خۆ بڕیار نەبوو، سوسیالیزمتان بۆ دابمەزرێنن!

Thursday, 25/04/2024, 10:59

1853 بینراوە


ئەوە پەیامی کۆمۆنیستێکی کوردە، کە لە ئەڵمانیا دەژی، بۆ ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەی کورد لە باشوور.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، بەرلەوەی مەترسی بێت بۆسەر باشوور( کە باشوور کاری لەوەدا نەماوە، قوڕقوشمی بەسەردا بکوژێنیتەوە کە لەچی ترساوە)، لە باشوور زیاتر، مەترسییە بۆ سەر پێشەڕۆژی ئەو بەشە بندەستە لە ڕۆژهەڵات، چوونکە ئەمە تەنیا بیریی یەک کەس نییە، بەڵکو بۆتە ڕەوتێک لە ناو کۆنە ئەندامەکانی حیزبە چەپەکان و ئەوانی تردا کە خۆیان بە ناسیونالیست ناوزەد دەکەن. لە زۆر ڕوو و لایەنەوە، باشوورییەکان لە بارودۆخی تایبەتی براو خوشکەکانیان تێدەگەن و بە گیان لەگەڵ ئەو بەشە بندەستەی نەتەوەکەی خۆیانن لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە نوێنەری بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئەو بەشە داگیرکراوە دەزانن و ئەوان بە زۆرینە، حیزب و سەرکردەیەتیەکانی بە کەمینە دەزانن، سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالیش بە چ شێوەیەک ڕەفتاریان لەگەڵ ئەم کەمینەیەی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەو ساڵە زۆرانەی کە لە باشووردا بوون، کردووە، هیچ پەیوەندییەکی بە دانیشتوانی باشوورەوە نییە و سەرکردەیەتی ئەو حیزب و تاقمانەی ڕۆژهەڵات، خۆیان دەتوانن لە خۆیان ببنە خاوەن و ئێخەی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی بگرن لەسەر ئەو ڕەفتارانەی لەگەڵیان کراوە، هەموو پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، خوشکان و برایانی ئێمەن و چارەنووسمان یەک چارەنووس و ئازارمان یەک ئازارە و تێکۆشانمان یەکە و ئامانجیشمان هەریەک ئامانجە.      
سەرەتا دەتوانم بەم پرسیارە لەو برادەرە کۆمۆنیستە دەستپێبکەم: کەی و لە کام داخوازیی و کۆبوونەوە و هەڵوێستی ئەو بەشە لە نەتەوەکە و( نەتەوەکەش بەگشتی) لەماوەی ئەم سەدساڵەی بەرخۆدانیدا، داوایان لە سەرکردەیەتی حیزبەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی باشوورو ڕۆژهەڵات و باکوور، کردووە کە سوسیالیزمییان بۆ دابمەزرێنن؟! 
من دڵنیام ئەگەر ئێستا ڕاپرسییەک لەسەر دامەزراندی پرۆژەیەکی سوسیالیزم لە باشووری بندەستی سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالیدا بکەیت، کە ئایا دەتانەوێ کۆمەڵگایەکی سوسیالیزمتان بۆ دابمەرێنین؟! وەڵامەکەیان، نەخێرررررررر... دەبێت.
ئێمە دەزانین بە تایبەت لە شەست وحەفتاکانی سەدەی ڕابووردوودا، بیری چەپ بە گوڕ و تین، لە ناوچەی ڕۆژەڵاتی ناوین، خۆی دەرخست و قسەی زۆرهەر لەسەر ئەم بیرەکردنەوەیە و ئەم بۆچوونە بوو، ئەمەش نەک وەک قۆناغێکی سروشتی گەشەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازیی و دبلۆماسیی کۆمەڵگای کوردستان، واتە نەک وەک ڕەنگدانەوەی پێکهاتە و بیرکردنەوە و داخوازی ئەوبەشە لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکەش بەگشتی، بەڵکو خواست و بۆچوون و بیرکردنەوەی بەشێک لە خوێندەوارانی نەتەوەکە بوو کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگان بوون و توانای خوێندنەوەی کتێبیان هەبوو، لە ئاست ڕووداوەکانیشدا هەڵوێستیان پیشان دەدا( جێگای داخیشە، کە زۆرینەی ئەو ئەندام وبەرپرسانەی سەرەتایی، زوو گیانیان بە نەتەوە و بیروباوەڕەکەیان بەخشی) بە کورتی دەتوانم بێژم کە ئەم بیر و بۆچوونە، کاڵایەکی خوازراو بوو، کە بەبەری زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان تەنگ و ناجۆر و لێی نەدەهات و ناچارکرا بەسەقەتی کە لەبەری بکات.
ئەم خواستنەی بیر و بۆ چوونی چەپگەراییە، خۆیان لە پێکهێنانی چەندین کۆمەڵ و ڕێکخراوی چەپی زۆر جار دژ بەیەکدا دەبینییەوە، هەر ئەمە خۆی نیشانە و هێمای ئەو قسەیەمە کە لەسەرەوە باسی ئەو کاڵا نامۆیەم کرد کە بە سەقەتی و بێ ویستی نەتەوەکە لەبەری کرا، بۆچی ئەم ڕێکخراوانە ئەو جۆرە کاڵایەیان هەڵبژارد، ئایا ئەلتێرناتیڤێکی دی نەبوو، کە بکرێتە سەکۆی بیرکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگادا؟! هەموو خوێندەوارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی ئەو بیری چەپێتییە ببوون و وەک تەنیا مۆدێلی بیرکردنەوە بۆیان دەڕوانی وپەیڕەویان لێ دەکرد، لە بنەڕەتیشدا ئەم مۆدێلە لە ئەدا و ئەتوار، تەپووتۆزی ئەو شەڕە ساردەی نێوان یەکێتی سوڤەیەتی کۆن و بەرەی سەرمایەداری ڕۆژئاوا بوو، کە لێڵایی بەسەر چاوی خوێندەواران و ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتانەی بە جیهانی خەوتوو ناسرابوون، ‌هێنابوو، دەنا بە گفتی بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود محەمەد، لەو سەروەختانەی ئەم هەڵایە و ئەم بەڵایە ڕووی لە نیشتمانی ئێمە کرد: " کوردستان، نەک(بانک) ێکی تێدا لەدایک نەببوو، بەڵکو سەڕافێکیشی لێ پەیدا نەببوو"!!.   
باشووری کوردستان: لەم پارچەیەدا، بەرهەڵستکاریی و ناڕازیبوونێکی بەردەوام هەبووە بەرانبەر بە حکوومەتی ناوەندیی عێراق، هەم حکوومەتی ناوەندی و هەم لایەنە کوردییەکە، لەم دژبوونەدا بەرانبەر بەیەکتر مکووڕ و بەردەوام بوون. لە حکوومەتی ناوەندیدا کە بەزۆری لە هەموو قۆناغەکانی حوکمڕانیدا، ئەو کەسانە و ئەو حیزبانە دەبوونە فەرمانڕان کە ڕوانینیان بۆ مەسەلە و مافەکانی کورد، شۆڤێنیانە و تەنیا لە گۆشەی سەردەست بوونی نەتەوەیەکەوە بەسەر نەتەوەیەکی بە ژمارە کەمتردا خۆی دەنواند. لەم لاشەوە لایەنە کوردییەکە کە خۆی لە دەسەڵاتی عەشیرەت و خێڵ و سەرەک خێڵدا دەبینییەوە، بەو قۆناغە لە تێگەیشتن و گەشەکردنی ژیریی و خوێندنەوەی دروست بۆ کۆمەڵگای کوردی نەگەیشتبوو، کە بتوانێ کەمایەسییەکان و زامەکە و چارەسەرەکان لە بنجەوە دەست نیشان بکات و ڕێگای درووستیان بۆ هەڵبژێرێ. مێژووی دەستپێکردنی ( هەراکە) زۆر کۆن نییە و ئەنجامەکەشی کە (ئاش) یان بەتاڵ کرد ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان پیشان دا و ماڵوێرانییەکانی دوای ئەو ڕاکردنەی سەرەکان و سپاردنی نەتەوەکە بە دوژمنانی، کە هەتائێستاش ماکەکانی ئازاری نەتەوەکە دەدات و نەیتوانی بێتەوە سەرخۆی، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکران.
ئێلیتەکەی ناو کۆمەڵگای کوردییش لە باشوور و ڕۆژهەڵاتدا، ئەوە بوو کە باسم کرد، لەگەڵ شەپۆلی چەپگەرایی کەوتبوون، زۆرجاران لە ستالین و ماوتسیتۆنگیش پەڕگیرتر بوون و گەیشتبووە ڕادەیەک کە دەیان فەرموو: " ئێمە تا ساڵی ١٩١٠ لینینمان قبووڵە و ئێمە چووینەتە سەر شانی لینین"(کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەردەمی پاشایەتی مەنسووری حیکمەت). جا لە(مالومە)وە، ئەها ئەو مالومەیەی خۆمان، ئەوەی داوێنی چییای ئاسنگەران!!! بانگی ڕزگارکردنی کرێکاران و پڕۆلیتاریای ئینگلتەرە و ئەڵمانیا و کەنەدا و ئوسترالیایان، هەڵدەدا و جاروباریش، کوڕو كچی کوردیان ڕەوانەی ئێران دەکردەوە و زۆرینەیان لە پێناوی ڕزگارکردنی پرۆلیتاریای سوێددا، نازانم بڵێم چی: شەهید دەبوون، گیانیان دەبەخشی، کۆتایی بەژیانیان دەهێنرا، یا چی!!!.
ئەوەی دەیزانم و لێم ڕوونە، ئەو کوڕوکچانەی کورد، منداڵانی چینە ڕەنجدەرەکانی نیشتمانی من بوون، کە بەهەستێکی کوردستانی خۆڕسکەوە، درێژەیان بە خەباتی بێگەرد و خۆشەویستی نیشتمانەکەیان دەدا، پرۆلیتاریای سوێدی و ئینگلیزیی هەر ناویشیان نەبیستبوون و نەیان دەزانی کە خەڵکی وا لە سەدەی بیستدا بەو جۆرە بیرکردنەوانەوە ماون و بەو جۆرە بۆ مەسەلەی کرێکارانی سوێدی دەڕوانن، بێ ئاگابوون لەوەی کەوا کچێکی کورد و لاوێکی کوردستانی خوێنی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی ئەوان بەخشی!!! بەڵام، سکرتێر و سەرۆکی حیزب دەیانزانی خەریکی چین و قوڕی چی بەم (نەوە هێژایە)ی نەتەوەی کورد دەشێلن، ئەوان هێندە گێل نەبوون/ نین. 
مەترسی ئەم بانگەوازە ئەوەیە کە، وەک باسم کردووە، باشوور چاو تەفرەدەدات و زەینەکان بەلارێدا دەبات، ئەگەر وریا و زیتەڵە و پاشخانێکی تا رادەیەکی قووڵت سەبارەت بە سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی نەبێت وەک پێکهاتەیەکی جوودا لەو بەشە بندەستەی باشوور. 
هەر لە خۆڕا سەرسام بوونێکی ئاڵۆز بە تەرزی فەرمانڕانیی سەرکردەیەتی جەلالی و مەلایی لەناو ئەندام و سکرتێر و سەرۆکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەبینین، ئەڵبەتە ئێمە دەزانین کە ئەوانەی لە پلەی سەرەوەی حیزبەکانن مەرامیان لەم
پاشکۆ بوونە چییە، توانیویشیانە ئەندامەکانیان یا بەشێک لە ئەندامەکانیان لەگەڵ خۆیان ڕاپێچی ناو ئەم گەرداوە زەلکاوە بکەن.
بۆ نموونە: سەرکردەیەتی جەلالی و مەلایی، کە قسان دەکەن، ناڵین ئێمە دەبێت ماڵی خۆمان یەکخەین، دەڵێن: کورد دەبێت ماڵی خۆی یەک بخات، لە حاڵێکدا ئەوەی کە کۆک و تەبا و یەکە، خەڵکی باشوورە و ئەوەی کە ناتەبا و ناکۆک و داغ لەدڵی یەکترن، حیزەبەکانی باشوورن، بەتایبەت سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی. لەپشتی ئەم قسەیەیانەوە ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ کە ئەو پەیامە بە گەلەکەمان لە باشووردا بدەن، کە چارەنووسی قەوارەی هەرێم بەوانەوە بەستراوەتەوە، بۆیە بوونی ئەوان بۆ بەردەوام بوونی قەوارەی هەرێم گرنگ و پڕ بایەخە، بەواتایەکی دی بە خەڵک دەڵێن: چاو لە هەموو خواری و لاریی و کەمایەسییەکانمان بپۆشن، دەنا جەیشی شەعبی( حەشدی شەعبی)، دێن و دەتان خۆن و هەرێمیش قووت دەدەن!!!.
هەرێم چییە؟ چۆن دروست بوو؟ چۆن نەخۆش کەوت؟ کێ تاڵانفرۆشی کرد؟
هەرێم قەوارەیەکی فەرمی سەربەخۆیە لە ناو عێراقێکی فیدراڵدا، کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراوە.
ئەم قەوارەیە( کە ئێستا قاوغێکی بەتاڵکراوەیە، لە ماناکەی)، بەپێی دەستووری بنچینەیی عێراق هەم مافی فرە گرنگ و زۆر و زەوەندەی هەیە، هەم ئەرکی لەسەرشانە لە پاراستنی دەستوور و مەرام و بەرژەوەندییەکانی عێراق، ئەمەش تاکو ئێستا زلهێزەکان بۆیان پاراستووین.
درووست بوونی بەپلەی یەکەم : دەگەڕێتەوە بۆ تێکۆشان و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەی کورد لەهەر چوارپارچەکەدا و لەو  سێبەشەی ترەوە بە دڵ و گیان، بۆ بەرهەمهێنانی بەرخۆدانیان کرد. ئەو بەشە بندەستەش لە باشووردا لەهیچ مەترسییەک خۆی نەپاراست و ئەوەی خۆشەویست بوو لەلای پێشکەش بە درووستبوون و بەخێوکردنی ئەم منداڵە ساوایەی کرد. ئەم منداڵە کە ئاکامی تێکۆشانی بێووچانی نەتەوەی کورد بوو لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا و پاش ئەنفالەکان و دۆزەخی هەڵەبجەش، ئێدی ببووە شەرمەزاریی و نەنگییەکی گەورە بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوە کە دەبوو هەرچی زووتر خۆیان کۆبکەنەوە و  کارێکی جدی بکەن، جا یەکگرتنەوەی بەرژەوەندی زلهێزەکان و خەباتی نەتەوەکە و قوربانیدانی مەزنی نەتەوەکە، بووە ئەو بەرهەمەی کە ناو نرا هەرێمی کوردستان. ناوچەیەکی دەستووریی تۆمارکراوی جیهانییە، نەلە دوور- نە لە نزیکەوە پەیوەندی نە بە خێڵ، نە بە تەریقەت، نە دەستە، نە تاقم، نە کاریزما، نە مەرجەع، نە حیزب، نە کەسایەتی، نە سیاسەتی کوردی!!، نە دبلۆماسییەتی کوردی، نە ئاین و ئیمام و شێخ و دەروێش و جامانە و جل و ئاڵاوە نییە، ئەم هەموو شتانەی تێدایە، بەڵام هەموویان دژ بە گەورەبوون، خورت بوون و لەخەمڕاخسانی هەرێمدا چالاک و هاوبەش و پشکدارن، بۆ مانەوەی هیچیان پێناکرێت و بۆڕووخاندنی و پوکانەوەی لەدەستیان دێت گەلەگ کار بکەن/ کردیان و درێغییان نەکردووە/ ناشیکەن.
چۆن نەخۆشکەوت : دوای ڕاپەڕین کاتێک مرۆڤە کوردە نەخۆشەکان، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی کورد سوور ببوو، مل لار و گەردن کەج و چاوبەژێر و ڕسوا، کە لەناو دەزگا سەربازیی و سیخورییەکانی ئێراندا توابوونەوە، هاتنەوە سەر سفرەیەکی ئامادەکرا و بەو ئامڕازانەی کە لەسەرەوە باسم کردوون و هەتا ئێستا لەسەر ئەو سفرەیە مانەوە و نەبزوان.
کاتێکیش دڵسۆزانی نەتەوەکە نەخشەی ئاوەدانکردنەوە و ڕێکخستنی ژێرخانی باشووریان دەکێشاو دەیانووت ئەگەر کرێکارانی دنیا داوای کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کاردەکەن بۆ شەش سەعات، کرێکاری کورد دەبێت داوای زیادکردنی سەعاتەکانی کار بکات بۆ شازدە سەعات، ئەوان گەرەکیان بوو نەخشە و بنچینەیەکی پتە و دابمەزرێنن بۆ داهاتووی منداڵانی کورد، بەڵام هەموو هەوڵی شەوانەڕۆژی ئەم دڵسۆزانە، لە نەخشە و پیلانی گڵاوی ئەو مرۆڤە دەروون نەخۆشانەدا وەک چوونی مێروویەک بوو بە گژ قولەی قافدا. یەکەم نەخۆشی کە ڕۆحی کوردبوونی ئەو بەشە لە نەتەوەکەی وردکرد، ڕشتنی خوێنی دەیان هەزار کورد بوو بەدەستی کورد کە بێگوومان هەڵگیرسێنەری ئەو شەڕانەی کە ئەو لافاوی خوێنانەیان تیدا هاتە ڕشتن، سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالی بوون و ئەو خوێنانە تا هەزار ساڵی تر وا لە گەردنی ئەواندا، پرۆسەی لێپرسینەوە لەم خوێنە ڕژاوانە لە دادگای گەلدا ئەگەر پەنجا ساڵ درێژە بکێشێ، بەردەوام دەبێت و ماف بە مافخوراو دەدرێتەوە. دووەم نەخۆشی سەخت کە جەستەی نەتەوەکەی شەکەت و لاواز و زەبوون کرد، یەکەم بڕیاری پەرلەمانی!!!! کوردستان بوو کە شەڕی ئەمجارەیان یەخەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکووریان گرت و پەلاماری شۆڕشڤان و تێکۆشەرانی باکووریان دا و بە سەرشۆڕی خۆیان کۆتاییان پێ هێنا. 
لەم ناوەدا ئاماژەیەک هەیە کە گرنگە زەقی بکەمەوە ئەویش ئەوە بوو کە گەلەکەمان لە باشوور هەڵەیەکی ناچاریی کرد، ئەویش ئەوە بوو بەر لەوەی ئەم جووتە و بەتایبەت پاڵەوانەکانی ئاشبەتاڵ ڕەگی پیسیان بۆ جارێکی تر لە باشوور ڕۆ بچێ، دەفتەری خیانەتە نەتەوەییەکانیانی داخست و ئومێدێکی خۆ هەڵخەڵەتێنەری لە شانی خۆی بارکرد، کە بریتی بوو لەوەی کە ئەمڕۆ نا سبەی بەخۆیاندا دەچنەوە و خۆیان چاک دەکەن و غیرەت دەیانگرێ و هەزارو یەک بەهانەی تراویلکەئاسای تر....    
وێرانکردنی هەموو ئەو دەزگایانەی سەر بە راژەی گشتی و خزمەتگوزاریی گشتی بوون لە کۆمەڵگای باشووردا و گۆڕینیان بە سیخوڕخانە و تیاترۆخانە و ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی تایبەت، نەخۆشخانەی تایبەت، قوتابخانەی تایبەت، کۆمپانیای تایبەت، لەشکری تایبەت، پیاوی تایبەت، ژنی تایبەت و کچی تایبەت و.......ئاینی تایبەت و مزگەوتی تایبەت و گۆڕی تایبەت و شەقامی تایبەت و کۆڵان و گرد و باخی تایبەت و کەناڵی تایبەت و ئۆتۆمۆبیلی تایبەت و پیشەی تایبەت، کە ئەمانەش بەتاک و بە کۆ تایبەت بوون بە حیزبێک و لێپرسراوێک و کاربەدەستێک و شەوێک و بەزمێک و بۆنەیەکەوە...... . کە هەموو ئەمانە زەمینەسازیی بوون بۆ هەڕاجکردنی بەشێکی گرنگی نیشتمانێک بە نرخێکی هەرزان. هەموو ئەو بیرە نەوتانەی کە کۆمپانیا نەوتییە تورکییەکان کار لەسەر دەرهێنانی نەوتەکەیان دەکەن، لەبەر خێرایی دەرهێنانی نەوت، تا لە کەمترین ماوەدا زۆرترین بەرهەمیان هەبێ، پاش چەند ساڵی تر، بەهۆی سەرکەوتنی ئاوی ژێر نەوتەکەوە، کەڵکیان نامێنی و زایە دەبن.
ئەم هاوڕێ کۆمۆنیستەمان ڕەخنەگرانی فەرمانڕانیی مەلایی و جەلالی بەوە تاوانبار دەکرد کە ویژدانیان نییە و ئەوە ئیتر دنیای سەرمایەدارییە و لە ئەڵمانیاش خەڵک خانووی هەیە و ئۆتۆمبیلی هەیە و کۆمەڵگای کوردیش دەبێت بەم قۆناغی سەرمایەدارییەدا تێپەڕ بکات... .
مارکس جارێک نووسی : " ئاین ئەفیوونی گەلانە " نەی زانی ڕۆژگارێک دادێ بیروبڕواکانی خۆی لای کۆمۆنیستێکی کورد دەبێتە ئەفیونیێک سەد ئەوەندی ئەفیونی ئاین ماڵوێرانکەرتر و ژیری پووچکەرتر و ئاوەز پەکخەیەرتر و مەستیی هێنتر دەبێت، کوڕە هەی هەشبەسەری داماوی بێوڵاتی لانە لێ شیواو، ئەگەر مارکس لە ١٨٦٧ دا ژیا و دنیای بەکامی دڵ نەدی، خۆ بەڕیزت لە سەدەی بیست و یەکی تەکنۆلۆجیای زانیاری (IT) و ئەی ئای)  ( AIو ئینتەرنێتدا دەژیت، کە هەر لە سەر قەنەفەکەی ناو ماڵەکەتەوە لە چاوتروکاندنێکدا  دەتوانی دنیا تەی بکەیت و لە مۆبایلەکەتەوە ئەو باڵندانە بژمێریت کە بەسەر ئاسمانی سدنی ئەوسترالایادا دەفڕن!! ئا ئەم بیرکردنەوە ناوازانە چۆن و بەپێی کام یاسای بیرکردنەوە بە خەیاڵی بڵاوتدا دێن و دەچن، ئەو هزرە کوردییەی لەم سەردەمەدا ئاوا بیر بکاتەوە دانسقە و نایابە... تۆ سەرمایەداری ئەڵمانی بە شڕەلاتێکی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان کە جگە لە ( گیرفانبڕێک) هیچ پێناسەیەکی تری لێنایەت، دەکەی بە هاوشانی یەک؟! سەرمایەداری ئەڵمانی لەو زەمانی هات و نەهاتی نازییەکاندا و جەنگی دنیاگر و قاتی و قڕیەشدا ١٣٦٠٠٠ نامەی داهێنراوی نوێیان لە دەزگای تۆمارکردنی داهێنانی ئەڵماندا تۆمارکردووە، تۆ ئەم بەرواوردە سەیر و سەمەرەیەت لە کوێ دۆزییەوە و تۆ لەکام ئەشکەوتی نەدۆزراوەی ئەم گەردوونەدا گیرتخواردووە، عاسمان؟!!!..... . دەترسم سەرچاوەی زانیارییەکانت جووت مەکینەی درۆی ڕووداو و کوردستان ٢٤ بێت؟!! وەک زۆر کەسی تر کە دنگوباسێک بڵاودەبێتەوە، دەڵین : جا ئەوە چییە خۆ حکوومەتی هەرێم بەدرۆی خستەوە!!!... .
کۆردستانیانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراوی من، کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوی سەر شەقام و کوچە و کۆڵانی سنە و کرماشان  و سەقزەکەم، هەڵگرانی بەیداخی شەکاوەی کلتووری ڕەسەنی کوردایەتی و کوردەواری، لەم دوورەوە دەتانبینم، گوێم لە هاواری کوردبوون و دەنگی بەرزی ژنانی دلێر و کچانی بوێر و کوڕانی داهێنەرتانە، زامی ئێمە زامێکی کوردی و تێکۆشانی ئێمە خەباتێکی کوردی باڵا بەرزە بە باڵای زاگرۆس و قەندیل، مەسەلەی ئێمەش مەسەلەی دامەزراندنی دیمۆکراتی بۆ هیچ جوگرافیایەکی تر نییە بەدەر لە نیشتمانی خۆمان و ئەرکی ئێمەش نییە چوار حوکوومەت و چوار ڕژێم و چوار ئابووری و چوار سپا لەناوبەرین، خەباتی ئێمە بۆ هەڵنانی  سپایەکی ڕزگاریی کوردستان و ئابوورییەکی کوردی هەمەگیر و فەرمانڕانییەکی کوردی دادپەروەر و کوردستانییە کە لە بار و توانا و ویستیدا هەبێت، ئازادی کوردستان و کەرامەتی تاکی کورد و دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی ناو کۆمەڵگای کوردی بپاریزێ و گەشەی پێ بدات، ئەمانەش لە خواست و هەوڵ و بەرخۆدانی ئیوەدا دەبینم کە بە دەیان فرسەق وان لە پێش خواست و داخوازیی و مەرامی تەنگ و بچووکراوەی کەمینە حیزبییەکانتانەوە، دەمەوێ پیتان بڵیم: هەرێم لە باشووری کوردستان، موڵكی هەموو نەتەوەی کوردە، بەڵام فەرمانرڕانییەکەی، نابیت ببێت بە ئایدیاڵیک بۆ چاولێکردن، سەرکردەیەتی حیزبەکانتان و ژمارەیەک لە بەناو ڕۆشنبیرانتان، کە نموونەی لەو تەرزە فشنبیرانەش لە باشوور زۆرن، گەرەکیانە چارنووسی هەرێم بە مان و نەمانی دوو سەرکردەیەتی مەلایی و جەلالییەوە ببەستنەوە و ئەوانەی لای ئێوە زیاتر چاویان بۆلای سەرکردەیەتی قیادە موەقەتە لار دەکەنەوە چوونکە ( خەزنەکە) لای ئەوانە، بە دروشمی کوردایەتی داڕزاوی ئەو فشنبیرانەتان کەلەسەر تۆڕەکۆمەلایەتییەکان و بەتایبەت کلاپ هاوس، دەیانەوێ سەرنجتان خوار بکەنەوە بۆلای سەرکردەیەتی قیادە مووەقەتە و خیانەتە نەتەوەییەکانیان لە زەینتاندا بسڕنەوە و لە ئێوەیان بکەنە پاڵەوانی کوردایەتی و باوکی ڕۆحی کورد، باوەڕ مەکەن، خەڵکانی حولحولی، شارەزای پەتپەتێن و دەروون شیواو و مەیموون خەسڵەت لە ناو هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا پەیدا دەبن، کۆمەڵگای ئێمەش لەمانە بەدەر نییە. دەبێ دڵنیا بین، کە بەرێکخستنی خۆمان و ئاوەدانکردنەوەی بیرمان و بزواندنی زەینمان و دڵسۆزیمان، دەتوانین کە تاکێکی بەرهەمهێنەری ئازادی بین بۆ نەتەوەکەمان وەک ئێوە کە هەن، ئایدیاڵی ئیستا و ئەم سەردەمەی نەتەوەکەی ئێمە: ژنانی دلێر و کچانی بوێر و کوڕانی داهێنەری کوردن، نەک ئەو سەرکردە و بنکردانەی سیاسی حیزبی کوردی کە تەنیا شیاوی موزەخانەن.
بەپرسیارێک لەو هاوڕێ کۆمۆنیستە دەستم پێکرد و بەپرسیارێکیش لێی بە کۆتا دێم: هاوڕێ گیان، ئێمە کەسمان ڕانەسپاردبوو کە سوسیالیزممان بۆ دابمەزرێنێ، لەبەر ئەوەش نییە کە لێیان توڕەین، بەڵام بۆ پێتوایە دەستە و تاقم و حیزبگەلێکمان ڕاسپاردووە کە تۆڕی جەردەیی، دزی، بێرەوشتی، خیانەتی نەتەوەیی، کوردستانفرۆشی، قاچاغچێتی و کوردکوژیمان بۆ دابمەزرێنێ و پۆستاڵی سپا و جەندرمەی دوژمنی دێرینەی کورد ڕینمایی بکات بۆسەر دڵی کورد؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە