هێشتا سەرۆك ماڵئاوایی نه‌کردووه‌، شینى هەریسەكە دەكەن !

Tuesday, 01/01/2013, 12:00

1476 بینراوە


*سکرتێری سۆسیال دیموقرات، لە هەمانكاتدا سەرەك كۆمارى عیراقى پڕ لە كێشە و پڕ لەتایەفە و پڕ لە ئاشوب، نەخۆشكەوت .لەبرى ئەوەى هەریەكە و لەلاى خۆیەوە مەڕێك بكوژێتەوە و بیكات بەقوربانى، یان وەكو تەلەفیزیونى هین (هەرامە) تاوناتاوێك مەلایەكى ئێسكسوك بهێنینە سەرشاشە و دۆعایەكى خەیری بۆ بكات ، یان سه‌ڕە بگرن و خوین بە تالاسیما بدەن، جەنابەكان هەر لەئێستاوە شیوەنى هەریسەكە دەكەن و جەماوەرى بەشەرەفیش حەز دەكەن بزانن لەدواى رۆیشتنى كوڕه‌ ئازاكە، فلیمەكە چی لێدێت؟

*دختۆرەكەى پێشوى پەرلەمان، كاتێك گێچى دیموكراسى بەرزببووەوە ، فەرمانى دا بە یاساوڵەكانى پەرلەمان قاپى لەسەر پەرلەمانتارە بەسزمانەكانى ئۆپۆزسیون دابخەن ، ئەگەر قسەشیانكرد حەسیرمەیانێكى چاكیان بكەن .ئەم دختۆرەى ئێستاش لەگەرمەى چەلەحانێكانى نوێنەرانى گەلدا، بەئەتەكێتێكى زۆر ئەكادیمیانە و بەئیتێكێكى لیبراڵانە و بەتۆنێكى زمانناسانە هاوارى كرد:
- دایشە..دایشە.. پلیس پۆلیس.. بیكەنە دەرێ !ئەوجا كێ لەگەڵە؟ كێ لەگەڵ نیە؟ فرسەتە با بڕوێنرێ!

*هاوڕێیەكم مەراقى شەوى یەكى یەكە و بۆ ئێوارەكەى بێ ئێمە ناخۆش قەلێكى سۆر دەكڕێت و براژنیش جوان سۆرى دەكاتەوە و هەتا دوانزەى شەو (بەنۆرە واى بەنۆرە ..ئاگرى دڵەكەم سۆرە) دەڵێت ، كەچى برادەرێكى سلفەیى كە هیوایەتى كۆكردنەوەى سلفەى سەرى مانگانەیە، دوژمنى سەرسەختى مێرى كریسمس و بابە نۆئێلە و هەموو شتێكى ئەو رۆژمێرە بە زەندەقەو گاورو جولەكە دەزانێت !

لە دابەزینى ئەمەدا بووم (ئەحۆل) بۆ یەكەمجار كۆمێنتى بۆ نووسیم :
+ خۆ ئەو برادەرەت لە مەریخەوە نەهاتووە ناسنامەى خۆى و ئەجداد و دوئابائى وهەستان و دانیشتنى هەربە زاینییە، ئیتر ئەم وشكە وەرعەى لەچى ؟
- سوپاس ئەحۆل گیان بۆ ئەو رونكردنەوەیەت ،ئیشێ كارێكت نەبوو ؟
+ئەگەر كارم هەبوو ،كرێكارى بۆدەگرم ،رۆحەكەى سەرى ساڵى 2013 ى پرێخە، پرێخە(پیرۆزە).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە