شێرکۆ بێکەس، شیعر و کەسایەتی و فەوزای ناشتن

Sunday, 11/08/2013, 12:00

4409 بینراوە






ساڵی ١٩٧٥، ئەو کاتەی چەند رۆژێک بو شای ئێران کۆبونەوەکانی لەگەڵ سەدام و بومێدن ئەنجام دابو و خەریک بو پشتی دەکردە شۆڕشی کورد، لە ئۆردوگای قەسری شیرین، شێرکۆ ئەو شیعرەی خوێندەوە کە بۆ مەلا مستەفای بەرزانی نوسیبو، ئەوەی کە دەڵێت ئەی بارزانی ئەمانەوێیت!

دیارە لەو ساتە وەختەدا شێرکۆ دەیزانی کە شۆڕشەکە شانی لاربوە و، پێم وابێت حیزب ناردبوی تا ورەی خەڵکی بەرزبکاتەوە.

تێگەیشتنی من ئەو کات بۆ ئەو شیعرە سادە و ساکار بو، وەکو هاوارێک دەهاتە گوێم کە سەرکردە نابێت پشت بکاتە میلەتەکەی و میلەت لە کاتی تەنگانەدا پێویستی پێیەتی، ئیتر سەرکردە چۆن لەو ساتە وەختەدا هەڵوێست وەردەگرێت ئۆباڵی لە ئەستۆی خۆیەتی.

مێژووی میللەتی کورد لە باشوری وڵات لەو پەنجا شەست ساڵەدا کە شێرکۆ شیعری نوسیوە هەڵبەز و دابەزی زۆری بە خۆیەوە دیوە. ئەو کە بە شیعرەکانی ئەو مێژوەی نوسیوەتەوە بەر شەپۆلی ئەو هەڵبەز و دابەزە کەوتووە و، لەو ماوەیەدا شیعری بۆ نویبونەوەی شیعر نوسیوە و، بە هەمان شێوەش شیعری بۆ هەڵکشان و داکشانەکانی کورد وتوە. واتە دەتوانم بڵێم ئەو ئاوێنەی سەردەمەکانی خۆی بووە.
شێرکۆ لەبەر ئەوەی مامەڵەیەکی زۆر لێزانانە و خۆشەویستانەی بۆ زمانی شیعر کردوە توانیویەتی بە جوانترین شێوە دەربڕین لە مێژووی کورد بکات لەو چەند دەیەیەدا.

ئەو شیعری بۆ دڵداران وتوە، بۆ دڵدارانی وەک خەج و سیامەند و، بۆ دلدارانی وەک مامەڕیشە. واتە لە دیوە جیاوازەکانەوە ڕوانیویەتیە پرسەکانی خۆشەویستی. خۆشەویستی بۆ کیژوکوڕان و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و خۆشەویستی بۆ ژیان.
ئەو ڕوحی سەردەمەکەی خۆی بووە!

ئەو شاعیر و نوسەرانەی کە ماڵئاوای تەواوەتی لە نوسین بۆ هەڵوێستوەرگرتن دەکەن، واتە کە بە تەنیا نوسین بۆ نوسین دەنوسن، زمانی نوسینی خۆیان نەشتەرگەری دەکەن، دەیپاڵیون و لە سیاسەت و حیزبایەتی پاکی دەکەنەوە، ئەوان ئیتر دەچنە فەزای تایبەتی خۆیانەوە و بە تەنیا دەمێننەوە و تەنیا بۆ نوسین دەنوسن. شێرکۆ لە وان نەبوو، ئەو نەک زمانی شیعریی خۆی لە سیاسەت و دیرۆکی میلەتەکەی پاکنەکردەوە، بەڵکو سیاسەت و بەسەرهاتەکانی بە تەلیسمی جوانی وشەی شیعریی سیحراوی کرد و گێڕانەوەی تایبەتی خۆی بۆ کردن و وای لێکردن لێیان بێزار نەبین. ئەو لە دەرفەتە جۆراوجۆرەکاندا بە پێی نەستی گشتی کۆمەڵگە، شیعریشی بۆ دیاردە و حاڵەتە جیاجیاکان و بۆ کەسایەتییە دژ بەیەکەکان گوتوە، ئەمەش ڕەنگدانەوە و گیڕەرەوەی سەردەمەکانی خۆیەتی. ئەو کاتەی شیعری بۆ شۆڕشی ئەیلول وتوە سەردەمێک بووە ئەو شۆڕشە بە ڕێبەری کوردایەتی و خەبات سەیر کراوە، کاتێک شیعری بۆ کەسێکی وەکو بەرزانی نوسیوە هەمان تێڕوانینی باوی نێو کۆمەڵگە شۆڕشگێڕەکە و خواستەکانی، یان هەمان سیاسەتی سەرکردایەتی سیاسی ئەو کاتەی لە شیعرەکەدا گەڵاڵە کردووە، کاتێکیش شیعری بۆ دەستپێکردنی شۆڕشی نوێی یەکێتی نوسیوە لە نێو کاریگەریی بیئومێدی پاشخانەکانی ئاشبەتاڵدا دەستی بە باڵی ئەو دەستپێکردنەوەیەدا گرتوە. کە چوەتە سەرای ئازادیش سەرباری ترسی لەدەستدانی ئیمتیازات و بەرژەوەندیەکانی شیعری بۆ خۆپیشاندەران وتوە. ئەو ڕەنگدانەوەی هەمو سەردەمە جۆراوجۆرەکانی هەڵکشان و داکشانەکانی شۆڕش و بزاڤی نەتەوایەتی کورد بوە لەو پەنجا ساڵەدا کە شیعری نوسیوە، بۆیە دەکرێت شیعرەکانی وەکو سەرچاوەیەکی بەهێزی نوسینەوەی مێژوی باشور بخوێنرێنەوە و بەکار بهێنرێن.

ئێمەی کورد دەتوانین سودێکی زۆر لە شیعرەکانی ئەو ببینین بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی ئەو پەنجا شەست ساڵەی کە گوزەری کردوە.

شێرکۆی مرۆڤ وەک مەسیحێکی فریوخواردوش کەوتوەتە داوی ڕاکێشانە دنیاییەکانەوە.

سەرباری ئەوە ئەو شیعرانەی کە ئەو نوسیونی دەبێت لە کۆنتێکستی خۆیاندا خویندنەوەیان بۆ بکرێت و بە پێوەری ئەمڕۆ حوکم نەدرێن!

زۆر لە نوسەر و هونەرمەندان تەمەنی داهێنانیان لە دەیەیەک یان دوان تێپەر ناکات کەچی شێرکۆ ماوەی پەنجا ساڵ بەردەوام نوێبۆتەوە. ناو بە ناو هەستمان بەوە کردوە کە خۆی دەجوێتەوە بەڵام لە ناکاو رویەکی تری جوانی شیعری نیشان داوین.

ئەو نیشتمانێک بو لە شیعر، ئۆقیانوسێک بو لە وشە.

لەبەر ئەوەی ئەو بە هەست و نەست مێژو دەنوسیتەوە و روداوەکان دەگێڕێتەوە ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەکەیدا دەبینرێت و مێژوەکەی تەنیا ریزکردنی فاکت نییە بەڵکو ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆیەتی.
خویندەنەوەی هەزاران لاپەرە لە فاکت هیچی تازە بە خوێنەر نادات بەڵام خوێندنەوەی شیعریک بۆی هەیە خاڵە شاراوەکانی میژو و پاڵنەرەکانیمان بۆ بەیان بکات و بەو جۆرە لەو مێژوە باشتر تێبگەین لەوەی هەزاران لاپەڕە فاکت بخوینینەوە.

گەر دور لە دەمارگیری و تیروانین بە چاوی ئەمڕۆ سەیری ئەو شیعرە بکەین کە بۆ بەرزانی نوسیوە ئەوە باش تێدەگەین کە کۆکردنەوەی هەمو هیواکانی میلەتێک لە تاکە کەسێکدا چ سەرگەردانیەک لەگەل خۆیدا دینێت.
کاتێک ئەو شیعرەی کە بۆ مامەریشەی نوسیوە دەخوینینەوە گەر هەڵیش نەسینە سەر پێیان ئەوا هەست دەکەین گیانمان لە بەدەنمان دەردێت و هەڵدەستێتە سەر پێیان.
شێرکۆ هێند جوان شیعری نوسیوە مرۆڤ لە بەردەوامیەکەی سەرسامدەبێت.

دەوروپشت و نزیکەکان هەمیشە بە هەڵە خوێندنەوە بۆ خواستەکانی کەسی کۆچکردو دەکەن، ئەوەی لەو دو وەسیتنامەیەدا هاتووە کە لەم دوایەدا بەرچاومان دەکەوێت دەردەکەوێت کە ئەو حەز بە قەرەبالغی ناکات، واتە خوازیارە مەراسیمی ناشتن و جێگەی ناشتنەکەی فەوزا دروستنەکات، کەچی دەبینین هەر لە ئێستاوە فەوزایەک لە هێنانەوەی تەرمەکەی و شوینی ناشتنەکەیدا دروست بووە. ئەو خۆی بە حەرفی نوسیویەتی و وتویەتی حەز بە قەرەباڵغی ناکات کەواتە دەکرێت بپرسین ئەم هەرا گەورەیە بۆ؟

تا خۆی مابو شارەوانی دانینەنا بەوەدا کە بۆی هەیە لە پارکی ئازادی بنێژرێت، کەچی دوای ئەوەی کۆچی دواییکرد ئەوسا ڕازی بون. تۆ بڵێیت ئەمە مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوە بێت یان خامۆشکردنەوەی ئەو فشارە بێت کە دەکەوێتە سەر یەکێتی بەهۆی ئەو ڕازینەبونەوە.

پێدەچێت سەروسەودای هەڵبژاردنیش بێت.

ئەو بە دەمییش بە پەیوەندی زاوای وتوە حەز لە قەرەباڵغی ناکات، واتە دەبو تەرمەکەی بەوپەری سادەیی ببرایەتەوە و بنێژرایە کەچی بزانە چ فەوزایەکیان بۆ دروستکردوە!
باشتر نەبو ئەو مەسرەفەی دەکرێت بۆ فرۆکە تایبەتیەکە بدرایە بە کوردەکانی خۆرئاوا؟

بێگومانم کە شێرکۆ خۆیشی لاری لەوە نەدەبوو!
لەخۆشم دەپرسم تۆ بڵێیت لە هەولێر چی لێبکەن!

شێرکۆ وەک کەسایەتی و هەڵوێست لە هەموو چرکە ساتەکاندا جێدەستی دیاربووە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو تەمەندرێژیەشی و مانەوەی سەرباری هەمو مەترسیەکان دەریدەخات کە ئەو، چۆن بە رۆمڵیان دەوت ڕێوی بیابان، زۆر زیرەکانە خۆی دەربازکردووە.
توانیویەتی خۆی لە دەستی بەعس، لە دەستی پارتی و لە دەستی یەکێتی و لە عاجز بونی نەوشیروانیش بپارێزێت و، لە هەڕەشەی ئیسلامیەکانیش خۆی دەربازبکات!
لە دەستی بەعس چونکە ئەو شیعرانەی بە نێوی جوامێر بڵاوی دەکردنەوە زۆربەی خەڵکی دەیانزانی شێرکۆیە. لە دەستی پارتی کاتێک پشتی تێکردن و دژایەتی یەکێتی بۆ ئەوانی لە شیعر و ئەدەبدا بەرجەستەکرد. لە دەستی یەکێتی کاتێک لە حەڤدەی شوباتدا چووە پاڵ خۆپیشاندەران و وەکو مەلا بەختیاریش نوسیبوی کە هاریکاریکردووە کاتێک شێرکۆ پەنای بۆ بردووە. لە نەوشیروانیش کاتێک کتێبەکەی باخەوانی لە دەزگای سەردەم چاپکرد و بوە جێی زویربونی نەوشیروان لێی هەرچەندە ئەمەیان مەترسی بۆ سەر ژیانی نەبو.
هەندێک لەم حاڵەتانە بۆی هەبوو ببونایەتە هۆکاری لەناوبردنی بەڵام ئەو زۆر لێزانانە بە بەبەکارهێنانی لایەنە دژبەیەکەکان و ڕەسیدە ئەدەبییە پتەوەکەی توانیویەتی خۆی دەربازبکات.

دوا وتەم ئەوەیە کە بە مردنی شێرکۆ شیعری کوردی کۆستی کەوتوە، ڕاستە شاعیری تری زۆر بە توانامان هەیە بەڵام شێرکۆ بێ وێنە بو. ماوەیەکی زۆر زۆری دەوێت تا شیعری کوردی هەناسەی بەبەردا دێتەوە و ئەو ئاهی لە دەستدانە سوکنا دەبێت، لەگەڵ ڕوخسەتوەرگرتنم لە هەڵمەت، قوباد، پەشێو، شاکەلی و ئەوانەی تر کە ناویان ناهێنم!
لە دوای مردنی مەحمود دەروێشیش لەدەستدانی شێرکۆ کەوتنێکی گەورەی تری کۆستی شیعری ناوچەی خۆرەڵاتی نێوەڕاست و جیهانە! خامۆشبونی ئەستێرەیەکی گەشی تری ناوچەکەیە لە بواری هۆنینەوەدا!

پێم وایە ئیتر لەمەودوا خوێندنەوەی جدی بۆ شیعرەکان و کەسایەتی شێرکۆ دەکرێت، دیارە ئەو خوێندنەوانە پیاهەڵدان و لێدانیش لە خۆ دەگرن. ئیتر چاوەروانبن!




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە