بەهۆی کارکردن لەسەر هەندێک گیروگرفتی تەکنیکیی لە رۆژی 11-06-2024 تا  20-06-2024 کوردستانپۆست هیچ بابەتێکی نوێ بڵاوناکاتەوە


هەڵبژاردنی عێراق لە كوردستان

Monday, 22/02/2010, 12:00

1435 بینراوە


زۆربەی كورد لە ناخی دڵەوە باوەڕی بە عێراقی بوون نییە. ئێمە عێراقی نین، بەڵام سیاسەتكردن لە ئاستی كوردستان بە سەر پشتی خەیاڵەوە هیچ ئەنجامێك بەرقەرار ناكات. مەبەست لێرە ئەوە نییە بڵێین سەربەخۆیی كوردستان خەیاڵە. نزیكەی 90 ساڵە كوردستان لە گەلەكەی سەندراوەتەوە و خراوەتە ژێر ڕكێفی وڵاتانی دەوروبەر، كە ئێستا بە گشتی، لە ژێر گۆڕانكاریەكانی جیهان، بەرەو لاواز بوون ڕێیان ناوە و خل دەبنەوە. پێمان خۆش بێت یان نا، لە عێراقی ئەمڕۆدا شیعە لە كورد نزیكترە و بە كەڵكترە بۆ ئامانجەكانی گەلەكەمان، لە عەرەبی سوننە، كە تازە لای ئەوان شۆفێنیزم زیاتر بڵێسە دەداتەوە و بەهێزتر دەبێ. شیعە لە جیهاندا بە گشتی وەلائیان بۆ مەزهەبە نەك قەومیەت. ئێستا ئێران بووەتە مایەی بێزاری جیهانی عەرەب و جیهانی توركی. ئەم دوو جەمسەرە سوننیە بەدەست كێشەكانی ناوخۆ لاواز و بێزارن. توركیا بە هۆی كورد و ئابوری و شەڕی پەكەكە ڕەوشەكەی ئارام نیە. عەرەبیش لە هەموو كاتێك زیاتر پەرتەواز و ناكۆك و لاوازن. ئێران لە گەڵ كێشە ناوخۆییەكانیشی بەڵام بەهێزترین وڵاتی ناوچەكەمانە. ڕێڕەوی ڕووداوەكانیش بەم ئاراستە دەڕوا كە لەم ناوچەیەدا دەوڵەتێكی شیعی بەهێز هەبێ، بەرامبەر بە میلیشیا كردنی هێزی سوننە لە سۆماڵ و فەڵەستین و عێراق و ...هتد، بۆ دامەزراندنی ململانێیێكی درێژخایەن لە نێو ئەم دوو لایەنە. ئێران و عێراق و سوریا لە دەست شیعەیە و، لە لوبنانیش وێڕای باڵا دەستی حیزبوڵلا بەسەر حكومەت، قسەی كۆتایی لە سیاسەت بۆ سوریا و ئێرانە.


ئیستا كورد لەم نێوەندەدا لە دوو لاوە هەنگاوەكانی بەرەو پێشەوە چووە. لە باشوری كوردستان ئارامترین ڕەوش هەیە و عێراق لە فەوزا دایە. لە باكوریش پەكەكە توركیای لە گۆشەدا گیر داوە. تازە كورد بە پێچەوانەی سەدەكانی پێشوو، بووەتە دژەبەری پان سوننەی ئەم ناوچەیە. ستراتیجیەتی كورد تازە لە گەڵ پان سوننە (تورك و عەرەب) هەڵناكا و یەكناگرێتەوە. بۆیە ئێستا فرسەتە كورد خۆی بەهێز بكات بۆ ئەوەی كوردستان له‌ ساڵانی داهاتوو بكاتە نێوەندێكی ئیقلیمی وەك ئێران و توركیا، ئه‌ویش بە كەڵك وەرگرتن لە گۆڕانكاریەكانی جیهان و ململانێی پێكهاتەكانی ناوچەكەمان. بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەش پێویستە دەنگدەری كورد دوو مەسەلە ڕەچاو بكا: یەكەم:ـ چونكە لە عێراق ئیسلامیەكان باڵا دەستن، هەقە لە كوردستان ڕێژەیەكی باشی ئەو ئیسلامیانە بنێردرێنە ئەوێ، كە لە ئاستی مافی كورد بە ڕۆحێكی بەرز و چەكی زمان و دینەوە، بۆ ئیسلامیەكانی عێراق دەچنە مەیدانی بەغدا. دووەم:ـ بۆ پەل و پۆ كردنی گەندەڵی و لاوازكردنی هێزی تەقلیدی ناو كوردستان، كە لە لە ئاستی مەدەنیەت و، موجاراتكردنی پێویستیەكانی سەردەم لە كەڵك كەوتووە، پێویستە ئەو كەسانە هەڵبژێردرێن كە خاوەن كێشە و جەرگ سۆز و ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزە لە كایەكانی سیاسەت و ڕۆشنبیری و، دەست پاك و هەژارن. ئەمانە ئێستا بەشێكی زۆریان لە لیستی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو دان. هەر بانگەوازێك بۆ دەنگ نەدان خزمەتە بە گەندەڵانی كوردستان. !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە