دەسەڵات و گوێ نەگرتن وكوشتار ..

Monday, 24/05/2010, 12:00

1552 بینراوە


(بۆیە هەركەسێك گوێی لەم وتانەم بێت وپەیڕەوی بكات ،وەك پیاوێكی دانا وایە كەخانوەكەی لەسەر بەرد بنیاد نابێت) عیسای مەسیح مێژوی شۆڕشەكان ئەو ڕوناكیەمان ئەدەنێ كە سەرەتای هەمو شۆڕشێك لە ئەنجامی ستەمێكەوە ڕوی داوە كەستەمكاریش پێشتر شۆڕش گێڕی كاتی خۆی بوە بەڵام كاتێك دەگاتە لوتكەی دەسەڵات و پانتایی جەبەروتی حوكم كردن زۆرێك لەو شۆڕشانە بەها ئەخلاقیە كانی شۆڕشە كەی و دروشمەكانی سەردەمی دەستپێكردنی شۆڕشی لەبیردەچێتەوەو دەبێتە ئەو ستەمكارەی پانتایەك بۆ شۆرش و گۆڕانكاری نوێ ئەسازێنێ ،دروشمگەلێكی وەك ئازادی ،عەدالەت ،یەكسانی ،مرۆڤدۆستی، هەموئەمانەو گەلێك دروشمی دیكە ئەو پاڵنەرانەبون كەلە سەرەتای دروست بونی هەمو شۆڕشێكدا دەماودەم كوچە بەكوچەو كوڵان بەكۆڵان ودێ بەدێ و شاربەشار دەگەڕان و پارتیزانەكانیان دروست دەكرد هەمانكات لەگەڵ دروست بونی شۆرش گێڕەكاندا ئەم دروشمانە بازنەكانی تۆڕی جاسوسیان دەخولقاند ،چونكە بونی شۆڕش بەردەوام دژە شۆرشیش دەسازێنێ . سەرەتای هەموشۆڕشێكیش لەئەنجامی گوێ نەگرتنی دەسەڵاتەوە دەست پێئەكات بەرامبەر ئەوداواكاریانەی كە سەرنشینانی ئەو وڵاتە بەمافى خۆیانی ئەزانن .

كاتێك بەعسیەكان كودەتاكەی خۆیان دەست پێكرد بەسەر قاسم دا دروشمەكانی وەحدە و حوڕیەو ئیشتراكیە لە دروشمەكانی سیستمی بەعسیەكان بو بەڵام پاش تێپەڕینی زەمەن و گەیشتن بەلوتكەی دەسەڵات و سەقامگیربونی پێگەی بەعس كەوتنە كوشتن و لەناوبردنی هەموئەوانەی كەتاكەدروشمێكیان لەزار بێتە دەرەوە ئەوان گوێیان بۆخوایش نەئەگرت نەخوازەڵا بۆمرۆڤێك كەلەسەر زەمینێكدابژی كەبەتارماییە ترسناكەكانی بەعس داپۆشرابێت .

بەعسیەكان لەئەنجامی غروری خۆیانەوە توشى پەتای گوێنەگرتن بون لەبەرامبەر داواكاری هاوڵاتیەكانیاندا وخۆیان بە بەدیهێنەری هەمومافەكانی هاوڵاتیان دەزانی و خۆیان بەمیرات گری هەمو شۆڕشەكان ئەزانی لایان وابو كەشۆڕش كردن كۆتای پێهاتوە ،گوێنەگرتن و كوشتن وتۆقاندن ئەوپەتا سەخت ودەردە بێدەرمانەبو كە تەواوی قوڵاییەكانی عەقڵ ودەرونی بەعسى داگیر كردبو .

فشارەكانی بەعس و پەتای گوێنەگرتنی بەعس هۆی سەرەكی دروست بونی شۆڕشەكانی كوردبون لەسەردەمی بەعسدا ،هەموپەتاو دەردێك دەرمانێكی ئەوێت تامرۆڤ دەربازی ببێت لەو مەرگە حەتمییەی كەبەهۆیەوە توشى ئەبێت ،بۆیە ڕاپەڕینە خوێناویەكەی بەهاری(1991) دەرمانی ئەو پەتاو درمە سەختەبو كەمرۆڤەكانی كوردوستانی لەومەرگە حەتمیە ناوادەیە ڕزگاركرد .

دوای هاتنی دەسەڵاتی كوردی و دوركەوتنەوەی دەسەڵاتی بەعس ،پەتای گوێ نەگرتن لەقوڵایەكانی دەسەڵاتی بەعسەوە ،لەعەقڵی مرۆڤ كوژی بەعسەوە لە بیابانە كاكی بەكاكیەكانی دەرونی بەعسەوە گەیشستە كوردستان و بەناو شادەمارەكانی عەقڵی دەسەڵاتی كوردیداو بڵاوبوەوە و سەقامگیربو .

لێرەدانامەوێت یەك بەیەك هاواركردنەكانی هاوڵاتیان وگوێنەگرتنەكانی دەسەڵاتی كوردی باس بكەم كەدایكانی شەهیدان بۆ وەستانی شەڕی ناوخۆ بەپێ بەرەو بارەگای سەرانی شەڕی ناو خۆ بەڕێكەوتن وهاواریان ئەكرد كوشتاربابەس بێت ،نوسەران و خەمخۆرانی وڵات هاواریان ئەكرد گۆێیان بۆنەگیرا ،دەسەڵاتداران وڵاتیان فرۆشت ،وڵاتیان كردەتاریكسان ،شەرێكی ناوخۆی وایان خولقاند هەزاران مرۆڤی تێداكوژرا ،سەدان بێوەژنی بێدەرەتانی لێكەوتەوە وبەسەدان مناڵ هەتیوكەوتن كەتائێستاش بونەتە قوربانی ئەوشەڕە ماڵوێرانكەرە كەدەسەڵات داران لەئەنجامی بەرژەوەندیخۆیاندا خولقاندیان و گوێیان بەبەرژەوەندی هاوڵاتیان نەدا .

بەهەمان شێوە ئەو پەتایە لەدوای براكوژی بە فۆڕمی جیاواز بەناو هەمو وڵاتدا بڵاوبوەتەوەوكارەسات لەوەدایە ئەم هەمو هاوارەدەكرێت بۆ تێكشكاندنی گەندەڵی ،دەسەڵات گەندەڵكارێك لەسەر كارەكەی وەلا نانێت مەگەر لەجێگایەكی بەرزتر سەقامگیری بكات ،دەردی بێدەرمان لەوەدایە وڵات بوەتە جێگای تێكشكاندنی مەعریفەو داهێنان و زیندوكردنەوەی عەشیرەت گەرایی وبەخشینی دیواخانانەو فڕاندن وقوتدان وكوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی كەداوای مافی هاووڵاتەكانیان ئەكەن دەسەڵاتی كوردی ئامادەنیە گوێ لەهاوڵاتیان بگرێت وەك چۆن بەعس ئامادەنەبو گوێ لە ئایەتەكانی خوایش بگرێت .

لێرەدا دەسەڵاتی كوردی هەم ترسناكەو هەم ترساو،ترسناكە لەوەدا كەدەسەڵات و سەرمایەی لەدەستی چەند كەسێكدا كۆكردوەتەوە و لێشاوێك هەژارو بێدەرەتانیشی خولقاندوە ،ترسناكەلەوەدا وڵاتی كردوەتەجێگای قوتدانی ئەورۆژنامەنوسانەی داوای مافی هاوڵاتیاندەكەن جگەلەوەی كەگوێیان بۆناگیرێت كۆمەڵێك تارمایی مرۆڤ كوژ قوتیان دەدات و دەسەڵاتیش چاوی خۆی لەئاستیاندا دەنوقێنێت ،ونبونی مرۆڤێك لەسایەی دەسەڵاتی كوردی دا لەون بونی دینارێكی باخەڵی مناڵێََك ئاسانترە ،كوشتنی (سەردەشت)ی رَۆژنامەنوس دوای گوێنەگرتن لە داوای دۆزینەوە ی بكوژانی (سۆرانی مامە حەمە)یە كوشتنی ڕۆژنامەنوسان شوناسى دەسەڵاتی كوردیە تا دۆزینەوەی بكوژەكانیان ،هەرلەبەرپرسی ئاسایش ودەزگاكانی دیكەی دەسەڵاتەوە كەلەبچوكترین جێگادابێت قورسایی بەپرسیاریەتیان زیاترە بەرامبەر گیان وماڵی هەرمرۆڤێك كەلەم هەرێمەدابژی نەك هەرئاستە باڵاكانی دەسەڵات ، دەسەڵاتی كوردی ترساوە لەوە دا كە دەسەڵاتی حیزبی لەدەست بدات چونكە دەسەڵاتە حیزبیەكەی سەرچاوەی هەمو دەسەڵاتە كانیەتی بۆیە هەرگیز ئامادەی گوێگرتن نابێت .

پەتای گوێنەگرتنی بەعس ئەو ئازەرەسەختەی دروست كرد كە هاوڵاتیانی كوردستان و هۆڕنشینەكانی باشوری وڵات ڕاپەڕینیەكەی (1991) یان كردە دەرمانی چارەسەری ئەوپەتا سەخستە ،ئەی ئەبێ دەرمانی درمی گوێنەگرتنی دەسەڵاتی كوری چی بێت ؟؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە