ئاگادارییەكی ترسناك بۆ لیستە كوردییه‌كانی پەرلەمانی بەغدا

Sunday, 04/04/2010, 12:00

1530 بینراوە


لە پەیڤێكی چەند ڕۆژ لەمەوبەردا بۆ كوردستانپۆست، باسی هاوپەیمانیەتی كوردم كرد لە نێوان شیعە و سوننە. 17 ساڵ لەمەوبەر لە نزیكەوە شیعەم ناسیووە. زۆرێك لە كار بەدەستانی ئێستای بەغدا كاتی خۆی لە سوریا بوون و بە ڕاشكاوی ڕای خۆیان لە سەر كێشەی كورد دەردەبڕی. لە ساڵانی ڕابردوو بە كوردی و عەرەبی باسی ئەم مەسەلەم كردووە و، هەڵوێستی ـ بۆ نمونە ـ مالیكی، سەبارەت بە دۆزی كوردم ئاماژە پێداوە. كەواتە لەم میانەدا پێویستە بزانین كام لایەنی عێراق بە كەڵكترە بۆ كورد. كەڵكیش مانای ئەوە ناگەیەنێ، كە ئەو لایەنە هەڵوێستیان باشە دەرهەق بە كورد، بەڵكو ئەمە سیاسەتە و هاوسەنگی هێزەكانە.
زۆر ئاشكرا دیارە ئێران چی بە كورد دەكاو، چۆن ئاستەنگ و دیواری زل دەخاتە بەردەم كورد، لە سەر ڕێڕەوی گەیشتن بە ئاسۆی هیوا.
لە سەرەتای سەدەی بیست، كاتێ ئینگلیز، ئەم عێراقەی ئێستای دروستكرد، بەشێكی كوردیان لكاند بەم فەرخە دەوڵەتەی بە فەلەج لە دایك بوو و ئێستاش هەروا ماوەتەوە. هۆكارێكی هەرە سەرەكی ئەم لكاندنەش دروستكردنی یەكسانیەك بوو لە نێوان شیعە و سوننەی عێراق، چونكە عەرەبی سوننە بە تەنیا نیوەی شیعەی عێراقن، بە كوردەوە، سوننە و شیعە هاوسەنگ دەبن.
عەممار ئەلحەكیم و شیعە، لەم دواییانە خەریكی پلانێكی گڵاون، ئەویش كڵاو خستنە سەر سەری كورد و عەرەبی سوننەیە پێكەوە. لە ڕێگای بانگەشە كردن بۆ حكومەتێكی چوار قۆڵی نێوان هەر چوار لیستەكە، شیعە دەیانەوێ سەقف بۆ مافەكانی كورد و عەرەبی سوننە دابنێن. چۆن؟
لەم چوار ساڵەی دوایی، حكومەتی عێراق، تەنگوچەڵەمەی شەرعیەتی هەبوو، كە حكومەتێكی تائیفیە و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی عێراق ناكا.
ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق، شیعە سەركەوتووی یەكەمن و زۆرینەن. هەر چۆنێك بێ دەسەڵاتی گەورە و سەرۆك وەزیران شیعە دەبێ. شیعە بە تەنیا دەتوانن حكومەت پێك بێنن بە پێی زۆرینەی دەنگەكان، بەڵام شەرعیەتی سیاسی لە ئاستی نێو دەوڵەتی و ناوچەكە بە گشتی، لە زۆرینەی پەرلەمان سەرچاوە ناگرێ، چونكە عێراق فرە ناوچە و فرە نەتەوە و مەزهەبە. ئێستا زۆرینەی شیعە دەیانەوێ وەك "جیسكەكەی هەیاس"، كۆنتڕۆڵی عەرەبی سوننە و كوردیش بكەن. دیسانەوە چۆن؟
لە میانی گفتو گۆ، بۆ پێكهێنانی حكومەت، لیستی ئەلعراقییەی عەللاوی كە چەترێكە زیاترین پێكهاتەی سوننی لە ژێریدا كۆ بووەتەوە، بە تەنیا ناتوانێ حكومەت پێك بهێنێ و پێویستیەكی قوڵیان بە هاوپەیمانی هەیە لە گەڵ كورد. هەر لەم پێناوەشدا سەرسەخترین دژەبەری كورد، نوجەیفی، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی لێپرسراوانی كورد. بۆ ئێستا گەر شیعە بە هەردوو لیستەكەوە حكومەتێكیان پێكهێنا، بە بەشداركردنی كورد و سوننە، هەم لە ژێر منەتی كورد دەردەچن بۆ دروستكردنی زۆرینە، هەم شەرعیەتیش دەدەن بە حكومەتەكە، كە گوایە حكومەتێكی نیشتمانیە و هەمە لایەنە. لێرەدا، لەم ڕەوشەدا، نامەیەكی ڕوون دەدرێتە كورد كە ناواخنەكەی ئاوایە: (گەر ئێوەی كورد داخوازی زۆرتان هەیە و داوای كەركوك دەكەن، هەبوونی ئێوە زۆر كاریگەر نیە لە حكومەتەكەمان، چونكە سوننەشمان لە گەڵە).
ئەو نامەش كە دەیدەنە دەستی وڵاتانی عەرەبی، ئەوەیە كە حكومەتی شیعە حكومەتێكی شەرعیە و سوننە تیایدا بەشدارە، لە كاتێكدا دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەست شیعە خۆیەتی. هەروەها شیعە نا ڕاستەو خۆ بە سوننە دەڵێن: "ئێمە كوردمان لە گەڵە و، بەشداری ئێوە لە گەڵمان لە حكومەت بۆ سودی خۆتانە و، ئێمە مننەتیشتان لە سەر دەكەین).
كەواتە گەر سوننە زێدە ڕۆیی بكەن لە داواكردنی مافەكانیان، شیعە دەڵێن: ئێمە كوردمان لە گەڵە. گەر كوردیش زێدە ڕۆیی بكا لە داوای مافەكانی (بە تایبەتی كەركوك)، شیعە دەڵێن: سوننە هاوپەیمانمانن!
ئا لێرەدا شیعە گەمەی هاوسەنگی هێزەكان دەكەن، بۆ پاراستنی سەروەری و دەسەڵاتی باڵای خۆیان، بە ترساندنی كورد بە سوننە و بە پێچەوانەوەش سوننە بە كورد و هەروەها خۆ بێ منەتكردن لە هەر كامیان بە ویترەوە!
ئەم هەڵوێستەی دواییەی ئەلحەكیم، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی چوار قۆڵی، ستراتیجیەتێكی توند و موحكەمی شیعەیە (لە تاران نەخشەكەی داڕێژراوە)، بۆ سەقف دانان لە سەر داخوازیەكانی كورد، ئنجا ویستەكانی سوننەی عەرەبیش.
بەشداری كردنی كورد، لە حكومەتێكی ئاوا، وێڕای پوچەڵكردنەوەی دیموكراتیەتی پەرلەمانە كە ئۆپۆزۆسۆنێكی كارای گەرەكە، بەردەوام دانیشە بە سارد كردنەوە و چارەسەر نەكردنی كێشە بنە ڕەتیەكانی كورد و، بە هەڵپەسێراوی كەركوك و مەسەلە ستراتیجیەكان. ئەوەی لە قوڵاییشدا ـلە گەڵ هەبوونی دوژمنداریەكی ئەزەلی نێوان شیعە و سوننەـ جێگای ئیتتیفاقە لە نێوان عەرەب، بە هەردوو مەزهەبەكەوە ئەوەیە سەقف بۆ مافی كورد دابنێن و، ئاستەنگ و دیواری پۆڵایینیش بخەنە بەردەم هیوا ستراتیجیەكانی كوردستان!
بەم گەمەیەش، شیعە ئەو كارتە لە دەست كورد دەسوتێنن، كە لیستە كوردیەكان نا ڕاستەو خۆ تەهدیدی شیعە بكەن، بەوەی هاوپەیمانی لە گەڵ لیستی عەللاوی دەبەستن بۆ مافی كورد، هەروەها ڕێگەش دەگرن لە زیاتر تەقینەوەی سوننە بە ڕووی شیعە و، كردنی سوننەیە بە هێزێكی كۆنتڕۆڵ كراوی ژێر دەستی خۆیان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە