بۆ یادی هاوبیر "شەماڵ عەزیز"

Thursday, 03/04/2014, 12:00

2034 بینراوە



لە رۆژی ٣١/٣/٢٠٠٠ دا، ژمارەیەکی نوێی مەرگی دڵتەزێن ، چووە سەر لیستە دوور و درێژەکەی خەم و ئازارەکانی مانگی ئازاری هاوبیران. لەم رۆژەدا، دوای ململانێیەکی سەختی ٢٨ رۆژی، لەگەڵ نەخۆشیدا، برا و هاوبیریی خۆشەویست کاکە" شەماڵ عەزیز" بۆ دواجار چاوە گەشەکانی، دوور لە نیشتمانی دایک،لە شاری بەرلین، لێک ناو ماڵئاوایی لە ژیان کرد. مەرگی هاوبیر شەماڵ،کۆستێکی زۆر ئازاربەخشە، چونکە لە خافڵدا هاتوو و وادەی نەبوو. هاوبیر شەماڵ تازە پێی دەنایە ٤٨ ساڵەی بەهاری تەمەنییەوە و گەلێ پرۆژە و هیوا و خەونی مابوو کاریان بۆ بکات و بە دیداریان شاد بگات و بەشداریی هێنانەدییان بێت....
هاوبیر شەماڵ..هێندە ساردیی و گەرمی ژیان گەستبووی، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لا خەمەمڵابوو. لەم سۆنگەیەوە بوو، هەمیشە بەرز دەیڕوانییە ژیان و بەردەوام چاوەکانی لە ئاسۆی سەرکەوتن دەبڕی. بە درێژایی پەیوەندیمان، چرکەساتێ دەرک پێناکەم، ئەو هاوبیرە بەدەست کێشە و قەیرانێکەوە دامابێ.
هەڵدانەوەی لاپەڕەی دەفتەری ئەو یادەوەرییانە لێرەدا،هەر سەرپێی و راگووزەرانە نییە، بەڵکو بەهەق زیندووێتی ناو و یادگاری ئەوانە، ئیلهام دەبەخشن بەم نووسینانە. ئەوە، رەفتار و گوفتاری باش و دڵسۆزانەی ئەوانە، خۆیان بەسەردا داسەپاندووین. ئەڤ بەرزی رادەی خۆشەویستی ئەوانە بۆ خاک و نەتەوە،لێناگەڕێ هەروا بە سانایی لای ئێمەوە، بچنە خانەی فەرامۆشییەوە. ئەوە شەهادەت و مەرگی ناوادەی ئەو ئازیزانەیە قەڵەمی ئێمە دەبزوێنێ. دەنا لە گێڕانی ئەم گەرمەشینەدا،هیچ پەنهان و تەلیسمشکاندنێ خۆی حەشار نەداوە. ئێمە بۆ هیچ مەبەستێکی مادیی دەستکەوتێکی رۆژانانە و یاری بە سۆزی کەس و ختووکەی باڵفەرەحی خۆمان ئەرکە ئەنجام نادەین. ئەگەر پێوەر و بەها و نرخ، رەواجی هەبێ و مابێ، دەی! کێ دەتوانێ هاوبیر شەماڵێ،کە زیاتر لە ٣/٤ ژیانیتەرخانی خزمەتی نەتەوەکەی کرد، هەروا بخاتە پەراوێزی لە بیرچوونەوە، یاخود هێڵێکی راستوچەپی بەسەر بهێنێ .
هاوبیر شەماڵ ...لە ریزی "یەکێتی قوتابیانی نەتەوەیی، قوتابیانی کوردستان، کاژیک و پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلوول، هاوبیری پاسۆک و دواتر لە ئەوروپا لە سۆکسە دا تێکۆشاوە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە. ساڵی ١٩٨٦ لە ئەوروپاوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، لە پێناوی درێژەدان بە خەباتی پێشمەرگایەتی . رۆڵی ئەرێنی لە ئاشبوونەوەی گشتی ساڵی ١٩٨٦ دا گێڕاوە..کەسایەتییەکی خۆشەویست و رێزداری نێو هەمووان بوو.

.
بۆ یادی ئەو رۆژگارانە و باشتر ناسینی ئەم رۆڵە دڵسۆز و بەئەمەکەی کوردایەتی،کۆپلەی کۆمەڵێ شیعرتان بۆ رادەگوێزم،کە پێشکەش بە مەرگی کاک شەماڵ کراوە....
مامۆستا "کامیل ژیر" لە شیعرێکدا دەڵێ:

ئەی گوڵی ئاڵ کاکە شەماڵ
هێشتا مابووت نامەی پیرۆزی "پاسۆک"ت تەواو بکەیت
هێشتا مابووت لە بێستانی نیشتمانا
بەروبوومی چەن وەرزێکی تریش بدەی

مامۆستا "شێرکۆ بێکەس"یش لە پەخشانە شیعرێکی بەرزدا"وەختی نەبوو ئەم سروودە جێمانبێڵێ!"دەنووسێ:

وادەی نەبوو، ئەم سروودە جێمانبێڵێ
ئەمە کۆچی ناوەختی "با"یەک بوو پڕ لە دەنگی شاخەکانمان
پڕ لە هەورە تریشقەی خەبات و
پڕ لە چریکەی ئازادیی و
پڕ لە جریوەی هەندەران.
ئەو وەختەی خاک بانگی ئەکرد...ئەم سەنگەربوو لەناو ئەودا
ئەو وەختەی عەشقی پەیامی کوردستانیی بانگی ئەکرد
ئەم مەشخەڵ بوو لە رێ و بانی سووری ئەودا.
لەوکاتەدا ئاشتی ویستی
ئەم کۆتربوو لەناو ماڵی هەمووماندا.

شاعیری خۆشەویستیش "ئەکرەم خامۆش"، لە شیعرێک دا بۆ هاوبیر شەماڵ دەڵێ:

دەڵێن ناوت تاشە بەفرێکی بە قرچەی
سوورە هەتاو بوو توایەوە
دەڵێن ئەستێرەییێ بووی و...
دەمەو ئێوارە سۆمایی چاوت رژاو کوژایەوە
دەڵێن مردی...بەڵام تۆ لە بیری نەوەت
قەت نامری
بەشەوەزەنگ.. لە رێی پەیامی نەتەوەت
چەپکێ مەشخەڵی ئاگری.

لەتەک، مەرگی شەهید(فەرهاد خەفاف ،کاک ئازاد مستەفا و مامۆستا هادی) دا،مەرگی "کاک شەماڵ" دەبێتە چوارەمین کۆستی گرانی هاوبیران لە مانگی ئازاردا... هەموو ئەمانەش پێکڕا، دەبنە تەواوکەری ناو و سیمبۆڵە پیرۆز و گەورەکەی کوردایەتی و کۆماری کوردستانی جوانەمەرگ،"پێشەوا قازی محەمەد"ی نەمر، کە داگیرکەرانی نیشتمان لە ٣١/٣/١٩٤٧ دا، لەگەڵ پۆلێک لە قارەمانانی دیکەدا، لە سێدارەیان دان...
سڵاو لەیادی برا و هاوبیرم " کاکە شەماڵ" و رەوانی شاد و چرا لە سەر گۆڕی بێت.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج: ئەو کۆپلە شیعرانەم لە گۆڤاری" خوێندکاری کورد" ژمارە ٢٨ وەرگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە