هەڵوێستێک لەگەڵ سۆزان جەمال‌و کتێبە وەرگێڕراوەکەی هەژموونی کەلتووری ئیسلامی لە کەناری هەرەسدا

Friday, 17/05/2013, 12:00

2323 بینراوە







لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، کاتێک وەرگێڕراوی کوردی کتێبی(یەک ملیۆن پرسیار و وەڵام دەربارەی سێکس)ی نووسەری عەرەبی (فەوزیە ئەلدرەیع)، کە لەلایەن سۆزان جەمال، سەرنووسەری گۆڤاری زانستی سەردەمەوە تەرجومە کراوە، لەچاپ دەرهات‌و کەوتە بەردەستی هاوڵاتیان، ئیسلامییەکان دەستیاندایە هەڕەشەو تۆقاندن‌و پەشیمانکردنەوەی سۆزان جەمال هەتا ئاستی کوشتنی خۆی‌و منداڵەکانیشی.

سۆزان جەمال بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، هەڕەشەکان سەرەتا لەڕێگای فەیسبووک‌و ئیمایڵەوە ئاراستەی کراون‌و بۆیان نووسیوە؛ "ئەمەی تۆ کردووتە کاری دوژمنانی خودایەو باشتر وایە کتێبەکەت لە بازاڕەکاندا کۆبکەیتەوە، ئەوەش بۆ خۆت‌و ماڵ‌و منداڵت باشترە"! ئاستێکی دواتری ئەو هەڕەشانە کە جگە لە ئیمایڵ‌و فەیسبووک، لەڕێی تەلەفۆنیشەوە ئاراستەی وەرگێڕی کتێبەکە، سۆزان جەمال کراون بەم شێوەیە نووسراون؛ "واز لەو ڕەفتارانە بهێنە، ئەگەر نا زیان بە خۆت‌و منداڵەکانیشت ئەگات"!. بەشێکی تری هەڕەشەکان داوای هاندانیان کردووە لە ڕێی مزگەوتەکانەوە بۆ سووتاندنی کتێبەکە. سۆزان جەمال نووسەری ٧ حەوت کتێبەو ١٣ سێزدە کتێبی دیکەشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ڕوویەکی دیکەی هەڕەشەی ئیسلامییەکان کە ئاراستەی سۆزان جەمال کراون، لە ڕاستیدا ڕووە سەرەکییەکەشیەتی، ڕاوەشاندنی شمشێری ئیسلامی‌و کۆنەپەرستانەیە لەدژی کۆمەڵگاو خەڵکی مۆدێرن‌و شارستانیی کوردستان. ئیسلامییەکان ئەیانەوێ بە تۆقاندنی سۆزان جەمال‌و کەسانی چەشنی ئەو، هەژموونی نەگریسی فەرهەنگ‌و کەلتووری ئیسلامی‌و بەسەرچوو و دواکەوتووانە بەسەر سەری کۆمەڵگاو چاوەڕوانیەکانی هاوڵاتیانەوە بهێڵنەوە، کە بەم جۆرە کارانەی سۆزان جەمال، کە لەڕێی تەرجومەی کتێبێکەوە گەلێک ووشیاری‌و زانیاری‌و پرسیاری هەستیار سەبارەت بە پەیوەندی جێندەری، پەیوەندی سیکسواڵیتی‌و تەنانەت خودی چەمکی سێکس بە واتای غەریزەو پێویستییەکی گرنگ‌و حەیاتیی مرۆڤ، ئەخاتە خزمەت‌و ئیختیاری کۆمەڵگاو هاوڵاتیانمانەوە. ئیسلامییەکان لەڕێگای هەڕەشە لە سۆزان جەمالەوە، هەڕەشەکانیان ئاراستەی هەموومان ئەکەن. ئاراستەی دانە دانەی هاوڵاتیانی کوردستان ئەکەن. بۆ دانیشاندنەوەی ئەم تەوژمە لە کۆنەپەرستی‌و بڕینی دەستی ئەم بەهانە ژەنگاوییانە، هەموومان ئەبێت ببین بە سۆزان جەمال‌و سەردەشت عوسمان.

ئێستا کۆمەڵگای کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی دیکەدایە، دوای داستانی ڕفاندن‌و تیرۆری سەردەشت عوسمان، سەبارەت بە ئازادی دەربڕین، ئازادی ڕەخنە، ئازادی نووسین‌و ئازادی وەرگێڕان. ئایا کۆمەڵگا چۆن ئەڕوانێتە کتێبەکەی سۆزان جەمال‌و چۆن مامەڵە لەگەڵ ناوەرۆکی خودی کتێبەکە ئەکات!؟ ئایا ڕێگا ئەدات نووسەرو وەرگێڕێک لەپای تەرجومەی کتێبێکی گرنگ سەبارەت بە پرسی سێکس لە ڕووی زانستی‌و حقوقی‌و کۆمەڵایەتییەوە، ژیانی بکەوێتە مەترسییەوەو لەلایەن ئاراستە ئیسلامییەکانەوە بە مەرگ مەحکوم بکرێت!؟ ئایا ئیسلامییەکان ڕەوایەتی‌و شەرعیەتی هەڕەشەی کوشتن‌و سڕینەوەی ئینسانیان لە پای تەرجومەی کتێبێک لە کوێوە هێناوە!؟ ئەمانەو زۆری تریش پرسیارن‌و بەرەوڕووی هەموومان ئەبنەوە.

بەڵام تۆپەکە لە مەیدانی دەسەڵاتدارانی کوردستاندایە. ئەگەر سەرنجی ئەو راستییە بدەین کە ئیسلامییەکانی کوردستان هەمیشە وەکو دەسەڵاتی سێبەر خۆیان داناوە، تەنانەت پەرچەکرداری تیرۆریستی‌و هیستریکیانەیان بەرامبەر بە هەر جم‌و جووڵ‌و دیاردەیەک کە ئەوان پێیان وابێت زیانی بۆ ئیسلام‌ هەیەو دژی بەها ئایینییەکان بووە، بۆمان دەرئەکەوێت کە ئاراستە سیاسییە ئیسلامییەکان، هیچ ڕێزو بایەخێکیان بۆ یاساکان‌و دەسەڵاتەکان‌و دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیشی دانەناوەو ڕاستەوخۆ وەکو فەرمانڕەوای ووڵات حوکمی شمشێری ئیسلامییانەی خۆیان دەرکردووە. نموونە زۆرن لەو حوکم‌و فەتوا ئیسلامیانە دژی هەڵسوراوانی سیاسی، دژی نووسەران، ڕۆشنبیران، چالاکوانانی ژنان‌و تەنانەت دژی هەر ڕوخسارێکی مۆدێرنیش کە دەریان کردوون‌و دەسەڵات هیچ هەڵوێستێکی ڕۆشن‌و شایستەی نیشان نەداوە.

دەرەنجام ئەم هەڵوێست‌و کاردانەوەیەی ئیسلامییەکان، تەنانەت ئەگەر لەژێر دەمامک‌و لە تاریکیشدا ئەنجامی بدەن، بێ ڕەتوش، دەوڵەت‌و دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان ئەباتە ژێر پرسیارەوە. چونکە یاساگەلێک بۆ چاپەمەنی‌و بڵاوکردنەوەو ئازادی بیروڕا تۆمارکراوەو حکومەت‌و دام‌و دەزگای دەوڵەتی ئەتوانن چاودێری جێبەجێبوونی بکەن نەک گرووپ‌و دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان! چ جای ئەوانەشیان کە لەژێر پەردەو لە تاریکیدا فەتواو هەڕەشەکانیان بڵاوئەکەنەوە. ئەگەر دەوڵەت‌و دەسەلات هاوبەش نین لەگەڵ هەڕەشەو فەتواکانی ئیسلامییەکان دژی سۆزان جەمال، کەوایە دەبێت ئەو هەڕەشەکارانە بدۆزرێنەوەو تەسلیمی دادگا بکرێن. ئینجا لێپرسینەوە لە ڕابەرانی حزبە ئیسلامییەکان بکرێت، وە ببرێنە بەردەم یاساو دەزگای داوەریی کوردستان‌و لێیانبپێچرێتەوە لەبارەی ئەو هەڕەشانەوە. چونکە ئەو فەتواو هەڕەشانە لەژێر دەستی ئیسلامییەکانەوە گەڵاڵەکراون‌و ئەکرێن. وە ئەمن‌و ئاسایشی سەد دەر سەد بۆ سەلامەتیی ژیانی سۆزان جەمال‌و بنەماڵەکەی دابین بکات. مەبەستم گێڕانەوەی ئەو هەستە ئارامبەخشەیە کە سۆزان خان هەیبووە بەر لە هەڕەشەکان بۆ سەر ژیانی! کە پێموایە کارێکی گەلێک زەحمەتە. چونکە پێویستە تەک بە هەژموونی ئیسلامییەکان بدرێت بۆ دواوە.

لە کاتێکدا جیهان بە لوتفی پێشکەوتن‌و پێشڕەوی گەورە لە ئاستی کۆمۆنیکەیشن‌و تەکنۆلۆژیادا، لە ئاستی ووشیاری کۆمەڵایەتی‌و پەیوەندییە ژیاری‌و شارستانیەکاندا، دەروازەکانی خستۆتە سەر پشت بەڕووی کرانەوەو داهێنان‌و زانیاری گەیاندن‌و بەرقەرارکردنی بالاترین شێوازی هەڵس‌و کەوت‌و مامەڵەی ڕۆژانە لە نێوان ئینسانەکان‌و هاوڵاتیانی کۆمەڵگا جیاجیاکاندا، کەچی لە کوردستان ئیسلامییەکان بە چەکی ژەنگاوی هەزاران ساڵەوە بەنیازن بە بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی تیرۆرو کوشتن‌ ئەم دەروازانەمان بە ڕوودا دابخەن.

لە هۆڵەنداو زۆرێک لە ووڵاتە ڕۆژئاواییەکان، نەک لە قۆناغی سەرەتاییەوە، بەڵکو لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە، کە تەمەنیان لە ٢ ساڵییەوە دەستپێئەکات، وانەی زانیاری بەخشین سەبارەت بە باری گەشەی سێکسواڵێتی(جێندەری)و بارو شێوازو چٶنێتیی پەیوەندی نێرو مێ ئەووترێتەوە. لە ئاستێکی باڵای زانیاری بەخشین بە منداڵان خۆیان‌و بە کۆمەڵگاو گەورەکانیش، باشترین و باڵاترین‌و پێشکەوتووترین ئامڕازەکانی مۆدێرنی زانیاری گەیاندن‌و وەشاندن بەکارئەهێنرێت. سەرەکی ترین ئامانجیش لەم پرۆگرامانەی سەبارەت بە جێندەری‌و سێکسواڵێتی، دەربازکردنی کۆمەڵگاو ووشیاری کۆمەڵایەتییە لە نێو فەزای شت‌و بابەتە حەرام‌و تابوکراوەکان! وە پلان‌و نەخشەکێشانێکی زانستییە بۆ دروستکردنی سالمترین‌و باڵاترین‌و ئاسایی ترین پەیوەندی جێندەری. واتە چۆنێتی‌و شێوازی هەڵس‌و کەوتی نێرو مێ لە کۆمەڵگادا لەگەڵ یەکتری. بە هەردوو بارەکەیدا، واتە پەیوەندی خۆشەویستی‌و عیلاقەو عیشق‌ تا ئەگات بە سێکسی بەکردەوە لەنێوان گەورەساڵاندا.
لەو ڕووەوە کە پاش خواردن‌و خواردنەوەو جل‌و بەرگ پۆشین‌و سەرپەنا، هەرە حەیاتیترین لێکەوت‌و پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایەک، پەیوەندی سێکسواڵێتییە، وە ئەم پەیوەندییە جێندەری‌و سێکسواڵێتییە ئەگەر وەکو چۆن لە کۆمەڵگا ئیسلاملێدراوەکان‌و کۆمەڵگا دواکەوتووەکان‌، یان بە گشتی لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەبەهانەی بێبنەماو پاساوی ئێجگار دواکەوتوانەو نەزانانە هەر ئەکرێت بەژێرەوەو دائەپۆشرێت، وە بە شتی تابو و حەرامکراو دائەنرێن، ئازاد نەکرێت، کۆمەڵگا گیرۆدەی گەلێک کێشەو گرفتی گەورە گەورەی چەشنی کوشتنی ژنان ئەبێتەوە بەبەهانەی پاککردنەوەی شەرەف‌و نامووسی خانەوادەو بنەماڵەوە. جگە لەوانەش کۆمەڵگاو تاکەکان‌و خەللاقییەتی ئینسانییان ئەپوکێتەوە. وە سەرباری هەموو ئەوانەش دەست‌و پێی کۆمەڵگا بە دەردی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی لەو چەشنەی باسکرا ئەبەسرێتەوەو تواناو ئینێرژییەکی لەڕادەبەدەر خەرجی کۆمەڵێک گرفتی سەرچاوەگرتوو لەو فەزا تابوکراوانەوە ئەکرێت، کە بەهیچ جۆرێک لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا یان هەر نییە یان زۆر لە ئاستێکی کەمدایە.
باس‌و خواس لەسەر سێکسواڵێتی باسێکی ئاساییەو لە هەر ئاستێکدا هەر کەسێک توێژینەوە یان کتێب یان فیلم سازئەکات لەبارەیەوە، پێویستە نەک ئازاد بێت، نەک نابێت بەتەنیا بمێنێتەوە، بگرە پێویستە لەسەر دەوڵەت لەسەر کۆمەڵگاو دامەزراوەکانی بە تەواوی پشتی بگرن‌و بودجەی پێویستیشی بۆ دابین بکەن. سۆزان جەمال نەک هەر نابێت ژیانی نائارام بکرێت، نەک هەر نابێت هەڕەشەو چاوسوورکردنەوەی لەسەر بێت، بەڵکو حکومەت‌و کۆمەڵگاش پێویستە وەکو کەسێکی شایستەو ئازاو خزمەتبەخش ڕێزی لێبگرن.
١٧ئایار٢٠١٣
حەمە غەفور
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە