لە سەدا بیست وپێنجی بۆ وەزیری تەندروستى!

Tuesday, 17/03/2009, 12:00

1469 بینراوە


لە سەرەتای دەستبەكاربوونى وەزیرانی دوایین كابینەى حكومەتی هەرێمی كوردستان. بە تایبەتى پاش دەستنیشان كردنی دكتۆر زریان وەك وەزیری تەندروستى, هاوڵاتیان بە گشتی ودكتۆر وكارمەندانی تەندروستی بە تایبەتی چاوەروانی گۆڕانكاری بنەڕەتیان دەكرد لە بوارى سیستەمی بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەت وفەرمانگەكانی تەندروستی ونەخۆشخانە ودامەزراوە وبنكە تەندروستیەكان. بە هیواى دەستكەوتنی باشترین خزمەتگوزارى تەندروستى كە پێشكەش بكرێت بە هاوڵاتیان. چونكە دكتۆر زریان كاتی خۆی پێشمەرگە بوو وپاشان لە دەرەوەى وڵات ماوەیەكی زۆر ژیانی پیشەگەرى بردۆتە سەر.
زۆر جار لە كۆبوونەوە وبۆنەكاندا دكتۆر باسی لەوە دەكرد كەوا رۆژێك لە رۆژان وا دەكات ئەركی دابین كردنی دەرمان وپێداویستى پزیشكی بە هیچ شێوەیەك نەدرێت بە كۆمپانیا ناوخۆكان وڕاستەوخۆ بدرێت بە كۆمپانیا بیانیەكان, زۆر جار باسی لەوە دەكرد كە پەیوەندی هەیە لەگەڵ چەندین كۆمپانیای ئەوروپی وهەوڵ دەدات راستەوخۆ دەرمانیان لێ بكرێت وبە فڕۆكە دەرمانەكان بهێنێت بۆ كوردستان. بەڵام پاشان دەری دبڕی كەوا دەستی بەستراوەتەوە وناتوانێت ئەمە بكات چونكە ئەمە كارێكی یاسایی نیە, واتە بە پێی یاسا هەموو گرێبەستێك دەبێت لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆدا ئیمزا بكرێت بەڵام دەكرێت مەرجی ئەوەى لەسەر بسەپێنرێت كەوا بەرهەمەكان لە دەرەوەى وڵات لە بەرهەمهێنەری بەناوبانگ وباش بكردرێت ولە گرێبەستەكان ئاماژەیان بۆ بكرێت.
وا دیارە پاش ئەوەى چەند پەیوەندیەكی ژێر مێزی دكتۆر زریان لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆكاندا ئاشكرا بوو وباس لەوە دەكرا كەوا بە نیسبە كاری لەگەل چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كردووە. لە ترسی ئابرۆ چونی زیاتر دكتۆر زریان هەستا بە ئیمزا كردنی گرێبەستێكی زۆر گەورە بۆ ماوەیەكی دوور ودرێژ لەگەل كۆمپانیەكی بیانی بۆ دابین كردنی دەرمان بۆ كوردستان. من لێرەدا دڵنیاتان دەكەمەوە ئەمە تەنها بوختان كردن نیە بە كەسی وەزیری تەندروستی بەڵكو ڕاستیە وبەڵگەم هەیە بۆ قسەكانم. بێ گومان ئەم پێكهاتنە بە ڕۆژێك ودوو ڕۆژ ناكرێت بەڵكو ماوەیەكی زۆرە دكتۆر سەرقاڵی ئەم سەفقە دوو سەد ملیۆن دۆلاریەیە. بەڵگەی تۆمار كراوم هەیە لە سەر ئەم بابەتە لە كاتێكدا كە دكتۆر زریان بە تەلەفۆن قسە دەكات لەگەڵ مودیری كۆمپانیاى كراون ئەیجنسی بیانی پەیوەندیەكە تۆمار كراوە وئامادەیە بۆ ئیدانە كردنی دكتۆر زریان لە كاتی پێویست. بە ڕاشكاوی باس وموفاوەزات ومەعمەلە دەكەن لەسەر نیسبەى دكتۆر زریان كە دەكاتە25 لە سەداى كۆى گرێبەستەكە كە 200 ملیۆن دۆلارە. بەڵام پاش تێپەڕ بوونی ماوەیەك بەسەر ئەم گرێبەستە شاراوەیە, دكتۆر زریان گرفتی ئەوەی هەیە كە ناتوانێت ودەسەڵاتی ئەوەى نیە كە ئەم بڕە پارەیە دابین بكات لە لایەن بودجەى وەزارەتەكەى وهەوڵ دەدات كاك نێچیرڤان اقناع بكات ولەم كێشەیە رزگاری بكات.
من لێرەدا لە دكتۆر زریان دەپرسم كە تۆ خەڵكی كوێی؟ ودایكت خەڵكی كوێیە؟ پێشمەرگاتیت لە پێناوی چیدا كردبوو؟ بۆچی زیان لە كۆڵەگەى ئابوورى وبودجەى كوردستان دەدەى بە ناردنە دەرەوەى سەدان ملیۆن دۆلار بۆ بانقە بیانیەكانی ئەوروپا؟! ئەگەر مەسەلەكە دەرمانی باشە! ئەوا دەتوانی مەرج بسەپێنی بە سەر كۆمپانیا ناوخۆكان لە گرێبەستەكان بە دیاری كردنی ناوی كۆمپانیاى بەرهەمهێنەر ونرخی ماددەكانیش دەكرێت كەمترین نرخ مسۆگەر بكرێت لە ڕێگاى تەندەر وپێشبركێی یاسایی كۆمپانیاكان.
بۆ زانیاری زیاتر: لە هەموو وڵاتانی جیهان لە بواری دابین كردنی دەرمان. كۆمپانیا گەورە بەرهەمهینەكانی دەرمان هەڵدەستن بە دەستنیشان كردنی كۆمپانیایەكی ناوخۆ لە چەندین هەرێم وناوچە و وڵاتدا بە وەكیلی خۆیان بۆ تۆمار كردنی كۆمپانیاى بەرهەمهێنەر لە وەزارەتى تەندروستى وتۆمار كردنی بەرهەمەكانی وئیمزا كردنی گرێبەستى دابین كردنی دەرمان لە گەل وەزارەت وهەروەها دابەش كردنی بەرهەمەكانی لە كەرتی تایبەتیدا. ئەمە سیستەمی باوە لە هەموو وڵاتانی جیهان و لە عێراقیشدا لە كاتی ڕژێم وئیستاش بەم سیستەم ویاسایە كار دەكەن. بەڵام دكتۆر زریان نایەوێت بەمە كار بكات. بەڵكو بە سیستەمی 75 بە 25 كار دەكات!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە