ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ

Sunday, 22/05/2011, 12:00

1651 بینراوە




 

ئەمرۆ ٢٢ ٥ ٢٠١١ لەبەشی ئینتەرنێتی هاوڵاتیدا بابەتێکم بینی بەناوی (تەوەرێک سەبارەت بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە باشوری کوردستان)، کۆمەڵێک پرسیاری لە خوێنەران کردوە، ئەو بابەتە بەلای منەوە گرنگیەکی زۆری هەیەو منیش لە هاوڵاتی دەپرسم: دەوڵەتی کوردی بۆ تەنها لەباشوری کوردستان ؟ بۆ بۆ کوردستانی گەورە نەبێ ؟.
بۆ یەکەم جارە رۆژنامەیەکی کوردی تەوەرو باسێکی ئاوا گرنگ دەوروژێنێ، ئەویش لەژێر لێوەوە، زۆر بەلاوازی وەک پرسیار بابەتەکەی وروژاندوەو منیش دەمەوێ بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکەم و وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە.
با لەپێشەوە بە هاوڵاتی بەرێز بڵێم، بەداخەوە داگیرکەرانی کوردستان هەستی نەتەوەیی کوردیان لاواز کردوە دوای هەزاران ساڵ ژێر دەستەی ئێستاش رۆشەنبیرو ناودارانی کورد ناوێرن باسی سەربەخۆیی و دروستبونی دەوڵەتی کوردی بکەن و سود لە دەرفەتە سیاسیەکان وەرناگرن.
بەدرێژی مێژووی ژێردەستەیمان، کورد رۆژێکی ئاوای بۆ هەڵنەکەوتوە کە دوژمنانی کورد بەتێکڕا رسوای نێونەتەوەیی ببن و دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیان بەرو داروخان و هەڵوەشان بڕوات، بەڵام داخەکەم دەسەڵاتدارانی کورد هەوڵی چاک کردنەوەو پاراستنیان دەدەن.
ئەگەر بڕوانینە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەم، شیخ حوسەینی عەرەب کە شەریفی مەککە و کەسایەتیەکی ناوداری بنەماڵەی پێغەمبەر بوو، بۆ خاتری خۆ رزگارکردن لە ژێردەستەیی، دەستی نایە ناو دەستی ئینگلیزو هاوکاری کردن بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی عوسمانی ئیسلامی، ئەنجامەکەشی بوو بە ئەوەی عەرەب ببێتە خاوەن ٢٢ دەوڵەتی خۆی، ناودارانی کوردیش بێجگە لەوەی لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا، لەبەر لێنەزانی و دەروێشی خۆیان کوردستانیان بەدابەشکردن دا، دەرفەتی سیاسی ساڵی ١٩٩١ یشیان کرد بەقوربانی پاراستنی دەسەڵاتداریەتی و باخەڵ پڕکردنی خۆیان.
ئەو رۆژانەی کە ناودارانی کورد لەساڵی ١٩٩١ دا باوەشیان بە داگیرکەران دا دەکردو سەدان هەزار کوردی بێ سەروشوێن و کیمیا خواردو و کوردستانی وێرانکراویان دەکرد بە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان، ئێمە لەناو نەتەویەکگرتوەکاندا باسمان لە سەربەخۆیی کوردستان دەکردو پڕۆژە بەدوا پڕۆژەمان دەهێنا ئاراوە بۆ بەدیهێنانی جوغرافیایەکی تازەو رزگار بوون لە ژێر دەستەیی، بەڵام دەسەڵاتدارانی کورد راستەوخۆ یان بە هۆی عومەر سورچیەوە پڕۆژەی ویلایەتی موسڵیان شێواندو بارو دۆخەکە گەیشتە ئەمڕۆ، هەر ئەوەش وای کرد کە یەکێک لە دۆستەکانم بەناوی واشنتۆنەوە چرای سەوز بۆ کۆمپانیا نەوتیەکە هەڵبکات و پێی بڵێ (واشنتۆن باوەڕ بە دەوڵەت و پەرلەمانی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دا نانێ و دەیەوێ دەوڵەتێکی کوردی دروست بکات و کەسێکی بێلایەن ببێتە بەرێوەبەری ئەو دەوڵەتە، ئەوەی لە خەیاڵی واشنتۆنیش دایە سەردار پشدەریە).
داگیرکەرەکان هەستیان کردبوو بە ئەوەی کە ئەمەریکا دەیەوێ دەوڵەتێکی کوردی دروست بکات، بۆخۆیان راستەوخۆ نەیان دەتوانی پێش بەو پێشهاتە سیاسیە بگرن، بۆیە پەنایان بردە بەر ناودارە نیشتمان فرۆشەکان و داوایان لێکردن کە رێگا لە پڕۆژەکانی سەردار پشدەری بگرن.
بە لای منەوە وەڵامی پرسیارەکانی تەوەری هاوڵاتیش بەم شێوەیە:
١ ناودارانی کورد بەپشتیوانی داگیرکەران بوونەتە ناودارو مەرجی ئەوەشیان بۆ دانراوە کە نەخۆیان باسی سەربەخۆیی بکەن و نە رێگاش بدەن هیچ کەسێک ئەو هەوڵە بدا.
٢ گەرانەوەی ئەمەریکا بۆ وڵاتی خۆی، پشتی کورد دەشکێنێ و دەبێتە هۆی ژیانەوەی داگیرکەرەکان و لەناوچونی خەونی سەربەخۆیی بۆ کورد.
٣ گوتاری سیاسی حیزبەکان جیاوازە لە گوتاری سیاسی کورد، گوتاری سیاسی کورد سەربەخۆییەو گۆتاری سیاسی حیزبەکان تازە کردنەوەی ژێردەستەیە بۆ کوردە.
٤ جاردانی فیدڕاڵی پارتی و یەکیەتی تەنها بۆ فریودانی کوردو تازەکردنەوەی دەسەڵات بوو، ئەو ئۆپۆزیسۆنەش بەشێکن لەو دەسەڵاتە بە رەنگێکی تر، هەمویان وەک یەک داوایان لە کورد دەکرد بۆ دەنگدان بۆ دروستکردنەوەی عێراق، ئەوانیش وابەستەن و ناتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن، حیزبی تازە لە ساڵی دوو هەزارەوە دروست بووەو کڵێشەی دارژانەکەشی لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بە ئینگلیزی بۆ ئێمە نوسراوەتەوە:
http://www.kurd-oil.net/kdec.html
٥ راگەیاندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لەژێر دەستەیی دەردەهێنێت و دەیکاتە سەردارو سەروەری سامانی خۆی، وەک نەتەوەیەک خاوەن ئاڵای باوەرپێکراو دەبێت لەناو نەتەوە یەکگرتوەکان، دەوڵەتی نەتەوەیی بەشی داگیرکەران ناخوات، بەشەکەی خۆی دەوێتەوە، ئەوەش داوایەکی یاساییەو نابێ کەس لێی بترسێ.
٦ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی داوای هەردوو لایە (جەماوەر و تاک)، بەڵام راگەیاندن نابێ لەلایەن ئەو ناودارانەی کە خاوەن دەسەڵاتەوە ببێ، چونکە ئەگەر ئەوان رایبگەیەنن، دەوڵەتێکی گەندەڵ و مایەپوچ دەبێ و هیچ شوێنێکی دنیا باوەڕی پێ ناهێنی.
٧ ئەوەی لەکوردستان دا هەیە، کاریزمایەکی خێڵەکی بەرژەوەندی پەرستە لەژێر چەتری حیزبایەتیدا، رێگرە لەبەرەو پێشچوونی کاروانی کوردایەتی و بەدیهێنانی دوا رۆژێکی روناک و سەربەخۆیی کوردستان.
٨ تا کورد نەبێتە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیی، هیچ پێشکەوتنێک بەخۆیەوە نابینێ و لە زانستی سەردەم دوا دەکەوێت.
٩ ئێمە پێمان وایە میدیان دەتوانن ببنە هۆکارێک بۆ بەرەو پێش بردنی رەوڕەوەی کوردایەتی و کورد هان بدات بۆ یەکگرتن بۆ داوای سەربەخۆیی.
١٠ ئێمە: پارتی و یەکیەتی بە سەرچاوی کانیاوێکی لێڵ دەزانین و پێمان وا نیە ئەوان بتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن و ئەگەر بێشی کەن، تەنها بۆ خاوێن کردنەوەی خۆیانەو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی باوەڕ بە دەوڵەتەکەیان ناهێنێ.
١١ بەرای ئێمە رێگری لە داوی سەربەخۆی لە باشوری کوردستان، سیاسیە و باوەڕ بەخۆ نەبوون و دەست لە ژێر سەری داگیرکەران دایە.
١٢ بەرای ئێمە ئەو کۆشکەی کە ناوی نراوە کوشکی دەوڵەت و پەرلەمانی خوارووی کوردستان، لە یەکەم خشتیەوە بە خواری دانراوە، دیوارەکانی بەخوێنی کورد سورەو لەناوەوەشدا گەندەڵخانەیە، هیچ کەس ناتوانی پاکی بکاتەوە، بۆیە پێویستە لە شوێنێکی دیکە، کۆشکێکی پاک و خاوێن بنیات بنرێ و یەکەم خشتی بناغەی ئەو کۆشکە زۆر بە میزان دانبرێ، بۆئەوەی لە بەرز بوون دا خوار نەبێت و دانەروخێ، دەستورێکی نەتەوەیی سەردەمیانەی بۆ بنوسرێتەوەو دوور لە دیکتاتۆریەت، میدیا ئازاد بیت و کەس مافی کەس نەخوات، لێرەوە تۆ دەتوانی ئابووری خۆت بەدەست بهینیەوەو بەرەو بنیاتنانی کوردستانی گەورە هەنگاو بنێی.


  http://www.kurd-oil.net
http://www.facebook.com/profile.php?id=100001664719237










نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە