گاندی: (ئەگەر بوێریی ئەوەت نییە قسەی حەق بکەیت، چەپڵەش بۆ کەسانێک لێ مەدە کە قسەی ناحەق دەکەن)


ئێوەش تاوانبارن، بۆکسەکان بەکارمەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ!

Friday, 03.27.2015, 20:49

6088 بینراوە



لە بیستو پێنجی ئەو مانگە لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان، دوو پەرلەمنتاری پارتی دیموکرات بە بۆکس وەشاندن هێرش دەکەنە سەر پەرلەمانتارێکی پارتی گۆڕان. ئەو بابەتە لە میدیاکان خەریکە بەکاردەهێنرێت بۆ راکێشانی دەنگ و سۆزی زۆرینەی سادە لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوور. هەوڵدەدریت وەکو بابەتێکی سیاسیی گەرم زەق بکرێتەوە بۆ یاری کردن بە هەستی خەڵک، وەدەست هێنانی پێگەی جەماوری زیاتر و کۆکردنەوەی دەنگ و فرۆشتنی هەڵوێست.
بەو مەبەستە لە هەندێک نوسراودا کە ئاراستەی سەڕۆکی هەرێم کراوە، پەنجە بۆ هەندێک خاڵ دریژکراوە لە بوونی قەیران لە بواری جیاجیادا. ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە پارتەکانی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کاتێک بڕیاڕیاندا بەشدار بن لە دەستەڵات، هەوڵیاندا شەپۆڵی دەنگەنارەزاییەکان بە هێمنی بخزێنە ناو دەستەڵاتی بنەماڵەیی لە هەرێم، سەریان پێشۆربکەن بۆ سەرۆکێکی ماوە بەسەر چوو، زانیاریی تەواویان هەبوو لەسەر ناهەمواریی بارودۆخیی سیاسیی، ئاسایش، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەرێم. نەبوونی سەروەری داد، دادپەروەریی، پێشێل کردنی یاسا، دەستوری هەرێم، نامۆبوونی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتی.
یەکەم، قبوڵکردنی سەرۆکایەتی بارزانی، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکاییەتی هەرێم پرۆسەیەکیی یاسایی نەبوو ئەوەندەی پرۆسەیەکیی تەوافوقی سیاسیی بوو، بەو ماناییەی کە هەموو پارتە سیاسییە بەشداربووەکان بەرژەوەندیان پارێزراو بێت بەتایبەتی لە پشکی بەرکەوتوو لە پۆست و پارە. چاوەروان دەکرێت ئەو پرۆسەییە دووبارە بێتەوە سەڕۆک بۆ جاری سێهەمیش کاندید بکرێتەوە لە ئایندەییەکیی نزیک بۆ هەمان پۆست بە هەمان مەبەست. دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢.١٣، پەرلەمان لە دامەزراندنی کابینەی حکومەتی نوێ هیچ ئەندامێکی لاری لەوە نەبوو کە سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو قبوڵ بکات، سیستەمی بنەماڵەیی و خێزانی زیاتر گەشەپێبدات، ئەویش بە قبوڵکردنی نێچیر بارزانی و قوباد تاڵەبانی وەکو سەرۆک وەزیران و جێگر.
دوەم ، داعش و مەترسیەکانی، ئەو هێزە ئیسلامییە توند رەوە  لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە پارێزگای هەولێرو کەرکوک بوونیان هەبوو، ئەگەر هاتوو ئەو راستییە بۆ هەندێ خەڵک لە ئاستی شەقامی کوردیی نامۆ بووبێت، گومان لەوەدا نییە کە دەزگایی پارستن، ئاسایش، دژە تیڕۆر، هەواڵگری، سەرۆکی هەموو پارتە سیاسییە عیلمانی، ئیسلامییەکان، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، کوردەکانی ئەندام پەرلەمانی عیراق، هەموو دام و دەزگایی میدیایی سەر بە پارتەکان زانیاریان هەبوو کە بنکەی سەرکردایەتیی داعش لە گوندی حاجی عەلی نزیک بە شارۆچکەی مەخمور نیشەتجێ بوون، رۆژ بە رۆژ لە گەشەکردندابوون، شەوانیش ناوچەی قەراج و کەندێناوە لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندا بوو. دەستدرێژیان کرد بووە سەر چەند هاووڵاتییەکی بێ تاوان و سەریان بڕیبوون، حکومەتی هەرێم و هەموو ئەندام پەرلەمانەکان هەر خۆشیان نەکرد بوو بەخاوەنیان. دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەو راستییە باش دەزانن، ‌هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان شتێکی چاوەروان کراو بوو، بەڵام حکومەتی بنکە فرەوان و پەرلەمانەکەی هەوڵیاندەدا لە میللەتی بشارنەوە، هیچ ئامادەباشییەکی بۆ نەکرابوو، کە ئەمە هۆکارێکی ئیجگار گرنگ بوو لە سەرەتایی هێرشەکانی داعش بۆ ناوچەکانی موسڵ، شنەگاڵ و جەلەولا هێزە کوردیەکانی باشور ڕایان کردبوو.
سێهەم، پەیرەو نەکردنی پرنیسیپی سیستەمی دیموکراتی و پێشێلکردنی یاساوئازادیی تاکەکان دیاردەیەکی تازەو کتو پڕ نییە لە هەرێمدا نمونە، دۆسەیی پەلاماردان و هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەرانی لە بەردەرکی سەرایی سلێمانی، شەهید کردنی چەن گەنجێێک و منداڵێک لە ١٧ی شوباتدا. هەڵکوتانە سەر نوسەران و شەهید کردنی جەند رۆژنامەنوسێکی گەنج، سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە.
چوارەم، بوونی دووهێزی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی و پارتی.
پێنجەم، گوزەرانی میللەت، لە نێو کۆمەڵگای کوردی باشوردا وکو دیاردەیەک دەبینرا توژێک پەیدا ببوو وەکو زنجیرەیەکی گرێدراو بە لێپرسراوەکان، دەستڕۆیشتوەکانی ناو پارتەکان، هەموو سەرەداوەکانی بازرگانییەتی کردن بە نەوت بە رێگای بۆری و تەنکەری قاچاخ. دروستکرنی بازارگایی گەورەی وەکو مەکە مۆڵ، بازاری نیشتمان و بەدەیان بازارگەی تر. دابەشکردنی هەموو ئەرزە باشەکان، بەرزاییەکان، گردۆڵکەکان لە نیوان خۆیاندا. لەدەر ئەنجامدا ئەو تویژە کۆنتڕۆڵی تەواوی بازاری هەرێمی کرد، لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی بوو بە توێژێکی پارەداری دەسترۆیشتوو لە نێو حکومەت و کۆمەڵگای کوردی باشوور.  ئەو دیاردەییە کاردانەوەیی هەبوو لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک بەگشتی، هۆکارێکی گرنگ بوو لە سەرهەڵدانی چینێکی ئێجگار هەژار لە نێو کۆمەڵگا، قەیرانی بێکاری، بە حزبیکردنی دامو دەزگاکان، نەمانی پارە لە بانقەکاندا، بوونی بەسەدان کۆمپانیایی وەهمی، بندیوار، سەرنەگرتنی پرۆژەکان، دانانی خەڵکی ناشیاو لە پۆزشنی هەستیاری حکومی. بەحیزبی کردنی ئیدارەیی دام و دەزگا حکومیەکان. 
شەشەم، خانەنشینی بە ناهەق، بەهەزارن ژن و پیاو خانەنشین کرابوون بە پلەی باڵا لە ژێر ناوی پێشمەرگەی ئەیلول، پێشمەرگەی دێرین و ژنانی شاخ. بە سەدان کەس خانەنشین کرابوون بە پلەی باڵای حکومی وەکو وەزیری عیراقی و هەرێم، وەکیل وەزیر، مدیر عام و بەدەیان پلەی باڵایی تر. بەسەدان جاش و جاشولکە لە پۆزشینی هەستیاری حکومی و حزبی دامەزرابوون.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی بڕیاری بەشداری کردن لە حکومەتی بنکە فرەوان بدەن، شارەزاییان هەبوو لەسەر ئەو بارو دۆخە، ئینجاش رازی بوون بەشدار بن لە تەشکیل کردنی ئەو هەیکەلە کرمێ بووەی حکومەتی هەرێم، دەست بە دەمەقاڵی بکەن لەسەر وەدەستهێنانی پۆست و پارە.
 دوای بەشداری پارتی ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی بنکە فرەواندا، قەیرانەکان رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندندا بوون، بە تایبەتی  دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم نەیتوانی پارێزگاری لە ژیان و ماڵی خەڵک بکات، بەرەنگاری هێرشەکانی داعش بێتەوە لە شەنگاڵ، مەخمور و ناوچەکانی جەلاولا، کە بووە هۆی ئەوەی  بە هەزاران ئافرەت، منداڵ، پیر پەکەوتە لێیان قەوما. بە هەزاران کچ و ژنی کورد مەزات کران. یەک لە ئەندام پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی نەنواند، دەنگی هەڵنەبڕی، نامەیەێکی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بەو حکومەتە گەندەڵە نەکرد.
  تاوەکو ئەو سات و کاتە هەموو ئەندام پەرلەمانەکان بیانەوێت یان نەیانەوێت بەشێکی کاران لەو دەستەڵاتە، لێپرسراوەیی هەموو قەیرانەکان دەکەوێتە ئەستۆیان. نەبوونی هەڵوێستی راست لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و  پارتە بەشدار بووەکانی حکومەتی بنکە فرەوان، هۆکارێکی گرنگی بێهێز بوونی ئەو دەزگاییە، سروشتیە لە ژینگەیەکی سیاسیی لەو جۆرەدا ئەندامەکانیان لاواز ببیندرێن لەلایەن پارتی سەرۆک و بەر شەقیش بدرێن.