یەکێتی جەڵتەی نیشتمانی کوردستان

Sunday, 03/02/2013, 12:00

2322 بینراوە


ڕەنگبێت زۆرێک نەزانن مێژووی "کۆمەڵەی ڕەنجدەران" لە ناو یەکێتی نیشتمانیدا چ مێژوویەک بوو، ته‌ژی لە سەروەریی و داستان، له‌ بە رەنگار بوونەوە و ئازایەتی، له‌ گاڵتەکردن بە مردن و نەترسان. لە هەناوی ئەو مێژووەدا ئەمڕۆکە کۆمەڵێک پیرو پەکەوتە کە چرچ و لۆچی و بۆیاخ ناشرینی کردوون دانیشتوون و بە چرکەش دەسەڵات بەجێ ناهێڵن.

زوو زوو لە دەوری مێزێکی پڕ لە گوڵی نایلۆن و ئاوی موقەتەر و گڵۆپی زەربا خڕبوونه‌ته‌وه‌، پەیامی ئەوەمان دەدەنێ کە گوایه‌ بەچرکەش کارەبا لە نیشتمان نابڕێ بەتایبەتی لە کۆبونە گرنگەکانی پیرە بەساڵە چوەکاندا، کۆ دەبنەوە لە تەلەفیزۆنە ڕوو زەردەکانەوە وێنەیەکی هێندە نایف بڵاودەکەنەوە. چرکەیەک چەند جارێک لێی دەدەنەوە، یان پێدەکەنن یان چاویلکەی زەڕەبینیان لە چاودایە، یەک دوو پەڕەی سەرە و ژێر گیراو دەیخوێنەوە بۆ یەکتری بە حونجە. هەموو جارێکیش دانیشتنەکان مەتەڵێکە نەکەس پەی پێدەبات، نەخۆشیان بەرهەمەکەی دەچنەوە. کەچی دوای هەموو کۆبوونەوەیەک بەخێرایی مەکتەب سیاسییەکیان دەبرێتە ئینعاش و پاش ئەوەی زانیان جەڵتەکە نایکوژێت و مەرەخەسی کردووە، دەینێرنە ده‌ره‌وه‌ی وڵات، وا ئیستا فێربوون به‌ دوای تاله‌بانییدا ده‌چنه‌ "بەرلین" بۆ نزیک ماڵەکەی ئەدۆڵف هێتلەر، لەوێ لەسەر پارەی دزراو دەخرێتە ژێر چاودێروە، بێدەنگ دەبن گەر کوردستانپۆستیش لێی کردنە هەرا ئەوە بڵاوی دەکەنەوە، وەک هەواڵی جەڵتەکەی د.فواد مەعسوم کە دەیانویست بێدەنگی لێبکەن ماوەی 90 ڕۆژە تەندروستی تێک چووە تا کوردستانپۆست باسی نەکرد خۆیان قسەیان نەکرد و ئەمڕۆ لە هەواڵێکی کۆمێدیا ئاسادا دەڵێن د.فوئاد و تاڵەبانی بە موفاجەئە دێنەوە ووڵات، وا دێنەوە گوێزی هەورامان لە چاویاندا پوچە و بێکەڵکە، لە گوێز ساغڵەم تر دەبن.
http://chawdernews.com/Detail.aspx?id=499&LinkID=9

هۆکار چییە ئەم پیاوە پیرانە واز ناهێن و ڕێز لە خۆیان ناگرن؟
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێ و هاوکارمان کاک "پەرۆش" لە ووتارێکی زۆر باش و زانستیدا ئاماژەی بەو وەڵامە کردووە خوێنەر دەتوانێ ئەم ووتارەش بخوێنێتەوە.

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=ccc8ce7d

هۆکار زۆرە ! ئەمانە 22 ساڵە حاکمی ووڵاتێکن وەک نەدیو و بدی دار و بەردی ئەو نیشتمانەیان داگیرکردووە، لە دەیان جێگەوە موچە و بەرات وەردەگرن، لە دەیان کۆمپانیای وەهمی پوچدا خاوەن بەشن، بازرگانێکی چاوچنۆکن و دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی بازاڕدا گرتووە. بە هەڕەشە و گوڕەشە زەوی و موڵکی خەڵک لە ژێر ناوی جودادا داگیر دەکەن و کردوویانە. دەستیان لە هەموو تاوان و دزیی و ماڵ وێرانییەکدا هەیە و شەرمیش ناکەن. تەنانەت لە تەمەنیاندا شوتێکیان لە فوتبۆڵێک نەداوە، وەرزش کارنەبوون، نە ئێستا لە شاردا و نەکاتی خۆی لە گوندەکەیاندا، کەچی بەڕێوەبەری دەیان یانەی لەش جوانیی و نادی وەرزشین، هەموومان دەزانین بۆچی؟ جگە لەوەش هەموویان دەیان خانوو و ماڵی ڕەز و باخیان هەیە. خواردن و خواردنەوە داگیری کردوون، دەیان کوڕی گەنج و ماڵوێران باخەوان و دەرگەوان و چێشت لێنەر و نیگابانیانە.
ئەمانە چونکە هیچ نەدیون شەو و ڕۆژ خەریکی خواردنن، گۆشت و کەباب، هاوڕێیەکم بۆی باسکردم ڕۆژێک کەبابچییەکی ناسیاویان بۆ باخەکەی "مەکتەب سیاسییەک" بانگ کردبوو لای چەقچەق لە سەرچنار 35 کیلۆ قیمەی بۆ کردبوون بە کەباب بێ لە پەراسو تشریبی گۆشتاو. ئەی هاوار دایکم هەموو جارێک دەیووت " کوڕم خەمی کاکەت نییە، لە خەمی کایەنەکەدا بە".
ئەو شەوە هاوڕێکەم گێڕایەوە سەیر لەوەدا بووە چەند دکتۆرێکیشیان لەلا بووە بەشداربووە لەو خۆکوژییەدا.
ئەم باوکە دزێوانە کۆمەڵگایەکیان دروست کردووە، کە ئیتر لە سەر لێواری مەرگە، لە هەموو تاکێکی کورددا دەیان نەخۆشی سەیر و سەمەرە دەبینی، کە چەوری دەوری داون، بە نه‌خۆشی کوشندە و داودەرمانی خراپیش هەمان بازرگانەکانی مەکتەبی سیاسییه‌کانن.
بۆیە ئەو میللەتە هەمووی بەیەکەوە جەڵتە لێی دات لاتان ئاسایی بێت، نەک مەکتەبی سیاسی جەڵتەی یەکێتی، کەسێک ڕێز لە گیان و تەندروستیی خۆی نەگرێت هەر ئەوە دەچنێتەوە. ئەی بۆ ئەمانە نایانەوێت کەس بە نەخۆشییه‌کانیان بزانێت؟ تۆ سەیری جەڵتەی دەماخەکەی تاڵەبانی بکە، پیاو بەزەیی بەقەل و مەڕەکاندا دێتەوە، واز لەو بەڕێزە ناهێنن بۆ خۆی ئارام ئارام گیانی بسپێرێ، کەچی هەر ڕۆژە و درۆیەکی بەدەمەوە دەکەن. هەمووشمان دەزانین جەڵتەی دەماخ واتە بەتال بوونی مێشک، وەک چۆن تۆ کۆمپیوتەرەکەت فۆڕمات دەکەیتەوە تاکو هەموو پڕۆگرامەکانی لێ لابدەیت، کەچی واز لەو تاڵەبانییە ناهێنن و هەر ڕۆژەی هەواڵێکی ته‌ژی لە درۆ بەگوێی خەڵکدا دەدەن، ئەمڕۆش دوو لە قارەمانەکانی تریش چووە پاڵ، سبەینێش دوانی تر، چاکتر نییە ئەمانە ڕێز لە تەمەنی خۆیان بگرن؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە