کین و قین لای پارتی و شایەرەکانی بنەماڵە

Sunday, 31/03/2013, 12:00

1499 بینراوە






پارتی شایەر و زماندرێژی زۆرە کە بە ڕاست و چەپدا پەلاماری هەموو عالەم دەدەن ئەوەش لەژێر ناوی وتەبێژدا و گەر یەکێکیش باسی پارتی بکات یەکسەر جەبهەی لێدەگرن.
ئەوەندەی ئەو حیزبە وتەبێژی هەیە لە هیچ کام لە وڵاتانی دنیادا نییە، ئەو وتەبێژانەش هەمووشتێکن وتەبێژ نەبێت.
وتەبێژی مەکتەبی سیاسی، وتەبێژی سەرۆکی هەرێم، وتەبێژی حکومەتەکەی نێچیر، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، وتەبێژی لقەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە شارەکان، وتەبێژی لق و ناوچەکان و، ماوەیەکی تر وتەبێژی ئەندامەکانیش دێننە ئاراوە.
هەموو ئەمانە و نوسەرە بەکرێگیراوەکانیش لەلایەکی تر بوەستن.
دیارە کەسانێکیش هەڵدەبژێرن و دەیانکەن بە وتەبێژ کە لای خەڵکی هێند ڕەزا سوک نین.
ئەرکی وتەبێژەکان چییە پاسکردن نەبێت لە ڕوشاندنی عیزەتی خۆ بەزلزانینی عەشایەریانەی سەرۆکی پارتی.
یەکێ لە ئەرکە هەرە گرگنانەکانی ئەم وتەبێژانە ئەوەیە هەر کەسێک کەموکورتیەکی بنەماڵە و حیزبی بنەماڵەی خستە ڕو خێرا تۆمەتی ڕق و کینەی بدەنە پاڵ.
ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە ئەو ڕاستییە یە کە مەسعود بەرزانی دەیەوێت بیکات بە بەڵگەنەویست و ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر و، ڕەخنەگران و نەیارەکانی خۆی پێ تاوانباربکات و، بیکاتە بیانوو بۆ دوژمنایەتی کردنیان بە شێوەیەکی عەشایەرییانە و، شەرعیەت بدات بە تۆڵەسەندنەوەکانی لێیان لە ئێستا و لە ئایندەدا، گەر وانییە ئەوان گەر حیزبی سیاسین و سیاسەت بەرهەم دێنن ئیتر ڕق و کینە یانی چی!
لە سیاسەتدا ڕقو و کینە کوا هەیە، ئەوەی هەیە ئەوەیە ئێوە گەر حیزبێکی سیاسین و خێڵ نین لەبەرگی تەزویری حیزبدا بۆ ڕای جیاواز بە کینە دادەنێن، گەر چی ئەو ڕایە پێشتان بڵێت بڕۆن!
دیارە ئەم ڕاستییەی کە ئێوە ناوتان ناوە کینە و ڕق و هەموو نەیارەکانی خۆتانی پێ تاوانبار دەکەن و لەو ڕێگەیەوە مافێکی عەشایەریانە دەدەن بە خۆتان کە دژایەتی بکەن ڕاستییەکی درۆینەیە، بۆیە گرنگە فشەڵبکرێتەوە.
ئەوەی جێی ئاماژەیە وردەوردە خەریکە ئەکتەرەکانی میدیای ئەهلیش ئەو ڕاستییە درۆینەیەی پارتی و سەرۆکەکەی دەکەنە ڕاستییەک بۆ خۆیان و بە خەڵکی دەفرۆشنەوە. ئەو جۆرە ڕاستیە تەنیا لە هەگبەی خێڵ و لە زیهنیەتی دیکتاتۆردا بوونی هەیەو، لە دیالۆگی نێوان دەسەڵات و موعارەزەی نێو سیستەمی دیموکراتیدا نییە و جێی نابێتەوە. دەسەڵاتێک لە وڵاتێکی دیموکراتیدا موعارەزە تاوانبار ناکات بەناوی ڕق و کینەوە.

لە چەند رٶژی ڕابردودا کەمال ڕەئوفی ڕۆژنامەنوسیش لە کەی ئێن ئێن داوای لە گۆڕان دەکرد کە هەوڵبدەن خۆیان لە دەربڕینی کینەئامێز ڕزگاربکەن!





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە