شەرمی سیاسی!

Wednesday, 14/10/2015, 22:13

3309 بینراوە


جار ناجار مرۆڤ لە خۆی شەرم دەکا. لەدەورووبەری خۆی شەرم دەکا. بۆ مرۆڤەکان سەدان جۆرە شەرم بە پێی کاردانەوەی ئەوروداوانەی کە لە ژیانیدا دێتە پێشێ. شەرم بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ خایەن ئەو مرۆڤە دادەگرێ. ئەوە باسێکی قوڵی دەرونناسیە وحەوجێی بە پسپۆڕوشارەزای خۆی هەیە. ئەگەرتاکی کورد راشکاوانە ورووڕاست باسی کۆمەڵگای خۆمان بکا، دەتوانین بڵێن؛ کۆمەڵگای کوردەواری بە هەموو چین وتوێژەکانیەوە کۆمەڵگایەکی شەرمێونە! لە کۆمەڵگای شەرمێونیشداحیزگەلێک دروست دەبن کە بە کەیفی خۆیان دەبنە دیکتاتۆڕ لەسەر تاکی کوردوگوێ لە مست بۆ بیانی. ئەوەش تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی حیزبیە لە ریزی یەکەمدا نە بۆ بەرژەوەندی باڵای  نەتەوەیی. ئەوەی کە ئێستێ کۆمەڵگای کوردمان لە باشوور تووشێ بووە شەرمی مێژوویی وشەرمی ناسوینالیزمێکی کوێرانەیە لە ئاست ئەو دەسەڵاتەی کە قەرارە وڵات بە رێوە بەرێ.
پرسیار ئەوەیە کێ ئەو هەلو مەرجەی خوڵقاندوە؟ کۆمەڵگا تاوانبارە یان دەسەڵات یان وڵاتانی بەرژەوەندخوازی بیانی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان حازرن نەتەوەیەک قڕکەن؟ ٧٠ ساڵە عەشیرەی بارزانی بە هیچ کلوجێک دەست لە یەخەی کورد بەرنادەن. هەزاران منداڵی کوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کوشت داوە حازر نین راستیەکانی مێژوو لێک دەنەوە ودەسەڵات رادەستی خەڵكانی پسپۆڕوشارەزا بکەن. نموونەی هەرە نوێ پرسی سەرۆکایەتی ئەو هەرێمە شێواوە وئەو خەڵكە هەژارەیە کە چۆن بۆتە سووتمانی دەستی ئەو عەشیرە گەندەڵ وپاشکەوتووە.
٧٠ ساڵە لە رۆژهەڵاتی کوردستان حیزبێک بە دەستی بیانی دروستکراوە و ناوی دێمۆکڕاتی لەسەر خۆی ناوە ! کە چی فڕیان بەسەر دێمۆکڕاسیوە نییە.دەڵێن ئێمە خاوەنی هەزاران شەهیدین ومیراتگری کۆماری مهابادین کە چێ ٧٠ هەنگاوی کوردخوازانەیان هەڵنەگرتووە بۆ چارەسەری پرسی کورد لەو بەشە لە وڵات. لەوەش بترازێ سێ دەیە زێدە ترە لە کەمپەکانی کۆیە خەریکی راوێژی قسەی سوک ولێکترازان وبەستنی کۆڕو کۆبونەوەی بێ ئاکامن.! ئەوە چۆن شەرمێکە کە جەستەی دەرونی لایەنگرانی ئەو شیوە سیاسەتەی داگرتووە کە دەستی لێ بەرنادەن.حیزبێک کە خاوەنی سیاسەتێکی شەرمن ولاواز بوو، دەبێتە لایەنگری شەرمن ترولاوازتر لە خۆی .ئەو شێوە رێگوزەرەش لە دونیای سەردەمدا سەرکەوتوویی بە دەست ناهێنێ وتووشی شکستی سیاسی ونەهامەتی دەبێتەوە.

ئەمە وێنەی کەسێکە کە شەرم لە خیانەت ناکات

" شەرمی سیاسی لە قەوارەیەکی مەزنتردا"
لەسیاسەتی مەزندا ئەو شەرمە راستەوخۆ پەیوەندی وەردەگرێ لە گەڵ، بێ ئەخلاقی سیاسی، بێ موراڵی سیاسی. چوارچێوەی ئەو شەرمە هاوتەریبە دەگەڵ قێزەونترین سیاسەت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتێکی لێواولێو لە بێ ویژدانی. شەرمێک کە رووی لەو وڵاتانەیە کە بەرپرسان وبەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتانە هیچ سنورێک بۆ ویژدان وئەخلاقی سیاسی دانانێن.لەوەها سیستمێکدا شەرمی سیاسی رووی لە تاک ولە کۆمەڵگا نییە، دەبێتە نەریتێکی بێ هەوسار بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی ویان ئابوری.لەوەها قۆناغێکداکە زلهێزومۆنۆپۆلەکانی دەیمەشێنن تەنانەت پرس بە هاووڵاتی وتاکی کۆمەڵگاکانی خۆشیان ناکرێ. شەرمی وێرانکارلەوە ناترسێ بەرە و کام ئاقار درێژە بە سیاسەتەکانی دەدا. ئەگەر پێویست بێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەیەک دەباتە ژێر پرسیارو لەناوی دەبا.
رووی راستی ئەو شەرمە خاوەنی روویەکی ڕەشە کە داوێنی بەرپرسانی باڵای ئەو زلهێزانە دەگرێتەوە کە لە باشووری کوردستان عەشیرەی بارزانی وبنەماڵەی کورد کوژی بارزانیان بە هێزی زەبروزۆر بەسەر گەلی ئێمە لە باشوورسەپاندوە!ئامریکاوناتۆو هاوپەیمانەکانی زۆر بە باشی دەزانن ئەو سیستمەی کە ٢٤ ساڵە بینەقاقای کوردی گووشیوە ئەو دەسەڵاتە نییە کە هیچ پڕۆژەیەکی بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگا هەبێ لەو سەدەیەدا. بەواتایەکی رەوانتر مرۆڤ دەتوانێ بڵێ: شەرمە بۆ ئاغای ئۆباماوهاوپەیمانەکانی بۆ سەرکەوتن لەشەڕی داعشدا کەسانی وەک بارزانی وبەرپرسە درۆزنەکانی دیکە بە نوێنەری راستەقینە بە حیسێب بێنن. کوردی باش! لەلای دەسەڵاتی بارزانی وەک هاوپەیمان وەردەگێرێ! کوردی خراپ وترۆریستیش لە باکورورۆژهەڵات رۆژئاوای وڵات دەخرێتە ناو لیستەی ترۆری خۆیان.( فشە لیست)! لێرەدایە رێکاری ئەو شەرمە جیاوازە لەگەڵ ئەو شەرمەی کە مرۆڤی پاک وبە ویژدان خۆی لێ دوور دەخاتەوە. دابەشکردنی کورد بە /باش / وخراپ/ شەرمێکی مێژوویی بە سەر ناوچاوانی دونیای زلهێزەکان کە تەپڵی دێمۆکڕاسی لێ دەدەن. 
لەسیاسەتی مەزندا، لەشەڕی مەزندا،لە شەڕێکدا لەگەڵ دڕندەیەکی وەکو داعش، ئەگەر مەبەست شەڕی دێمۆکڕاسی وشەڕ دەگەڵ دواکەوتوویی بێ پێویستە هەم ئەخلاقی سیاسی، هەم ویژدانی سیاسی، هەم راستیەکانی مێژوویی، هەمیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو شەڕە هاوپەیمانیەکی سەردەمیانەو دوور لە فێل وتەڵەکەی سیاسی هاوتەریب لە گەڵ یەکتر بە بێ کۆیلەکردنی لایەنەکان بمەشێ. ئامریکاوهاوپەیمانەکانی باش دەزانن وزەودینام وبەرپرچی شەڕی داعش عەشیرەی بارزانی وئەیاغەکانی تاڵەبانی نین. ئەدی بۆ شەرمی سیاسی،ئەخلاقی،ویژدانی، ئینسانی،شەرم لە دێمۆکڕاسی نایانگرێ؟! ئەو وڵاتانەی کە شەڕی داعش دەکەن، لە چووک ومەزن. ئەو ئەو توانایەیان هەیە ٤مانگ مەعاش وبژیوی خەڵک بخۆن؟ دەتوانن خەڵکی خۆیان برسی راگرن؟ ئەدی بۆ لە باشووری ژێر دیکتاتۆڕی کورد لەوەش زیاتر بەسەر خەڵكی هەژاری کورد دێ، بەڵام هیچ زلهێزێک دەنگی لێوە نایە! باشووری وڵات پڕە لە کونسول ونوێنەروکۆمپانیاوتاڵان چی بیانی وەک داڵاش کەوتوونە سەر جەستەی ئەو خاکە بریندارەوخەریکن دەیکەنە زەندۆڵستانێک کە رادەستی عەشیرەی بارزانی وتاڵەبانی کراوە. ئەگەر ئاغای ئۆباماوهاوپەیمانانی بە قەرای سەرە دەرزیەک خاوەنی شەرم وویژدانی سیاسی بایەن دەبوا بیر لەو رووداوانە بکەنەوە کە لە چەند رۆژی رابوردوودا لە شارەکانی باشووری کوردستان روویاندا. تۆ بڵێی دژبەرانی بیانی کە دژی داعش وئیسلامی تووند ئاژۆ دەجەنگن، چەندە شانازی بە خۆیان دەکەن کە دۆستی بارزانی وتاڵەبانین؟

جەعفەر کەریمی
١٣/١٠/٢٠١٥
سندوقی کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە