روونكردنەوەیەك لە بەشى ڕاگەیاندنى كۆلێجى پەروەردەى كەلارەوە

Thursday, 15/10/2009, 12:00

1875 بینراوە


بابەتێك بە ناونیشانى (نامەیەكى كراوە بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆكى زانكۆى سلێمانى) لەسایتى كوردستانپۆست لەرۆژى 9/10/2009 بڵاوكراوەتەوە و تیێدا هەندێ قسەى كەسێكى نەخۆش و داخوازى بەرژەوەندى كەسێەتى كە یاساو رێنماییەكانى زانكۆ رێگەى پێ نادات بۆى بێتە دى هاتووە، ئامانجى قسەكانیشى شەخسى بەرێز راگرى كۆلێج (د. بەهرۆز جاف)، رایدەگەیەنین كە هەموو ئەو قسانەى كە لە بابەتەكەدا هاتوون دوورن لە راستی و لە دەمى كەسێكى خوازیارى گەندەڵى هاتوونەتە دەرێ، لەبەر ئەوەى كە بەرگرى لە داخوازى بۆ سەرپێچى كردن لە یاسا و رێنماییەكانى خوێندنى باڵا دەكات. كۆلێجى پەروەردەى كەلار وەكو خۆى وتەنى تەلارێكى زانستى گەورەیە و هەزارەها كادیرى زانستى بەتوانا لە هەڵگرانى بەكالۆریۆس و دەیەها هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر و دكتۆرا پێ دەگەیەنێ و بووەتە هەوێنى درووستكردنى (زانكۆى گەرمیان) كە دەبێ ئەو كەسە بزانێت ئەم تەلارە چۆن درووست بوو و چۆن گەیشتە ئەم ئاستەى كە خەڵكى بەشەرەفى گەرمیان لەم رۆژانەدا شانازى پێوە دەكەن. هەرچەندە ئەو قسانە، لەبەر بێ بەهاكەى، جێى وەڵامدانەوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەى كە ناوى هەندێ كەس لە بابەتەكەدا هاتووە وەكو (سەرۆكى زانكۆ) و (د. تەحسین) و كەسێك بەناوى (د.ا.) لەگەڵ هەردوو سەرۆك بەشەكانى عەرەبى و جوگرافیا، ئەم روونكردنەوەیە دەخەینەروو. د. تەحسین مامۆستایە سەر بە میلاكى زانكۆى دیالەیە و بە شێوەى تەنسیب بۆ ساڵى خوێندنى 2008-2009 لە كۆلێجەكەماندا وانەى وتووە، بەڵام لەبەر ئەوەى كە بە بێ ئاگادارى و رەزامەندى راگرایەتى كۆلێج وانەى لە كۆلێجى ئادابى خانەقیندا وتووە، كە سەرپێچییەكى داراییە، راگرى كۆلێج لەبەردەم هەردوو ستافى بەشەكانى فیزیا و ماتماتیك گلەیى لێ كردووە و توویەتى كە سەرۆكى زانكۆ رەزامەندى دەرنابڕێ بۆ وتنەوەى وانە، لەلایەن مامۆستایەكەوە، بەبێ رەزامەندى كۆلێجەكەى، لە كۆلێجێكى تر، كە سەرەڕاى ئەوەى كە مامۆستاكە بە تەنسیب لەكۆلێجەكەدا كاردەكات و بە هیچ شێوەیەك سەرۆكى زانكۆ رەزامەندى بۆى دەرنەبڕیوە ، د. تەحسینیش ئێستا تەنسیبەكەى كۆتایى پێ هاتووەو گەڕاوەتەوە بۆ زانكۆى خۆى (زانكۆى دیالە) و خۆى و ئەو مامۆستا بەرێزانەى كە ئامادەى ئەو دانیشتنە بوون زیندوون و شایەتحاڵى ئەوەى كە ئایا راگرى كۆلێج جنێوى بە بەرێز سەرۆكى زانكۆ داوە؟ نووسەرى هەواڵەكەش وشەى (قۆندەرە) ى بە كارهێناوە كە گوایا لە لایەن راگرەوە وتراوە، كە ئەمەش ئاستى ئەو نووسەرە (شاراوەیە) دەردەخات كە وشەى بەم جۆرە لە دەمیوە دەربچێت و بوختان دەرحەق بە راگرى كۆلێج دەكات، چونكە راگرى كۆلێج كەسێكى زانستخوازە و وشەى بەم شێوە، كە لایەق بە نووسەرى بابەتەكەیە، بەكارناهێنى. راگرایەتى كۆلێج شانازى بە هەردوو بەرێزان سەرۆكانى بەشەكانى عەرەبى (م. ئاسۆ سوبحى غەزایى) و بەشى جوگرافیا (د. ابراهیم قاسم درویش پاڵانى) كە كەسانى ناسراوو كوردى دڵسۆزن، نەك وەكو لە بابەتەكەدا هاتووە (عەرەب و سەلەفین!!). كۆلێجى پەروەردە لە (10) بەشى زانستى پێك دێت بەڵام هەردوو بەشەكانى (كیمیا و فیزیا) لەلایەن راگرى كۆلێجەوە سەرپەرشتی دەكرێن، كە شتێكى زۆر ئاسایى و زانستییە تا ئەو رۆژەى كە كەسى شیاو بۆ سەرۆكایەتى ئەو دوو بەشە دادەنرێن. ئەو كەسەى كە بە ناوى (د.ا.) و كە لە كتێبخانەى كۆلێجدا كاردەكات و رێگەى پێ نەدراوە وانە بڵێتەوە، كێشەكەى پەیوەندى بە كۆلێجەوە نییە بەڵكو بەپێى رێنماییەكانى زانكۆ كە دەبێ هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەرو دكتۆرا لە ئەزموونى شیاوى پێدانى پلەى زانستى دەربچن، بەڵام ناوبراو بۆ سێ جار ئەزموونەكەى ئەنجامداوەو دەرنەچووە ، كە بە هیچ شێوەیەكیش سێ سیمینار بۆ هیچ كەسێك لە هیچ زانكۆیەكدا نەكراوە!. بۆ زانیاریش، ئەم ئەزموونە لەگەڵ پێدانى پلەى زانستى و رێگە پێدان بە وانەوتنەوە لە دەسەڵاتى سەرۆكایەتى زانكۆدایە نەك راگرایەتى كۆلێج. هەر قسەیەكى تریش كە لەو بابەتەدا هاتووە قسەى بێ مانایە و تەنها داخى دڵى ئەو كەسە نەخۆشەیە دەریخستووە، كە پیشتیوانى لە پەیڕەوكردنى گەندەڵى دەكات و هیچ حورمەتێكى بۆ زانكۆ و زانست نییە.
راگرایەتى كۆلێجى پەروەردە/ بەشى راگەیاندن
15/10/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە