۆنی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی ئابووریی، هەروەک لە مێژودا هاتوە، لە چەرخی تاریکیەوە بۆ چەرخی روناکی، بەهۆی بەرپاکردنی شۆڕشێکی فکریی رۆشنیریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوریی..

ئەو گۆڕانە خاڵی دەستپێکردنی کۆتایی هێنان بووە بە چەوساندنەوەیی مرۆڤ لە هەمو بوارەکاندا، لاوازکرنی رۆڵی دەسەڵاتیی کەنیسەکان، دەرەبەگەکان، چاکردنیی کۆمەڵگا بە بەکارهینانی عەقڵ، فیکر، عیلم و هۆشیاری، بۆ روبەروبونەوە، بەرەنگاربونەوەیی خورافیات، بەکارهێنان و پاراستنی شتە باشەکانی کەڵچەریی رابردو و گۆڕینەوی بیروبۆچون. ئەو شۆڕشە رۆشنبیرییە، بۆ یەکەم جار لە ئەوروپا سەری هەڵدا، دوای ئەوە لە ئەمەریکا، کە ئەوکات کۆلۆنیالی بەریتانیا بوو..

ئەم وەرچەرخانە مێژوییە و بازدان لە دونیای تاریکی، بۆ دونیایی روناك لە ژیانی مرۆڤایەتییدا، بە تایبەتی لە ئەوروپادا، کتوپڕ نەبوو هەر لەخۆیەوە روی نەدا. بەڵکو لەسەردەستی ئەو فەیلەسوفانەی ئەوکاتە بوو کە رێبەریی فکریی هەڵوەشاندنەوەی بیروبۆچوونی کۆنی دواکەوتوو بوون، لەناو دڵی کۆمەڵگاکەدا لە دایک ببوون، دەرکیان بەوە کردبوە کە ئازادی، ناسنامەیی تاکەکان مانای چی دەگەیەنێت لە کۆمەڵگادا، دەبێت هێزەکان چۆن ئاراستە بکرێن، چی بکرێت بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تازەی دەستەڵات، کە هەمو تاکێک تیایدا مافەکانی پارێزراو بێت، هەوڵبدرێت بۆ هەڵتەکاندنی سیستەمی کۆن لە بنوبۆتکەوە، کە بۆ سەدان ساڵ بوو بیناغەی داکوتابوو لە وڵاتانی رۆژئاوادا. شان بەشانی ئەوەش، توانیان ئەلتارناتیڤ بۆ سیستەمیی سیاسیی دەستەڵاتی کۆن بدۆزنەوە، کە ئەویش سیستەمی دیموکراتی بوو..

 تۆماس هۆبس، فەیلەسوفی ئینگلیز، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ناسراوە بەوەی کە بیرۆکەکانی بوون بە بناغەیەک، بۆ فەلسەفەیی سیاسیی، دەمەزراندن، گەشکردنی دەستەڵاتی سیستەمی دیموکراتیەت لە کۆمەڵگادا و دنیای مۆدرن. ئەوی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە یەکێک لە کتێبەکانی کە لە ساڵی ١٦٥١ بڵاوکرایەوە بەناوی (لیڤیثان)، بیرۆکەکانی لەو پرتوکە بە بیناغەیی فەلسەفەیی سیاسیی رۆژئاوا دادەنرێت، لە تیۆری زانستیی کۆمەڵایەتیی. چۆن لوکاس فیلەسوفی ئینگلیزی، ناسراو بە داڕشتنی تیوری رەگەزیی ناسنامە و گرنگی بەردەوامیی هۆشیاریی. جان جاک رۆسۆ فەیلەسوفی فەرەنسیی سەدەی هەژدە، بیرۆکەکانی کاردانەوییان هەبوو لەسەر شۆڕشی فەرەنسادا، لەهەمانکاتدا هەرچۆن لە مێژوودا هاتوە، بیرۆکەکانی کران بە بنەماییەک بۆ گەشەکردنی فەلسەفەیی سیاسیی مۆدرن و سیستەمیی دیموکراتییەت.

لە مێژوودا هاتوە، بەکارهێنانی بنەما فیکریەکانی هەرسێک فەیلەسوف، لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان، رۆشنبیرانی ئەوروپادا، کرا بە سەرچاوەیی هەڵقوڵان، دامەزرانددنیی دەستەڵاتی سیاسی دیموکراتی، خاوەن دەستورێکی دیموکراتیی لە وڵاتانی رۆژئاوادا،  داننی پێناسەییەکی زانستییانەیی دیموکراتیانە بۆ دەستور، کە یەکەم دەستور دەبێت جێگیربێت. دوەم گونجاو بێت، توانایی گونجاندنی هەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی. سێیەم، لێپرسراو بێت بۆ رونکردنەوە و وەڵام.  چوارەم، کراوە بێت. پێنجەم تەمسیلیی میللەت بکات..

مێژووی گەلانی ئەوروپا مێژووییەکی خوێناویە، ئەو میللەتانە بەئاسانی نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی ئێستایان، هەروها دەتوانرێت بوتریت کە ئەوروپا خاوەنی لە دایکبونی بیرۆکەی دیموکراتیەت بووە، لەهەمانکاتدا خاوەنی مێژوییەکی پڕ نەهامەتیە، تاوەکو توانیویەتی ئەو بیرۆکە مۆدرنە بە پراکتیک بکات بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا و دەستەڵاتی سیاسیی مۆدرن.

 ئەو بیرۆکەییە و ئەو جۆرە سیستەمە، کە سیستەمیی دیموکراتییەتە، ئەزموونی مێژووی مرۆڤاییەتی دەریخستوە، کە سیستەمێکی سەرکەوتو بووە، لە بەڕێوەبردنی دەستەڵاتی سیاسیی، ئەمە هۆکارێکی گرنگ بووە کە هەندێک وڵات بە ئامادەکراویی و بە ئاسانی سودی لەو جۆرە سیستەمە وەرگرتوە، بۆ نمونە ئوسترالیا، دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوندیی میللەتانی ئوسترالیا، بەبێ سێ و دوو لێکردن، سودیان لە ئەزمونیی وڵاتانی ئەوروپا وەرگرت، راستەوخۆ کەوتنە بە پراکتیزکردنی ئەو بییرۆکە و سیستەمە هاوردەیە، بە بەکارهێنانی پسپۆری یاسایی، دەستوری وڵاتانی وەکو بەریتانیا، تەرخانکردنی بودجەییەک لە دەرامەتی سامانەکانی ئوسترالیا بۆ ئەو مەبەستە، لە ئەنجامدا لە ماوەیەکی زۆر کەم ئەو وڵاتە توانی لە هەمو بوارەکاندا سەرکەوتوو ببێت و بگاتە بە ئاستێک خۆی نزیک بکاتەوە لە ئاستیی ئەوروپای مۆدرن.

نوسینی دەستور و داڕشتنی لە هەرێمی کوردستاندا، بەشێوەییەکی نازانستیانە، زۆر سادە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لەسەر بناغەیی سازان لەسەر بەرژەوندییە تایبەتیەکانی چەند سەرۆکێک، لایەنێکی سیاسیی داڕێژراوە و پیادەکراوە، بێگومان لێپرسراوەیی ئەوش دەگەڕێتەوە ئەستۆی ئەوانەی کە لە ناوەندی بڕیاڕدان بوون، دەرکییان بە ئەهمیەت و ختورەتی بڕگەکانی نەکردوە، یان زانیوییانە لەبەر خاتری بەرژەوەندییە تایبەتیەکان گوێی خۆیانیان لێ خەواندوە و واژویان لەسەر رەزامەندی ئەو دەستورە گرژوکاڵە کردوە. کاتی خۆی کە هەندێک ئەندام پەرلەمان دەنگییان بە رەشنوسیی، ئەو دەستورە نەدابوو بە وتەی خۆیان کە لە میدیاکان بڵاوببوەوە لەبەر ئەوە نەبو کە هەستییان بە ختورەتی بڕگەکانی دەستور کردبوو، بەڵکو هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوە کە پەرلەمان کاتی یاسای خۆی لەدەستداوە!.

ئەو کات دەبوایە میدیاکان هەرەسانبکرێن بە دەربڕینی هەڵوێستی راستەوخۆ، دژی ئەو بڕگانەی دەستور، کە پەیوەندیی هەبوو بە رەهەندیی نیشتمانی، نەتەوەیی و ژیانەوەی دەستەڵاتی تاکڕەویی و سەپانددن، ئەمەیان خستبا سەر لاپەڕەییەکی سپی بۆ میللەت و بۆ مێژوو. بۆیەش ئەمڕۆ ئەو گرفتە روبەروی میللەت بۆتەوە، ئەگەر هەندێك کەساییەتی سیاسیی نەبێت، لەلایەن ئۆپۆزسیۆن کە ئەو خاڵانەیان وروژاندوە، ئەوە بێگومان دوبارە فێل لە میللەت دەکرێت و دەیکەن بە خاوەنی دەستورێکی گرژوکاڵی ئا لەو جۆرەی، کە ئێستا رەشنوسیی لەبەردەستی هەموانە داییە..

ئەوەی راستی بێت دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم خۆی بەرجەستە کردوە لە دوو دەستەڵاتدا، کە ئەویش هەردو پارتی دەسەڵاتدارە کە پەیوەندی ستراتیژی بەیەکەوە دەیان بەستێتەوە، گرفتەکە ئەوەیە کە لێپرسراوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەیانەوێت، بە ئارەزووی بەرژەوەندیی خۆیان بە گوێرەی خوازیی دڵیان مامەڵە لەگەڵ دەستور بکەن، وەکو جاران مەبدەئی تەوافق (سازان) بەکاربهێنن، لەبیرییان چۆتەوە یاسا و دەستوری وڵات دەبێت لە بەرژەوەندیی گشتی میللەتدا بگونجێندرێت، نەک لە بەرژەوندیی تاکێک یان لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو، مەسەلەی تەوافق یەکێ نیە لە ئەرکەکانی سیستەمی دیموکراتیی..

 میللەتی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە مێژوودا خاوەن ئەزمونێکی پرشارەزاییی نییە لە مەسەلەی یاسا، دەستورو ئیدارەیی دەوڵەت، لە مێژوودا خاوەن فەیلەسوفی خودی خۆی نییە، لەو بوارە کە خاوەنی قوتابخانەی جیاجیا بن، رەنگدانەوەیان بەجێهێشتبێت لەسەر جۆری بیرکردنەوەی تاکەکان، لەسەر ئاستی بیرکردنەوەی خەڵک، هۆشییارکردنەوە، رونکردنەوەی گرنگیەتی مافی تاک لە کۆمەڵگادا و پێناسەی ناسنامە، لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە دەبوایە هەوڵبدرێت، وەک ئوسترالیا بودجەیەک تەرخانبکرێت بۆ بەکارهێنانی بەهرەی زانا و پسپۆڕی بیانی، بۆ رێکخستنی ئەو کۆمەڵگاییە و نوسینی دەستورێکی دیموکراتی، لەسەر بنەما و بناغەیی مەبادئە ئەساسییەکانی سیستەمیی دیموکراتیی، چەسپاندنی ئەو سیستەمە لە بەڕێوەبردنی وڵات و بەرەوپێشەوەبردنی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێمدا.

تێبینی: نوسینەکانم بونەتە ماییەی نارەحەتی بۆ دەستەڵاتدارەکانی دانیشتوی کۆشک و تەلارەکانی هەولێرو سلێمانی، دزەکانی سەروەت وسامانی وڵاتەکەم. جگە لە ئاگادار کردنەوەی، خزمەکانم، دۆست و هاورێکانم، گەیشتۆتە ئاستێک مەسینەهەڵگرەکانیان ئاگادار کردۆتەوە بۆ ئەوەی جنێو بنوسن لە ژێر نووسینەکانم. لێرەوە ئەو مزگێنییەیان پێرادەگەیەنم، کە من کۆڵنادەم و وازیش ناهێنم،هەر بەردەوام دەبم لە خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەم. هەرچیتان لەدەست دێت بیکەن. من لە سەدام نەترساوم کە ئەو کات سێبەشتان جاشی بوون، یان لە ئەوروپا بوون مووچەتان هەبوو لە سەفارەی عیراقی نمونە، ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی هێرۆو شاناز، لە دزو جەردەی وەک ئێوە دەترسێم؟ هەموو میللەت بووە بە دوژمنتان! خۆفرۆشینە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە