دڵـــەكەی یەكێتی خەریكە لـــــــــــە لێدان دەكەوێت

Monday, 03/08/2009, 12:00

2131 بینراوە


هاتنە دەرەوەی ئەو كادیرانەی كار بۆ لیستی گۆڕان دەكەن سەرەتا لە مەڵبەندی یەكی سلێمانی دڵی یەكێتییەوە دەستی پێكرد، لێپرسراوانی هەردوو باڵەكەش لەو مەڵبەندە ژمارە و هۆكاری جیاواز دەخەنە روو لە بارەی ئەوانەی هاتوونەتە دەرەوە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

دوای راگەیاندنی لیستی گۆڕان و سەركردایەتی باڵی ریفۆرم، باڵی گشتی نێو یەكێتی بڕیاری خۆساغكردنەوەی بەسەر ئەندامانی ناو حیزبەكەدا سەپاند، ئەم بڕیارەش بووە هۆی چوونە دەرەوەی كۆمەڵێك كادیری زۆر لەڕیزی ئەو حیزبە و خۆساغكردنەوەیان بۆ كاركردن بۆ لیستی گۆڕان، سەرەتای ئەم چوونە دەرەوەیەی ئەندامانی یەكێتیش لەنێو دڵی حیزبەكەوە (مەڵبەندی یەكی سلێمانی) دەستی پێكرد، كاتێك بەرپرسی ئەو مەڵبەندە فشاری خستە سەر كادیر و ئەندامانی یەكێتی تاوەكو خۆیان ساغ بكەنەوە.

مەڵبەندی یەكی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە گرنگترین و بەهێزترین مەڵبەندی یەكێتی و دڵی ئەو حیزبە لە رووی رێكخستنەوە لە قەڵەم دەدرێ. مەڵبەندەكە لە (29) ئەندامی ئەنجومەن، (10) ئەندام بەش، (33) كارگێڕ كۆمیتە، (35) كادیری بەش، (250) ئەندام كۆمیتە و (1110) ئەندام كەرت پێك دێت كە كۆی گشتی كادیرەكانی سنووری ئەو مەڵبەندە دەكاتە (1467) كادیر.

دڵەكە خوێنی زیاتر بەكام باڵ دەدات

سەرچاوەیەك هاتنە دەرەوەی كادیرانی مەڵبەندی یەكی سلێمانی بە نزیكبوونەوەی دڵەكەی یەكێتی لە لێدان وەسف دەكات و بەرپرسی مەڵبەندەكەش رایدەگەیەنێت كە مەڵبەندەكەی ئێستا لە جاران بە جۆش و خرۆشترە.

سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی یەكی یەكێتییەوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە جیهانی راگەیاند كە چوونە دەرەوەی كادیرانی مەڵبەند بەو شێوەیە پەیوەندی بە خراپی ئەدای بەرپرسی مەڵبەندەكەوە هەیە. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ جیهان گوتی" چوونە دەرەوەی ئەندامانی باڵی ریفۆرم بەهۆی ئەدای بەرپرسی مەڵبەندەوە بوو، كە ئەدایەكی خراپی هەیە لەگەڵ كادیرانداو بێباكە لە كادیرانی خوارەوەی مەڵبەندەكەی، بەرپرسی مەڵبەند وا دەزانێت تەنها گرنگ ئەوەیە كە ئەو بە دەنگ بووە بە بەرپرسی مەڵبەند بۆیە لە كۆبوونەوەكانیدا دەڵێت كێ دەمێنێتەوە با بمێنێتەوە كێش دەڕوات خوای لەگەڵ، زۆر بە موسەیتەرانە قسە دەكات لە كاتی كۆبوونەوەكاندا منەتی بە كادیرەكانی خوارەوە نییە، تا وای كرد كە دڵەكەی یەكێتی خەریكە لە لێدان دەكەوێت".

بەڵام لای خۆیەوە بەرزان ئەحمەد كوردە ئەو قسانەی رەتكردەوەو بە قسەی هەڵبەستراوی ناو بردن و وتی"ئەو جۆرە قسانە كارگێڕی مەڵبەند كە رۆشتووە لەگەڵ ئەو بەرپرس كۆمیتانەی تریش كە رۆشتون ئەوە ناڵێن، چونكە ئێمە بەڕێزەوە ئەوانمان بەڕێكردووە، ئەوە ئەو كەسانە وا دەڵێن كە عەدالەتیان قبوڵ نییە، ئێمە پێمانوتون كێ كار بۆ لیستی كوردستانی دەكات ئەوە یەكێتییە، كێش كار بۆ لیستی گۆڕان دەكات ئەوە پێچەوانەی پەیڕەو و پڕۆگرامی یەكێتییە ئازادن كاریش بۆ لیستی گۆڕان بكەن، بەڵام خواحافیزتان بێ لەیەكێتی، من پەیوەندییەكی رۆحی زۆرم هەیە لەگەڵ كادیرەكانی خوارەوە و ئەو قسانە هەڵبەستراون."

لە بارەی سست بوونی دڵی یەكێتی كە مەڵبەندی یەكە و هەنگاو بەرەو وەستان دەنێ بەرزان ئەحمەد كوردە وتی"بەپێچەوانەوە مەڵبەندەكەمان زۆر لە گەشەكردندایە، لە مەڵبەندی یەكدا دەڵێی تازە راپەڕین كراوە و خەڵكی حەماسی بەرزە چونكە ئەوانە خەڵكیان دەركردووە كاتێ دەسەڵاتیان هەبووە و رێزی خەڵكیان نەگرتووە، خەڵكی گەندەڵیشیان هەبووە، لێرە خەڵكم دەركردووە جاسوس بووە كە ئەندام مەڵبەند بووە و دەریش چوو بوو لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتی عێراقەوە بوو ناوی(شێخ مالیك)ە، بەڵام ئەوان خستویانەتە لیستەكەیانەوە، خەڵكێك دەركراوە كە لیژنەی هەڵبژاردنەكان دەریان كردووە كە خودی كاك نەوشیراون بەرپرسی لیژنەكە بووە، بەڵام ئەو پیشان دەدرێ و دەڵێن دەركراوە، ئەو حەوت جێگری كۆمیتانە دووانیان لەسەر دزی دەركراون كە دیوانی چاودێری دزی لێگرتوون (ئاسۆ رەحیم و هاورێ سیروان) تەكلیفیان لێكردووم نەیاندەم بە دادگا، چونكە دوو ساڵ حەپس دەكران یەكێكیان ناوی (ئارامە) ئێستا كردوویانە بە ئەندامی لیستی گۆڕان."

هەروەها سەرچاوەیەكی تر لە مەڵبەندی رێكخستنی یەكی سلێمانی، لەگەڵ پێی وایە چوونە دەرەوەی كادیرانی مەڵبەند شكستی باڵی ریفۆرم لەو مەڵبەندە دەردەخەن، چونكە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەو مەڵبەندە چوونەتە دەرەوە و خۆیان بە ریفۆرم دەزانن بەپێی قسەی ئەو كەمترە لەو رێژەی دەنگانەی كە ئەو باڵە لە دوایین هەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی یەكێتیدا بەدەستیان هێنان. ئەو سەرچاوەیە لەمبارەیەوە دەڵێت" ژمارەی ئەوانەی لە سنووری مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی چوونەتە دەرەوە 157 كەسن، 71 یەك كەسیان پلەیان لە سەرو ئەندام كۆمیتەوەیە، 86 كەسیشیان پلەی ئەندام كەرتیان هەبووە، ئەمەش شكستێكی گەورەیە بۆ باڵی ریفۆرم، چونكە لە كاتی دەنگدانەكەی ناو یەكێتی باڵی ریفۆرم بۆ بەرپرسی مەڵبەند، واتە ئاسۆ عەلی 460 دەنگی هێناوە، بەڵام ئێستا ئەو هەموو دەنگانە لەگەڵیان نەچوونە دەرەوەی یەكێتی ئەمەش سەرەتای شكستی كارەكەیانە كە بەناوی ریفۆرمەوە دەیكەن، ئەو كات بەرزان ئەحمەد كوردە كە كاندیدی باڵی گشتی بوو 515 دەنگی هێنا، ئەمەش دەركەوتنی ئەو راستییەیە لای ئەندامانی باڵی ریفۆرم كە زۆربەیان پاشگەزبوونەتەوە، چونكە ئەو كادیرو ئەندامانە وایاندەزانی لە ناو یەكێتیدا ریفۆرم دەكەن نەك لە دەرەوەی یەكێتی".

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشدا كە لە ناو خودی مەڵبەندیشدا تەنها نۆ كەسی باڵی ریفۆرم چوونەتە دەرەوە ئەوانیش بریتین لە"ئاسۆ رەحیم و هاوڕێ ئەكرەم لەبەشی پەیوەندییەكان، هاوڕێ سیروان و ئامانج لە بەشی چاودێری كادیر، بلیمەت، حەمەی وەستا سدیق، رێبوار كە كارمەندن و هەروەها ئاریان و عەبدوڵڵا شەمێران كە ئەندام بەشن".

ئاسۆ رەحیم تەنها كەسێك بوو لە ئەنجومەنی مەڵبەند وەك كارگێڕ دەنگی هێنا لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەی یەكێتیدا كە سەر بە باڵی ریفۆرم بوو لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەو كاتەی مەڵبەندی سلێمانییەوە دەڵێت" باچیتر نەگەڕێینەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر ئەوانە شتی تایبەتی ناوخۆیی بوون، هۆكارەكان گەلێك جار باس كراون هەندێكیشیان لەبەرچاوی خەڵكی بەتەواوەتی روونە، كە لەمەڵبەندی سلێمانی روویان دا، بەڵام ئەو دەنگانەی ئێمە هێنامان من تەنها كەس بووم كە دەرچووم 567 دەنگم هێنا، كەمترین دەنگ لای ئێمە 474 دەنگ بوو، شەش كەسی ئێمە لەسەرووی 500 دەنگەوە بوون، بە جیاوازیەكی زۆركەم دەرنەچوون ئەو شەشە كەسەمان، جیاوازییەكانمان زۆركەم بوون، ئەو جیاوازییانە بەو شێوەیە نییە ئەوان باسی لێ دەكەن، كۆی گشتی دەنگدەر لە مەڵبەندی سلێمانی 1191 دەنگدەر هەبوو، ئاسۆ عەلی 515 دەنگی هێنا و بەرزان ئەحمەد كوردەش 625 دەنگی هێنا، 51 دەنگ نەخۆش و دەنگی سووتاو هەبوون، ئەمە راستی دەنگدانەكەی مەڵبەند بوو، نەك ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ئەوان ژمارەكانیش تەواو نازانن نەك شتی تر".

لە بارەی ئەوەی كە بۆچی هاتووەتە دەرەوە ئایا نەیدەتوانی لەناو یەكێتیدا بێ و كار بۆ گۆڕان بكات ئاسۆ رەحیم وتی" هاتنەدەرەوەمان بە كارێكی مێژوویی دەزانین، هەموو كەس دەزانێ دروست بوونی یەكێتی بەدیلی ئەو حیزبانە بوو كە بڕوای بە دیدو بۆچوونی جیاواز نەبوو، كە خۆی كاری كردووە بۆ ئەوە دەبێ ئێستاش قبوڵ بكات، ناكرێت ئێمە بە فكرێكی تایبەتی پەروەردە بووین كار بە فكرەكەمان نەكەین ئەوانەی كاری پێ ناكەن بەراستی لێی تێنەگەیشتوون، چونكە فكرە بە بیستوچوار كاتژمێر ناگۆڕێت، بەردەوام لەناو یەكێتیشدا بیروڕامان جیاواز بووە و پرۆژەشمان پێشكەش كردووە، بەڵام ئێستا تەوقیتەكە ئەوە دەخوازێت، چونكە هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە، ناشكرێت لەناو ئەو حیزبە بیت و كار بۆ شوێنێكی تر بكەیت". لەبارەی ئەوە بۆچی لە كاتی هەڵبژاردنەكەی ناو یەكێتی لە مەڵبەندی یەك ژمارەیەك زۆر دەنگیان هێناوە، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك كادیری كەم هاتوونەتە دەرەوە بۆ لای لیستی گۆڕان، ئاسۆ رەحیم وتی"ئێمە هەمیشە كارمان دەكرد لە جێی خۆمانەوە شتەكانمان تەرح بكەین، بەڵام هیچ ئەنجامێكیان نەبوو بۆیە هاتینە دەرەوە، ئێستا لەوە زیاتر خەڵك دێت، بەڵام ئێستا ژیان خەڵكی وابەستە كردووە بە حیزبەكانەوە، ئێمە بە كەسمان نەوتووە بێتە دەرەوە، رامان نەگەیاندووە كێمان هەیە لە ناو یەكێتیدا بێتە دەرەوە، ئەوانەش دێنە دەرەوە قبوڵی ئەوە ناكات بە بیرو بۆچوونەكانی ئەوان كاربكات، تەقیم لەسەر كادیرەكانی سەرەوە ناكرێ چەند كەست لەگەڵە لە كۆی ئەندامان یان جەماوەر دەكرێت چەندت هەیە ئەمە گرنگە، بە كەسیشمان نەوتووە بێتە دەرەوە، بەڵام هەڵسوكەوتی مەڵبەندێك بۆ مەڵبەندێكی تر دەگۆڕێت چونكە لە مەڵبەندەكان مەزاج كار دەكات نەك سیستەم و پەیڕەوی ناوخۆ، ئێمە گەلێك خەڵكمان ماوە لە ناو مەڵبەندەكاندا".

لێپرسراوی كۆمیتەی چوار باخ سەر بە باڵی ریفۆرم لە بارەی چوونە دەرەوەی و وازهێنانی لە پۆستەكەی وتی" لەسەر بیروڕای جیاواز دەستمان لەكار كێشایەوە، خۆم و چوار ئەندام كۆمیتەو چواردە ئەندام كەرت هاتینە دەرەوە، ئەوان رەخنەو پێشنیارەكانی ئێمەیان قبوڵ نەدەكرد بۆیە بە ناچاری هاتینە دەرەوە، لەبەر بژێوی نەبێ زۆر كەسی تریش هەن دێنە دەرەوە، ئێمە بە خواستی خۆمان هاتینە دەرەوەو هیچ كەس بە ئێمەی نەوت بێنە دەرەوە."

لە بارەی ئەوەی بۆچی زۆرتری كادیری هاتووە دەرەوە و سەرەتای هاتنە دەرەوەش لە مەڵبەندی سلێمانیەوە دەستی پێكرد ئاسۆ رەحیم وتی" گەر چاوێك بە مێژوودا بگێڕیتەوە بۆت دەردەكەوێت تەبعی شاری سلێمانی وا هاتووە بە هۆی وشیارییەوە، كادیرەكانی زوو دركیان بە شتەكان كردووە، بەرپرسی مەڵبەند بە بڕیاری سەرووی خۆی كاری كردووە كە ئەویش خۆساغكردنەوە و بانگكردن و پێ وتن بووە چەندین شتی تر بوونەتە هۆی هاتنە دەرەوەی كادیرەكانی باڵی ریفۆرم، ئەدای بەرپرسی مەڵبەند نەبووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بێینە دەرەوە، بەڵكو قبوڵنەكردنی بیروبۆچوونی جیاواز بووەتە هۆی هاتنە دەرەوەمان". هەروەها ئاسۆ رەحیم دەربارەی ژمارەی ئەو كادیرانەی كە هاتونەتە دەرەوە لەو مەڵبەندە گوتی" لەناو مەڵبەندی سلێمانی من وەكو دەرچوو بە كارگێڕو پێنج بەرپرسی كۆمیتەوە و هەندێ جێگر هەبووە هاتووینەتە دەرەوە، بەڵام ئەمە قیاس نییە بەوەی ئیتر ئێمە كەسمان نییە لەوێ، چونكە ئێمە رامان نەگەیاندووە كەسەكانی ئێمە بێنە دەرەوە، هۆكاری سەرەكی ئەوان بوون خەڵكەكانی ئێمە بێنە دەرەوە، سەرەتا هاتنە دەرەوە زۆربوو، بەڵام ئێستا زۆر هێواش بووەتەوە، ئەو بەرنامەیەش سەرەتا لە مەڵبەندی سلێمانییەوە دەستی پێكرد كە خەڵكیان بانگكردو فشاریان خستە سەر خەڵكی، كۆی ئەوانەی هاتوونەتە دەرەوە لە سەرووی 250 ئەندام كەرتن، بێجگە لە ئەندام كۆمیتە و پلەكانی تر".

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە باڵی ریفۆرم لە بارەی ئەو كادیرانەی لە مەڵبەندی سلێمانی هاتوونەتە دەرەوە وتی" لە ناو مەڵبەندا 31 كادیرو 5 بەرپرس كۆمیتەو 7 جێگر كۆمیتەو سەرووی 35 ئەندام كۆمیتەو زیاتر لە 200 ئەندام كەرتن، كۆی گشتی دەكاتە 278 كادیر، كۆمەڵێك كادیری تر ماون تاوەكو زۆریان بۆ نەهێنن نایەنە دەرەوە، چونكە لیستی گۆڕان بە كەس ناڵێت بێتە دەرەوە لەبەر ئەوەی بژێوی ژیانی ئەو كادیرانە لەسەر مووچەكانیانە لیستی گۆڕان لە ئێستادا ناتوانێت پارەیان بۆ دابین بكات".



پەیڕەوی ناوخۆ لەنێوان شەرعیەت و پەیڕەوكردندا

بۆ وەرگرتنی شەرعیەتی كارەكانیان زۆر جار بەرپرسانی هەردوو لا پەنا بۆ پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكە دەبەن و بەرپرسێكی باڵی ریفۆرمیش پێی وایە ئەو پەیڕەوە خۆی شەرعیەتی نەماوە.

تاچەند دەركردنی كادیران و نانبڕینیان لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا دەگونجێ ئاسۆ رەحیم لەمبارەیەوە دەڵێت" لە پەیڕەودا هەموو ئەندامێك ئەرك و مافی هەیە، مووچەبڕین بە هیچ شێوەیەك رەوایەتی تێدا نییە، چونكە مووچە هی تاكەكەسێك نییە، بەڵكو ژیانی منداڵەكانی لەسەرە، بە كام دەسەڵات و بەكام حەق مووچە دەبڕی، چونكە كۆمەڵێك كەس لە فەرمانگەی حكومی بووەو هێناویانەتە دەرەوە بۆ كاری حیزبی ئێستا بە چ حەقێك مووچەكەی دەبڕن، پەیڕەو هیچی نەماوە چونكە بەسەرچووە، ئەگەر بە پەیڕەو كار بكرایە دەبوو بە هەموو خاڵەكانی كار بكرایە نەك بەو خاڵانەی كە لە بەرژەوەندی ئەوانەدا بێ كە خواست و قازانجی خۆیانی تێدا هەیە".

لە بارەی دەركردنی كادیرو مووچەبڕینیان كە ئایا لەگەڵ پەیڕەوی یەكێتیدا دەگونجێ بەرزان ئەحمەد كوردە وتی:"بەڵێ دەگونجێ، چونكە ئەوانە كادیرن بۆ پەیڕەوكردنی بەرنامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەدەر لەو بەرنامەیە كار بكرێت شەرەفی ئەندامیەتی لە دەست دەدەیت، لەبەر ئەوە حەقی خۆمانە كە كار ناكەن بۆ یەكێتی دەربكرێن و مووچەیان ببڕێت، دەكرێ بە بۆچوونی جیاواز كار بكرێت بەڵام لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆ و لەناو یەكێتی نیشتمانیدا، یەكێتی ئیسلامی و چەپ و هەموو جۆرەكانی دیدو بۆچوونی جیاوازی تێدایە، شەرەفی ئەندامیەتی لە ئەندامانی سەركردایەتی نەسەنراوەتەوە كە كۆنگرە هەڵیبژاردوون، بەڵكو سڕكراون و مووچەكەشیان نەبڕاوە تاوەكو كۆنگرە دەبەسترێت." لە بارەی ئەوەی كە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كار بە هەندێكی دەكرێ بۆ بەرژەوەندی باڵێك و زۆربەی فەرامۆش دەكرێ لێپرسراوی مەڵبەند وتی" تاكو ناوی حیزب هەبێ پەیڕەو و پڕۆگرامی هەیە، چونكە كە پەیڕەو و پرۆگرام نەبوو سیفاتی حیزبی نامێنێ، ئەوان حیزب نین پەیڕەوو پڕۆگرام و بەرنامەیان هەیە، ئێمە حیزبێكی گەورەی كوردستانین، لە مەڵبەندەكەی ئێمە بە پەیڕەو كاردەكەین، جیا لەو پرۆژە ناتەواوەی كە هەڵبژاردنی پێكراو یەكێتی تووشی ئەم قەیرانانە كرد، ئەكرێ بیروبۆچوونی جیاواز هەبێ، بەڵام ئێمە مەكتەبی سیاسی بڕیاری داوە لەگەڵ پارتیدا بە یەك لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردن، ئەوەی پێچەوانەی ئەو لیستە بێ وەكو وایە لە تیپێكی یاری كردن بی و گۆڵ لەخۆت بكەیتەوە ئەمە ناگونجێ، چ حیزبێك لە دنیادا ئەمەی قبوڵ كردووە تاوەكو ئێمە قبوڵی بكەین، ئەمە شتێكی تازەیە."

لەناو ئەم كێشمەكێشەدا سەرەڕای ئەوە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن كە ژمارەیەك لە كادرانی باڵی ریفۆرم پەیوەندییان بە مەڵبەندەوە كردووەتەوە و وازیان لەو باڵە هێناوە ئاسۆ رەحیم دەڵێت" بەش بە حاڵی خۆم كادیری ئێمەم نەدیوە بگەڕێتەوە، سەبارەت بە هەڵۆ ئەحمەد قەد لەگەڵ ئێمە نەبووە و نەش هاتووە تا بگەڕێتەوە، مامۆستا سەربەست راستە لەگەڵ ریفۆرم بوو، بەڵام پێش هاتنە دەرەوە بڕوای وابوو بچێت لەگەڵ ئەواندا كار بكات".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە