لە كوێن ئەوانەى بەرگرى لە مافەكانى مرۆڤ دەكەن ؟؟!!

Tuesday, 08/11/2011, 12:00

1426 بینراوە






لەگەڵ گەشە كردنى زانست و زانیارییەكان و گەشەى ووشیاربونەوەى گەلان بۆ جۆر و شێوازى داواكردنى مافەكانیان,لەگەڵ بەڕێكردنى هەر قۆناغێك بەشێكى زۆر لەژیار و جۆرى زیندەگى شارەستانی و ئەفكارى تاكەكان بەپێى ئەمرى واقیع دەبێ گۆرانیان بەسەردابێت یاخود خۆنەویستانە و بەناچارى دەكەونە ژێر كاریگەرى گۆڕانكارییە تازەكان دەبێ خۆیان بگۆڕن بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخەكە لە دەرەوەى ئەم پاشخانە فكرییانە مەترسى ترسناكى و بەهێزبوونى ڕەوتى فاشیزم و دژە مرۆڤى ئەژمار دەكرێن بەمانایەكى تر خۆیان دەخەنە ناو زلكاوى دڕیندەیى بەرامبەر بەمامەڵَەكردن لەگەڵ مرۆڤەكان ڕەوتى سوكایەتى و پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە مرۆڤەكانى بێدەسەڵات و خوارخۆیان ئەنجام دەدەن.لە سەردەمى ئێستادا لە ئاستى نێودەوڵەتى مافى مرۆڤ خۆش بەختانە زۆر پەرەى سەندووە,كە زۆر بەتوندى جەخت لە مەسەلە كۆمەڵایەتى و ئابیوورییەكان دەكاتەوە,هەروەها بۆ مافە مەدەنى و سیاسییەكان دەگوازرێتەوە,بۆ دەرخستنى مافە كۆمەڵایەتى و ئابوورییەكان و ڕۆشنبیرییەكان بۆ تاك بەشێوەى شكۆمەندانە.خەڵكى كورد زمان لە باكورى كوردستان بە درێژایى چەندین ساڵە بەجۆرێكى ڕەوان و گونجان لەگەڵ سەردەم تێ كۆشان دەكەن بۆ داواكارییە مرۆڤایەتییەكان و لە پێناو مانەوە وەك مرۆڤێك كە شایەستە بە گوزەراندنى ژیانێكى ئازاد و یەكسان.كوردەكان بۆ مانەوەى زمان و فەرهەنگ و كەلتوریان هەموو ڕێگایەكى دیموكراسى و سیكۆلار و ئاشتى خوازییان گرتۆتەبەر هەمیشە لە هەنگاوەكانى شۆڕشدا باوەڕییان بەوەبووە كە مرۆڤ پیرۆزترین و گرنگترین بونەوەرى سەر زەوییە و لە پێناو بەدیهێنانى عەدالەت و دادپەروەرى و ئازادى هەنگاوى ناوە.ئەوەى بەزامنى مافەكانى مرۆڤ بە جیاوازى ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و ئایینەكانەوە زانیوزە.بەڵام ڕژێمى فاشى توركیا هەمیشە بە درێژایى مێژوو بە پێچەوانەوە هەنگاوى ناوە بۆ درێژەدان بە سەركوت و ئیستبداد و چەوسانەوەى لەڕادەبەدەر و پێشێلكردنى مافە سەرەتاییەكان و مافەمەدەنییەكانى مرۆڤى كورد و قەدەغە كردنى ئازادییەكان و هەنگاونان بۆ زیاتر بەرتەسككردنەوەى سەرجەم ئەو ئازادییانەش كە بەهۆى تێ كۆشانى ئازادیخوازان و یەكسانیخوازان و گۆرانكارییە ناو خۆیى و دەرەكى و جیهانییەكان كە هاتونەتە بوارى كردارئەم ڕژێمە هیچى ترى بۆ كورد نەكردووە ,بەڵكو كورد هەروەك كۆیلە ئاساى سەدەكانى ڕابردوو لە ژێر یاساكانى دەوڵەتى توركیا ئەژمار كراوە ,زۆر جار بە مرۆڤى كێوى و توركى شاخاوى ناسێندراون كە ئەو دەوڵەتەش لەژێر پەرچەمى پارتێكى ئیسلامى یەوە بەڕێوە دەچێ دەبوایە بەیەكسان سەیرى سەرجەم مافى نەتەوەجیاجیاكانى توركیاى بكردایە بەڵام بەداخەوە زۆر توندترو دڕانەتر بەرخود و هەڵسوكەوت لەگەڵ نەتەوەجیاجیاكاندا بەگشتى و نەتەوەى كوردزماندا بەتایبەتى دەكات لە جیاتى بە ئاشتى چارەسەرى كێشەى كوردبكات لە هەنگاوەكانى دا تەنها هێزى سەربازى و شەڕو داگیركارى و كوشتن لە ناوبردن و كۆتایپێهێنانى نەتەوەى كورد ئامانجێتى ,بەپێچەوانەوە پارتى كرێكارانى كوردستان چەندین جار ئاگر بەستى ڕاگەیاندووە و شاندى ئاشتى ناردووە و ڕێبازى شارەستانى و مەدەنى بەكارهێناوە,لەگەڵ ئەوەى ڕژێمى توركیا لە (14-1-1993) پەیوەستبووە بە بەیاننامەى قەدەغەكردنى چەكى كیمیاوى ناسراو بە (opcw) بەڵام دەركەوت ئەم پەیوەستبوونە تەنها ڕووكەشانە و بۆ چاوبەستەكى جیهانى بووە,ئەوەتا لەو مێژۆوە هەتا ئێستا 46 جار چەكى كیمیاوى لە دژى شۆڕشگێڕانى پارتى كرێكارانى كوردستان(pkk) بەكارهێناوە .كە لە ساڵى (1994) سالێك دواى پەیوەستبوونى بە (opcw) چەكى كیمیاوى بەكارهێناوە (437) گەریلا شەهیدبوون .دواجار لە ڕۆژانى (22تا 24-10-2011) لە هەرێمى گوێزە ڕەش و گوندى پیرێ,بە بۆمبى ناپاڵم و چەكى كیمیاوى (37) گەریلا شەهید بوون,كە بەشێك لە تەرمەكان نەناسێندراونەوە بەهۆى سوتان و پارچە پارچەبوونیانەوە بەهۆى ئەو وەحشیەتە كە لە دژى تەرمەكان كرابوون.ڕژێمى توركیا تەنانەت لە دواى خوڵقاندنى ئەو كارەساتە وەحشى گەرییە هەستاوە بە زیندانى كردنى كەسانى سیاسى و ڕۆشنبیر و بەرگرى كەرانى مافى مرۆڤ لە ناو خۆى توركیا كە هەڵوێستیان لە دژى ئەو كیمیاوى كردنەكە دەربڕیوە و داوا بەدواداچونیان كردووە ,بەڵام ڕژێمى توركیا بە چەندین كەسى زیندانى كردووە بەچەندین كەسیش ئەشكەنجە و ئازار دراوە و سوكایەتى پێكراوە ,تەنانەت سەرۆكى كۆمەڵەى مافى مرۆڤ لە شارى جولە مێرك یەكێكە لە زیندانى كراوان.بەرنامەى درێژخایان بەڕێوەدەچێ بۆ لێكۆڵینەوە لەكەسانى سیاسی و ڕۆشنبیران سیخوڕیان بەسەرەوەدەكرێ و بەیانوى جۆراوجۆر تۆمەتبار دەكرێن تەنها لە بەرئەوەى داكۆكى لە ئازادى ڕادەبڕین و مافى مرۆڤ دەكەن ڕاپێچى زیندانەكان دەكرێن .هەر مرۆڤێك كەمێك ویژدانى زیندویى هەبێ لە ئاست ئەو كوشتارگەیە كە بە شێوازێكى وەحشیانە لە لایەن سوپاى توركیاوە ئەنجام دراوە هەڵوێستى ئینسانى لە دژى ڕژێمى توركیا نیشان دەدات چونكە ناكرێت بەهیچ شێوەیەك بێ دەنگەى لێ بكرێت بەڵكو پێویستى بە شەرمەزاركردنە لەلایەن سەرجەم ئینسان دۆستان و ئەوانەى بەرگرى لەمافەكانى مرۆڤ دەكەن .هەموو مرۆڤێكى ئازادیخواز و یەكسانیخواز و سیكۆلار و مەدەنیخواز و مرۆڤ پەروەرەكان باش ئەزانن كە پێویستە لەگەڵ هەموو گۆرانكارییەكاندا هەر تاكێك لە كۆمەڵگادا فێرى ئەوەبێ بە دواى مافەكانى خۆى بگەڕێ و زوو,زوو پێشێلكارییەكان بوروژێنێ,چونكە زەمەنى چەك و شەڕ و داگیركارى بەسەرچووە......هەموومان ئەوە بەگوێى تاكەكانى كۆمەڵگاكانى جیهان دەدەین كە ئەمڕۆ زەمەنى دەربڕینى بیروڕاى ئازادە,زەمەنى دەستڕاگەیشتنە بەمافەكانى مرۆڤە نەك سوكایەتى پێ كردنى مرۆڤەكان و كیمیاوى باران كردن و پارچە پارچەكردنى لاشەى مرۆڤەكان.ڕۆژانە وێنەى گەریلاى سوتاو بەچەكى كیمیاوى دەبیندرێ لە میدیاكان ئەگەر ئەمە بێ دەنگەى لێبكرێ لەلایەن ڕێكخراوەكانى مافى مرۆڤەوە وبێ دەنگەى لێبكرێ لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانە ولەلایەن سەرجەم دەوڵەتانى كە پروپاگەندەى ئازادى و مرۆڤ دۆستى دەكەن ئەوا هەر خۆیان دەرگا لە بەردەم بەڕێكخستنى كوشتارگەى هاوشێوەى خەراپتردەكەن چونكە بێ دەنگى لەم كارەساتە نیشاندانى پشتیوانییە لە ئەفكارى فاشیزمى دژەئینسانییە كە توركیا خاوەنەكەیەتى ئەمرۆ .پێویستە فشارەكان بۆ سەر ڕژێمى توركیا زیاتر بكرێت بۆ ئەوەى جوڵانەوەى مەدەنیخوازى ڕۆڵى خۆى بگێڕێ لە ئاراستە كردنى كۆمەڵگاى توركیایى بەرەوە زیاتر كرانەوە و بنیاتنانى كۆمەڵگاى مەدەنى و بەرگرى كەرانى مافى مرۆڤ ڕۆڵى گرینگ و كاریگەر بگێڕن بۆ چەسپاندنى حەقیقەتى مافى مرۆڤ و بە ووردى ڕووبەڕووى پێشلكارییەكان ببنەوە و زیاتر بەدواى دابچن.سەرجەم هیز و پارتە كوردییەكانیش لە هەر كوێیەك هەن بە شێوازى مەدەنى و شارەستانى ئەم هەنگاوى توركیا شەرمەزاربكەن و ڕاگەیاندنەكانیان ڕۆڵى ئیجابى و خستنەڕووى ڕاستییەكان ببینن بە هەموو شێوەیەك دوور بكەونەوە لە هەواڵى ناراست و بوارێك كە خزمەت بە دوژمنان و داگیركەران بكات. كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانى مافى مرۆڤى جیهانى و ڕێكخراوە لوكاڵی یە ناوخۆییەكان ئەوانەى بەرگرى لەمافەكانى مرۆڤ دەكەن ئەركیانە هەموو ڕێگایەكى شارەستانى و مەدەنیخوازى بەگرنەبەر بۆ ئەوەى ڕاستى ئەم كارەساتە بەزانستیانە بسەلمێندرێ و بەشێوەیەكى ئەركۆمێنتى و بەڵگەدارى زیندوو ڕەوانەى دادگاى نێودەوڵەتى بكرێ.بۆئەوەى بەر بەشاڵاوەكانى سوپاى توركیا بگیرێ بەرامبەر بە گەشەى پێشێل كردنى مافەكانى مرۆڤ لە توركیا.بۆ كاراكردنى ئەم هەنگاوانەش پێویستمان بە ڕێكخستنى چەندین كەمپینى جۆراوجۆر هەیە كە هەموو ئەوانەش كە بەدیهێنانى ئەم ئامانجە مسۆگەرتر پر كاریگەرتر دەكات تەنها بە پشتیوانى و هاوخەباتى سەرجەم ئازادیخوازان و بەكسانخوازان و بەرگرى كارانى مافەكانى مرۆڤ و مرۆڤ پەروەران و هەموو ئەو خەڵكانەى كە ئامانجیان بنیاتنانى كۆمەڵگایەكى دوور لە چەوسانەوە یە

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە