شێوازی دیموكراسیەتی عەرەبی!

Tuesday, 09/08/2011, 12:00

2874 بینراوە








د.احمد عبدالملك


عەبدول نەبی عەكری لە كتێبەكەی خۆیدا(مەسەلەكانی چاكسازی و دیموكراتی و گەشەپێدان و مافەكان) دا دەڵێت: هەرچەندێك سیستەمی دیموكراتی جێگرو دۆخی دیموكراسی تەندروست و بەهێزبێت، ئەوەندەش مافەكانی مرۆڤ پارێزراوتر دەبێت، هەرچەندە دیموكراتیش تێكشكاوبێت مافەكانی مرۆڤیش تێكشاو دەبێت).
د.باقر نەجاریش لەكتێبی "دیموكراسی ئەستەم لە كەنداوی عەرەبی"دا دەنوسێت (ئەو گۆڕانكارییانەی كە ناوچەكەی لە هەڵتۆقینی نەوتەوە لەهەفتاكاندا گرتۆتەوە، تاوەكو شۆڕشی ئێران و شەڕەكانی عیراق، چەندین تەنگەژەی ئابوری و سیاسی ناوخۆیی ئەو كۆمەڵگایانەی چارەسەركردوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا تەنگەژەی پەیوەندی نێوان دەوڵەتی لەگەڵ كۆمەڵگای ناوخۆدا قوڵتركردۆتەوە، بەدیاریكراویش لەپەیوەندیدا لەگەڵ ئەو كۆمەڵ و گروپانەی كە كەمترین بەختیان هەیە).
گەلانی عەرەبی بۆماوەی دەیان ساڵ بەهۆی چەندین دروشمەوە (لەرێگای مایكرۆفۆن و تەلەفزیۆنەكان)ەوە كە بانگەشەی بۆ دیموكراتیەت و پەیوەندی دروستی نێوان گەلان و رژێمەكان دەكرد زۆریان چەشت، بەڵام ئەمانە هەموی وەك سڕكەرێكی كاتی وەهابون كە دواتر بەڵێنەكان بەسڕكەرێكی دیكە دوادەخرا.
گەلانی عیراق بۆماوەی نزیكەی سی ساڵ لەتاوانەكانی سەدام بێدەنگیان هەڵبژارد، بەهەمان شێوە گەلانی تونس و میسرو لیبیا (41ساڵ) و یەمەنیش، هەروەها چەندین رژێمی دیكەش كە یارییان بە سۆزی خەڵك دەكرد و بەرگی دیكتاتۆرییەتیان لەشێوەی دیموكراتیدا بەخەڵك دەفرۆشت.
هەموو ئەو گەلانە ئازاری زۆریان چەشت بەهۆی دواكەوتنی ئابوری و نەبونی نەخشەی گەشەپێدان و بێ كاری و چۆڵكردنی نیشتیمان و گەڕان بەدوای پاروویەك نان و فەسادی دارایی و كارگێڕی ، هاتنە خوارەوەی ئاستی زانست و زۆربونی حاڵەتەكانی سەركوتكردن بەتایبەت سەركوتكردنی خاوەن بیروڕا جیاوازەكان و زیندانیكردنیان بەبێ دادگایی.
هەموو ئەمانەش وەهایانكردبوو كە تاكی عەرەبی بەدەست ترسەوە بناڵێنێ، زات نەكات سەیری ئەو پەیكەرە گەورەیە بكات كەلەهەموو قوژبن و سەركۆڵانێكی پایتەختەكاندا لەبەرامبەریدا قوتكراوەتەوە وەك ئەوەی هەمیشە پەیكەرەكە پێی بڵێت "من گوێم لێتە چی دەڵێیت".
زۆرمان بیست لەو چیرۆكانەی كە باسیان لەترسی پیاوەكان دەكرد لەژنەكانیان كە نەوەك سیخوڕی دەوڵەت بن وەك ئەوەی هاورێیەكی عیراقیم بۆی باسكردم، یاخود ئەو گلەیی و رەخنانەی لەقورسی ژیان كە بەدزییەوە لەچاخانەكانی قاهیرەدا باس دەكران ئەویش لەبەرئەوەی رژێمی پێشوی میسر(كە ئێستا سەرانی ئەو رژێمە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دادگایی دەكرێن) بەهۆی یاساكانی (گواری) ەوە بۆ ماوەی 30 ساڵ چەندین چاوو گوێی سیخوڕی بڵاوكردبویەوە.
ئێستاش ئەوەتا دوای ئەوەی ئەو گەلانە راپەرین ، ئەو رژێمانە یاساكانی (گواری) یەكانیان هەڵوەشاندەوە، لەسەر ئاستی ئابوریش (بەهۆی نەبونی دیموكراتیەتیەكی راستەقینەوە) ئەو گەلانە زۆر دواكەوتوبون سەرەڕای هەموو ئەو داهات و دەستكەوتە مادییانە كە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتیەكان و وڵاتانی دۆستەوە وەدەست دەكەوتن كەچی زۆربەیان دەرۆشتنە گیرفانی سەرۆك و دەست وپێوەندەكانیانەوە و بەشێكی كەمی بۆ پرۆژەخزمەتگوزارییەكان سەرفدەكرا.
هەر بەهۆی نەبونی دیموكراسیەتەوە لەجیهانی عەرەبیدا دەزگا داپڵۆسێنەرەكان فشارێكی زۆریان لەهاوڵاتیان دەكرد و دەیانترساندن، ئەمەش ئەو كاتە ناهەموارتردەبوو كە دەزگایەكی دادوەری سەربەخۆ نەبوو، هەروەها دەسەڵاتیش لەلایەن تاكە حزبێكەوە بەرێوەدەبرا.
هەر بەهۆی نەبونی دیموكراسیەتەوە تاكی عەرەبی نەیدەتوانی بەئاشكرا داوای شەفافیەت بكات دەربارەی سەروەتی وڵاتەكەی، ئەم مەسەلەیە تاوەكو شۆڕش هەڵگیرسا هەروا بەناشەفافی مایەوە، ئێمە بینیمان چۆن وڵاتێكی عەرەبی كە چۆن لەرووی پرۆژەكانی گەشەپێدانەوە دواكەوتوبو و خاوەنی چەندین گرفتی ئابوری بوو و ملیۆنەها بێكاری هەبوو كەچی سەروەتی سەرۆك و خێزانەكەی بە 70ملیار دۆلار مەزەرندە دەكرا! . ئەمەت لەكوێ هێنا؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو كە كەس بەدرێژایی چەندین ساڵ نەیدەوێرا بیپرسێ!!هەربەهۆی نەبونی دیموكراسیەوە دەمەكان دادەخران! درۆكان بۆ میللەت زیاد دەكران، خاوەن رای جیاواز لەگەڵ دەسەڵاتدا وەك خائینی نیشتیمان حسابی بۆ دەكرا و چەندین تۆمەتی دیكەش..
ئێمە بڕوامان وەهایە دوای ئەوەی كە دەمامكی رژێمە فاسدەكانی نیشتیمانی عەرەب كەوتن ئیدی كاتی ئەوەیە هەندێك رژێمی عەرەبی بە فایلی مافەكانی مرۆڤدا بڕواتەوە ئەمەش دەچێتە بەرژەوەندی دیموكراسیەتەوە، رێك ئەم دۆخەش فرسەتێكی لەبار دەرەخسێنێ بۆ دروستكردنی كۆمەڵگایەكی مەدەنی بەدور لەفشاری هیچ لایەك لەسەر لایەكی تر چونكە ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا و نەمانی پەیوەستی خێڵەكی و تائیفی.
من كاتێك ئەم قسانە دەكەم دیمەنێكم بینی لەیەكێك لەبەرنامەكانی كەناڵێكی عەرەبیدا دوو میوان بو بەشەڕیان و چەندین بۆكسیان لەیەكدا و چەندین قسەی ناشیرینیان بەیەكتری وت كە ئەمەش رێزنەگرتنی راگەیاندن و بینەری عەرەبی بوو، ئەم دیمەنە بەڵگەیەكە لەسەر شێوازی دیموكراسیەت لەجیهانی عەرەبیدا، ئەم شێوازەش ئارەزوومەندە بۆ توندوتیژی و سرینەوە،هەروەها سەپاندنی تاكە رایەك بەسەر ئەوی دیكەدا.

[email protected]
دەربەندیخان


* لەژمارە 86ی گۆڤاری نێوەند بڵاوكراوەتەوە


* سەرچاوە:
رۆژنامەی (الاتحاد)ی ئیماراتی
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە