حکومەتى وابەستە و فەوزاى سیاسى

Monday, 05/10/2015, 20:02

3022 بینراوە


بناغەى سەرەکى قەیرانى سیاسى زۆربەى حکومەتەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بریتیە لە (وابەستە بوون) ،، وابەستە بوون بەو مانایەى سیستەمى سیاسى حوکمڕانى لە هەرچ وڵاتێکدا لەم دورگەیەى کە پێى دەڵێن ڕۆژهەڵات بە جۆرێک لە جۆرەکان وەلاى سیاسى بۆ حکومەتێکى خاوەن پێگەى سیاسى و سەربازى و ئابوورى بە هێز ڕابگەیەنێت و بکەوێتە ژێر هەژموونى ئەو دەوڵەتەوە، وەکو ئەوەى جۆرێک بێت لە موستەعمەرەى ئەو دەوڵەتە خاوەن پایە سیاسیە بە هێزە ، یان بە جۆرێک مامەڵەو هەڵسوکەوتى سیاسى بکات وەکو ئەوەى بەشێک بێت لەو دەوڵەتە ، یان حکومەتێکى داگیرکراو بێت لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە ، تەنانەت حکومەتى وابەستە هیچ سەروەریەکى سیاسى سەربەخۆى نییە،هێزەکانى نێو ئەو حکومەتە هیچ گوتارێکى سیاسى هاوبەشیان نییە، هەڵبەتە ئاسایشى نەتەوایەتى و نیشتمانى خۆى لە دەست دەدات !! ئەو قەیران و فەوزا سیاسیەى ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزرێت فاکتەرى سیاسى مل کەچى و گوێڕایەڵى (وابەستە بوونە) بۆ دەوڵەتانى دەوروبەر ،،تەنانەت کوردستانى گەیاندۆتە دۆخێک هەموو جومگە بنەڕەتیەکانى گەشە کردنى وڵاتى پەک خستووەو ، کۆمەڵگاى ناچار بە پاشە کشەیەکى مەعنەوى و سیاسى و ئابوورى و مەدەنى کردووە،تا ئەو ئاستەى خەریکە ئاشتى کۆمەڵایەتى و کۆمەڵگا لە بەریەک هەڵدەوەشێتەوە و دەگەڕێَتەوە بۆ ساڵەکانى نەوەدى سەدەى ڕابردوو!! بەر پرسى سەرەکى ئەم دۆخە سیاسیە ئەو هێزە سیاسیانەیە کە جڵەوى فەرمانڕەواى ئەم وڵاتەیان بە دەستەوەیە و بە پلەى یەکەم پارتى دیمۆکراتى کوردستانە ، ئەم مەهزەلە سیاسیەى ئەمڕۆ پارتى بە فیتى تورکیاى فاشیزم خوڵقاندویەتى ئامانجى بە ڕێخستنى سیستەمێکى شمولى بنەماڵەیى سوڵتانیزمە، لە ڕێگەى نەوت فرۆشتن و بە تاڵان بردنى سەروەت و سامانى وڵات و ، دواجار وابەستە بوونی بە دەوڵەتى تورکیاى فاشیزمەوە ،بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەشمان بیر نەچێت هیچ کەس و هێزێک لە کوردستان ناتوانێت و قودرەتى ئەوەى نییە تەواوى دانیشتوانى کوردستان بۆ خۆى مسەخەر بکات و ببێتە دکتاتۆرێکى پڕ پەڕوباڵ و دەست واڵاى ستەمکار ،بۆیە هیچ نیین جگە لە (کۆلکە دگداتۆرێک) ى ڕەنگ زەردو قەزەم بەولاوە !! .. (وابەستە بوون) بەڵایەکى کوشندەیەو حکومەت بەرەو پەشێوى سیاسى و لێوارى ئاشبەتاڵ دەبات ، گەڕانەوە بۆ مێژووى سەرهەڵدانى چەمکى سیاسى (وابەستە بوون) دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە بەردى بناغەى قوتابخانەى (وابەستەیى) لە سەر دەستى تیپێک لە زانایانى ئیکۆنۆمیست و سۆسۆلۆژیاى ئەمریکاى لاتین دەستى پێکرد ، بە تایبەتى نوسینەکانى ئابوورى ناسى ئەرجەنتینى (ڕائوڵ بریبیش) . کە بۆ یەکەم جار زاراوەى سیاسى ( کۆمەڵەى کنار و ، کۆمەڵەى سەنتەر)ى بە کار هێنا بۆ ئەو دەوڵەتانەى کەوا لە نێوانیان دا ئاڵوگۆڕى ئابوورى و بازرگانى و پەیوەندى سیاسى ڕو دەدات . ولاتانى بەرهەم هێنەرو هەناردەى کانزاى سروشتى بۆ وڵاتانى دەرەوە و ، هەروەها وڵاتانى پێشکەوتووى پیشەسازى کە لە لایەک فرۆشیارى کاڵاى بەرهەم هێنراوى پیشەسازی و تکنۆلۆژیاى نوێن و ، لە لایەکى دیکەشەوە کڕیارى سەرەکى کانزاى سروشتین وەکو نەوت و غاز و مادە یەکەمینەەکانى پیشەسازى .. ئەو پێیوابووە بۆ ماوەیەکى دورو درێژ یاسایەک هەمیشە حوکم دەکات و باڵا دەستە بۆ لە ناو بردن و کەم کردنەوەى سیعرى کاڵاى هەناردە کراوى کۆمەڵەى یەکەم کە ناسراوە بە (کنار) ،، بە براورد بە بەهاى کاڵا هاوردەکان کە بریتیە لە کاڵاو بەرهەمى پیشەسازى کۆمەڵەى دووەم کە ناسراوە بە (سەنتەر) .. ئێستا ئەو یاسایە کارى خۆى کردووە ئەویش بریتیە لە دابەزینى سیعرى نەوت بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لە بازاڕەکانى کۆمەڵەى دووەم کە (سەنتەرە) ، کەواتە چەندە سەنتەر گەشە بکات،هاوتاى ئەوەش جەهالەت و پەشێوى لە کنار ڕو دەدات .. (حکومەتى وابەستە) جۆرێکى ئاڵۆزە لە حوکمڕانى و دەوڵەتدارى کە بریتیە لە (حکومەتى ناو خۆ) .. ئەم چەشنە حکومەتانە تەنها لە سیاسەتى دەرەوەدا وابەستە نیین ، بەڵکو لە بوارە جیا جیاکانى سیاسى و ئابوورى و پەیوەندى و بازرگانى و ڕاگەیاندن و تەنانەت ڕۆشنبیریش مل کەچ و وابەستەیە بۆ دەوڵەتێک یان چەندین دەوڵەت لە دەوڵەتە دەرەکیەکان . ڕەنگە لێرە دا پرسیارێک خۆى دەر ببڕێت کە ئایا وابەستە بوون جۆرێکە لە خەیانەت ؟ یان جۆرێکە لە پەیوەندى سیاسى و ئاڵوگۆڕى بەرژەوەندى سیاسى و ئابوورى هاوبەش لە نێوان دەوڵەتى خاوەن پێگەى بەهێزو حکومەتى وابەستە ؟ پێدەچێت ئۆپۆزسیۆن ئەم هەل و دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ لاواز کردنى پایەى کۆمەڵایەتى و سیاسى ڕکەبەرەکانى لە نێو دەسەڵات ،، هەندێک جار ئۆپۆزسیۆنى سیاسى و ئەحزابى ئۆپۆزسیۆنى نێو هەمان حوکمڕانى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ، (حکومەتى وابەستە) یان وابەستە بوونى سیاسى یەکسان و تۆمەتبار دەکات بە خەیانەت و نۆکەرایەتى و حەڵقە لە کوێى بۆ دەوڵەتانى دەرەوە لە پێناوى مانەوەى نوخبەى خاوەن دەسەڵات !! بەڵام لە واقیعدا بەو چەشنە نییە کە لە خەیاڵى ئۆپۆزسیۆن دایە ، بۆیە ئەگەر وا بێت ئەم دەستە واژەی سیاسیە کە ناو بانگى زۆر قێزەوەنە دیسان یەخەى خۆیشیان دەگرێت !! چونکە ئۆپۆزیسیۆنیش بەشێکى کاراو دانەبڕاوى ئەو وابەستە بونە سیاسیەیە لە دونیاى ئێمەدا ،حزبێک نادۆزینەوە لەم دەڤەرەدا کە سەربەخۆیى سیاسى هەبێت و ئازادانەو سەربەخۆ کاروبارى ڕێخراوەیى و سیاسى خۆى بەڕێوەبەرێت ، یان هێزو خۆراکى دارایى خۆى لە هوادارانیەوە بە دەست هانبێت و پێویستى بە هاوکارى دارایى ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەت نەبێت بۆ ئەنجامدانى بزاوتن و چالاکى سیاسى و ڕێخراوەییان ،، دواجار کوردستانیش وەکو نمونەى زیندو وەرگرین ئەوە جوانتر تێزەکەمان بۆ ڕون و ئاشکرا دەبێت ، ئەگەر بە ووردى قوڵ ببینەوە بۆ پشکنین و ئاشنا بوون بە ڕیشەى پەیوەندیەکانى ڕەوت و باڵە جیا جیاکانى ئۆپۆزسیۆنى کوردستان بە تێکڕاى ئایدۆلۆژیا جێوازیەکانیانەوە بە جۆریەک لە جۆرەکان هەژمون وپرۆژەو پلانى سیاسى ئەم دەوڵەت یان ئەو دەوڵەتى ناوچەکە پیادە دەکەن لە پێناوى بە دەست هێنانى کۆمەک و پشتیوانى سیاسى و سەربازى و دارایى ئەو دەوڵەتانە، بۆ پاراستنى هاوسەنگى سیاسى و مانەوەى هێزى بوونیان لە بەرامبەر ڕکەبەرە سیاسیەکانیان . کەواتە ناتەباو ناشایستەیە دەستەواژەیەکى سیاسى ڕەهاى وەکو خەیانەت ببەخشینە (وابەستەبون) ،، لە ڕاستیدا ناکرێت (وابەستە بوون) لە فەرهەنگى سیاسیدا بە تۆمەتبارکردن بژمێرێت ، بەڵکو گوزارشتە لە دۆخێکى بابەتى کە لە سێبەریدا زۆربەى زۆرى حکومەتەکانى (جیهانى سێیەم) تێیدا دەژین ، وە لە پشت ئەم گوزارشتەوە تیۆری شرۆڤە کردنى ئەو دۆخانەیە کە ناسراوە بە جەهالەت و دواکەوتن لەو حکومەتانەدا . چونکە جەهالەت و گەمژەیى سیاسى بەڵایەکى کوشندەیە بۆ هونەرى بەڕێوەبردن و حوکمڕانى لە دونیاى سیاسى سەردەم دا . دۆخێکى مێژوویە بۆ چەق بەستنى سیاسى و دواکەوتنى کۆمەڵایەتى و گەشە کردن . کەواتە (وابەستە بوون) دۆخێکى بابەتی مێژوو کردە ، یان فینۆمینۆیەکى سیاسیە لە ئەنجامى لە دەست دانى سەربەخۆیى سیاسى تێتە بوون بە هۆى لاوازى ئابوورى وڵات ، یان بە هۆى فشارى سەربازى دەرەکى ، یان بە هۆى هەڵکەوتەى ناقوڵاو داخراوى سروشتى جێوپۆلێتیکى سنورى ئەو حکومەتە بۆ کۆنداکت کردن بە دونیاى دەرەوە ، حکومەت ناچار بە وابەستە بوون دەبێت بە دەوڵەتێکى دەرەوە ، بۆ ئەوەى بتوانێت دەروازەیەک پەیدا بکات بۆ ڕایى کردنى کردارى بزنز و هەناردە کردنى سامانى سروشتى و هاوردە کردنى بەرهەمە پیشەسازیەکان و کاڵاو کەرەستەى تکنۆلۆژیاى نوێ .. کەواتە (وابەستە بوون) بریتیە لە کۆمەڵێک پەیوەندى ئابوورى و ڕۆشنبیرى و سیاسى و سەربازى ، بە جۆرێک لە جۆرەکان گوزارشت کردنە لە دابەش کردنى کار لە ئاستى نێو دەوڵەتیدا، کە تێیدا سامانى کۆمەڵگایەکى دیاریکراوى (وابەستە و پاشکۆ) بە کار دەبرێت و دەخرێتە گەڕ بۆ خزمەت و بەرژەوەندى کۆمەڵگایەکى دیکە کە ناسراوە بە (کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان یان دەرکەوتوەکان) کە نوێنەرایەتى ناوەند دەکات یان (دڵى کاپیتالیزمە) . ڕەنگە ئەم شرۆڤە کردنەمان ڕێک بۆ دۆخى سیاسى و ئابوورى و بازرگانى و فەرهەنگى ئێستاى وابەستە بوونى (حکومەتى هەرێمى کوردستان) بۆ تورکیاى فاشیزم و میلیتاریزم دەست بدات کە پارتى دیمۆکراتى کوردستان نوێنەرایەتى ئەم بەندوبەستە دەکات ، ئەم حزبە بنەماڵەیە بە خەونی حوکمێکى ئەبەدى تۆتالیتاریانەى فاشیزمى ڕۆژهەڵاتیەوە و ، بە عەقڵەتێکى سیاسى (ئۆرۆستۆکراتى ، فیوداڵیەوە) کە خەون بە دەسەڵاتێکى سوڵتانیزمەوە دەبینێت لە ڕێگەى نەوت فرۆشتنەوە ، سامان و نەوتى کوردستانى وەکو پارویەکى چەورو سینیەکى زێڕین خستۆتە بەردەستى دەوڵەتى تورکیاى فاشیزم و کاپیتالیزم . ئەمە لە دۆخێکدا هاونیشتمانیانى کوردستان سەربارى دەوڵەمەندى و بە پیتى خاکەکەى کە پڕە لە سامان و کانزاى سروشتى کە چى لێى بێ بەشە ، ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت ڕەنگە جگە لە بەرپرسە حیزبیەکان هاونیشتمانیانى ئەم وڵاتە دوچارى نەهامەتى و قات وقڕى ببن ، وەکو ئێستە سەرەتاکەى دەرکەوتووە ، هەر ئەو دۆخە سیاسیە نالەبارەیە کە ژینگەیەکى نا سازگارو نا متمانەیى لاى هاونیشتمانیان خوڵقاندووە کە تێیدا بێکارى و، بێ مووچەیى و ، بێ خزمەت گوزارى و ،بێ پرۆژەیى مرۆڤەکانى ئەم وڵاتەى ناچار کردووە (کۆمەڵ ،کۆمەڵ ڕەو بکەن) بەرەو ئۆرپا و نیشتمانەکەى خۆیان چۆڵ بکەن . دۆخى وابەستە بوون دەبێتە هۆى لە ناو بردنى ئیرادەى نیشتمانى حکومەت و کۆمەڵگا ،، (وابەستە بوون) بریتیە لە دەست دانى کۆنترۆڵ و بزر کردنى مەرجەکانى خۆ بونیاد نان و خۆ نوێ کردنەوە و سەربەخۆى سیاسى تا ئاستى هەرەس هێنان . ئەگەر تۆزێک لە ژمارەو قەبارەى قەرزەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕابمێنین کە باس لە (20) ملیارد دۆلار دەکرێت !! ، جگە لە هەرەس هێنانى ئابوورى مەترسى زەنگى هەرەس هێنانى سیاسى سیستەممان دێتە بەرچاو ،، بە کورتیەکەى (حکومەتى وابەستە) دەبێتە کەرەستەیەکى لە بارو گونجاو بۆ جێبەجێ کردنى پلان و نەخشە سیاسى و بەرژەوندیە ئابووریەکانى (دڵى کاپیتالیزم) ، ئۆرۆستۆکراتیە سیاسیە نەوت فرۆشەکانى کوردستان بە خۆیان بزانن یان نەزانن ئێستا لە کوردستان ئەو میتۆدە سیاسیە پیادە دەکەن بۆ قازانجى تورکیاى (ناسیۆنال ، فاشیزم) . دەیانەوێت لە ڕێگەى ئەو وابەستە بوونەوە بۆ فاشیزمى تورکیاو بەخشینى سامان و نەوتى کوردستان بۆ (ئاکەپە) دەسەڵاتێکى بنەماڵەیى تۆتالیتاریزم دامەزرێنن و ، ئەو خەونە دیمۆکراسیەى کە کۆمەڵگاى کوردستان چەندین ساڵ خەباتیان بۆ کردوەو خوێنیان بۆ ڕشتووە لە بار بەرن ،، ڕەنگە تەقاندنەوەى ئەو بوریە نەوتەى کەنەوتى حکومەتى کوردستانى باشور دەگوێزێتەوە بۆ بەندەرى جیهان لە لایەن هێزەکانى p،k،k بە ئاماژەو دەسیسەى میتى تورکیا بوبێت ، دەکرێت میتى تورکیا شانەى نهێنى هەواڵگرى لە نێو گریلاکانى پەکەکە دروست کرد بێت بۆ ئەنجامدانى کارێکى لەو چەشنە ،پێدەچێت هەر ئەوەش بێت کە سەرکردایەتى پەکەکە لە بەیاننامەکەیاندا گوتیان ئەو هێزەى ئەوان کە ئەو کارەى ئەنجام داوە بە سەربەخۆیى و بێ پرس و ڕاى ئێمە ئەو کارەیان کردوەو نەیشیانزانیوە ئەو بوریە نەوتە نەوتى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەگوێزێتەوە بۆ بەندەرى جیهان ،پاشان سەرانى پارتى ڕایان گەیاند تێچوون و خەمڵاندنى کوژاندنەوەى ئاگرەکەو چاک کردنەوەى بوری نەوتەکە پتر لە (500) ملیۆن دۆلارى تێ چووە !! جگە لە زیانى ئەو چەند ڕۆژەى کە هەناردەى نەوت ڕاگیراوە ، لە ڕاستیدا پارەیەکى یەکجار زۆرەو بە عەقڵدا ناچێت بۆ چاک کردنەوەو کوژاندنەوەى ئەو ئاگرە هێندەى پێویست بوبێت !!!! تورکیاى فاشیزم هەر بەو پڕە پارە نەوتەى کوردستانى باشور کە قوتى هاونیشتمانیانى کوردستانە بە تاڵان دەیبات و خەرجى تێ چوونى ئەو شەڕە تایبەتیەى کە دژ بە گەلى کوردستانى باکور هەڵیگیرساندوە بە دەست دێنێت . هەروەها پارەى تێ چوونى ئەو بۆمب و ڕوکێتانەى کە دەیهاوێژێت بۆ وێران کردنى لادێکانى بنارى قەندیل و قەتڵ و عام کردنى خەڵکى سڤیل و منداڵانى باشور و شەڕى گریلاکانى کوردستان مسۆگەر دەکات .. کۆى وێناى ڕوداوەکە لەسیناریۆیەکى ڕەش دەچێت کەبە دەستى ئەنقەس دروست کرا بێت بۆ تاڵانکارى ، ڕەنگە ئەم چەشنە سیناریۆیە چەندین بارە ببێتەوە بۆ ڕەوایدان بە تاڵانکارى سامانى کوردستان بە دەستى پارتى دیمۆکرات !! ..لێرەدا دەتوانین بڵێین (وابەستە بوون ) جەوهەرو ناوەڕۆکى دواکەوتن و جەهالەتى سیاسیە لە دونیاى حوکمڕانى و دەوڵەتداریدا ، چونکە گەشە کردن (پارادۆکسى دواکەوتنە) ، وابەستە بوون بە پێى توانا ئەمەندەى کار لە سەر شێواندن و داغان کردنى ڕۆشنبیرى نیشتمانى و کولتور و ژیار دەکات ، هەولى سڕینەوەى ڕۆشنبیرى نیشتمانى نادات ، چونکە ئەم چەشنە بڕیارو هەنگاوە ڕۆڵێکى گرنگ و کارێگەر دەگێڕێت لە تێکشکاندن و لەرزۆکى متمانەى ناوەوەى دەرونى تاکەکان ، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرامبەر دەوڵەتە (پێشکەوتوەکان ) هەست بە قەرزارى دەکات . دواجاریش لە نەبون و بڕینى هاوکارى ئابوورى و تکنۆلۆژى ئەو دەوڵەتانە سەر دەکێشێت بۆ فاکتى لە دەست دانى هیواى ڕێنسانس ، ئەمەش فاکتەرێکى بە هێزى بەردەوامیپێدانى (وابەستە بوونى سیاسیە) بۆ دڵى کاپیتالیزم ، کە لە کۆتایى شیکردنەوەکەماندا ،، کرداری پۆزەتیڤ بریتیە لە ئازاد کردنى کایەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و بازرگانى و ڕۆشنبیری حکومەتى وابەستە، لە پێناوى بە دەست هێنانەوەى مەرجەکانى نوێ بوونەوە لە لایەن خودى کۆمەڵگاوە . هەروەها لە پێناو ڕەخساندنى دەرفەت بۆ ئیرادەى نیشتمانى تا مومارەسەى چالاکیەکانى بکات بۆ بەر جەستە کردن و بە دەست هێنانى گەشە کردن و بەرەو پێشەوە چوون . ئایا چۆن دەکرێت حکومەت خۆى ڕاپسکێنێت بۆ دەرباز بوون لە وابەستە بوون و بتوانێت ببێتە خاوەن ئیرادەى سەربەخۆی سیاسى ؟!. دەرچوون لە وابەستەیی ماناى گۆشەگیرى و تەریک بوونەوە نییە لە دونیا و بە دەست هێنانى ئیکتفاى خۆیەتى ، هەڵبەتە بریتیە لە ئازاد کردنى ئیرادەى نیشتمانى لە کۆت و بەند و زەنجیر ، هەروەها بە پێى توانا بەر بڵاو کردنى پانتاى بزاوتنە لە ئاستێکى فرەواندا لە بەرامبەر دەوڵەتان بە مەبەستى گەیشتنە دۆخێک کە تێیدا بتوانرێت دڵنیایى و متمانەى هاوبەش بهێنرێتە دى ، ئەو متمانیەش لە سەر بناغەى (بەس بوون و هاوکارى بەرهەمدارو سودى هاوبەش ) بەرجەستە دەبێت ، کەواتە کردنەوەى گرێى وابەستە بوون مانای خلیسکانى تەواو نییە لە دۆخى ئاڵوگۆڕى نێو دەوڵەتى ، بەڵکو ماناى خۆ ڕێکخستن و چاک کردنى دۆخى خودى حکومەتە کە دەبێتە هۆى دابەش کردنى کار لە سەر ئاستى نێو دەوڵەتى ، نەک تەنها لە سەر ئاستى (سیستەمى کاپیتالیزمى جیهانى) . هەڵبەتە ئەڵتەرناتیفى دروست بۆ وابەستە بوون و کردنەوەى کۆتەکان ، گوزارشت کردنە لە گەشەپێدان و پشت بە خۆ بەستن لە دونیاى سەردەم دا .. نەک سیاسەت کردنى وابەستە بوون بەو جۆرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا و ئێران دەیکات ،کوتومت لە کردارى دوو ئەمارەت دەچێت کە جۆرێکە لە ڕەفتارى زیشت و عەمالەت کردن بۆ ئەو دەوڵەتانەو دواجاریش بە خۆکوژى و هەرەسى دراماتیکى کۆتایى پێدێت .. دەبێت خەڵکى کوردستان بە ئاگا بێت و ئەو ڕاستیە بزانێت و چیتر ئەم ژینگە سیاسیە قبوڵ نەکات لەم حزبە خێڵەکی یە کە کوردستان بەرەو ئاشبەتاڵى دەبات ....

سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە : ـ 
سلسلة كتاب (قضاية فكرية من اجل تاْصيل العقلانية والديمؤقراطية والابداع) الكتاب الثانى 1986 دار الثقافة الجديدة ـ القاهرة ـ جمهورية المصرالعربية 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە