رۆژنامەنووسی ساختەچیی و رووناکبیری بێ کەسایەتیی

Thursday, 06/09/2018, 2:02

12663 بینراوە


لەژێر دەسەڵاتی پارتەکانی باشووردا مۆدێلێکی نوێی خۆفرۆشیی بۆ کڕینی نووسەر، رۆژنامەنووس و رووناکبیر (بۆقی ناوبیر) دروست بووە، ئەم مۆدێلە جیاوازیی زۆری هەیە لەوانەی سەردەمی بەعس.
نووسەری دەربار و رووناکبیری بێ رووناکیی، لەگەڵیاندا جاش قەلەمەکانی سەردەمی بەعس  هەموویان رێژەی نەگۆڕ بوون، بەو واتایەی کە تەنیا بۆ لایەکێک و لە شوێنیکدا دەیاننوسی و لە ناو گۆڕەپانێکی سیاسییدا یارییان دەکرد، ئەویش بۆ بەعس و پیاداهەڵدانی سەددام حوسێن بوو، بۆیە ناسینەوەیان ئاشکرا و ئاسان بوو، وەکو جاشقەڵەم و خائینێک دەناسران و دەستیان بۆ رادەکێشرا، مۆرکی خیانەت و خۆفرۆشییان بۆ لێدەدرا، ناویان دەچووە لیستی رەشەوە، نزیکترین نمونە: هەڤاڵ ئەبوبەکری (گۆڕانباز) و پارێزگاری ئیستای سلێمانیی بوو، کە کاتی خۆی چەند پارچە هۆنراوەیەکی لە رۆژنامەی هاوکاریی بڵاوکردبوویەوە دوایی شیتاڵی لاپەڕە کۆنەکانیان بۆ هەڵدایەوە، ناحەزەکانی لە ناو یەکێتیی، بە جاش و خۆفرۆش کەوتنە قۆچ لێدانی، پاکانە و هاوار و هوتەکانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، دادی ئەوەی نەدا خۆی دەرباز بکات و رابردووی خۆی بسڕێتەوە، تا ئەو کاتەی نەوشیروان مستەفا فریای کەوت، لە ناو (گۆڕان)ی نەگۆڕاودا دەستی پێوەگرت و هێشتییەوە!
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر هۆکاری خیانەت و جاشبوون بە قەڵەم بۆ نووسەرانی سەردەمی سەددام لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە لە رۆژنامە و دەزگاکانی رژێمدا نووسیویانە، بەوەش، کە بە شان و باڵی سەددامیاندا هەڵ داوە، ئەگەر ئەمەش تاکە پێناسە بێت بۆ نووسەری خۆفرۆش و جاشقەلەم، ئیتر بۆ دەبێت لەگەڵ ئەمانەی ژێر دەسەڵاتی پارتەکانی باشووردا جیاواییان هەبێت، وەکو خائین و خۆفرۆشی سەردەمی بەعس بەجاشقەڵەم و خائین نەناسرێن؟ ئایا هیچ جیاوازییەک لە نێوان پارتیی و یەکێتیی و بەعسدا هەیە و ماوە؟ ئایا ئەمانەی ژێر دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور لەوانەی سەردەمی بەعس شەریفتر و بە ئەخلاقترن؟
جیاوازییەکان زۆرن، لێرەدا دەست بۆ هەندێکیان رادەکێشین!
1+ نووسەر و رۆژنامەنووسانی سەردەمی بەعس، زۆربەیان سروشتی کارەکانیان وەکو فەرمانبەربووە، لە ناو دەزگا راگەیاندنەکانی بەعسدا نووسین و چالاکیی ئەدەبیی و هونەرییان بڵاودەکردەوە، تەنیا لە بۆنە و رووداوەکەندا نەبێت، کە هەندێکیان بە شان و باڵی بەعس و سەددامدا هەڵیان دەدا و دەیاننووسی!
- بەڵام نووسەر و رۆژنامەنووسانی ژێر دەسەڵاتیی پارتەکانی باشوورهەر یەکەیان سەر پارتێکی باشوور و پیاوی بەرپرسێک، یان دوان سیانە: مووچەی فەرمی، موچەی بندیوار، خانەنشینی، پارەی بن مێز و سەرمێز لە بەرپرسێک وەردەگرێت.
2+ نووسەر و رۆژنامەنووسانی سەردەمی بەعس موچەکانیان وەکو فەرمانبەرێکی ئەو سەردەمە وەردەگرت، تەنیا بەشی خواردن و کرێ و بەڕیوەچوونی ژیانی ئەو مانگەیان دەکرد، یەک موچەیان هەبوو، هەندێک جار بڕێ پارەی کەم بۆ نووسینەکانی خۆیان، یان ئەوەی کە پێی دەگوترا(نثریة)، بەو پارەیە مەمرە و مەژی نەیان دەتوانی خانوو، و سەیارەی پێ بکڕن، یان گەشتێکی دەرەوەی پێبکەن!
- بەڵام ئەمڕۆ زۆربەی زۆری نووسەر و رۆژنامەنووسانی ژێر دەسەڵاتیی پارتەکانی باشوور هەموویان ئەدیب و نووسەر و سیاسیی و فەیلەسوفن، لەسەر هەموو شتێک دەنووسن و لە هەموو بۆنەیەکدا دەردەکەون، بە شان و باڵی بەرپرس و سەرکردەکاندا هەڵدەدەن، ئەگەر بەرپرسێک (با)یەکی لێبەرببێتەوە، ئەمان دەیکەنە هەواڵی گەورەی رۆژ، وەک (با زلەکەی نەوەی نوێی شاسوار و بۆگەنەکەی بەرهەم ساڵح). ئەم نووسەر و رۆژنامەنووسانەی ژێر دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور پسپۆڕن لە ماستاوکردن و دەستگرتنەوە، بێشەرم و شارەزان لە جۆری خۆفرۆشتن، هەموویان خاوەنی ماڵ، باخ، فلات، سەیارە و دەفتەرە دۆلارن، خاوەنی زەویی و زۆر شتی ترن، تەنیا شەرم و شەرەف نەبێت.
3+ نووسەر و رۆژنامەنووسانی سەردەمی بەعس تەنیا ژنێکیان هەبوو، خیانەتیان لە ماڵ و منداڵیان نەدەکرد. شەرەفی ژن و منداڵەکانیان شەرفی خۆشیان بوو، بە خەویش نەیاندەتوانی سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن، بەتایبەتی بۆ بێنامووسی و داوێنپیسی.
- نووسەر و رۆژنامەنووسانی ژێر دەسەڵاتیی پارتەکانی باشوور زۆربەیان دەزگای راگەیاندنی تایبەت بە (خۆ)یان هەیە، لە ماڵەوە ژنێکی فەرمیی، لە دەرەوە خاوەنی چەند ژنی ناشەرعی و نافەرمیین، هەندێکیان بۆ ئەوەی بێتاقەتی خۆیان دەربکەن لە شوێنی کارەکەیان کەپڵیشیان هەیە ماندووبونیان بۆ دەڕەوێننەوە. زۆربەیان بە مەبەستی داوێنپیسیی و بێئەخلاقی و چاوگێڕیی سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، یان بۆ خیانەت و خۆفرۆشتن و خۆ بەتاڵکردنەوە دەچنە تورکیا و ئێران. (بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بەشە پرسیار لە سەرۆ قادر بکەن تا زانیاریی زیاترتان پێ بدات).
4+ ئەوانەی سەردەمی بەعس، هەر یەکە لە بواری خۆیدا پسپۆڕ بوو، کاری دەکرد، بە مانای پڕیی ئەم وشەیە نووسەرێک ... نووسەر بوو، شاعیرێک ... شاعیر بوو. ناوی زلی دیکەیان بە خۆیانەوە نەدەنا. دەستیان بۆ شتی دیکە نەدەبرد، خۆشیان بە رووناکبیر و رۆشنبیر و ئەو ناوە پوچانە ناو نەدەبرد.
- بەڵام نووسەر و رۆژنامەنووسانی ژێر دەسەڵاتیی پارتەکانی باشوور لە هەموو دیزەیەکدا ئەسکوێن، خۆیان بە زۆر شت دەزانن، سیاسیی، ئەدیب، چیرۆکنووس، شاعیر، فەیلەسوف رووناکبیر، هەروەها چەنەباز و موحەلیلی سیاسیی شەوانەی نێو کەناڵەکانن.
5+ ئەوانەی سەردەمی بەعس، کەمێک شەرمیان لە خۆیان دەکرد، دەیانزانی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بە چاوی سووک سەیر دەکرێن، زۆر نا، کەمێکیش شەرمیان دەکرد.
- نووسەر و رۆژنامەنووسانی ژێر دەسەڵاتیی پارتەکانی باشوور زۆر بێشەرمن، تا ئیستاش نازانن پێناسەی رەوشت و ئەخلاق بکەن! ئەوەی نەشیزانن شەرم و شکۆیە، بۆیە هەرچییەکیان پێ بگووترێت مێش میوانیان نییە.
تێبینی: کەم تا زۆری ئەم خەسڵەتانە لە زۆربەی نووسەر و روناکبیر و رۆژنامەنووسەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتەکانی باشووردا هەیە، رێگا پێدراون تا رەخنەش بگرن. گۆشتی دەسەڵات دەخۆن و ئێسکی ناشکێنن.
------------------
هەموو دەسەڵاتێک میتودی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ بێدەنگکردن و کەوییکردنی دەنگی ناڕازیی و گەوجاندنی خەڵک. سەرەتا کەسانێک لە نمونەی ئەم نووسەر و رووناکبیرانە دەنێرنە ناو خەڵکی، تا خۆیان وەکو دەنگی ناڕازیی پیشان بدەن، ببنە جێگای متمانە، خۆیان وا پێشان دەدەن، کە ئەمانیش دژی دەسەلاتن، وەکو ئۆپۆزیسیۆنێکی تووندرەو رەفتار و هەلسوکەوت دەکەن، وەکو دەنگە نارازییەکە بیرکردنەوە، ئەم شێوازە رەفتارە کۆنە و لەسەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا بەکار دەهێنرا، برایم ئەحمەدی باوکی هێرۆ و شانازیش بەو خولەی سیخوڕییەدا رۆیشتووە، ئینگلیزەکان و دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراق، برایم ئەحمەدیان زیندانی دەکرد، دەیانخستە زیندانەوە لای کەسە شۆڕشگێڕ و قارەمانەکان دایان دەنان، تا سیخوڕییان بەسەرەوە بکات، لە زینداندا شیعریی ئاگراویی و چیرۆکی گەرمی تەنووری دەنووسی، دوایی ڕۆژنامەی گەلاوێژی دەرکرد، ئەمە لە کاتێدا بۆ کەسانی دیکە قەدەغە بوو. لە هەمانکاتدا دەچووە ناو خەڵکی و خۆپیشاندانی دەکرد، وەکو ئەوان هاواری دەکرد: (بڕۆخی حوکمی مەلکی)، (بژی چینی چەوساوەی کرێکار) کۆلێژی حقوقیشی تەواو کرد، دوایی رێگایان پێدا رێکخراوی سیاسیی دروست بکات و بوو بە سکرتێری، چاوەڕێ چاوەڕێی کرد تا مەلا مستەفا دێتەوە...
ئەمڕۆ برایم ئەحمەدەکان لە کورد نەبڕاوان، کەم نیین،  زۆر زۆرن، بەڵام لەو بوارەدا وەکو برایم ئەحمەدە لێزان و زرنگ نیین، کەر و ساویلکەن، وەکو برایم ئەحمەدیان پێناکرێت، کە زیاتر لە چل-پەنجا ساڵ کەس دەرکی پێنەدەکرد! ئەوەتا ئەمانەی ئەمرۆ هەر بە نووسینێک وەکو مەسعود عەبدولخالق یەکسەر خۆی یەکلا دەکاتەوە، خۆی دەکات بە مریشکی ئاوەڕووت، ئەمانە هەر زوو دەچنە پاڵ دەمی گورگ و راوی مەڕ بۆ دەسەڵات دەکەن، چونکە دەزانن کەڵبەی گورگەکان بۆ گەزین و خواردنی ئەمان نییە، بۆ گەزین و راوی سەردەشت و کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامەحەمەکانە!
زۆربەی نووسەر و رۆژنامەنووسانی باشوور، لە رێگای تارمایی نووسین و قسەکانیانەوە، ڕەش و هەڵوێستیان قەترانیی دەچێتەوە، زوو دەناسرێنەوە، ئەمانە باکیان نییە و هەست بە نامۆیی خۆیان ناکەن، چونکە باشووری وڵات پڕ بووە لە نمونەی نووسەری سەرسەری، رۆژنامەنووسی ماستاوچیی و پیاوی رۆژ، پڕ بووە لە ڕووناکبیری کوێر، بێ شەهامەت و بێ کەسایەتیی، زەلیلی دەستی پارتیی و یەکێتیی، لە هەناوی هەر نووسنێکدا، لەهەنگاوی هەر قسەیەکدا زوو هەڵئەنوتێن، ناتوانن نە بە جوانی بنووسن، نە وەکو کەسێکی هۆشیار قسە بکەن، ناشتوانن بەڵانسی خۆیان بە نووسین و قسەیەکی سەر شاشەی کەناڵەکان راست بکەنەوە، زۆربەیان دەست و قەڵەمیان وەکو کۆڵکە نووسەرە، بەڵام چونکە پەروەردە و دروستکراوی کارخانەی خیانەتی دەسەڵاتی پارتەکانن،   لەگەڵ یەکدا هاوتەبان و بۆ یەکتری دەسەندەنەوە و بەشان و باڵی یەکتردا هەڵدەدەن.
مەسعود عبدولخالق، کە خاوەنی ماڵپەڕی ستاندەرە، لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا دەڵێت من رووناکبیرم، بە زمانی خۆی نا، بەڵکو بەنووسینی ئەوانەی لەوێ کاری لەگەلدا دەکەن، لڤین و شارپرێس، سپی میدیا، رووداو، ئەوانیش بەردەوام وەکو رووناکبیر پێیمان دەناسێنن. ئەم بۆقی ناو بیرە، تەنیا لەناو باخەڵی بارزانی و پارتییدا راستییەکان دەبینێت، کابرایەکی عەشایریە، ئاستی بیرکردنەوە و بینینی تەسکە بۆ لێکدانەوەی سیاسەتی رۆژ، تەنیا بەردەمی خۆی لەناو مێژووی بنەمالەی بارزانییدا دەبینێت، بۆ ئەوەی نەرمە رەخنەیەک لە مەسعود بارزانی بگرێت، لە پێشدا ستایشی مەلا مستەفا دەکات. خوێنەری بەسەلیقە ئەگەر سەرنجی نووسینەکانی مەسعود عەبدولخالق بدات، هەست دەکات، لە هونەری نووسینیشەوە دوورە، ئاخر نووسین لەو وڵاتەدا مەرجی بۆ نووسەر دانەناوە، تا ناسنامەی نووسەرییان پێ بدرێت، مەسعود عەبدولخالق بە کوردییەکی کۆڵەواری پڕلە وشەی عەرەبی، بە داڕشتن و زمانێکی سەقەت، دەنووسێت و هیچ مەرج نییە، بۆیە بە روناکبیرش بانگ دەکرێت، هیچ داهێنانێکی تێدا نابینرێت، ئەگەر تەماشای بەرنامەی ئەڤین و ئاسۆش بکەیت، کە بانگێشتنی ئەم کابرایەی کردووە، هەست دەکەیت ئەم رووناکبیرە لە سەر (ئەڕواح) قسە و وڕێنە دەکات! کە مەسەلەی رۆح بابەتێکی زۆر گرنگە تا ئیستا زانست و لێکۆڵینەوەی زاناکان پەییان پێی نەبردووە و بڕیاڕی تەواویان لەسەر نەداوە.
لە باشووری وڵات و لە ناو بازاڕی فیکر و زانست و سیاسەتدا، کەس پێویستی بە عەقڵ نییە، ئەگەر بە شان و باڵی هەر بەرپرس و سەرێکی بۆگەنی بنەماڵەی تالەبانی و بارزانییدا هەڵبدەیت، ئیتر نانت دەکەوێتە رۆنەوە و ناوت دەکەوێتە ناو ناوان، چیت پێ خۆش بێت دەبیت بەوە و وا بانگ دەکرێت و دەبیت بە نووسەر و روناکبیر! بە فەیلەسوف و بیرمەند، ئەگەر پێشت خۆش بێت دەتوانیت ببیت بە دکتۆر و پرۆفیسۆر (ئەمیش تەنیا ناوی خۆی وەکو خوێندکارێک لە زانکۆیەک تۆمار بکە و لە ساڵێکدا دوو سێ هەفتە دەوام بکە، ئیتر بڕوانامەت پێ دەدەن). زۆربەی بەرپرسەکان بەم شێوەیە بڕوانامەیان وەرگرتووە، ئیتر تۆش بە ئاسانی دەرگای بەختت بۆ دەکرێتەوە  دەتوانێت ببێت بە هەموو شتێک.  مەسعود عەبدولخالقیش لەو شوێنەوە دزەی کردۆتە ناو دنیای راگەیاندن و سیاسەت. هەر لەوێشەوە باشووری وڵات پڕ بووە لە دکتۆر و پڕۆفیسۆر و رووناکبیر، تەنانەت کوردی باشوور بە خۆشی زیادە، بە تۆپەڵ ناوی زۆربەیان لە ناو لیستی دەنگدان بە کاک مەسعود بارزانی دەبنبینیتەوە و لێی دەچۆڕێت.
مەسعود عەبدولخالق کە بۆ ساڵانێکە خۆی وەک کەسێکی روناکبیر و ئۆپۆزیسیۆن ناساندووە، زۆر لە خۆی گۆڕاوە، پێی وایە ئەگەر پشیلە چووە بەر دەم ئاوێنەی دیوەخانی دەسەلات ئیتر دەبێتە پڵنگ، خۆی وا دەبینێت، هەر بۆیە بە قات و بۆیمباخ (ریبات)ەوە لە کەناڵەکان خۆی نمایش دەکات، تا پێی بڵێن رووناکبیرە و لەسەر هەموو شتێک قسە دەکات.
مەسعود عەبدولخالق یاری پەتپەتێن و هەڵبەزین و دابەزینی زۆرە!
مەسود عەبدولخالق تەنیا هەر حەزی لەوە نییە لە کەناڵەکان دەربکەوێت و قسە بکات! یان وەکو نووسەر و روناکبیر ناوی بهێنرێت، بەڵکو حەزی لەوەشە لە دیوەخانی دەسەلاتدا، سیاسەتبازییش بکات! بەلام لە دڵەوە قەلبی بۆ بنەمالەی بارزانی لێدەدا!
- ساڵی 2003، کاتێک کوردستانپۆست بۆ یەکەمجار باسی فایلدارەکانی پارتیی و یەکێتیی کرد، دەستی بۆ مەسعود و چەند بەرپرسێکی پارتیی و یەکیتیی راکێشا، یەکسەر مەسعود عەبدولخالق، نامەیەکی بۆ کوردستانپۆست نارد و وتی ئێوە غەدر دەکەن، بەوەی سەرکردە کوردەکان بە فایلدار ناو دەبەن. دوایی داوای کرد کە لە پاڵتالکدا بەرەو رووی بەرپرسی کوردستانپۆست ببێتەوە وەک (شەڕە کەڵەشێر) بەرامبەر بە یەک بخوێنن، وەک بەرنامەی(الاتجاه المعاکس). ئەم کابرایە هەر لە مێژە دڵی بە دەسەڵات و بنەماڵەی بارزانی دەسوتێ و دەیەوێت لە رێگایەکەوە خزمەتێکیان بکات.
- مەسعود عەبدولخالق، هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری دەکات، ڕۆژێک لەگەڵ ئیسلامییەکانە، ڕۆژێک کاندیدی گۆڕان، ڕۆژێک بەشان و باڵی نەوشێروانیدا هەڵدەدا و لە مردنەکەی نەوشێروان بابەتێکی پڕ لە مەدح و سەنای بۆ هۆنیبووە ، لە مانگی چواری ئەم ساڵدا کە پارتەکان خەریکی خۆ ئامادە کردن بوون بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق، مەسعود عەبدولخالق بوو بە زوڕناژەنی بەرهەم ساڵح و ئەوجارەیان بە شان و باڵی ئەویدا هەڵیدەدا.


مەسعود عەبدولخالق وەکو ئیسلامییەک دەیەوێت چارەسەری گیروگرفتە کۆمەلایەتیی و مرۆڤایەتییەکان بکات، بە شەریعەتی ئیسلام کۆمەڵگا بەڕیوەببرێت و دەسەڵات و ئیدارەی وڵات بگرێتە دەست.
- مەسعود عەبدولخالق هەوڵیداوە ڕاستی کەسایەتیی خۆی بشارێتەوە و بە دەمامکەوە هەر جارەی لە پاڵ حیزب و بزووتنەوەیەکدا خۆی دەناسێنێت! ڕۆژێک ئیسلامی، ڕۆژێک عیلمانی، ڕۆژێکی تر گۆڕان، ڕۆژێکی دیکە هەواداری ھاوپەیمانییە قۆڕەکەی بەرهەم ساڵح بۆ گاڵتەکردن بە دیموکراسی و لەقەدان لە دادپەروەریی، وەک بە نووسین و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی کەناڵەکان، هەر جارەی قسە و راوبۆچوونێکی هەیە، بیروباوەڕ لەلای مەسعود عەبدولخالق وەک گۆڕینی کاڵا و گۆرەوییە، بەیانی کە دەچێتە دەرێ بیروباوەڕێکی هەیە، ئێوارە کە دەگەڕێتەوە بووە بە لایەنگری لایەنێک و شتێکی تر، لە کەنالەکاندا سەرزەنشتی یان ستایشی ئەمیان یان ئەویتریان دەکات، ئاشی مێشکی بە هەموو لایەکدا دەگەڕێ، هەموو دەنگ و ڕەنگێکی تێدا کۆبۆتەوە، هەموو پارت و رێکخراوەکانی تاقیکردۆتەوە، پارتەکانیش بە ئارەزووی خۆیان عەقڵی مەسعود عبدولخالقیان بە هەرزان دەستکەوتووە لە مەزاتخانەیەدا کڕیویانە کە بۆگەنی دێت.
- ئەم کابرایە زۆر دواکەوتوو عەشائیرییشە! بەو مانایەی ئەگەر لێی بپرسیت ڕات بەرامبەر بە کۆسرەت رەسوڵ چییە! لە وەڵامدا دەڵێت: ئەم رێزدارە هەرچەندە گەندەڵە، بەڵام بەخوا ئازا و بەجەرگە! یان بەرامبەر بە د. بەرهەم !؟ لە وەڵامدا دەڵێت، د. بەرهەم هەرچەندە کردار لە لای شەرتە، بەڵام نەیانهێشت خزمەت بکات، دەنا کەسێکی سیاسیی و خاوەن دکتۆرا و زیرەکە و کەسایەتییەکی ناسراوە لە کۆمەڵگەیی نێو نەتەوەیی و لای زلهێزەکان ویستراوە!
- ئەم ساڵیش یەک دوو ڕۆژ پێش ٣١ئاب، لە بری ئەوەی ماڵپەرەکەی تەرخان بکات بۆ یادی ٣١ئاب و هێنانی سوپا و زریپۆشی سەدام لە لایەن مەسعود بارزانییەوە بۆ هەولێر، کەچی هەموو تواناکانی خۆی کۆکردەوە و هەواڵێکی لە سەرچاوەیەکی میدیای عەرەبی وەرگرتبوو بەبێ پشتڕاستکردنەوە، هەواڵەکەی گەورە کرد، گوایە "مەسعود بارزانی" لە "برێت مەکگۆرک"ی نوێنەری سەڕۆکی ئەمریکا توڕەبووە و لێیخوریوە و هەڵوێستی بەرامبەر نواندوە! دوای ئەم زەمینە سازییە دوو ڕۆژ دواتر مەسعود عەبدولخالق لە ماڵپەڕی شارپرێس لە گۆشەی قەڵەمی ڕۆژدا بابەتێکی لەسەر مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە، لەو بابەتەدا مەسعود بارزانی بە کەسێکی خاوەن هەڵوێست و مەبدەئی وەسف کرد، ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەرێم خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان؟ هەڵبەتە ئەمە بەبێ مەبەست و بێ پیلان نەبوو، کە مەسعود بارزانیی کرد بە کەسێکی نیشتیمان پەروەر و بە نۆریەگای پەنەما چواند، گوایە مەسعود بارزانی هەڵوێستی مەردانە و كوردانەیە و کابرایەکی مەبدەئیە!
- لە یادی شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە، ئەم مەسعود عەبدولخالقە بۆ خەلاتەکە هەڵبژێردرابوو، بە شانازییەوە خەلاتەکەی لە دەستی پیسی عەقید شاناز برایم ئەحمەد وەرگرت، بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەو بابەتەی پێشووم بکە:

لە کۆتاییدا مەسعود عەبدولخالقیشمان فت، وا بە تەواوی خۆی ئاشکرا کرد و خۆی بە هەموومان ناساند، کە ئەو خەریکی چ جۆرە یارییەکە، بەڵام خەیاڵی خاوە، ئەمڕۆ خەڵک هۆشیارە و ئەم کڵاوەی ناکرێتە سەر، چاک دەزانن کە ئەم جۆرە هەڵوێستەی مەسعود عەبدولخالق لە شەو ڕۆژێکدا دروست نەبووە و بێ بەرابەریش نییە!
-----------------
رووناکبیر، یان بۆقی ناوبیر سەردانی ئەو نووسینە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە