ئایا کۆمەڵگەی مێگەل هەیە؟

Thursday, 12/03/2015, 12:00

6041 بینراوە


بەکارهێنانی وشە، نەک هەر بەرپرسیاریەتیە بەڵکو ناسنامەی ئەو نوسەرەش دیاری دەکات کە هەڵگری چ کولتورێکە،هەندێک نوسەر لە بەکارهێنانی هەندەک وشە بیانوی ئەوە دەهێنەوە کە مەبەستیان لایەنە مەجازیەکەیەتی، من پێم سەیرە ئەو ڕاستیە نەزانن کە لە نوسینی ئەکادیمیدا زمانی فاکتە دەدوێ، چونکە دەستەواژەی مەجازی دەکەوێتە خانەی بە فیڕۆدانی کات، ئەگەر گونجاو نەبێت.
وشەی مێگەل لە فەرهەنگی شوانکارەییدا بەو کۆمەڵە ئاژەڵە دەگوترێ کە زۆرینەیان مێیەن،هەندێک لە ڕۆشنبیران هاتوون کۆمەڵگەی کوردیان بەو کۆمەڵە ئاژەڵە چواندوە و ناویان لێناوە کۆمەڵگەی مێگەل واتە(کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی مێینەی لاواز و گێژە،بێگومان بۆ خۆشتان دەزانن ئەو وشانە چەند نیگەتیفن لە فەرهەنگی شوانکارەیی دا)*.
هۆی چیە ئەو برادەرانەئەو ڕقە بەرامبەر بە کۆمەڵگە هەڵدەگرن ؟ ئەوان دەڵێن کۆمەڵگەی مێگەل دیکتاتۆر دروست دەکات!!
با سەرەتایەک دیاری بکەین ، مرۆڤ بوونەوەرێکی سۆسیالە جا لە هەر کۆمەڵگەیەک بێ،بێگومان لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا ناوەکەی لەگەڵ خۆیدایە و ئاسانتر بەلاڕێدا دەبردرێ،بەڵام مانای وانیە تۆ بێیت و وشەی مێگەلی بۆ بەکاربهێنیت!! چونکە بەڵگەنەویستە کە قابیل بە پێشکەوتن و گۆڕانە هەرچەندە لەسەرەخۆش بێ.
لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوودا ئەگەر تاکەکانیشی کێشەیەکیان هەبێ، لە خانەی نەخۆشی دا بەرجەستە دەبێ، وشەی گێل و شێت و چی و چی بۆ بەکارناهێنن، بەڵکو هەموو دامودەزگە حکومیەکان بۆ چارەسەرکردنی هاوکار دەبن تا تاکێکی بەسودی لێدەربچێ،وەک دەڵێن تاکە جیاکان مێژوو دروست دەکەن.
باشە بۆ بەشێک لەو ڕۆشنبیرانەی ئێمە بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە ؟ ئایە چ مەبەست و نیازێک لە پشت ئەو جۆرە بیرکردنەوانەدا هەن؟ئایە دیکتاتۆر چۆن دروست دەبێ؟
بێگومان هەموو خەڵک ئەوە دەزانێ کە دیکتاتۆرەکان لە گشتیدا لێک نزیکن و لەوردەکاریەکاندا لێک دوورن،دەبێ ئەوە بزانین کە هەندێک حیزب و ڕێکخراو هەن بەرلەوەی بگەن بە دەسەڵات هەڵگری بیروڕای دیکتاتۆرین، بەتایبەتی لەو ناوچە فراوانەی کە ئێمەی تێدا دەژین،ئاخر ئەگەر ئاسانتر پێناسەی دیکتاتۆر بکەین هەر ئەوەیە کە هەر بیروباوەڕێک ئەوانیتر قبوڵ نەکات ئەوەگیانی دیکتاتۆری لەگەل خۆیدا هەڵدەگرێ. سەدام حوسێن بەر لە هەلەبجە و ئەنفال و دەیان تاوانیتر،دیکتاتۆر بوو،ئەو کاتە سیماکانی لێبەدەرکەوت کە دامودەزگەی دەوڵەتی لە ناو حزبەکەی خۆیدا تواندەوە.ئەو هۆیانەی کە ڕێگەیان بە سەدام حوسێن دا گەشەبکات ،بە پلەی یەکەم هاوپەیمانیە هەڵەکەی حزبی شوعی و کەمێکیشی بۆبەیاننامەی یازدەی ئازاری پارتی دەگەڕێتەوە ،نەک بۆ میلەت ،چونکە پێشەنگەکەی کەحزبی شوعی بوو پێی دەگوت : سەدام نیازی باشە و پێکەوە بەرەو بەهەشتی سۆسیالستی دەچین!!
هاتنە سەر حوکمی ئیسلامیەکانیش لە ئێران بۆ تێنەگەیشتنی هێزەسیاسیەکانی چەپ لە شیوازی هاوپەیمانیەتیدا دەگەڕێتەوە، نەیاندەزانی کە ئیسلامی سیاسی هەڵگری بیرو باوەڕی قبوڵ نەکردنی ئەوانیترە.
هەرێمی کوردستان لە گەورەترین قەیرانی سیاسی وکۆمەڵایەتیدا، بەپشتیوانی هێزی دەرەکی دروست دەبێ،ئەوەشمان لەبیرنەچێ کە قۆناغی براکوژی بەر لەگەیشتنیان بەدەسەڵات و هۆیە گەورەکەشی ئەقلیەتی پاوانکاریە کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەوانیتر بەدوژمن دەزانێ، لەو ڕێگەیەوە دیکتاتۆریەت پەیدا دەبێ، هەرچەندە بەو ئەقلیەتەشەوە هاتنەوە، تەنانەتلە تاڵان و دزیکردنیشدا ڕەنگی دابۆوە،بەڵام خەڵکەکە بە هەموو شتەکیان ڕازیبوو،تەنها یەکتر نەکوژن.
دیکتاتۆر لەو ناوچەیەی ئێمەدا بەگشتی سەربەخۆیی سیاسی نیە،واتە ناتوانێ پڕۆژەی نیشتمانی هەبێ ، تەنها کار لەسەر تێکدانی کۆمەڵگە دەکات ، بە هەر شێوەیەک کە بۆی بکرێ ناسنامەی هاوڵاتیبوون لە تاکەکان دەسێنێتەوە، دەسەڵاتی دیکتاتۆر لە هاوڵاتی ناپرسی چیت دەوێ؟ بەڵکو دەڵێت چی دەکەیت؟ چونکە دەسەڵات نایەوێ مرۆڤ بیر لە ئازادی بکاتەوە،تاکە شت کە بیری لێبکاتەوە پاراستنی خۆیبێ.
هەموو کەس ئەوە دەزانی کە بیدەنگی خەڵک، تەمەنی دیکتاتۆردرێژ دەکاتەوە،بەڵام ئایە ڕۆلی ڕۆشنبیر لە وڵاتدا چییە؟
لە گەرمەی بەهاری عەرەبی دا، کۆمەڵێک نوسەر، رۆژنامەنوس ،چالاکوانی سویدی و بیانی لە چەندان بەرنامەو دێبەیت دا بەشدار بوون و قسەیان لەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ڕوداوەکانکرد، بەڵام زۆربەیان لە خاڵێکدا کۆک بوون کە دروست بوون ومانەوەی دیکتاتۆر بۆ لاوازی و سستی ڕۆشنبیر دەگەڕێتەوە، (مەبەستم ئەوانەیە کە دیتومن ،چونکە ناکرێ بە هەموو شتیک ڕابگەیت ،بەڵام قسە لەسەر ئەوانە دەکەم کە لەڕاگەیاندنی سویدیدا پێیان ڕاگەیشتووم) ،باشە دەبێ هۆیەکەی چی بێتکە ڕۆشنبیرانی ئێمە بەرپرسیاریەتیەکە لە خۆیان دووردەخەنەوە و کۆمەڵگەی پێدەکەنە، مێگەل ، گاڕان ، تاوانباری گەورە بەگشتی؟
زۆرکەس دەڵێت:بالەوە دەست پێبکەین کە ئایە ئێمە ڕۆشنبیرمان هەیە؟
خەڵک زیاتر بە دوای ئەو ڕۆشنبیرەدا دەگەڕێ کە لە جیهانی (گاندی) بۆی وێنا بووە،ڕۆشنبیر مرۆڤێکە لە پێناو بەرژەوەندی ئەوانیتردا دەجەنگێ،بەو پێوەرەبێ زەحمەتە قسە لەسەر ڕۆشنبیر بکەین.**
بەپێوەرە سادەکەی دەڵێم؛ بەڵی هەمانە، بەڵام زیاتر لە بەرەی دەسەڵاتدان، جا بە ئاشکرا یا بە نهێنی بێ. دەزانن ئەوە مایەی پێکەنینە تۆ بۆ خۆت لە بەرەی دەسەڵاتدا بیت و بەخەڵک بڵێیت مێگەل! بۆ پێیان دەڵێیت؟تۆ دەبێ ئاسودە بیت کە خەڵک تۆ و دەسەڵاتەکەتی قبوڵە. هەرچەندە بۆمن مایەی پێکەنینە.
بەشێک لەڕۆشنبران لە بەرپرسیاریەتی دەترسن،هەر ئەوەشە وایلێکردووە کە بەزیرەکانە تاوانەکە لە خۆی دووربخاتەوە وخۆی بکات بە دادوەر لە نێوان دەسەڵات و خەڵک، جار جارە ڕەخنە لە دەسەڵات و جار جارەش رەخنە لە خەڵک بگرێ، بۆ دەسەڵات سنوری بۆ دیاریی کراوە، بەڵام بۆ خەڵک نا،هەربۆیەش بە هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکەی دێ و پێیدەڵێت : (تۆ مێگەلیت!ئەمن ئەو هەموو کتێبەت بۆ دەنوسم ،ئەو هەموو سمینارەت بۆ دەگێڕم کەچی پێشناکەویت!!)، یاخود زۆر جار دەبینین کە دەڵێت ئێمە دەبێت ڕەخنە لەو دەسەڵاتە بگرین و بەباشی بڵێین باش و بەخراپیش بڵێین خراپ. دێ بەئارەزووی خۆی تەرازوێک دەگرێ، تاوان و خیانەتەکانی دەسەڵات دەخاتە لایەک و هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریش دەخاتە لایەکەیتریەوە،زۆر پاڵەوانانەش قسە دەکات،چونکە لەیەک کاتدا خۆی بە قسەکەری خەڵک و دەسەڵات دادەنێ،بۆیە وەک هەر مرۆڤێکی سەرکوتکەر پەنا بۆ ئەو کولتورە خاوەنداریەتیە دەبات کەهەق بە خۆی دەدات ئەگەر منداڵەکەی تێنەگات، پێی بڵێ تۆ گێل و نەفامی بۆ تێناگەیت؟؟ لەجیاتی ئەوەی بپرسی هۆیەکەی چیە؟ چۆن ڕێگاچارەیەک بدۆزتەوە ؟
هەر هێندە دەڵێـم:ئەو جۆرە خوێندنەوانە ناچنە خانەی ئەکادیمیەوە،جا لەبەرەی دەسەڵات بیت یا دژی . بێگومان دەچێتە خانەی ئەو زمانە توندوتیژە سیاسیەی کە لە زۆربەی بیروڕاکاندا بوونی هەیە، ئەگەر کار لەسەر تۆلرانس ناکەن،بەڵکو هەڵە بە هەڵە چارەسەرەدەکەن،هێندە خزمەتی دەسەڵات و شەرعیەتی مانەوەی دەکات ‌بە چارەگی ئەوەش زیانی پێناگەیەنی،جگە لەوەش کە تێڕوانینێکی نا مرۆڤانە و ڕقهەڵگرانەیە.
کێشەی ئەو ڕوناکبیرانە ئەوەیە، دەق پێش ئەقڵ دەخەن،واتە دەقی چەند نوسەرێک دێنن، لە زەمەن و شوێنی جیاوازدا، دەیانەوێ بەسەر کۆمەڵگەی خۆیاندا بیسەپێنن،خۆی لە ڕاستیدا بە بێ ئاگایی دەکەونە ژینگەیەکی دینی دوگما (دەق هەیە، پێویست ناکات مرۆڤ بیربکاتەوە).
ئەگەر هەرواش بیر دەکەیتەوە ،هەر هێندە بزانە ئەوە دەسەڵاتەکەی تۆیە ئەو کۆمەلگەیە دروست دەکات،کەواتە بە خۆت و دەسەڵاتەکەت بڵێ با ئامرازی دروستکردنی ئەو تاکانەی تێکبشکێنن و ڕێگە بدەن باخەلکانیتر کار بکەن ، گەر هێندە خەمخۆرن،باش و خراپ ئەو خەڵکە بۆ تۆ و دەسەڵاتی سیاسیت دەگەڕێتەوە.
دەسەڵاتی دیکتاتۆر چاک دەزانی بۆ ئەوەی کۆمەلگە تێک بشکێنێ، دەبێ لە دەستپێکدا دەستبژێری سیاسی و ڕۆشنبیرەکەی تێک بشکێنێ، بۆ ئەو کارەش پێویستی بە کۆنترۆلکردنی جومگە سەرەکیەکانی وڵات هەیە.لە ڕێگەی بە حزبی کردنی دادگە ، پەروەردە ، سوپا ، سیماکانی ئەو دەسەڵاتانە ، هۆیەکانی گەشەکردن ، مانەوەیان ، خێرا بە دیار دەکەوێ، بۆیە کە دەسەڵاتیشیان لێدەستێنرێتەوە ، ئاسایشی وڵات لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ئەمن هەست دەکەم هێزێکی شاراوە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە و بەرەکەیدا هەیە، چاک دەزانێ ئەو ڕۆشنبیرەش نوێنەری ئەو نیە کە باسی خەمی ڕۆژانەی ئەو ناکات. ئەو دوو قٶناغی بڕیوە، باوەڕی بە دەسەڵاتەکە و ڕۆشنبیرەکەش نەماوە، دیارە قەیرانێکی کولتوری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە دروست دەکات تا دەبێت بە خاوەن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی، هەوڵی خەڵک بەبەردەوامی بۆ لە دایک بوونی هیوایەک و هەوڵی دەسەڵات بۆ لە ناو بردنی ئەو هیوایە مرۆڤەکان توشی ئەو قەیرانە دەکات، تا هەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر.

*هاوڕێیەکم گوتی گاڕانیش بە کاردەهێنن کە بۆ گا دەگەڕێتەوە و چۆنت بوێ ئەوها بە پێشەخۆتیدا دەدەی،بەڵام کێشەی من لەگەڵ بەکارهێنانی وشەکەیە لە شوێنی نە گونجاودا ،دوایی تۆ بێیت و پەنجەی تاوانباری بۆ خەڵک درێژ بکەیت! دوور لەخۆت وەک ڕوناکبیر،لە کاتێکدا دەزانین کە کۆمەڵگە بە گشتی هەموومان دەگرێتەوە.
** خۆ ئەگەر بێتو بەس ئەوانە وەربگریت کە لە بواری ڕۆشنگەرایی قسەدەکەن و دەڵێن ڕۆشنبیرمان نیە و خۆیان دەخەنە دەرەوەی چارچێوە گشتیەکە، ئەوە ڕێژەیەکت بۆ دروست دەبێ.
ئەو نوسینە لە ڕۆژنامەی ڕۆژی گەل ژمارە ٢٥٥لاپەڕە ٤ بڵاوبۆتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە