کێشەی نێوان لاهور و پاڤێل، کێشەی سیاسیی نییە، شەڕی دوو مافیایە، بۆ پشکی دزی  و نیشتیمانفرۆشنە.(لە خوارەوە و لە راپرسییەکەدا رای خۆت دەرببڕە)


سازمانی خه‌باتی كوردستان له‌ سێ قۆناغی مێژوویی

Thursday, 08.29.2013, 12:00

679 بینراوە


سازمانی خه‌بات ی كوردستان یه‌ك له‌و حیزبه‌ تێكۆشه‌رانه‌یه‌ كه‌ ٣٣ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌رێكه‌وتی ٥ی خه‌رمانانی ١٣٥٩ی كۆچی خۆری له‌ناو خاكی كوردستانی ئێران و به‌ پێی چه‌ندین زه‌روره‌ت و بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ ره‌سمی بوونی خۆی راگه‌یاند و له‌و رێكه‌وته‌وه‌ تا ئێستا بێ ووچان له‌خزمه‌تی شۆرِشی ره‌وای گه‌لی كورد دابووه‌ و خاوه‌نی مێژوویێكی پاك و  بێگه‌رد و پرِده‌سكه‌وت و شانازییه‌.
له‌و كورته‌ نووسینه‌ دا هه‌وڵ ده‌ده‌م مێژووی پێكهاتنی سازمانی خه‌بات هه‌ر له‌بیرۆكه‌ی دروست كردنی سازمانێكی له‌چه‌شنی سازمانی خه‌بات و قۆناغ و مێژووی ئێستاى شی بكه‌مه‌وه‌ و به‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ سێ قۆناغی جیاوازی (پێش پێكهاتنی ره‌سمی و دوای پێكهاتنی تا سه‌رده‌می گه‌رمه‌ی خه‌باتی چه‌كداری و له‌ده‌یه‌ی ٨٠وه‌ هه‌تا ئێستا) خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كه‌م و له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئاسۆی دوارۆژی سازمانی خه‌بات وێنا ده‌كه‌م.
مێژووی پێش پێكهاتنی سازمانی خه‌بات:
هه‌موو بیرۆكه‌یێك له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سه‌وه‌ بیری لێده‌كرێته‌وه‌ و گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی داده‌رێژرێ‌ و له‌پاشاندا پرۆسه‌ی راكێشانی هاوبیر و هه‌نگاوه‌كانی دواتر ده‌ست پێده‌كات. به‌ هه‌مان شێوه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات ی كوردستانیش سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن جه‌نابی مامۆستا سه‌یید جه‌لال دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌بات بیچمی گرت و وێرای چه‌ندین هاوبیری تێكۆشه‌ری دامه‌زراندنی سازمانی خه‌باتیان خسته‌ قۆناغی جێبه‌جێكردن و پراكتیكه‌وه‌. مێژووی خه‌بات و چالاكیه‌كانی مامۆستا سه‌یید جه‌لالی حوسێنی له‌ ساڵه‌كانی پێش به‌ فه‌رمی راگه‌یاندنی خه‌بات مێژوویێكی دابرِاو نین له‌ سازمانی خه‌بات و له‌ حه‌قیقه‌ت دا به‌شێكی جیانه‌بۆوه‌ی مێژووی سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌و ته‌شكیلاته‌ن .
مامۆستا سه‌یید جه‌لال مێژووی رابه‌رایه‌تی كردنی جه‌ماوه‌ری ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ پێش سه‌ركه‌وتنی شۆرِشی گه‌لانی ئێران و به‌ هۆی ئه‌و متمانه‌ و خۆشه‌ویستیه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ مامۆستا به‌ حوكمی لێهاتووی ولێزانی و نیشتمانپه‌روه‌ریی به‌رێزیان ، ده‌وری رێبه‌رایه‌تی شۆرِشی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دژی رژیمی پاشایه‌تی خرایه‌ ئه‌ستۆی مامۆستای نه‌مر و به‌و په‌ری لێهاتوویی و ژیری ئه‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ی به‌ پێشنگایه‌تی و مانه‌وه‌ی له‌ ریزی یه‌كه‌می خۆپیشاندانه‌كان و رێكخستنی جه‌ماوه‌ر به‌سه‌ركه‌وتووی راپه‌رِاند. له‌دوای رووخانی رژیمی پاشایه‌تی و هاتنه‌ سه‌ركاری رژیمی ئاخوندیش چالاكى و ئه‌ركى رێبه‌رایه‌تى جه‌نابی مامۆستا له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌و شاره‌كانی كوردستان ده‌ست پێده‌كات و له‌ ژێرناوی ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عیزه‌دین سه‌ردانی زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستانی كرد و خه‌ڵكی بۆ شۆرِش و داوای ئازادی ئاماده‌ ده‌كرد و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی لوی جه‌رگه‌ی كورد بوو. هه‌ڵبه‌ت پێشتر مامۆستا له‌ رێگه‌ی وه‌رگرتنی چه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تی بازرگان و دابه‌ش كردن به‌ سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ی بانه‌ هێزێكی رێكخراو و ئاماده‌ی هه‌ر جۆره‌ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ێكی پێكهێنابوو و ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی و رێبه‌رایه‌تی مامۆستای نه‌مر دابوون. عه‌ملیاته‌ كه‌م وێنه‌كانی ئه‌و هێزه‌ عه‌زیمه‌ له‌ شه‌ری جاده‌ی سه‌رده‌شت بانه‌ له‌كاتی له‌شكه‌ركێشی هێزه‌كانی خومه‌ینی بۆ كوردستان وانه‌یێكی یه‌كجار گه‌وره‌ین دا به‌ ده‌سه‌ڵات و له‌وسه‌رده‌مه‌ دا بوو كه‌ خومه‌ینی بانگه‌وازی ئاشتی و راگرتنی شه‌رِی به‌رز كرده‌وه‌. مامۆستا سه‌یید جه‌لالی حوسه‌ینی به‌ هۆی هێندێك هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تی له‌ناو ده‌فته‌ری مامۆستا هه‌وڵه‌كانی بۆ عه‌مه‌لی كردنی بیرۆكه‌ی پێكهێنانی رێكخراوێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات و یه‌كه‌م كه‌سیش ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا شێخ عیزه‌دین و مامۆستا عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی باس ده‌كات و ته‌نانه‌ت خوالێخۆشبوو مامۆستا عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی په‌یره‌و پرۆگرامی ته‌شكیلاته‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ زۆر وێكچوونی له‌گه‌ڵ بۆچوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كورد بوو ده‌نووسێ و سه‌ردانی مه‌رحوومی كاك ئه‌حمه‌دی موفتیزاده‌ش ده‌كرێ‌ و باسه‌كه‌ له‌گه‌ڵی تاوتوێ ده‌كرێ‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی هێندێك گێره‌شێوێنی ناگاته‌ ئاكام. كه‌ندوكۆسپه كان رێگری ئه‌وه‌یان له‌ مامۆستا سه‌یید جه‌لال نه‌كرد كه‌ واز له‌ بیرۆكه‌كه‌ی بێنێ‌ و له‌ ئه‌نجامدا دوای هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر له‌ ٥ی خه‌رمانانی ١٣٥٩ له‌سه‌رده‌ستی مامۆستای نه‌مر مامۆستا سه‌یید جه‌لال حوسێنی و مه‌رحوومی مامۆستا خدری عه‌بباسی و عه‌بدوڵلا ئارام و مامۆستا خه‌لیلی شه‌ریفیان و مامۆستا كه‌ریمی سه‌یاددی و چه‌ندین كه‌سایه‌تی تر سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران به‌ فه‌رمی بوونی خۆی راگه‌یاند.
زه‌روره‌ته‌كانى پێكهاتنی سازمان:
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سازمانی خه‌بات پێی نایه‌ ناو مه‌یدانی كاری سیاسی و خه‌بات دژی رژیم، له‌باری ره‌وته‌ فكرییه‌كان ، ره‌وتی چه‌پ باڵی كشاندبوو به‌سه‌ر هێز و لایه‌نه‌كان و نه‌بوونی هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامی كه‌ بتوانێ‌ هێز و پوتانسیله‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ مه‌به‌ستی رێگه‌خۆشكردن بۆ خه‌باتێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ وه‌ربگرێ‌ هه‌ستی پێده‌كرا و هه‌روه‌ها رژیمی خومه‌ینی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتنی خه‌راپ له‌ زاڵ بوونی ئه‌و گووتاره‌ چه‌پیه‌ خه‌ڵكێكی زۆری شاره‌كانی ئێرانی به‌ مه‌به‌ستی كوشتن و بۆ به‌شداری له‌ شه‌ری كۆتایی پێهێنانی به‌ كورد هاندا و له‌ فه‌رمانێكی قێزه‌ون دا بانگه‌وازی جیهاد دژی كافری به‌رز كرده‌وه‌,كه‌ پێكهاتنی سازمان له‌و قۆناغه‌ وه‌لامێك بوو بۆ چه‌واشه‌كارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی و پرِ كردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ سیاسی و فكرییه‌ى له‌ كوردستان هه‌ستى پێده‌كرا. ده‌كرێ‌ بوترێ‌ ئه‌و دووهۆكاره‌ سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی پێكهاتنی سازمانی خه‌بات ی كوردستان بوون. له‌و قۆناغه‌دا سازمان ٨ شه‌هیدی قاره‌مانی پێش كه‌ش به‌ باره‌گای شه‌هیدانی كوردستان كرد و ده‌یان داستانی خۆراگری و قاره‌مانه‌تی كه‌م وێنه‌ی له‌ مێژووی گه‌لی كورد دا تۆمار كرد. سه‌ره‌رِای ئه‌وه‌ی كه‌ كارئاكتیری جۆراوجۆر ده‌وریان هه‌بوو له‌و قۆناغه‌ دا به‌ڵام جه‌نابی مامۆستا سه‌یيد جه‌لالی حوسێنی ده‌ورگێر و كارئاكتیری سه‌ره‌كی ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ بوو.
قۆناغی دوای پێكهێنانی ره‌سمی سازمانی خه‌بات هه‌تا راوه‌ستانی خه‌باتی چه‌كداری:
له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌باتی ئاشتیانه‌ی گه‌لی كورد هه‌ر له‌دانانی هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی كورد و پێش كه‌ش كردنی خاڵه‌ داواكارییه‌كانی كورد و دانیشتنه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان و شكست پێهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی سه‌رده‌مێكی نوێ هاته‌ ئارا كه‌ به‌ سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌كداری ناو ده‌هێندرێ‌. گه‌لی كورد ناچار به‌وه‌ كرا بۆ پارێزگاری له‌ كه‌رامه‌ت و مانه‌وه‌ی خۆی تاو بداته‌ چه‌ك و پارێزگاری له‌ خۆی بكات. یه‌كێك له‌ پرِ شانازیی ترین ده‌ورانه‌كانی مێژووی خه‌باتی كورد له‌ كوردستانی ئێران له‌دوای هاتنه‌ سه‌ركاری رژیمی ئاخوندی ئه‌و قۆناغه‌ بوو كه‌ رۆڵه‌ ئازا و خۆنه‌ویسته‌كانی كورد له‌ پێناو خاك و گه‌لی سته‌ملێكراویان تاویان دایه‌ خه‌باتێكی سه‌ربه‌رزانه‌ و خۆنه‌ویستانه‌ و به‌ره‌وپیری مه‌رگ ده‌چوون . هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌و خاكه‌ به‌ فیداكارییه‌وه‌ چشیان كرد له‌ گیانیان و له‌به‌رانبه‌ر سه‌ره‌رۆیی و درنده‌یی و بێ مافیه‌كانی ده‌سه‌لات وێستانه‌وه‌ و وه‌ڵامی گولڵه‌ و باروتیان به‌ گولله‌ وبارووت دایه‌وه‌. سازمانی خه‌بات ی كوردستانیش یه‌ك له‌و هێزه‌ تێكۆشه‌رانه‌ بوو كه‌ له‌رێگه‌ی پێشمه‌رگه‌ چاونه‌ترسه‌كانیه‌وه‌ له‌به‌شداره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ بوو و ژماره‌ی شه‌هیدانی كه‌ پتر له‌ ٤٥٠ شه‌هیدن به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن بۆ ئه‌وراستیه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا له‌ سازمانی خه‌بات هه‌میشه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ بوون و تا دوا ساته‌كانی وه‌ستانی ئه‌و قۆناغه‌ له‌ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری بوونه‌ و سینگیان قه‌ڵغانی گه‌ل و نیشتمان و برا پێشمه‌رگه‌كانیان بووه‌. ئه‌و قۆناغه‌ به‌ خوێنی سه‌دان رۆڵه‌ی قاره‌مان و ده‌یان سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ی به‌وه‌جی وه‌ك شه‌هیدمامۆستا سه‌ییدخه‌لیل، شه‌هیدماموستا عه‌بدوڵائارام، شه‌هید سه‌یید عه‌بدولكریم حوسه‌ینی، شه‌هید خالید حه‌سه‌ن نیژاد ، شه‌هید ته‌ها روحی، شه‌هید عه‌بدوڵلا هه‌مزه‌، شه‌هید عه‌بباس شكاك ، شه‌هید تاهیر خوریاوایی، شه‌هید مه‌لا عه‌لی ره‌سوڵی و شه‌هید حوسه‌ین كه‌ریمی و شه‌هید ره‌حمان قادرى و شه‌هید تۆفیق كه‌ریمپوور و ده‌یان فه‌رمانده‌ی قاره‌مانی تر تۆمار كرا. ئه‌و چاونه‌ترسی و موقاوه‌ته‌ كه‌م وێنه‌یه‌ش نه‌ك ته‌نیا له‌مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ له‌گه‌ڵ دژمنان دابووه‌ به‌ڵكو له‌ سیاچاڵه‌كانی رژیمیش ئه‌ندامانی سازمان نمونه‌ی قاره‌مانه‌تی و ئازایه‌تی بوون و ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوبه‌ندی ئه‌و رۆڵه‌ بوێرانه‌ بوون شاهیدی بۆ ئه‌و راستیه‌ ده‌ه‌ن، شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانی وه‌ك شه‌هید عه‌تا سنه‌یی (قادری) شه‌هید عه‌بدوڵلا هه‌مزه‌، شه‌هید خه‌لیل ره‌شاش، شه‌هیدموزه‌فه‌ر ره‌حمانی، شه‌هید تالیب مورادی، شه‌هیدتاهیریاكوباوایی، شه‌هید حه‌سه‌ن سه‌لیمی و شه‌هید كاوه‌نانه‌وایی وچه‌ندین شه‌هیدی قاره‌مان دیكه‌، هه‌رگیز له‌ تۆماری مێژووی خۆراگری زیندانیانی سیاسی ناویان وون نابێ.
له‌و قۆناغه‌ وێرای چه‌ندین فاكته‌ری گرینگ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانی سازمانی خه‌بات كارئاكتێر و ده‌ورگێری سه‌ره‌كی بوون.
قۆناغی ده‌سپێكی ده‌یه‌ی ٨٠ تا هه‌نووكه‌: ::
ئه‌و قۆناغه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌سپێكی ده‌یه‌ی ٨٠ی كۆچی خۆریی و به‌وردتر له‌ساڵی ١٣٨٤ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و چه‌ندین ئاڵوگۆری بنچینه‌یی و گۆرانكاری له‌ پێكهاته‌ی سازمانی خه‌بات ده‌بنه‌ هه‌وێنی سه‌ركه‌وتن و گه‌شانه‌وه‌ی زیاتری سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران. ساڵی ١٣٨٤ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران كۆنگره‌ی سێهه‌ی خۆی به‌ناوی كۆنگره‌ی پێش كه‌وتن گرێدا و له‌ گۆرانكارییكی نه‌وعی دا ئه‌و په‌ری كرانه‌وه‌ و ئینعتاف و خۆ رێكخستنی ئه‌و ته‌شكیلاته‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی نوێ و باوه‌ر به‌ نوێبوونه‌وه‌ و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ گۆرانكارییه‌كانی سه‌رده‌م ده‌رخست. له‌ كۆنگره‌ی سێهه‌م سازمانی خه‌بات ی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلام كوردستانی ئێران گۆرا به‌ سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران و بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی ئیسلامی له‌ كوردستانیش كرا به‌ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی دیموكراتیك و په‌رله‌مانی كه‌ پارێزه‌ری مافی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان و دین و ئایینه‌كانی كوردستانی بێ. سازمانی خه‌بات به‌و گۆرانكارییه‌ سه‌لماندی كه‌ حیزبێكی چه‌قبه‌ستووی دوگماتیزم نییه‌ و هێزی گۆرانكاری و خۆ نوێكردنه‌وه‌ی تێدایه‌ و له‌ حه‌قیقه‌تیش دا بكه‌ری سه‌ره‌كی هه‌موو ئه‌و گۆرانكارییانه‌ هه‌ر له‌نووسین و دارشتنی په‌یره‌وی نوێی سازمان بۆ كۆنگره‌ی سێهه‌م و داكۆكی و شیكردنه‌وه‌ی ئامانج و قازانج و زه‌روره‌ته‌كانی ئه‌و گۆرانكارییه‌ به‌رێز كاك بابه‌شێخی حوسێنی سكرتێری گشتی ئێستای سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران بوو. سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران ئه‌گه‌ر تا پێش كۆنگره‌ی سێهه‌م نوێنه‌رایه‌تی چینێكی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌كرد به‌ گۆرانكاریی له‌ به‌رنامه‌ و ئه‌ساسنامه‌ی هه‌نگاوی نا به‌ره‌و جه‌ماوه‌ریتر بوون خۆی به‌ نوینه‌ر و تێكۆشه‌ر و به‌رپرسیار له‌ راست ماف و ویسته‌كانی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانێ‌ و به‌ مانای راسته‌قینه‌ی خۆی ته‌شكیلاتێكی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیه‌.
دياره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا باوه‌ری وایه‌ هه‌نووكه‌ش ئایینی پیرۆزی ئیسلام ده‌بی وه‌ك یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كانی قانوون دانان كه‌لكی لێ وه‌رگیرێ و چه‌مكی جیایی دین له‌ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان وه‌ڵامده‌ر بێ به‌ڵام باس له‌ جیایی دین له‌ سیاسه‌ت به‌بۆچوونێكی ناته‌واو ده‌زانێ. سازمانی خه‌بات باوه‌ری وایه‌ كه‌ سه‌رجه‌م بۆچوون و هێڵه‌ فكرییه‌كان به‌شدار بن له‌ یاسادارێژی و خۆبه‌رێوه‌به‌ری له‌ حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان و هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌خالێك له‌ ئامانجه‌ گشتیه‌كانی دا ده‌لێ هه‌روه‌ك چۆن كه‌ڵك له‌ جارنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ و میساقه‌ نێوده‌وڵه‌تی و په‌یماننامه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان وه‌رده‌گیرێ‌، دینی ئیسلامیش وه‌ك دینی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان وه‌ك یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كانی یاسا دانان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا رێز له‌ سه‌رجه‌م دین و ئه‌دیان ده‌گیردرێ‌ و هه‌وه‌رها رێگه‌ به‌ په‌ره‌سه‌ندنی بیرۆكه‌ی ده‌مارگیرانه‌ و توندره‌وانه‌ی ئایینی نادرێ‌. له‌هه‌مانكاتیشدا داوای حكوومه‌تێكی دیموكراتیك و پارله‌مانی به‌ واتای به‌شداری سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ حكوومه‌ت دا ده‌كا.
گۆرینی هێڵی فكریی سازمان هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ بوو له‌و قۆناغه‌دا و له‌دوای چه‌ندین ساڵ به‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی زیاتری سازمان له‌ زۆربه‌ی مه‌یدانه‌كانی خه‌بات وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی درایه‌وه‌ بۆ دروستی ئه‌و گۆرانكارییه‌ پێویست وحه‌یاتیانه‌. وێرای فاكته‌ره‌كانی تری وه‌ك پشتیوانی رێبه‌ری هه‌رگیز نه‌مر مامۆستا سه‌یید جه‌لال له‌هه‌موو گۆرانكارییه‌كان و كار كردن بۆ پێش خستنی ئه‌و هێڵه‌ فكریی و سیاسیه‌ و هه‌روه‌رها بوونی سه‌ركردایه‌تیه‌كی گه‌نج و پرِكار، كارئاكتێری سه‌ره‌كی ئه‌و قۆناغه‌ به‌رێز كاك بابه‌شێخی حوسینی سكرتێری گشتی سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێرانه‌ كه‌ سه‌لماندی نه‌ك له‌ مه‌یدانی خه‌باتی چه‌كداری دا ئازا و بوێر و فه‌رمانده‌یێكی لێهاتووییه‌ به‌ڵكو له‌مه‌یدانی سیاسیش دوربین و ژیر و لێزان و لێهاتوویه‌.
ئاسۆی دوارۆژی سازمانی خه‌بات!
ئه‌مرۆ دوای سی و سێ ساڵ سازمانی خه‌بات ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رجه‌م موعادیلاته‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و ئێران حیسابی تایبه‌تی بۆ ده‌كرێ‌ و خاوه‌نی قورسایی و پێگه‌ی خۆیه‌تی و رۆژ له‌دوای رۆژ پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی له‌گه‌شه‌ و په‌ره‌ دان و پێداگر مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئوسوله‌ سیاسیه‌كانی و خۆدورخستنه‌وه‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ ناته‌بایێكی ناوخۆیی و راستگۆیی و تێكۆشانی به‌رده‌وام و به‌ روحێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ خزمه‌ت كردنی شۆرِشی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد ، سیماێكی خۆشه‌ویست و پرِ له‌متمانه‌ی له‌لای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان دروست كردووه‌ و هه‌ر ئه‌و متمانه‌ زۆره‌ش وا له‌ رێبه‌رایه‌تی و تێكۆشه‌رانی رێبازی سازمانی خه‌بات ده‌كات به‌و په‌ری به‌رپرسیاره‌تی و توانا و وزه‌یانه‌وه‌ به‌رده‌وام بن له‌ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی گه‌لی كورد له‌ كوردستانی ئێران هه‌تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری و گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌ ره‌واكانی و دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی دیموكراتیك و پارله‌مانی.
http://www.khabatmedia.com/modules.php?name=News&file=article&sid=6429

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر