هاوارکردن توندوو تیژیە، فیشەك باران کردن دیموکراسی!!!

Sunday, 24/04/2011, 12:00

2044 بینراوە






هەموو ئەو ناوانەی لە شتەکان یان کردارەکان دەنرێت هەر لە سەرەتای منداڵیەوە منداڵ لە سەرەتای دوو ساڵیداو بەرەو سەرەوە بە ناوەکان ئاشنا دەبێت، بۆ نموونە منداڵێك ئەگەر هەر لەسەرەتای منداڵیەوە بۆ نموونە ڕەنگی سپی بە بەڕەش لای ناو ببەن کە گەورە بوو ئیتر ئەو منداڵە بە پێچەوانەی گشت کۆمەڵگا بە ڕەنگی سپی دەڵێ ڕەش.
لە هزری پارتی و یەکیەتیشدا دیارە هەر لەسەرەتای لە دایك بوونیانەوە شەڕو شۆڕو تۆقاندن و گولە باران کردن بە دیموکراسی پێیان فرۆشراوە، لەبەر ئەوە زۆر ئاستەمە لەم ئانووساتەدا بتوانرێت بڕوایان بەوە پێبهێنرێت کە فیشەك باران کردن پێچەوانەی ئەو ناوەیە کە لەسەرەتای منداڵیەوە پێی گۆشکراون.
زیاتر لە دوو مانگە هاوڵاتیانی کوردستان هاوار دەکەن و بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی و چەندەها زمانی تر ووتارو شیعاریان بەرز دەکەنەوەو داوای ڕەوای خۆیان دەکەن کەچی دەستەڵات هەر سورە لەسەر ئەوەی ڕەنگەکە نەخێر هەر ڕەشە.
ئەوەی زۆر جێگەی داخ و نیگەرانیە دوای کوشتنی ١٠ هاوڵاتی سڤیلی بێ تاوان و بریندار کردنی سەدەهای تروو جینۆسایدکردنی بیرۆکەو بانگەشی هەزارانی تر هێشتا ئەو دەستەڵاتە زۆر بێ منەتانە ماڵەمە لەگەڵ ئەو زۆرینەدا دەکات و قەزافی و بەشار ئەسەد ئاسا کەوتوونەتە گیانی هاوڵاتیان و گشت دەنگە ناڕەزایەکان، سەدام ئاساش ڕاوەدونان و گرتن و لێدان لە چەندەها کەسایەتی ڕاست و دیاری ناو خۆپیشاندەران.
ئەوەشی جێگەی نیگەرانی و هەڵوێستەکردنە لەسەری هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسۆنە، کە تا ئێستەش نەیانتوانیووە بەیداخی یەکلای کەرەوەی خۆیان بە ڕوونی بدەن بە دەستەڵات، هەریەك لە لایەنەکان خۆیان بۆ دەستکەوتی حیزبی مەڵاس داوەو دەستەڵاتیش زۆر بێ ئینسافانە تر هێرشی هەمە جۆرە بەرانبەر هەر سێ لایەنی ناوبراو بەردەوامی هەیە، هەر لە تەشویش خستنە سەر کەی ئێن ئێن و گەمارۆدانی پەیام و تەقەکردن بەناو ڕادیۆو بارەگاکانی یەکگرتوودا.
بە دەیان و سەدان بەیان نامەو داواکاری و خاڵ بەندی و کاتی جۆراو جۆر دیاری کرا بۆ دەستەڵات کەچی وەك بەڕێز کاك تۆفیق کەریم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی پەیامدا ووتی زانیاریان هەیە لەسەر ئەوەی کە زۆرێکیشیان هەر نەخوێنراونەتەوە.
لەولاشەوە کەناڵی زاگرۆس میوانداری جەماڵ عەبدوڵای سەرنووسەری گۆڤاری بەڵگە دەکات و وێنەی ئاسای بەڕێز ڕێبین هەردی و دکتۆر کەمال میراودەلی دەکات بە بەڵگە، ئەوە ڕۆشنبیرەکەیان بێت و هێشتا لەوە تێ نەگەشتبێت کە وێنە بە تەنها بەڵگە نی یەو بەڵکو بە پێچەوانەوە بەڵگەیە بەرانبەر درۆکانی خۆی، نازانین بۆ چاوی نوقابوو لە ئاست ئەو هەموو وێنە دەبابانەی کە بەرزانی لە پێش بینای پەرلەمانەوە لە ٣١ی ئابدا وەستانبووی، ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو ئەگەر کەسێك ئەو کەسایەتیانە نەناسێت و ئاگاداری دۆخەکە نەبێت وا دەزانێ ڕاست دەکات چونکە خۆشی ئەوەندە بە حەماسەتەوە قسەی دەکردوو کەف لە دەمی دەردەپەڕی هەر بە ڕاستی لە ڕاست دەچوو، بەڵام ناتوانم بڕوام بەو بۆچوونە نەبێت کە دەڵێن زۆرجار بە سەرخۆشیش قسە دەکەن.
جێگەی خۆیەتی گشت هاوڵاتیان ئەو ئەزموونەی کە دوومانگی ڕابردوودا هاتە ئاراوەو بەردەوامی هەبوو درێژەی پێ بدرێت.
هەر سێ لایەنی ئۆپۆزیسۆنیش دەبێت چیتر دووفاقانە کار نەکەن و تەنها هێرشەکانی بەرانبەری کەناڵ و کەسایەتیەکانیان بەسە بۆ تێگەشتن لەو دەستەڵاتەی کە فیشەك و کوشت و بڕ بە ئەزموونی سەرکەوتوو ناوببات و هات و هاواری خەڵکی مەزڵوم و ستەم لێکراو بە گێرەشێوێنی و تێکدەرو توندوو تیژی.
سپی هەر سپی یە با ناوی ڕەشیشی لێ بنرێت. ڕەشیش هەر ڕەشە با ناوی سپیشی لێ بنرێت.
عومه‌ر عه‌لی/ خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری بوار

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە