یەکێک لە شکەنجە گەرەکانی ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بناسە

Friday, 08/02/2019, 10:26

5973 بینراوە


ئەو شکەنجەگەرەی سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسایەتی باڵای لە ناو حیزبی دیموکراتدا هەبووە، ناوی (عەمەر قازی)یە. لە خزمان و نزیکەکانی قازی موحەممەدە. کاتێک شای ئێڕا ن داڕووخا و لە جێی جمهوری ئیسلامی هاتە سەرکار، بەڕێوەبەرانی حیزبی دیموکراتیش هێدی هێدی گەڕانەوە ناو شارەکانی کوردستانی ئێڕان. شار و شەقام کەوتە ژێر دەستی حیزبەکانی دەسەڵاتدار کە دەتوانین بڵێن ئەو کات دیموکرات و کۆمەڵە بون، کە بۆ داهاتووی چارەنووسی کورد خەباتیان دەکرد.
بە هۆی ئەوەی بنەماڵەی قازییەکان لە سەردەمی کۆماری مهابادیشدا دەستڕۆیشتوو بوون وناوبانگیان هەبووە، دوای سەرهەڵدانی گەلانی ئێڕانیش لەو بەشە لە کوردستان زیاتر ئەوان خۆیان بە دەمڕاستی خەڵک دەزانی ودەیانگووت قازی موحەممەد یەکەم دەبیری حیزبی دیموکرات بووە، هەر ئەویش بووە کە کۆماری راگەیاندووە. چون سەر بە بنەماڵەی قازیەکانە دەبێ بەرپرسایەتی زیاتر بدرێتە پیاوەکانی بنەماڵەی قازی.!

عومەر قازی بە فرۆشتنی چەک و چۆڵی سەربازخانەی مهاباد توانی لە یەکێک لە  گەڕەکەکانی شاری مهاباد خانووبەرەیەکی یەکجار مەزن بۆ خۆی دروست بکات، کە لاو و گەنجی کورد بۆ بەرپرسانی ئەو حیزبە ببوونە پێشمەرگە و خۆیان بە کوشت دەدا، کەچی ئەوانە بە پارەی فرۆشتنی چەکی سەربازخانەی مهاباد خەریکی دروستکردنی کۆشک و تەلار بون! بەڵام کاتێک شاری مهاباد گیرایەوە ئەو خانووبەرەی عومەر قازی لە لایان پاسدارەکانەوە دەستی بە سەر گیرا. 
زۆری نەخایاند دەرکەوت ئەو حیزبە و بەرپرسانی ئەو حیزبە لە وێنەی میزەڵدانێک دەچن کە فوویان تیکراوە. زۆر بە هاسانی شارەکان و گوونەدەکان رادەستی دەسەڵاتی تاران کران.! ئیدی قۆناغی دۆڕاندن دەستی پێکرد! ئەوەی مابوو ئەنجامی بدەن، ئەویش گرتن وکوشتنی ئەو مرۆڤانە بوو، کە بە زمانی رەخنە  زۆر دڵسۆزانە ئاکار و هەڵسووکەوتی ئەو حیزبانەی پێ قەبوڵ نەدەکرا.
بنکەی شکەنجە:
لە رۆژئاوای شاری مهاباد چەند کیلۆمترێک دوور لە شار، لەوێ عومەر قازی و حەسەن شەڕەفی و شافیعی ناوێک کاریان رفاندن و شکەنجەی کەسانی رەخنەگر بوو. منیشیان لە ڕیگا گرت و بردیانینە ئەو شوێنە.عومەر قازی و حەسەن شەڕەفی بە جووتە بڕیاریاندا ئازارم بدەن. لێدان و قسەی نەشیاو و شەق وبێ حورمەتی بە پێی فیلان. دوای ماوەیەک راگرتن و گووتنی قسەی سووک بڕیاریاندا بەرم بدەن.  ئەو قسانە گووتنی کەسێکە کە ئێستی لە ژیاندا ماوە و بۆ منی گێڕاوەتەوە منیش بە کورتی لێرە باسم کردوە.
ئەوە بەشێکی کەمە لە ئاکاری حیزبێک کە پاشناوی دیموکراتی بۆ  خۆی دیاری کردوە و دەڵێ من خاوەنی ٧٣ ساڵ مێژووی کۆمارم! لە ماوەی تەمەنی حیزبیشیاندا رێک ٤٠ ساڵ دەبێ زەمینگیری دەستی بنەماڵەی خۆفرۆشی بارزانین!
زەمان هاتوو زەمان چوو. ئەو کەسەی لە سەر رەخنەگرتن لە حیزبی نا دیموکرات بە دەستی عومەر قازی ئەشکەنجە درابوو کەوتە زیندانی کۆماری ئیسلامی و لەوێش تووشی شکەنجە و ئازار بوەوە. ئەو زیندانە لە دەرەوەی شاری ورمێ هەڵکەوتووە وناوی زیندانی (دەریا) یە. بۆ گاڵتەی رۆژگار کاتێک عومەری قازی خۆی رادەستی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە دەبرێتە ئەو زیندانە و لەوێ ئەو کەسەی کە شکەنجەی دابوو یەکتر دەبیننەوە! سەرەرای ئەوەش هێشتا سکی پێ دەسووتێ  و بە پێی توانا لە ناو زینداندا خزمەتی عومەرقازی دەکات.
لە ناو زینداندا عومەر قازی چی دەکرد؟
هەر حیزبێک یان ڕیکخراوەیەک بە دەستی بیانی ساز کرابێ و پشت بە نەتەوەکەی خۆی نەبەستێ ناتوانێ مرۆڤی خاوەن ئیرادە پەروەردە بکا. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەر دەستی بنەماڵەی قازی موحەممەد، بە فیتی رووسەکان بۆ تواندنەوەی کۆماڵەی ژیانەوەی کورد (ژ، ک ) پێکهێنرا. بۆیەش لە سەرەتاوە وەک حیزبێکی باوەڕمەند نەیتوانیوە چالاک بێ و لە دۆزی کورد خاوەن دەرکەوێ.
عومەر قازیش یەكێک بووە لە بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبە کە بە کولتوری خۆبەدەستەوەدان گۆش دراوە. بە پێی زانیارییەکانی کەسانی گیراو لە زیندانی (دەریا ) لە ورمێ عومەر قازی لە ماوەی گرتنیدا کارو پیشەی ئەوە بووە کە ئەندام وبەرپرسانی حیزبی لە دەرەوەی زیندان بە گرتن بدا.! زیندانییەکان دەیانگووت: جار جار چەند کاتژمێرێک لێمان ون دەبوو! کاتێک دەگەڕایەوە لامان لە ژووری زیندان دەمان پرسی: کاک عومەر ئەوە لە کوێ بووی؟
لە جوابی ئێمەدا دەیگووت بەرپرسانی زیندان داوام لێدەکەن مێژووی حیزبی دیموکراتیان بۆ بنووسمەوە! منیش ئەو کارەیان بۆ دەکەم! هاوبەندەکان دەیانزانی کە مێژوو نانووسێتەوە، بەڵکو کاری بۆتە بە گرتندانی خەڵكی بێدەرەتانە. یەکێک لە هاوەندەکانی بەناوی (ش ...) دەیگووت عومەری قازی ناوی چەند کادر و بەرپرسی حیزبی داوەتە بەرپرسانی زیندان، ئەوانیش گرتوویانن و پاشان لە سێدارەیان داون! ڕیژەی ئەو بەرپرسانەی کە عومەر قازی بە گرتنی داون  (٥ بۆ ٦) دەبوون لە تەشکیلاتی شاری ورمێ!.ئەوە جگە لە کەسانێکی دیکە کە ناویانی ئاشکرا کردووە.
ئەرکی دووهەمی عومەر قازی چی بووە؟
لە ناو زیندانیدا وێڕای خۆی کەسانێکی دیکەش بە هۆی ئەنجامدانی کاری سیاسی کە لە زینداندا راگیرابوون  زۆرینەیان کورد بوون. رۆژانە لە کاتی بێکاریدا ئەو کەسانەی لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە تا قسەیان بۆ بکات. خەڵکی خاوەن هەڵویستی هاندەدا کە دەست لە فکر و ڕامانی خۆیان هەڵبگرن، ببنە هاوکار و پیاوی کۆماری ئیسلامی! داوای لێدەکردن پەژیواننامە بنووسن تا زووتر ئازاد ببن.کاتیکیش کە لە زیندان دەرکەوتن راستە و راست کار دەگەڵ بەرپرسانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بکەن. رەنگە تا ئەوڕۆکەش بە هەرکەس بڵێی لە بنەماڵەی قازی کوردتر نابینم، لەوانەیە باوەڕت پێ بکات، بە بێ ئەوەی ئاگای لە هیچ راستییەک بێت، بێگومان کەسانی دڵسۆزیشیان تێدا هەڵکەوتووە بەڵام بە دەگمەن.
سەدان و بگرە هەزاران رۆلەی بەوەفای کورد دەناسم کە وەک سەربازێکی ون گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کردووە وکۆڵیان نەداوە. کەچی هەرگیز بە پێی پێویست یادیان لێناکرێتەوە. سەدان کەس لە ژێر شکەنجە و بێحورمەتیدا بەرخۆدانیان هەڵبژاردوەو و سەر فرازانە درێژەیان بە ژیان داوە، کەچی بەرهەمی ماندووبوونی ئەو جۆرە کەسانە لە نمونەی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی ودیموکراتەکان وکۆمەڵەکانن کە خۆیانی لە سەر هەڵدەکێشن وهاتوونە سەر سفرەی حازریی. 
مێژوو بە کەسانی خۆنەویست و لێهاتوو دەخوڵقێ، نەک دز و درۆزن وجەردە و خێڵ و بنەماڵە کە هەرگیز ناتوانن یەک هەنگاوی مێژوویی بۆ خزمەتی نەتەوەیەکەیان هەڵبگرن.
مەهاباد، مامۆستایان و قوتابیانی خوێندنگەی ناوەندی محەممەد ڕەزاشای پەهلەوی، ساڵی خوێندنی ١٣٣٤-١٣٣٣ی کۆچی هەتاوی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە