• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


دووڕوویی نووسەر و بەناو رووناکبیرانی کورد لە نێوان مێدیاکانی بەعس و پارتی و یەکێتی دا

Sunday, 28/09/2014, 12:00

2956 بینراوە


ئەمڕۆ زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد لە ناو گیرفانی دەسەڵاتی فاسدی کوردییدا پیسخۆری دەکەن، من ناونیشانێکی گونجاوترم بۆ ئەم بابەتە نەدۆزییەوە، بەتایبەتی بۆ وشەی دووروویی و دەبڵ موڕاڵی، چونکە لە ناو دەبڵ موڕاڵییدا زۆربەی جار دیوی راستیی ئەو کەسایەتییە دەدۆزیتەوە، کە لە روویەکیدا دەتوانیت کەسەکان بناسیتەوە، بۆ ئەم رووناکبیر و نووسەرانە، زەحمەتە وەک خۆیان کەسایەتییان بخوێنرێتەوە، پێناسەکان ناچنە قاڵبی راستەقینەی خۆیانەوە، هەروەک چۆن کاتێک باس لە مافیا، لە دز دەکرێت، پێناسەی بەرپرس و دەسەڵاتدارەکانی پێدەکرێت،  هەست دەکەیت لە زۆربەی کاتدا، غەدرێکی تەواو لە خودی مافیا و دز راستەقینەکان دەکرێت، چونکە دز و مافیاکانی جیهان کۆمەڵیک پرەنسیپ و رەوشتیان هەیە، لە سەر ئەو پێوەرە رەفتار دەکەن و موڕاڵیان هەیە و رێگایان پێنادات لەو سنورە لابدەن، مافیا ژن و منداڵ ناکوژێ، پەلاماری هەژار نادات، کە بزانێت پارەی نییە، هەروەها دز و دەستبڕ شەرم دەکەن کاتێک لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا لە قافدا بگیرێن، دەسەڵاتدارانی کورد هیچ سنورێکیان بۆ ئەوانە نەهێشتۆتەوە،  ئاساییە بەلایانەوە لە باوەشی دایکدا منداڵ بکوژن، ویژدانیان ختوکەیان نادات، دزیی درۆ و ساختەچێتی دەکەن، شەرم ناکەن، بۆیە زەحمەتە پێناسەی مافیا، تەنانەت دزێتیش ئەمانە بگرێتەوە، گوناحە بەو ناوەوە ناویان بهێنرێت و نابگ بکرێن، لەمەدا غەدر لە دز و لە مافیاش دەکرێت، ئەگەر  ئەوانە بزانن سەران و دەسڵاتدارانی کورد ئاوا دەکەن و ئەم پێناسانەیان بۆ دەکرێت، رەنگە بێنە وەڵام و داکۆکی لە خۆشیان بکەن، بڵێن کەی ئێمە ئەوەندە بێویژدانین!؟ کەی ئێمە شەرم ناکەین؟ هەر ئاواش زۆربەی روناکبیر و نووسەرانی کوردیش نووسینەکانیان زۆر جیاوازە لەگەڵ کردارەکانیان، ئەوەی ئەمڕۆ دەینووسن، لە بیریان دەچێتەوە دوێنی پێچەوانەکەیان نووسیوە؟ یان خۆیان لە ناو خەڵکدا ناسیوە! چییان وتووە و چییان نووسیوە، وەکو نیسک وانە، بە هەموو لایەکدا دادەکەون و لایەکیان نییە خۆیانی لەسەر رابگرن، بۆ ئەمەش دەڵێم دووروویی و دەبڵموڕاڵی لە ئاستی پێناسەی ئەواندا نییە، هەقی خۆیەتی تێرمێکی سیاسیی، یان دەروونناسی دیکە بۆ ئەمانەش بدۆزرێتەوە، کە هیچیان لە بازرگان و سیاسیەکانی کورد کەمتر نییە، کە شەپشەپێن بە ماڵ و سامان و بە خوێن و چارەنووسی کورد دەکەن. زۆرینەی رووناکبیر و نووسەری کورد لەپیناو بەرژوەندی تایبەت و شەخسی خۆیاندا پێنووسەکانیان هاوشێوتە باوەشی دەسەلاتەوە، هاوشێوەی گۆڕینی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن کوێیان پێ خۆش بێت بەو لایەدا وەریدەگێڕن و دەیگۆڕن، بێ ئاگا لەوەی ئەمەی دەیکەن ناپاکییە نەک تەنها لە قەڵەم، بەڵکو لە خاک و لە خەڵک و لە نیشتیمانیش، ئەمە چەواشەکارییە لەکاتێکدا ئەرکی رۆشنبیر پیرۆزە، دەستبردنە بۆ بڤە نەگوتراوەکان و رەخنە بە پێی دیاردە قێزەوەندەکان ئاڕاستە بکات. نەوەک گوڵبژێری بکات و کردارە ناشیرینەکان جوان بکات!


زۆرینەی رۆشنبیرانی کورد دەتوانین بەوە پێناسە بکەین، کە کەسانی قین لەدڵ، ململانێی ناشەریفانە لەگەڵ یەکتر و سەنگەر لەیەکتر دەگرن، تا ئاستی یەکتر شکاندن، درۆزنیی و ناڕاستگۆیی لە وشەکانیان دەچۆڕێت، راستی ئەمانەش ببینن چۆن رۆژانە دەیان رووداو و تاوان روودەدات، کەچی بەپێی بەرژەوەندی و میزاجی خۆیان رەخنە دەگرن یان قسەیەک دەکەن، بەنمونە بیدەنگی ئیسلامییەکانی کوردستان بەرامبەر کوشتاری کوردانی یەزیدی، یان هەوڵی کۆنترۆلکردنی بنەماڵەی تالەبانی و برایم ئەحمەد، لە گۆڕینی سیاسەت و مێژووی یەکێتی، ئایا هی ئەوە نییە هەڵوێستەی جدی لە سەر بکرێت؟ کەچی ئەم دوو رووداوە هاوکێشەی سیاسی و ئاستی مەترسیداری تێدایە بۆ کۆمەڵگای کوردی، ئەمە بەسە هەست بکەیت چ تاریکی رووی لە کۆمەڵگا کردووە  و هێزی ترسناک لە ناوماندا دەژی!

نەخۆشییەکی تر، کە زۆربەی نووسەرانی کورد تووشی بووە ئەم دوو روییەیە، بۆ نمونە ئەگەر پارتی و یەکێی هەر رەفتار و تاوانێک ئەنجام بدەن هاوشێوەی بەعسیش بێت، کەس لەمانە ئامادە نییە بە پێوەری دەسەڵات و سەردەمی بەعس، قسەی لەسەر بکات، بەپێچەوانەوە دێن بەهاراتی سیاسیی و بەناوی کوڕی شاخ، پینە و پەڕۆ و تەزکییەیان بۆ دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا ئەرکی رۆشنبیر ئەوەیە بە پێوەری موڕاڵیانە هەڵسەنگاندنی راستگۆیانە بۆ حیزب و سیستەم بکات. کاتێکیش دەڵێین پێوەر، مەبەست لەو پرەنسیپەیە کە نووسەر و رووناکبیر، بێلایەنانە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، بۆ نمونە لە ناو تەرازوودا کێشی کیلۆیەک هەر ئەو کێشەیەیە کە بۆ هەموو کەسێک شتمەکێک دەکێشیت، نابێت جیاوازی تێدا بکرێت، دوو شتی هاوکێشەی یەکتر وەکو یەک نەپێویت و وەک یەکتر بە هەردوو لایەنەکەی نەدەیت! بەپێچەوانەوە چاوپۆشین لە کێشەکەی خۆی، ساختەچیی و درۆزن و دزی لێدەردەچێت، لەم روانگەوە ئەگەر تاوانی تیرۆر، رفاندن، کوشتنی بەکۆمەل، ئەندامبونی بەزۆرەملێیی حیزبی، تالانی وڵات، فەسادکردنی کۆمەلگا، دەستدرێژی سیکسی بۆسەر کیژ و ژنان، پەیوەندی سیخوری،... ئایا کۆی ئەمانە لەناو بەعس و دەسەڵاتدارانی کورددا وەک یەک نیین؟ چ جیاوازییەکی هەیە، بەعسێک کە دەستدرێژی دەکردە سەر کچ و ژنامان، لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی پارتی و یەکێتییش دەیکەن؟! چ جیاوازییەکی هەیە، بەعس دەیکوشتیت و دەیبڕیت، تەعریبی دەکریت، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە کوردییەش دەیکات؟! تەنها جیاوازییەک هەبێت سەردەم و  قۆناغە جیاوازەکان بووە. ئایا پاکتاوی حیزبی و ئەندام لە شوینی پاکتاوی نەتەوەیی نەبووە؟ ئایا لە شەرەکاندا وەک بەعس، ئەم حیزبانە یەکتریان کۆمەڵکوژیی، نەدەکردووە؟ دەستدرێژی سێکسییان نەکردۆتە سەر دیلەکان؟... خۆ ئەگەر بڵێن ئەمانە لەقوناغی شەردا بووە، ئێ خۆ بەعسیش بەردەوام لە قۆناغی شەردا لەگەڵ کورددا ئەوانەی  دەکرد !؟ بۆ ئەوان پاساویشی هەبوو، چونکە دوژمنی کورد بوون، بەڵام تۆ وەرە حیزب و پارتە بەناو کوردەکەی خۆت ئەو هەموو تاوانانە بەرامبەر بە خۆت ئەنجام بدات، بۆ نابێت پێوەرێکت هەبێت بۆ هەڵسەنگاندی ئەو دەسەڵاتەی کە بەڕێوەی دەبەن؟ کەچی رووناکبیر و نووسەرمان هەیە بە ئاسایی وەریگرتووە و پاکانەشی بۆ دەکات!؟
لە هەمووی سەیرت ئەوەیە، تا ئیستاش لای زۆر لەم رووناکبیرانە، تەنها سەرۆک جاش و مەفرەزەی تایبەتی جاشقەڵەمەکانی بەعس، بەمرۆڤی قیزەوەن دەزانن و لێکی دەدەنەوە، راستە ئەوانە تاوانیان بەرامبەر بە گەلی خۆیان کردووە شایانی ریسوا بوونە، بەڵام  لای ئەم نووسەر و رووناکبیرانەی کورد، هەمان تاوان بە رەنگێکی تر و بە دەنگێکی تر کە زۆر لە بەرپرسی پارتی و یەکێتی لە مەفرەزە تایبەتەکانی دوێنی و ئەمرۆ ئەنجامی دەدرێت، بە ئاسایی وەریدەگرن و دەنگ ناکەن، تەنانەت ترسناکتریشە، کەچی بەهەمان ئەندازە سەیر ناکرێت! تیرۆری کاوە گەرمیانی بەدەستی مەحمود سەنگاوی، کە لە باوەشی دایکیدا پیاوەکانی گوللەیان نا بە سەریەوە، یان سۆران و سەردەشت و رەئوف کامیل... بەدەستی ماڵی بارزانی، ئایا ج جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ کوشتنی پێشمەرگە بەدەستی پیاوانی بەعس؟ مەگەر هەردولا ئامانجیان کوشتن و کپکردنی دەنگی ئازاد نییە؟ باشە جیاوازی لە نێوان بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و تکریتیدا چییە؟ ج جیاوازیەک لەنیوان نووسەرێکی بەعسدا هەیە، کە بەشان و بالی سەدامیدا هەڵدەدا، لەگەل ئەو نووسەرانەی ئیستا پاساو بۆ تاوانەکانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی دەهێننەوە؟! ئەو هەموو مێدیا زەبەلا‌حانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، یان ئەو سایت و رۆژنامانەی لە دەرەوەی کوردستانن و بوونەتە سێبەری دەسەڵات، هەر یەکەیان بەداهاتی میللەت بەڕێوەدەبرێن و ئامانجیان چەواشەکردنی جەماوەر و شەڕی خۆیانە. بە چ روویەکەوە ئەو نووسەر و رووناکبیر و رۆژنامەنووسانە دەچن لای ئەوان دەنووسن  لەوێ بڵاودەکەنەوە؟ رۆژنامەی خەبات، رۆژی کوردستان، خەندان، گوڵان و چاودێر چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ هاوکاری و عێراقی سەردەمی بەعسدا!؟ تۆ ئەگەر خاوەنی موڕاڵ و پرنسیپ و قییەم و ئەخلاق بیت، نابێت ئاوڕ لەو شوێنانە بدەینەوە. دیدار لەو مینبەرانەی پارتی و یەکێتیدا بکەیت؟ ئەمە لە کاتێکدا بۆ کاری رۆژنامەگەریی و راگەیاندن هاوشێوەی قۆناغی سەدامیش نییە، کە کاتی خۆی تەنیا چەند رۆژنامە و گۆڤارێک هەبوون، وەکو (هاوکاری و ڕۆشنبیری نوێ، بەیان و عێراق و سەورە و تەلەفزیونی تەئمیم....)  ئەو کاتە زۆر نووسەر ناچار دەبوون، نووسینی ئەدەبیی و پەخشان و چیرۆکیان تێدا بڵاودەکردەوە، ئەمە پاکانە نییە، بۆ ئەو نووسەرانەی سەردەمی بەعس، نووسەری وشیار لە هەموو سەردەمەکاندا دەبێت بزانێت چۆن رەفتار لەگەڵ قەڵەمەکەیدا دەکات، بەپێچەوانەوەوە ئەمرۆ بەدەیان مینبەری سەربەخۆ هەن، تەنانەت هەر یەکە دەتوانێت لە فەیسبوکدا پەیجی خۆی هەبێت، پێویستی بە هیچ شوێنێکی دیکە نەبێت. ئیتر چ پێویست دەکات بچیت لە مینبەر و راگەیاندنەکانی حیزبی و سیبەری ئەو دوو پارتە بنووسیت؟ هەڵبەتە من وەڵامێکم بۆ ئەوە پێیە، کە هۆکارەکەی تەنیا بەرتیلدانی سیاسی و بەیعەتدانە بەو هیزانە تا مشتێک پارەیان پێبدەن و موچە و خانەنشینییان بۆ ببڕنەوە؟

لەم روانەگەوە دەلێم ئەو هەڵایەی چەند مانگ لەمەوبەر لەسەر هەڤاڵ ئەبوبەکر کرا لە رۆژنامەیەکی سەردەمی بەعس، کەوا لە یادێکی بەعسدا شیعرێکی نووسیبوو، ئەمە بەناپاکی لە قەڵەم درا، لێرەدا هیچ قسەم لەسەر ئەمە نییە و پاکانە بۆ ئەو کەسە ناکەم. باشە چ جیاوازیەک هەیە لەگەل ئەو نووسەرانەی ئەمرۆ کە خۆیان بە کەسانی سەربەخۆ لە قەلەم دەدەن، بۆ خۆیان دەچن لە مێدیا حیزبی و سیبەرەکانیاندا بۆ پارە و بەرتیلدانی سیاسی دەنووسن؟ ئەگەر زۆر کەس لە رابردوودا ئەمەی کردبێت، دەبوو لە دوای ١٧ شوباتەوە، هەموو نووسەر و روناکبیرەکان بە ئاگا بهاتبانایەوە و بایکۆتی هەموو راگەیاندن و مێدیاکانی پارتیی و یەکێتییان بکردایە! دەبوو دوای ئاشکرابوونی ئەو هەموو تاڵانی و تیرۆر و خیانەتی نەتەوەییانە، بەدوایاندا ئەم رووداوانەی کە داعش لە کوردستاندا خوڵقاندوویەتی، رۆشنبیری کورد هەڵوێستی وەربگرتایە و قۆناغی بایکۆتکردنی مێدیاکانی دەسەڵاتی دەست پێبکردایە؟

بەناو رۆشنبیرێک لە نمونەی بەختیار عەلی و دەیان نووسەری تر چۆن شەرم لە خۆیان ناکەن، ئەو دەسەڵاتەیان پێ فاشی و دیکتاتۆرە، کەچی لە مێدیایەکی سیبەری دەزگای ئەمنیی بابەت بڵادەکەنەوە؟ یان بە دەیان نووسەر دەچن لەمێدیا سیبەرەکانی یەکێتی و کەنالەکانیان لێدوان دەدەن و بابەتەکانیان بۆ ئەوێ دەنێرن، لەکاتێکدا ئەو مێدیا و مینبەرانە بەشدارن لە تیرۆرکردنی شەهیدانی قەڵەم و دەنگە ئازادەکانی ١٧ شوبات؟ ئەو مێدیایانە هەوڵی سڕینەوەی تاوانی ئەو پیاوکوژ و چەتانە دەدەن؟ ئایا ئەمە سوکایەتی نییە بە کاوە و سەردەشت و سوران و رەئوف کامیل و نەزیر عومەر و رێناس و دەیان نووسەر و رووناکبیری تر؟

چۆن رووتان دێت نووسین بۆ سایتێکی سەر بە دەسەڵات دەنێریت، یان لێداوان چاوپێکەوتن لە کەناڵی وەک رووداو دەکەن، لە کاتێکدا دەزانیت بە هۆی پارتییەوە کوردی شەنگال چی لێبەسەر هات؟! چۆن رووت دێت لەسەر داعش و هەموو ئەو تاوانانە قسە دەکەیت، لەو لاشەوە دەست و موچت لەگەڵ پارتیی و یەکێتییدا گەرم دەکەیتەوە؟ چۆن رووت دێت دوو سێ موچە و خانەنشینی و پارەیان لێوەردەگریت، لەولاشەوە دەبینیت مامۆستایەک سێ مانگە موچەی پێنادرێت، ناچار کەلوپەلی ناوماڵی خۆی دەفرۆشت و تۆش های لایف دەژیت؟

دواین نووسەر کە بۆ من بووە جیگای پرسیار (کامیار سابیر)ە، کە لەم رۆژانەدا بابەتێکی لە (چاودێر)ەکەی مەلا بەختیار نووسیوە، ئەمە لەکاتێکدا و ساڵانی رابردوو بۆ خۆی رەخنەی زۆری لە دەسەڵات و لە حیزبەکان دەگرت،  ئیستا لە چاودێرەکەی مەلا بەختیاری یەکێتییدا، رەخنە لە گۆڕان دەگرێت، ئایا جوانتر نەبوو ئەو رەخنەیەی لە سایت و لە راگەیاندنێکی بێلایەن و نیوتڕاڵدا بڵاوبکردایەتەوە، بۆ نمونە من ناچم لە راگەیاندێکی سەر بەپارتی رەخنە لە یەکێتی بگرم، ناچم لە سایتێکی یەکێتییدا رەخنە لە بنەماڵەی بارزانی بگرم، ناچم لە سایتی سبەی رەخنە لە ئیسلامییەکان بگرم، کەسی بێلایەن، دەبێت لە شوێنی بێلایەندا بنووسێت، هەڵوێست لە سەر هەموو راگەیاندنەکانی دەسەلات وەربگرێت، بەلای سێبەرەکانیشیاندا نەچێت! کاتێک ئەمە دەکەیت مانای وایە تۆ گێڕت گۆڕیوە و پشتت کردۆتە گەلەکەی خۆت، ئەم گێڕگۆڕینە پاساوی نییە،! هەموو گومانەکان جێگای خۆیەتی و ئەو رەخنانەی کە لە سایت و راگەیانەنێکی حیزبییەکانەوە ئەمانە دەیگرن، کێشی ئەوەندە قورس نابێت، تا دڵیان بەوە خۆش بکەن، گوایە رەخنەی جدیان گرتووە و هەڵوێستیان هەبووە! ئەوانەی کە لە رابردووشدا کردووتانە هەموو یدەکەونە ژێر پرسیارەوە، کامیار سابیر بۆ خۆی جوانتر بوو نەچێت لەو مێدییا حیزبیی و سیبەرانەدا بنووسێت، چاودێر هی بەرپرسیكی باڵای هێزێکی دەسەڵاتە، چاوی یەکێتیی و مەلا بەختیاری لەسەرە، تاوانەکانی دەسەڵات چاودێریش دەگەرێتەوە. چاودێر واتە موراقەبە و سیخوریی، من ئەگەر رۆژێک ببینم نووسینێکم لە کوردستانپۆست، یان لە پەیجەکەی خۆم لە فەیس بوکدا، بڵاوکردۆتەوە و راگەیاندێکی ئەم دەسەڵاتە، تەنانەت میدیای ئەهلیش، نووسینێکم بەرن، ئەوا یەکسەر ناڕەزایی دەردەبڕم و روونکردنەوەی لەسەر دەنووسم، ئەوەی کامیار سابیر کردی هاوشێوەی هەڤال ئەبوبکر و بەختیار عەلییە.
http://www.chawdernews.com/Drejey-wtar.aspx?Jimare=4222

بەکورتی لێرەدا بیبڕمەوە قەیرانی ئێمە وشە و شیعر و پەخشانی جوان نییە، ئەگەر بەو پێوەرە بێت شڤان لە هونەردا، ئەنوەر قەرەداخی لە موسیقادا، حەمەسەعید لە ساتیرە شیعر، مەهاباد قەراغی لە فیمینیستییدا کە لە ماناکەشی نەگەیشتبوو، دەیان و سەدانی تر لە بوارەکانی خۆیاندا ناوێکیان هەبوو، بەڵام قەیرانی ئەمرۆی زۆرینەی ڕۆشنبیرانی کورد نەبوونی راستگۆییە لەگەڵ خۆیان و وشە و خەڵکدا، ئەوانە دەبێت پێش بەهرەکانیان، خاوەنی موراڵ بن، راستگۆییانە وێنەیەکی جوان پیشانی کۆمەڵگا بدەن، کەسی بە موڕاڵ خاوەنی قوربانییە، کەسانێک قوربانی دەدەن، ئەوانەن موڕاڵیان رێگایان پێنادات خیانەت بکەن، خیانەت دیوی زۆرە، ئەو دیوەی کە دەسەڵات خیانەتی تێدا دەکات، هەر ئەو دیوەیە کە نووسەر و روناکبیران خیانەتی پێدەکەن، بۆیە زۆر جار دەبینین دەسەڵات و رووناکبیرانی کورد موو بە نێوانیاندا ناچێت و خۆیان لە یەک خانەدا دەبینەوە، نووسەر و رووناکبیری راستەقینەش کەسی نەدۆڕاوە و خاوەنی خۆیەتی، نەک ئەوانەی خاوەنی کتێب، رۆمان، نووسینی زۆر و گیرفانی پڕ لە دۆلارن.

بەشێک لەو نووسەرانەی لە مێدیای سێبەر دەنووسن:


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)