بیمەى بێکارى دەبێت هەموان بگرێتەوە، ئەگەر نا ئەوە بیمەى بێکارى نییە!

Wednesday, 20/07/2011, 12:00

1236 بینراوە




کرێکاران، خوێندکاران، گەنجانی بێکار!
لە سەرەتاى ئەم مانگەدا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا مانگانە بڕى 150 هەزار دینار بۆ دەرچووانى زانکۆو پەیمانگاکان بەناوى بیمەى بێکارییەوە ببرٍێتەوە. ئەم بڕیارەى حکومەت بەرهەمی تێکۆشانى چەندین ساڵًەى خوێندکاران و ناڕەزاییەکانیانە و لێرەوە وەک دەستکەوتێکى بزووتنەوەى خوێندکارى شیاوى پشتیوانى لێکردنە، ئەگەر چی ئەمە هەرگیز وەڵامی خواستى (کار یان بیمەى بێکارى بۆ بێکاران) نییە و ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیارى لێدراوە لەئاست خەبات و قوربانیدان و چاوەڕوانییەکانی خوێندکاراندا نییە، چونکە لە دیاریکردنیدا رەچاوى بارودۆخی بازاڕو گرانی نرخی شمەک و کاڵاکان نەکراوە، جگەلەوەى بەشێکی زۆرى خوێندکاران ئەرکی هاوکارى کردنی خێزانەکانیان لەسەر شانە یا خۆیان خێزاندارن و خاوەنى منداڵن و ئەو بڕە پارەیە بە هیچ جۆرێک گوزەران و بژێوییان دابین ناکات هەر ئەمەشە واى کردووە ئەو بەناو بیمەیە لەو موچەیە بچێت کە بەناوى هەژارانە و بێوەژنانەو... هتد دەدرایە هاوڵاتیان نەک بیمەى بێکارى! بەمەش حکومەت مەبەستدارانە دەیەوێت خوێندکاران و بزووتنەوەی خوێندکارى بێدەنگ بکات کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەى کوردستاندا رۆڵی بەرچاویان هەبوو.
حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کوردستان لەڕواڵەتدا مەبەستیان لەم بڕیارە خزمەتکردنی گەنجان و خوێندکارانە، بەڵام لەناوەڕۆکدا دەیانەوێت بەم بڕیارە خەڵکی بێکارو ئامادە بەکار دابەش بکەن بۆ سەر خوێندەوارو نەخوێندەوار، ئەمەش جیاکارییەکە (هەڵاواردنێکە) دەرهەق بەو بەشە لە بێکاران دەکرێت کە نەخوێندەوارن یاخود نەیاتوانیوە خوێندن تەواو بکەن، واتە ئەو بێکارانەى بێبەش بوون لە هەلی خوێندن، دیارە هۆکارێکی ئەو بێبەش بوونەیشیان هەر ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەیە کە ئەم فەرمانڕەوایانە دروستیان کردووە. هەر بۆیە ئەم بڕیارە ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە نەبوونی یاساى بیمەى بێکارى دروستی کردووە و بگرە خۆى نەبوونی یاساى بیمەى بێکارییە کە فرسەتی داوە بە دەسەڵاتداران تا بەم جۆرە گەمە بە یاساو بڕیارەکان بکات بەناوى بیمەى بێکارییەوە هەوڵ بدەن ڕیزى ئەو بزوتنەوە ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییە کە لەکۆمەڵگەدا شەپۆل دەدات پارچە پارچە بکەن. ئەگەر ئەمە بیمەى بێًکارییە ئەى بۆچی کرێکارانی بیناسازى، دەستگێڕەکان، ژنانی بێکار (کە بە کابان و ژنانى مال ناودەبرێن) ... هتد ناگرێتەوە؟! ئەگەر ئەمە بیمەى بێکارییە ئەى بیمە کۆمەڵایەتییەکانی تر لەکوێن و بۆ باسیان لێوە ناکرێت؟ یا ئەمە چاوبەستەکییەکە لە خەڵکی دەکرێت. بۆیە ئەم بڕیارە هەرگیز نابێتە جێگرەوە(بدیل)ى یاسایەک بۆ دابین کردنی کارى گونجاو یا بیمەى بێکاریی تەسەل.


گەنجانی بێکار، خوێندکاران، کرێکاران!
لەماوەى بیست ساڵی رابردوودا ئێمەى هەڵسوڕوانی کرێکارى و رێکخراوە کرێکارییەکان و لەنێویشیاندا یەکێتی بێکاران لە کوردستان خوازیارى داڕشتنی یاسایەکی کارى پێشڕەو بووین کە دامەزراندن و کارپێکردنی دەرچووان و خاوەن بڕوانامەکان و بێکاران، دابین کردنی بیمەى بێکارى و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی تر، یاساى خانەنشینی و چەندین مافی تر بەیاسا رێک بخرێت نەک بە بڕیارێکی سەرپێی. خەباتی ئێمە بۆ ئەم مافە سەرەتاییانە تا ئێستا بەردەوامە. سەرکەوتنی ئەم خەباتەشمان بەندە بەوەى ئەم دەستکەوتانە ساردمان نەکاتەوەو بەردەوام بین بۆ بەدیهێنانی ئەو مافانە، بەندە بە خۆرێکخستنمانەوە لەنێو رێکخراوى کرێکاریی سەربەخۆدا، بەندە بەوەى گەنجانى بێکار کۆببنەوەو خۆیان رێکخەن و خواستی (کار یان بیمەى بێکارى) بکەنە بابەتی سەرەکی خەبات و تێکۆشانیان.
بۆیە ئێمە هەرگیز نابێت بەم بڕیارە حکومییە، کە دەکرێت حکومەتى ئایندە زۆر ئاسان هەڵیبوەشێنێتەوە، دەست لە خەباتى نەپساوەمان بۆ بەدەستهێنانى یاسای بیمەى بێکارى هەڵگرین. یاسایەک کە بیمەى تەسەل بۆ هەموو بێکارێک دابین دەکات و کار بۆ هەموو کەسانى ئامادە بۆ کار بە ژن و پیاوەوە فەراهەم دەکات.

لیژنەى ئامادەکارى پێکهێنانی رێکخراوەکانى کرێکاران و کارمەندان، رێکخراوى گەنجانی ئازادیخوازى کوردستان

14/7/2011


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە