ئاگاداری فیدراسیونی زیندانی سیاسی كوردستان... بۆ رای گشتی

Tuesday, 18/01/2011, 12:00

1489 بینراوە


هەر وەك دەزانرێت كۆماری ئیسلامی ئێران، بە هێرشێكی هەمەلایەنە بۆ سەر گەلانی ئێران، پێی ناوەتە ساڵی (2011)ەوە. رۆژ نیە كە میدیا هەرێمی و جیهانییەكان هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی گرتووخانەكانی ئێران بەتایبەت گیراوانی سیاسی بڵاو نەبێتەوە. لەمرۆژانەدا دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی هەمەلایەنە دژی ئەگەری لەسێدارەدانی زیندانی سیاسی كورد، حەبیبوڵا لەتیفی، بەداخەوە هەواڵی لەسێدارەدانی حسێن خزری، رای گشتی بەتایبەت چالاكانی مافی مرۆڤی هەژاند. لە دۆخێكی وەهادا كە ئێران هەموو یاسا نێوەنەتەوەییەكان و تەنانەت یاسا نێوخۆییەكانیشی پێشێل دەكات، شیمانەی ئەوە دەكرێت كە باقی زیندانیانی تری سیاسی كە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە ناكاودا لەسێدارە بدرێن. بۆیە لە هەموو رێكخراوە نێوەنەتەوەییەكانی مافی مرۆڤی، راگەیاندنە ئازاد و سەربەخۆوەكان، رێكخراوە مەدەنییەكان، پارتە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و هەر تاكێكی بەرپرسیار لە مەڕ پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ داوا دەكەین لە بەرامبەر كردەوە نامرۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هوشیار بێت و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی لەم قۆناغەدا ببنە پەرژینێك بۆ پاراستنی ئەو زیندانیانەی كە لەبەر مەترسی ئەگەری جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەن. هاوكات ئێمە وەك فیدراسیونی زیندانیانی سیاسی كوردستان پشتگیری دەكەین لە پێشنیاری دەربڕینی ناڕەزایەتی مەدەنی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ داخستنی دوكان و بازار و نەچوونە سەر كار لە رۆژی شەممە رێكەوتی (2011.1.22) واتا دووی رێبەندانی 1389 هەتاوی.
هەروەها گەلەكەمان لە باشووری كوردستان، دامودەزگا ناحكومییەكان، پارتە سیاسییەكان و لە هەموو چالاكوانانی بوارە جۆراجۆرەكان داوا دەكەین كە بەشداری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەربڕین بكەن لە رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی (2011.1.20) كاتژمێر دووی پاش نێوەڕو لەبەردەم باخی گشتی بەرەو بەردەركی سەرای شاری سڵیمانی بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە كە ئێران بەرامبەر گەلی كورد وەك پرۆژەیەكی نوێی بەڕێوەی دەبات.

فیدراسیونی زیندانیانی سیاسی كوردستان
2011.1.18


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە