لە پێناوی هێنانەدیی قانوونی مافنامەی کوردستانیی دا

Monday, 06/04/2015, 13:35

4653 بینراوە


بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد و خاکەکەی و زمانەکەی و فەرهەنگەکەی ژ ئەتککردن و لەنێوبران سروودی "ئەی رەقیب" و چەند بیروباوەڕێکی نەزۆکانە و گومانلێکراو، وەک نمونە

1. چەند وشەیەک بۆ چوونە نێو باسەکە
لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهانییدا، رەزاخانی شای ئێران دەرودەروازەی ئێرانی بە رووی ئەڵمانیای هێتلەرییدا خستبووە سەر گازەرای پشت و، نازییەکان لە ئێراندا زۆر دەستیان دەڕۆی. ئەمە ترسی نایە دڵی هاوپەیمانانی دژ بە ئەڵمانیاوە، بەتایبەتیی بەریتانیا و سۆڤێت. پاش ئەوەی رەزاشا گوێی نەدایە ئەو هۆشیارکردنەوەیەی کە نێردرابوو بۆی، لەشکری بەریتانیا خوارووی ئێران و، لەشکری سۆڤێت ئازربایجانی ئێرانی داگیرکرد. رەزاشا ناچارکرا دەست لە کاربکێشێتەوە، محەمەد رەزای کوڕی، لەلایەن هاوپەیمانانی داگیرکەری ئێرانەوە بە خشکەیی خرایە سەر تەخت و، خۆشی رەوانەی شاری یۆهانس بورگی باشووری ئەفریکا کرا و ، لەوێ بە دەستبەسەریی مایەوە تا رۆژی مردنی.
هەرچەندە لەشکری سۆڤێت رۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرنەکردبوو، بەڵام حیزبی"ژێ-کاف" (JEE-KAF) (ژیانەوەی کورد) کە ماوەیەک بوو بە دزییەوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان کاریدەکرد، کەوتە خۆی و، قازی محەممەدی کرد بە سەرۆکی "ژی-کاف". هەر لەو ماوەیەدا و بە هاندانی کاربەدەستانی سۆڤێت، ژمارەیەکی زۆر لە ترکییزمانەکانی خەڵکی تەورێز و، لە پێش هەموویانەوە جافەری پیشڕەویی، کە تا ئەو کاتە لە حیزبی توودەی ئێراندا بوون و ، ئازربایجانیان بە "بەشێکی جیانەکراو لە ئێران" دادەنا، چوونە تەورێز و حیزبێکیان دروستکرد بە نێوی "فیرقەی دێمۆکراتی ئازربایجان"ەوە و، "کۆماری ئازربایجان"یان دامەزراند و، چاویان بڕیە کوردستان کە بیکەن بە بەشێک لە کۆمارەکەیان.
پێشەوای کورد قازی محەممەد، لە لایەکەوە هەستی بە مەترسییی فراوانخوازییی ترکییزمانەکان دەکرد، کە لەلایەن کاربەدەستانی ئازربایجانی سۆڤێتەوە، بەتایبەتیی جافەری باقرۆڤ، پشتگیریی دەکران و، لەلایەکی دیکەوە، دەرفەتێکی بۆ کورد بەدیی دەکرد، کە نەیدەویست لە دەستی بدا. پێشەوا، بە زیرەکیی و خۆنەفرۆشیی و پێداگریی لە سەر مافی رەوای کورد، سەرەڕای بەرهەڵستیی ئازەرییەکانی سۆڤێت کە دەسەڵاتداربوون لە لەشکری داگیرکەری سۆڤێت دا، توانی لە دووی رێبەندان، واتە لە ٢٢/١/١٩٤٦ و، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا کۆماری کوردستان داخۆیانیی بکا.
کۆماری کوردستان کە هەموو تەمەنی ساڵێکی تەواو نەبوو، زمانی کوردیی کردە زمانی خوێندن و زمانی کاروباری رێسمی (رەسمی) لە جیاتی فارسیی. ئاڵای کوردستانی کردە ئاڵای کۆمار لە جیاتی ئاڵای فارس. ((شایانی باسە، ئەم ئاڵایە پێش دامەزراندنی کۆمار هەبوو)). سرودی "ئەی رەقیب"ی کردە سروودی کۆمار لە جیاتیی سروودی شای ئێران. ئەم سروودە ("سروودی ئەی رەقیب") لەلایەن رەوانشاد یۆنس رەئوفی کۆیی‌یەوە کە نازنێوی "دڵدار"ەو، بە "پارێزەری هەژاران" نێوی رۆیبوو، هۆنرابووەوە.
ساڵی ١٩٤٦ ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ساڵی رووخانیشی بوو، ئەز ئەو کاتە قوتابیی قوتابخانەی نێوەندیی سلێمانی بووم. قوتابخانەی نێوەندییی (سێ ساڵ) و دوانێوەندیی (دوو ساڵ) لە یەک خانوودا بوون لە گەڕەکی مەڵکەندیی. بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان مامۆستا وەدیع فەتحوڵڵا میرزا بوو، کە دیانێکی خەڵکی جزیرە و بۆتان بوو، بەڵام لە مووسڵ گەورە بووبوو. کوردییی باکووری بە باشیی دەزانی و مرۆڤێکی کوردپەروەر و کارگێڕێکی خاوەن کەسایەتیی بوو. بێجگە لە بەڕێوەبەر و چەند مامۆستایەک کە کورد بوون، ئەوانی دیی هەموو ئارەب و، زمانی خوێندنیش، بە پێچەوانەوەی قوتابخانەی سەرەتاییەوە، ئارەبیی بوو. تەنانەت مامۆستا کوردەکانیش، دەبوو بە ئارەبیی وانەکان بڵێنەوە.
ئەو ساڵە، چ لە نێو قوتابخانە و، چ لە دەرەوەی قوتابخانە، باس هەر باسی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد بوو. ئازربایجانیش جاروبار نێوی دەبرا، بەڵام وەک "ئازرباینجان". دێڕی یەکەمی سروودی "ئەی رەقیب": "کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان" بەسەردەمی خەڵکەوە بوو. چەند جار لە سەر شەقامی گشتیی (نێوان ماڵی متەسەریف و سەرای سلێمانیی) خۆپیشاندانی گەورە گەورە سازدەکران بۆ پشتگیرییی کۆماری کوردستان. هەر لە کۆماری کوردستاندا چەند رۆژنامە و گۆڤارێک بە کوردیی بڵاوکرانەوە، لەوانە رۆژنامەی "کوردستان". ئەمانە دەنێردران بۆ سلێمانی و، نیوە ئاشکرا و نیوەی نهێنیی دەفرۆشران.
زۆر بە داخەوە، لە ئەنجامی کەینوبەینێکی نێو نەتەوەییەوە، کە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا و سۆڤیەت و داگیرکەرانی ئێران و ئێراق و ترک و هێندەک لە دەرەبەگەکانی کوردستانیش، تێێدا بەشداربوون، رۆژهەڵاتی کوردستان سەرلەنوێ لەلایەن داگیرکەرانی فارسەوە، داگیرکرایەوە. کۆماری کوردستان رووخێنرا و، ملی قازی محەممەد لە ٣٠/٣/١٩٤٧دا کرا بە پەتدا.
دیارە مەبەستم لەم پێشەکییە ئەوە نییە بە دوور و درێژیی باسی کۆماری کوردستان بکەم. ئەو باسەم لە پەرتۆکی "گۆڤاری نیشتیمان-تەموزی ١٩٤٣-مایسی ١٩٤٤زمانحاڵی کۆمەڵەی "ژێکاف"و ئیدۆلۆژیی هوردە بۆرژوای رۆشنبیری ناسیۆنالیست لە کوردستاندا"، خستۆتە بەرچاو، چاپی یەکەم (بە کوردیی و ئەڵمانیی، سوید ١٩٨٥)، چاپی دووەم (تەنێ بە کوردیی) هەولێر ٢٠١٠.
ئەوانەی ئارەزووی خوێندنەوەی درێژەی باسەکەیان هەیە، دەتوانن تەماشایەکی ئەو پەرتۆکە بکەن.

2. ئەز کەینێ و چۆن بۆ یەکەمجار ئەم سروودەم گوێ لێبوو؟
رووخانی کۆماری کوردستان کارەساتێکی گەورە بوو لە مێژووی نەتەوەی کورددا. رژێمی ئێران بە نوێنەرێتیی سەرۆکڤەژێران "قەوامولسەلتەنە (قوام السلطنة)" توانی بە بەڵێنی پێدانی مافی گەڕان بە دوای نەوتی باکووری ئێراندا بە سۆڤێت، ستالین بخەڵەتێنێ و، لەشکری سۆڤێت لە ئێراندا نەهێڵێ. ستالین بە بۆنەی هەڵبژاردنی پارلەمانەوە لە ئێراندا فەرمانی دا بەجافەری پیشوەریی و هاوکارەکانی کە بەربەرەکانی لەشکری ئێران نەکەن. ئەوجا لەشکری ئێران کشا بەسەر تەورێزدا بە بیانووی پاراستنی سەربەستیی هەڵبژاردنی پارلەمانەوە و حکوومەتەکەی پیشەوەریی رووخاند. پاش ئەوە، رووخانی کۆماری کوردستان بۆ لەشکری ئێران گران نەبوو. (سەرنج: بۆ زانیارییی پتر لەم بارەیەوە، تەماشای سەرچاوەی سەرەوە: گۆڤاری نیشتمان، تەمووزیی ١٩٤٣ – مایس ١٩٤٤ .. هتد بکرێ، بەتایبەتیی بەشە ئەڵمانییەکەی، کە ماڵپەڕی "کوردبوون" چاپیکردووەتەوە) شایەنی باسە، بەر لەوەی لەشکری ئێران بگاتە تەورێز، خەڵکی تەورێز لە حکوومەتەکەی کۆماری ئازربایجان راپەڕین و بە هەزاران کەسیان کوشت، چۆنکە حکوومەتی ئازربایجان، بە پێچەوانەی حکوومەتی کۆماری کوردستانەوە، بە توند و تێژییەکی زۆرەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ خەڵکەکە کردبوو. لە ئەنجامی ئەمەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ترکییزمانە ئازەرییەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی لە حکوومەتەکیاندا چالاک بوون هەڵاتن بۆ سۆڤێت و ، لە نێو ئەمانەشدا چەند کوردێک هەبوون. چەند کوردێکی دیکەش هەبوون، کە کۆماری کوردستان ناردبوونی بۆ خوێندن لە سۆڤێت و ، پاش رووخانی کۆمار، لەوێ مابوونەوە.
پاش ئەوەی پارلەمانی ئێران مافی گەڕانی بە دوای نەوتدا لە باکووری ئێران بە سۆڤێت نەدا، ئەوجا ستالین هەستی بە هەڵخەڵەتاوییی خۆی کرد. بۆ تۆڵەسەندنەوە لە رژێمی ئێران، پرۆگرامێکی رادیۆییی نهێنیی بۆ ئازەرییە راکردووەکان دامەزراند. ئەم رادیۆیە بە نێوی "وێستگەی رادیۆی فیرقەی دێمۆکراتی ئازربایجان"ەوە؛ رۆژانە بە سێ زمان گۆتارەکانی خۆی بڵاودەکردەوە. لە پێشەوە بە فارسیی، ئەوجا بە ترکیی ئازەریی، پاشان بە کوردیی، ماوەی هەر یەکێک لەم زمانانە نیو دەمژێربوو. کورت و کرمانجیی، باسەکانی هەموو پروپاگەندە بوون بۆ رژێمی سۆڤێت و ستالین و دژ بە حکوومەتی ئێران. بەشە کوردییەکەی بە سروودی "ئەی رەقیب" دەستیپێدەکرد. ئەز لەوە پێش ئەم سروودەم نەبیستبوو، بەڵام زۆر بە جۆش و هەستبزوێن دەهاتە بەر گوێم. رۆژێکیان یەکێک پرسیاری لە کارمەندانی بەشی کوردییی وێستگەی رادیۆکە کردبوو، گوتبووی "ئەو گۆرانییەی کە لەگەڵ کردنەوەی رادیۆکەتان دەستپێدەکات چێ‌یە؟" لە وەرامدا بێژەرەکە گوتی:"ئەوە سروودی 'ئەی رەقیبە' کە سروودی کۆماری کوردستان بوو... ئەگەر حەز بە نووسینەوەی دەکەن، پێنووس و کاخەز ئامادە بکەن، پاش تەواوبوونی دەنگوباسەکان، لەسەرخۆ دەیخوێنمەوە بۆتان و، ئێوەش بینووسنەوە". منیش نووسیمەوە و لەبەرمکرد. شایانی باسە ئەم رادیۆیە تا ساڵی ١٩٥٣ لە کاردا بوو. پاش مردنی ستالین هەر لەو ساڵەدا وەستێندرا.

3. ئەم سروودە کەینێ هۆنراوەتەوە؟
ئەز نازانم یۆنس رەئووف (دڵداری کۆیی) کەینێ ئەم سروودەی هۆنیوەتەوە. هێندەک دەبێژن کە لە بەندیخانەدا بووە گوتوویەتی. هێندەک دەبێژن، کاتێک کۆماری کوردستان دامەزراوە گوتوویەتی، هێندەکی دیی دەبێژن بە بۆنەی رووخانی کۆمارەوە گوتوویەتی. بەڵام ئەز وەکو پێشتر ئاماژەم پێی دا، ئەو سروودە پێش دامەزراندنی کۆمار و لە سەروبەندی چالاکییی "ژێکاف"دا گوتراوە راستییەکەی، ناکرێ بگوترێ بەبۆنەی رووخانی کۆمارەوە گوترابێ، چۆنکە ئەم سروودە کرا بە سروودی کۆماری کوردستان. ئەوەتا پاش رووخانی کۆماریش لە بەشی کوردیی رادیۆی "فیرقەی دێمۆکراتی ئازربایجان"دا دەستڕێندرا وەک سروودی کۆماری کوردستان.
ئەز نازانم ئەو کاتەی کۆماری کوردستان دامەزرا، دڵدار لە زینداندا بووبێ یان نا و، ئەم هۆنراوەیەی لە زینداندا نووسیبێ. بەڵام پتر بۆ ئەوە دەچم کە بەبۆنەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە گوترابێ، چونکە باسی ئاڵای کوردستان دەکا و دەبێژێ: "کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە – زیندووە، قەت نانەوێ ئاڵاکەمان". شۆڕش‌گێڕانی کورد، ئەو ئاڵایەیان لە ساڵی ١٩٢٧ەوە – تا ١٩٣٠ لەسەر چیای ئاگریی هەڵکرد، کە ئەوانیش لەوێ کۆماری کوردستانیان داخۆیانی کردبوو، بەڵام لە گەلەکۆمەیەکی نێوان ئێران و ترکیا و سۆڤێت و فەڕەنسا و بەریتانیادا؛ شۆڕشی ئاگریی شکستی هێنا. لێرەدا، دەبێ دڵدار ئاماژەی بۆ ئەوە کردبێت، کە دژبەران و ناحەزان وانەزانن، ئاڵاکەی کورد نەوی‌وە، ئەوەتا کۆماری کوردستان دامەزراوەتەوە و ، ئاڵاکەی هەڵکردووەتەوە.

4. ئەم سروودە کێ ئاوازەکەی بۆ داناوە!
تا ئیستا سەبارەت بە ئاوازی ئەم سروودە، باس نەکراوە، یان کەم قسەی لەسەرکراوە، ئەوانەی کە قسەی لەسەر دەکەن، هەموویان ئاماژە بە شێخ حسێن بەرزنجی دەدەن، کە ئەو ئاوازەکەی داناوە، کەمال جەمال موختار لەو بارەیەوە ئەمەی گێڕایەوە بۆم، کە لە رێگای پەیوەندییکردنی بە بنەماڵەی شێخ حسین بەرزنجییەوە، دەگێڕنەوە کە دڵدار هاوڕێ و ناسیاوی مارف بەرزنجیی و حسێن بەرزنجی برای بووە، شێخ حسێن سیاسیی و دەنگیشی خۆش بووە، ساڵی ١٩٤٢ - ١٩٤٣، دڵدار دەچێتە کەرکوک بۆ سەردانیان و باسی ئەوەیان بۆ دەکات کە هۆنراوەیەکی وای داناوە، کاتێک بۆیان دەخوێنێتەوە، شێخ حسێن هۆنراوەکەی لێوەردەگرێت، هەر بەدەم رێگاوە ئەو ئاوازەی بۆ دادەنێت. ئێدی ئەم سروودە دەماودەم بە دزییەوە لەمانەوە بڵاودەبێتەوە و سێ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، دەبێتە سروودی نەتەوەیی و سروودی کۆماری کوردستان.

5. وشەکانی هۆنراوەی "ئەی رەقیب"
(١)- رەقیب کە بە وشەیەکی ئارەبیی دەدرێتە قەڵەم و، ئارەبەکان بۆ چاودێر بەکاری دەبەن (سەرنجی وشەی "رقابة" بدەن کە بە مانای "چاودێریی" و "چاوپێداگرتن"ە. فارسەکان بۆ "ناحەز" و "بەربەرەکانیکەر" بەکاری دەبەن. ئەم وشەیە؛ نە ئارەبییە و نە فارسیی، بەڵکو وشەیەکی کوردییی چەکوشکارییکراوە. وشەکە لە وشەی "رق"ەوە هاتووە کە "رق" و "رک" یەک بنچینەیان هەیە. وشەی "رەقیب"، "رقێو"ی کوردییە، واتە، کەسێک کە رقدار و رقلەدڵ بێ. پاشکۆی " –ێو eew (êw) کە کورتەی " خێو xêw / xeew "ە لە زمانی کوردییدا نیشانەی خاوەنێتیی شتێکە. "خاوەن" بە کوردیی "خێو"ە، سەرنجی وشەی "بزێو bzêw" (bz-êw) بدەن، واتە "خاوەن بزووتنەوە"، "بزووتنەوەدار". رقێو، خاوەن رق.
زمانی ئارەبیی دەنگی و / ڤ (w/v) لە هێندەک وشەدا دەکا بە (ب/b)، وەک ئەوەی ئاڤێستا (avêsta)ی کردووە بە "ئابستاق abstaq". "سەراو seraw"ی کردووە بە "سراب"، "رقێو"یشی کردووە بە "رەقیب". شایەنی باسە، وشەی خێوxêw لەخودێ‌ وەند xudê-wend ەوە بووە بە خودێو xudêw ئەوجا بەخدێو xdêw، پاشان بە خێو xêw. (سەرنج: خدێو، نازنێوی بنەماڵەی پاشاکانی میسر بوو، کە بنەماڵەیەکی بە رەچەڵەک کوردبوون).

(٢)- نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان
"دانە" لێرەدا بە مانای "گوللە"دێ. "دانەی تۆپ" واتە "گوللەی تۆپ"، "دانەی تۆپی زەمان" واتە: " گوللە تۆپی زەمانە و رۆژگار و چەرخ و دەوران"، واتە: دەستوەشاندن و کارەساتی زەمان نایشکێنێ و، هەروەک خۆی دەمێنێتەوە.
هێندەک کەس، "دانەی تۆپ" بە "دانەری تۆپ" دەدەنە قەڵەم، ئەوە، یان لە هەڵە و نەزانینیەوەیە، یان بە مەبەستی خراپەکاریی و تێکدانی هۆنراوەکە وای لێدەکەن.

(٣)- ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
هێندەک کەس، کەیخوسرەو و مادەکان بە کورد نازانن. کورد نەک تەنێ رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەون، بەڵکو رۆڵەی هەموو ئەو فەرهەنگ و گەلانەن کە لە کوردستاندا سەریان هەڵداوە، یان تێیدا ژیاون، وەک میتراییەکان، مەزداییەکان، هەتیتەکان، سۆمەرییەکان، میتانییەکان، پارتەکان، ساسانییەکان و هتد.

(٤)- دینمانە، ئاینمانە نیشتیمان
ئەمەیان بووە بە بەڵگەی ئیسلامچییەکان بۆ دژایەتییکردنی سروودی "ئەی رەقیب"، کە ئەوانە هەر دژایەتیی سروودی ئەی رەقیب و ئاڵای کوردستان ناکەن، بەڵکو هەر لە بنچینەوە دژایەتیی هەموو شتێک دەکەن کە لەگەڵ بیروباوەڕی وان لە سەتدا سەت کۆک نەبێ.
رەنگە دژایەتییکردنی هێندەک لەمانە، لە نەزانین و گوێڕایەڵکردنێکی کوێرانە بێ بۆ قسەی سەرکردەکانیان، ئەگەرنا وشەی ئاین لە کوردییدا بە مانای رێکار و بەرنامە و رێباز و هتد.. بەکار دەبرێ.
وشەی "دین" وشەیەکی ئارەبیی نییە، بەڵکو کوردیییەکی کۆنە. وشەی "دین" لە "دیوان"ەوە دێ. "دیوان" ئەو شوێنە بووە کە ئەگەر خەڵک لەسەر کارێک، یان شتێک لەگەڵ یەک ناکۆکییان هەبووایە، دەچوونە ئەو شوێنە بۆ رێکخستنیان لەگەڵ یەک. ئەم "دیوان"ە لەسەردەمی ساسانییەکاندا هەبووە. وشەکە کەوتووەتە زمانی ئارەبییەوە. ئەوەتا وشەی "دین" لە قورئاندا هەیە بەمانای "دادگە" (محکمة). سوورەتی "فاتیحە" کە بەیەکەمین سوورەتی قورئان دادەنرێ، خوا بە "خاوەنی رۆژی دادگەییکردن" (مالک یوم الدین) نێو دەبا، واتە خاوەنی رۆژی دادگەییکردن و لێپرسینەوە، مەبەست رۆژی "پەسلان" (قیامەت)ە. لە زمانی کوردییدا بۆ "دین" وشەی کێش هەیە.
وشەی "ئاین" گەلێک مانای هەیە، ئەوەش وشەیەکی کوردییە، کە بە مانای "باوەڕ"، "رێباز"، یان "رەوشی" کارکردن" و ... هتد دێ، وەک لەسەرەوەش ئاماژەکرا بۆی.
پیرەمێرد (١٨٦٧ – ١٩/٦/١٩٥٠) لە هەڵبەستێکدا گوتوویەتی:
"جوولەکە شەمووی هاتبوو بە سەردا،
موسڵمان ئاگری لە ریشی بەردا.
گاور جگەرەی پێ داگیرساند.
شیعە بە کێردە کولە دەیترساند.
رەسم و ئاینی زەمانە وایە، لە رۆژی رەشدا کێ بە وەفایە".
"رەسم" کە لێرەدا بۆ یەکەمجار بنچینەکەی باسدەکرێ، وشەیەکی کوردیی تەواو کوردییە.
"رەسم" لە "رێ-ئاسا-مەند" "Rê-asa-mend"ەوە دێ "رێ-ئاسا" بووە بە "رێسا"
رێسامەند/رێساوەند، واتە شتێک، یان کارێک، کە پەیوەندیی بە "رێسا"وە هەیە.
"رەسم" (رسم) کە لە زمانی ئارەبییدا، بەکاردەهێنرێ، بەو پارەیە دەگوترێ کە بە پێی رێسایەک (قانوونێک) دەبێ بدرێ، وەک کرێیەک بۆ تەواوکردنی هێندەک کاروبار لە فەرمانگەیەکدا.
سەرنجی وشەی "رسوومات (رسومات)" بدەن کە گەل (جمع)ی "رسم"ە.
"رەسم" (رسم) لە ئارەبییدا بە مانایەکی ئاینییش دێ کە وشەیەکی دیکەش بۆ ئەمە هەیە (طقس/طقوس). شایانی باسە، لە زمانە ئەوروپاییەکاندا وشەی Ritual, Ritmus, Ritus هەن بۆ "رێسا" و "رەسم". کە وشەی "رەسم"ی کوردیی و ریتموس (ریتم)ی ئەوروپایی، یەک بنچینەیان هەیە.
"زەمان" وشەیەکی کوردییی کۆنە. "زەمان zem-an" گەل (جمع)ی وشەی "زەمZem "ە. "زەم" شێوەیەکی کۆنی وشەی (دەمdem )ە کە مانای "کات"ە. دەنگی (زZ ) کۆنترە لە دەنگی (د d )، سەرنجی وشەی زاوا Zawa و داماد damad ، زەریا zerya و دەریا derya ، زانا zana و دانا dana بدەن.

(٥)- "لاوی کورد هەستایە سەرپێ وەک دلێر، سا بە خوێن نەخشی دەکا تاجی ژیان"
"ئێمە رۆڵەی رەنگی سۆر و شۆڕشین، سەیریکە خوێناوییە رابردوومان".
"لاوی کوردیی حازر و ئامادەیە، گیان فیدانە، گیان فیدانە، گیان فیدان".
نەتەوەی کورد لە سەرەتای مێژووییەوە، بە هۆی شوێنی جوگرافیایی و دەوڵەمەندییی خاکەکەیەوە، نەک هەر تەنێ تووشی پەلاماردانی دەرودراوسێکانی بووە، بەڵکو گەلانی دووردەستیش لەشکریان کێشاوەتە وڵاتەکەیەوە. دیارە، نەک هەموو گەلێک، بەڵکو هەموو مرۆڤێکیش، مافی ئەوەی هەیە لەسەر ئازادیی و ژیان و مانی خۆی بێتە دەست و بەربەرەکانی بکا. دەستدرێژێک، داگیرکەرێک، شەڕفرۆشێک کە بیەوێ ژیان و مان و ئازادییت نەهێڵێ، ناچاردەمێنیت لەسەر خۆت بکەیتەوە، ئەگەرچی لەوەدوا خوێنت بڕێژێ. چۆنکە تۆ لە پێناوی ژیان و ئازادیی خۆتدا دەمریت، واتە دەمریت لە پێناوی ژیاندا، نەک دەژیت بۆ مردن. دیلی و سەرشۆڕیش هەر مردنن. هەر لەبەر ئەوەیە سروودەکە دەبێژێ، کە لاوی کورد هەستاوەتە سەرپێ دلێرانە دژ بە زۆرداریی و داگیرکاریی، تاجی ژیان دەپارێزێ بەو قوربانییەی کە دەیدا لە پێناوییدا. لێرەدا ژیان بە تاجێک دەداتە قەڵەم.
هەروەها سروودەکە باسی ئازایەتیی کورد دەکا لە پێناوی ژیان و ئازادییدا و، باسی رابردووی کورد دەکا کە بێدەنگ نەبووە بەرامبەر زۆرداریی و، شۆرشی کردووە دژ بە زۆرداران و باسی رەنگی سۆر دەکا کە نیشانەی کورد بووە لە رابردوودا، چۆنکە رەنگی سۆر رەنگی ئاگر و رۆناهیی بووە، کە کوردی کۆن خوای خۆر و رۆناهییان پەرستووە.
پیرەمێرد لە هەڵبەستی "وەفدی کوردستان، وەتەنفرۆشان"دا گوتوویەتی:
"کورد نابڕێتەوە، خەیاڵی خاوە،
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە.
کورد بۆیە رەنگی سووری خۆش دەوێ،
مژدەی ئازادی لێدەردەکەوێ".
("بەراتی نەجات" واتە: نرخ و مووچەی رزگاربوون)


6. سووکایەتییکردن بە سروودی نەتەوەییی کورد
گەلانی دەوڵەتدار و، تەنانەت هێندەک گەلانی بێ‌دەوڵەتیش، سروودی نەتەوەییی خۆیان هەیە، کە بە گۆڕینی سیستەمی دەوڵەتەکەش، سروودەکەیان وەک خۆی دەمێنێ. بۆ وێنە سروودی "ئەڵمانیا، ئەڵمانیا لەسەروو هەمووەوەیە"، پاش جەنگی دووەمی جیهانیی و ، داگیرکردنی ئەڵمانیا و، دووایی بوونیشی بە دوو دەوڵەت و، ئێستەش، ئەو سروودە هەرماوە. هێندەی باسەکە پێوەندیی بە کوردەوە هەیە، پاش ئەوەی کۆماری کوردستان ئەم سروودە نەتەوەییەی کرد بە سروودی کۆمار، زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەی کورد، ئەم سروودە بە سروودی نەتەوەییی خۆی دەزانێ و بۆ رێزگرتنی لە کۆبوونەوەکاندا، پێش دەستپێکردنی دەگوترێ و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە، ئەوانە نەبێ کە پێیان شکاوە، لەبەری هەڵدەستن و بەبێ دەنگیی دەمێننەوە تا تەواودەبێ، کە تەواوبوو چەپڵە لێدەدەن بۆی. بەڵام ئیسلامچییەکانی کوردستان، وەک داگیرکەرانی کوردستان، رێزی سروودەکە ناگرن و، تەنانەت ئەو ئیسلامچییانەی بوونەتە ئەندامی پارلەمانی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەی ئەندامەکانی دیکەوە، لە کاتی سروودەکەدا هەڵناستنە سەرپێ و، بەوە بە ئاشکرا خۆیان جیادەکەنەوە لە نەتەوەی کورد و سووکایەتیی بە نەتەوەی کورد دەکەن. پارلەمەنتارەکانی دیکەش، بەرامبەر بەو سووکایەتییە هیچ هەڵوێستێک نانوێنن، وەک نە بایان دیبێ و نەباران.
لێرەدا دەمەوێ بێژم بەوانەی بە نێوی "دین"و"ئاین"ەوە، بێ‌سڵەمینەوە، پەلاماری سروودی نەتەوەییی کورد دەدەن و سووکایەتیی دەکەن پێی، ئایا ئەوانە لە زانایەکی گەورەی وەک پێشەوای شەهید قازی محەممەد کە دادوەرێکی ئیسلامناس و سەری بچوایە نوێژی نەدەچوو، زاناتر و لە خواترسترن؟ ئایا ئەوانەی لە پارلەمانی کوردستاندا بۆ بێڕێزکردنی نەتەوەی کورد، بۆ سروودەکە هەڵناستنە سەرپێ و، بەو جۆرە سووکایەتیی بە پیرۆزییەکی نەتەوەی کورد دەکەن، ئەگەر سەرکردەیەکی رژێمی فارس، یان ترک، یان ئارەب بچێتە پارلەمان، با دەستیشی بە خوێنی کورد سۆر بووبێ، لەبەری هەڵناستن؟.

7. قانوونێک بۆ سروودی نەتەوەییی کورد و ئاڵای کوردستان و پاراستنی فەرهەنگ و نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان
بۆ پاراستنی ئەم پیرۆزمەندییانە قانوونێک پێویستە، کە رێزنەگرتنی سروودەکە و ئاڵاکە، وەک تاوانێک کە شێوای سزادان بێ، دەستنیشان بکا. هەروەها پاراستنی نەتەوەی کورد و زمانەکەی و فەرهەنگەکەی لە تواندنەوە و گەلکوژیی بخاتە قانوونەکەوە و سنووری کوردستان، ئەگەر هەمووشی نەبێ، ئەوا جارێ سنووری باشوور دەستنیشان بکا و، دەستهەڵگرتن لە هەر بەشێکی بە تاوان بداتە قەڵەم و، سزا دابنێ بۆی و کوردستان، وەک خاک و وڵاتی کورد، لە چوارچێوەی ئەو قانوونەدا بخاتە بەرچاو، لەگەڵ دابینکردنی مافی ئەو نەکوردانەی کە لە بنەڕەتەوە خەڵکی کوردستانن و، لەو هێندراوانە نین کە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان نیشتەجێ کراون.
- پێویستە قانوونەکە پێناسەیەک بۆ کوردستانێتی دابنێ، واتە رۆنی بکاتەوە کە کوردستانیی کێیە و بە کێ دەگوترێ کوردستانیی. هەرچەندە کوردستان جارێ نەبووە بە دەوڵەتێکی دانپێدانراو، بەڵام کوردستان وڵاتە و، پێویستە هاووڵاتانی کوردستان خاوەنی مافنامەی کوردستانێتیی بن. ئەوی ئەو مافنامەیەی نەبوو، یان میوانە، یان گەشتیارە، یان پەنابەرە، یان داگیرکەرە.
- هەموو کوردستانییەک و هەرکەسێک لە کوردستاندا ژیا، پێویستە زمانی کوردیی بزانێ. ئەگەر نەیزانی، دەبێ فێری بێ. هەر کوردێک لە کوردستاندا ژیا، دەبێ نێوی کوردیی لە منداڵەکانی بنێ، بەپێچەوانەوە نێوەکە تۆمار ناکرێ.
- هەموو کوردێک، سا سەر بە هەر ئاینێک بێ، پێویستە نزاکان و رێساکانی ئاینەکەی خۆی بە کوردیی بهێنێتە، زمان بەپێچەوانەوە، بەپێی قانوون سزا دەدرێ. ئەو کوردانەی خواپەرستن، دەبێ خوای خۆیان بە کوردیی بپەرستن. ئەو کوردستانییانەی کە کورد نیین، ئەم نزا و رێسایانە بە زمانی خۆیان دەردەبڕن.
- تابلۆی هەموو دوکان و قوتابخانە و کارگە و فەرمانگەکانی میریی، یان تایبەتیی، هەروەها چێشتخانە و نیشانەی ترۆمبێل و هۆتێل و کۆگا و گەرماو و باخ و شەقامەکان بە کوردیی دەنووسرێ، خۆ ئەگەر پێویستی کرد بە زمانێک، یان چەند زمانێکی دیکە بنووسرێ، ئەوا لە ژێر کوردییەکەدا و بە تیپی هوردتر دەنووسرێ.
- ئازادیی و یەکسانیی بۆ ژنان و پیاوانی کوردستان مافێکی بنچینەییی کۆمەڵگە دەبێ. لە هیچ روویەکەوە پیاو پتر لە ژن مافی نابێ. هیچ رێسا و رێوشت و فەرهەنگێک رێزی لێناگیرێ کە دژ بە ئازادیی و یەکسانیی بێ.
- هیچ حیزب و بنەماڵە و هۆز و نێوچەیەک، مافی ئەوەی نییە کۆمەڵە چەکدارێک دروست بکا لە جیاتی لەشکری کوردستان، لەشکری کوردستان لە هەموو خەڵکی کوردستان پێکدێ. هەموو کچ و کوڕێکی کورد، یان کوردستانیی، کە تەمەنی گەیشتبێتە (١٨) ساڵ، پێویستە لەسەری خزمەتی سەربازیی لە لەشکری کوردستاندا بەجێ بهێنێ.
- هەموو کوردێک، سەر بە هەر باوەڕ و نێوچەیەک بێ، یان هەر دەوڵەتنامەیەکی هەبێ، مافی ئەوەی هەیە لە کوردستاندا بژی. هیچ کوردێک بە میوان، یان پەنابەر دانانرێ، بەڵکو بە هاونیشتیمانیی.
- قانوونی مافنامەی کوردستانێتی، بەسەر هەموو کوردستانییەکدا بەکاردەبرێ، بێ‌گوێدانە جیاوازییی رەگەزیی و ئاینیی و بنەماڵەیی و هۆزیی و تیرەیی و نێر و مێیی.

تێبینی: هیوام وایە پارلەمانتارێکی هەرێم کە خۆی بە نوێنەری خەڵکی کوردستان دەزانێ، دەقی ئەم قانوونە بخاتە بەردەم ئەندامانی پارلەمان و داوای دەنگدان بکا لەسەری.
دەنگدان بۆ قانوونی مافنامەی کوردستانێتیی دەریدەخا کێ بە راستیی شایستەی ئەوەیە بە نوێنەری خەڵکی کوردستان بدرێتە قەڵەم.

------------------------------------
سەرنجی کوردستانپۆست: ویستمان لە دوای ئەم نووسینەی د. جەمال نەبەز، سروودەکە لێرەدا دابنێین، بە دوای ئاواز و دەقی هۆنراوەدا گەڕاین، بەداخەوە لە (یوتوب) چەندیین سروودی ئەی رەقیب دانراون، هیچ کام لەوانە ئاواز و دەقە رەسەنەکە نەبوون. ئەو هونەرمەند و مۆسیقاژەنێک، بە ئارەزووی خۆی و بەبێ هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مێژوو هۆنراوەکەیان کلک و گوێ کردووە، یان دەستکاریی مۆسیقاکەیان کردووە و گوتوویانە و تام و چێژی سروودەکەیان تێکداوە، لەوانە ئەنوەر قەرەداغی دەقی هۆنراوەکە (هەر ماوە قەومی کورد زمان)ی کردووە بە (هەر ماوە حوکمی زەمان)، یان حەمەی ماملێ (ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین)ی کردووە بە (ئێمە رۆڵەی کاوەی ئاسنگەرین). لە هەمووی خراپترین هەندێک لەو هونەرمەندانە ئەو بەشەی کە دەڵێ (دینمانە ئاینمان هەر نیشتیمان)، لە ترساندا، یان لە بەر خاتری ئیسلامچییەکان لایان بردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە