ساتێک لەگەڵ وێنەکانی شاخدا

Sunday, 18/08/2013, 12:00

2396 بینراوە


هاوڕێ هێژام : کاک حەمە غازی دیاریەکی جوانی لەگەڵ خۆی بۆ هێنابووم ، دیارییەک کە مێژوومان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەلبومی پێشمەرگە، خۆی ووتەنی "ساتێک لەگەڵ وێنەکانی شاخ " کە کتێبێکی ١٣٠ پەڕەیە و نووسینێکی سادە کە بەقەڵەمێکی ڕاستگۆ ئاماژە بە هۆی کۆکردنەوەی ئەم ئەلبومە دەکات، بۆ من جێگەی خۆشحاڵی بوو، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی کە دووسێ وێنەی منی تێدایە، بەڵکو بۆ ئەوەی کەئەمە پڕۆژەی دەزگایەکە و حیزبەکان دەبێت پێی هەڵبسن ، بەڵام کاتێک "حەمە غازی "کە دێت و بەکارێکی وا مەزن هەڵدەستێ و دەڵێ بۆ خاتری ماندووبوون و شەهیدەکان و نەفەوتاندنی ئەم کارەم کردوە ، ئەوە ئیتر دەبێتە جێگەی ڕێز و پێزانین . بۆ خۆی بیرکردنەوە لەو کتێبە کە تژیە لە وێنە ، کارێکی زۆر مەر دانە و جەوامێرانەیە، بەڵام دەبێت بەدیوێکی تریدا ئێمە بێین و قسە لەسەر کارەکە بکەین، چونکە هاوڕێم حەمە غازی ووتی ئەمە بەرگی تریشی بەدوادێت، بۆیە لام خۆشبوو قسە لەسەر کتێبەکە بکەم، بۆ ئەوەی من وەک بینەرێک لەو ئەلبومە و تێگەشتنم بۆی ڕەخنەی لێبگرم ، ئەمە بەو مانایە نا کە ئەم کارەم پێ کارێکی باش نەبێت .
وەک دەڵێن وێنە ساتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەوێنەکاندا رۆژ و مێژووەکە غایبە و کەسمان نازانین کەی وێنەکە گیراوە دیارە لە هەندێکیاندا  رۆژ و کاتەکە هەیە ، بەڵام شوێن غایب دەبێت ، لەهەندێکیاندا جێگە هەیە ، بەڵام بچوکی وێنەکان کەسەکانت لێ دەکەنە مەتەڵ، بۆیە گەر گونجا بۆ بەرگی دووی ئەم ئەلبومە و بەرگەکانی تری ، ئەوە وێنەکان گەورە بکرێن، بەتایبەتی ئەو وێنانەی کە کۆمەڵی پێشمەرگەن، پاشان ساڵەکان تێکەڵ و پێکەڵە و هەندێک ماون و هەندێکیان شەهید بوون ، بریا ساڵی شيهید بوونی و جێگەکەی دیاری بکرایە ئەو دەم ئەلبومەکە دەبوە مێژوو یان گێڕانەوەی مێژوو، لەڕاستیدا ئەم کارە سەرەتایەکی چاکە بەڵام ٥٠ساڵی تر کەس نازانێت ئەمانە کێبون ؟
من بۆ خۆم کتێبێکی "نیسی لێت" م لایە بەزمانی سوئیدی کە پیاوێکی سوئێدی بوەو بەکردار بەشدار بوە NISSE LTT
لە شەڕی پارتیزانەکانی ئیسپانیادا دژ بەفاشیزم، ئەو کەسێک بوە کە هەڵگری بیری ئەناسیست بوە ، لەکتێبەکەیدا کە تژیە لە وێنە بەڵام ئەو هاتوە باسی شوێن و کاتی وێنەکان دەکات بەیەک دوو دێڕ ، کاتێک من کتێبەکەم کڕی و خوێندمەوە و لەوێنەکانم ڕوانی هەستم بەنامۆ بوونی جێگەکان نەکرد وێنەکان وا ئامەژەیان پێدرابوو . کاتێک وێنە دەبێتە گێڕانەوەی ساتێک لەمێژوو ، دەبێت ئێمەش بە وریایەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین .


بەلای منەوە زۆر باشتر دەبوو  وێنەکان، یان ئەلبومەکە ساڵ بەساڵ جێگەی وێنەکان دیاری بکرایە، پاشان شەهیدەکان بەشیکی جودای وێنەکان بوایە لەگەڵ شوێن شێوەی شەهیدکردنیاندا . من نامەوێت لەوە زیاتر قسەبکەم لەسەر ئەم ئەلبومە، بەڵام دەستی ماندووی هاوڕێ خۆشەویستم دەگوشم و دەڵێم کارێکی جوامێرانەت کرد، چونکە کاتێک لەم ئەلبومە دەڕوانی دەزانی کێ بەڕاستی پێشمەرگە بووە ، ئەمڕۆ کارتەکان واتێکەڵ بوون و جوانی ناشرینی وا ئاوێزانی یەکتری بوون دەڵێی هەموومان کەوتوینەتە بەر ڕەحمەتی لافاو .
ماندوو نەبی و دەستخۆش هاوڕێم


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە