یه‌كه‌مین سكرتێری ئاڵای شۆڕش: یه‌كێتی عیماد ئه‌حمه‌دی كردبووه‌ جاسوس به‌سه‌رمانه‌وه‌

Monday, 28/12/2009, 12:00

2722 بینراوە


مه‌لا به‌ختیار له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ پیاوێكی نه‌خوێنده‌واره‌

حه‌مه‌ ئاوات یه‌كه‌مین سكرتێری ئاڵای شۆڕش و كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی و ئه‌ندامی باڵا له‌بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان موسته‌فا، چه‌ند نهێنییه‌كی تایبه‌ت به‌ژیانی شۆڕش و كوتله‌كانی نێو یه‌كێتی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌و ئاڵای شۆڕش باس ده‌كات و نهێنییه‌كانی ده‌ستگیركردنی مه‌لا به‌ختیارو پیلانه‌كانی یه‌كێتی بۆ تێكدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ئاشكراده‌كات، جگه‌له‌وه‌ش هۆكاره‌كانی وازهێنانی له‌یه‌كێتی و په‌یوه‌ندیكردنی به‌حزبی زه‌حمه‌تكێشان و دواتر چوونه‌وه‌ نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی ده‌خاته‌ڕوو.
سه‌ره‌تاكانی ژیانی شۆڕشگێری
سه‌رتا له‌یه‌كێتی قوتابیانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ كه‌ به‌وته‌ی خۆی (یه‌كێتی قوتابیان بووم له‌ساڵه‌كانی حه‌فتاوه‌ كه‌سه‌ر به‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و كاته‌ بووم كه‌پێیان ده‌گوت باڵی جه‌لالییه‌كان، دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگا، رۆشتمه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌شداریم له‌شۆڕشی حه‌فتاو چواردا كرد، ئه‌و كاته‌ له‌ناو باڵی جه‌لالیشدا فیكره‌ی ماویمان هه‌بوو كه‌ له‌گه‌ڵ پارتیشدا یه‌كمان گرتبووه‌وه‌، فیكره‌مان جیاوازبوو، له‌هه‌موو شتێكدا پارتیمان به‌قیاده‌ی خۆمان نه‌ده‌زانی، تا دوای ئاشبه‌تاڵ كه‌پێویسته‌ ئه‌و وشه‌یه‌ به‌كاربهێنرێت له‌ئێستادا كه‌هیچ ترسێك له‌سه‌ر كوردستان نه‌ماوه‌.
دوای ئاشبه‌تاڵ هاتمه‌وه‌ كوردستان و په‌یوه‌ندیمكرد به‌كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجه‌رانی كوردستانه‌وه‌، له‌وانه‌ی كه‌به‌رپرسیارییه‌تی منیان كردووه‌، ئاماده‌ نیم ناوی زیندو بهێنم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی نه‌ماون كه‌ لێپرسراوی راسته‌وخۆی من بون شه‌هید (ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌مینی ئه‌ندازیار) كه‌ئیعدامكرا، له‌ساڵی (1978) چومه‌ ده‌ره‌وه‌و په‌یوه‌ندیمكرد به‌مه‌فره‌زه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ چونه‌ ده‌ره‌وه‌مدا، كرام به‌ئه‌ندامی ناوچه‌ی یه‌كێتی و رابه‌ر سیاسی مه‌فره‌زه‌ی‌ شه‌هید (فه‌ره‌ج تریفه‌یی بووم)، له‌ساڵی (1978) له‌شه‌ڕێكدا له‌گه‌ڵ پارتی له‌ناوچه‌ی تاوگۆزی به‌سه‌ختی برینداربووم، دواتر جه‌لال تاڵه‌بانی ناردمی بۆ ئێران له‌تارانه‌وه‌ جیهازێكی تیشكم هێنا بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌قوله‌ هه‌رمێ، له‌وێ ده‌ست به‌كاربووم تاوه‌كو دروستبونی مه‌ڵه‌به‌نده‌كان، پاش كۆنفرانسی دوو هاتینه‌ خواره‌وه‌ كه‌ مه‌لا به‌خیتار به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك بوو، من له‌پاڕه‌زان بووم، ئێمه‌ ئه‌و كاتانه‌ كۆمه‌ڵێك بوین كاری سیاسی جدیمان نه‌ده‌كرد، له‌وانه‌ سالار عه‌زیز و پشكۆ نه‌جمه‌دین و به‌كری حاجی سه‌فه‌ر و شێخ عه‌لی، به‌حساب مه‌لا به‌ختیار ته‌كه‌تولی ئێمه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك بوو، ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ ناڕه‌زابوین و خۆمان خه‌ریككردبوو به‌خوێندنه‌وه‌و دیراسه‌كردن به‌فیكره‌وه‌ كه‌درێژه‌مان به‌و كارانه‌ماندا تاوه‌كو مفاوه‌زات دروستبوو، گه‌ڵاڵه‌ی رێكخراوێكی له‌بابه‌تی ئاڵای شۆڕش دروستبوو، یه‌كێك بوم له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ دروستبونی ئاڵای شۆڕشدا بوم وه‌ك درێژه‌ پێده‌رێكی ئه‌و ناكۆكی و ململانێیانه‌ی له‌نێوان ئێمه‌و یه‌كێتیدا هه‌بوو، پاش به‌ربونی مه‌لابه‌ختیار، من ده‌ستم له‌كاركێشایه‌وه‌).
پاڵنه‌ری راگه‌یاندنی ئاڵای شۆڕش
حه‌مه‌ ئاوات سه‌ره‌تای دروستبوونی ئاڵای شۆڕشی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ لاوازی سیاسی یه‌كێتی و خودی مام جه‌لال و وتی‌: سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران كه‌ له‌حه‌فتاكاندا سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌می ئینهیاری جه‌لالییه‌ت بوو چ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ چ له‌ڕووی تاكه‌ كه‌سی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌ كه‌توشی بوو بوو، كۆمه‌ڵه‌ ده‌یویست نه‌باڵی جه‌لالی بێت نه‌باڵی مه‌لایی، تا به‌یانی یانزه‌ی ئازاری حه‌فتا كه‌ جه‌لالی و مه‌لایی یه‌كیانگرت، ئه‌و ته‌رتیبه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی لێدروستبوو كێشه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای فیكری بوون، كێشه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ هه‌مووی فیكری نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر كاره‌كانیش كێشه‌ هه‌بوو، ئێمه‌ زۆربه‌مان پێمانوابوو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان داشی عیراقه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێمانوابوو كوردستان لكێنراوه‌ به‌عیراقه‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا پێی وابوو ناكرێت كۆمه‌ڵه‌ به‌ته‌نیا رێكخستنێكی كرێكاری بێت، چونكه‌ كرێكاری سه‌ناعی له‌كوردستاندا نه‌بوو، پێی وابوو رێكخستنێكی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و ورده‌ بۆرجوازی شارو لادێ و رۆشنبیرانبێت.
ئه‌و كاته‌ كۆمه‌ڵێك بۆچوونی جیاواز هه‌بون دژ به‌بۆچوونه‌كانی كاك نه‌وشیران، به‌ڵام واقع ئیسپاتیكرد بۆچوونه‌كانی كاك نه‌وشیروان راستربوون بۆ واقعییه‌تی كوردستان، ئه‌و كێشانه‌ ئه‌گه‌ر به‌چاویلكه‌ی ئێستا سه‌یریان بكه‌ین، كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ نه‌بون كه‌قابیلییه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان نه‌بێت، به‌ڵام له‌شاخ دنیامان له‌خۆمان هێنابویه‌ یه‌ك كه‌كێشه‌ فیكرییه‌كانمان زۆر بچوك بوون كه‌به‌چه‌ند سیمینارێك و گفتوگۆیه‌ك چاره‌سه‌رده‌كران وه‌ك ئێستا كه‌هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نیانه‌و شارستانییه‌تیانه‌، ئه‌و كاته‌ مه‌لا به‌ختیار له‌هه‌ره‌ كه‌سه‌ موته‌ته‌ریفه‌كان بوو، كه‌كاك نه‌وشیروان ده‌یوت من بۆ خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه‌كه‌م ماركیسم و سۆسیالیتیم قبوڵه‌، به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار به‌و په‌ڕی ته‌ته‌روفه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌چی دوای چه‌ندین ساڵ مه‌لا به‌ختیار به‌ناچاری نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌ن مه‌بده‌ئه‌، بێت سۆسیال دیموكراتی قبوڵ ده‌كات! له‌به‌رخاتری ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆسیال دیموكراته‌، پێم وایه‌ مه‌لا به‌خیتار نه‌لینینزم ده‌زانێت چییه‌ نه‌سۆسیال دیموكرات، به‌قه‌ناعه‌تی من ئه‌و پیاوه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ پیاوێكی نه‌خوێنده‌واره‌، گه‌وره‌ترین شت كه‌هۆكاربوو ئه‌وه‌ بوو ئایا جه‌لال تاڵه‌بانی كه‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌كێتی ده‌كرد، خه‌ته‌ره‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ یان نا؟ یان جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵه‌ بتوێنێته‌وه‌ یان ده‌یه‌وێت ببێت به‌حزبێكی هه‌مان جه‌لالی؟ كه‌به‌ڕاستی به‌واقعی ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ئه‌وه‌ی ده‌ویست ئه‌مانه‌ بونه‌ هۆی دروستبوونی ئاڵای شۆڕش، ئێمه‌ ده‌مانویست سه‌ربه‌خۆی كۆمه‌ڵه‌ بپارێزین بێجگه‌ له‌مه‌لا به‌ختیار، چونكه‌ مه‌لا به‌ختیار ئیسپاتی كرد بۆ پله‌و پایه‌ شۆڕشی كردووه‌، ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی ئێستا مه‌لا ده‌یانكات، راستی قسه‌كانم ده‌سه‌لمێنن، ئێمه‌ ده‌مانویست سه‌ربه‌خۆی كۆمه‌ڵه‌ بپارێزین و له‌ژێر ركێفی جه‌لالییه‌ت بیهێنینه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌مانویست كۆمه‌ڵه‌ دووربێت له‌ئه‌فكاری جه‌لالییه‌ت، ته‌نانه‌ت ته‌سفییه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ بكرێت كه‌ له‌ژێر فكری جه‌لالیدا بوون، ئێمه‌ گۆڕان خوازبووین، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌دا نه‌وه‌دو نۆی ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕش و كۆمه‌ڵه‌ له‌گرده‌كه‌ین و پشتگیری لیستی گۆڕان ده‌كه‌ین، لێره‌وه‌ ده‌ڵێم مه‌لا به‌ختیار موجه‌ڕه‌ده‌ له‌ئێمه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌م له‌سه‌ر عیماد ئه‌حمه‌د نییه‌، چونكه‌ سه‌ربازێكی فیراربوو هیچ ده‌ورێكی نه‌بوو، هاتبوییه‌ ده‌ره‌وه‌ بچێت بۆ خاریج مه‌لا به‌ختیار نه‌یهێشت بڕوات، نامانه‌وێت مه‌لا به‌ختیار و عیماد ببنه‌ قسه‌كه‌ری ئاڵای شۆڕش.
فیكرو ئاڕاسته‌ی ئاڵای شۆڕش
فیكری ئاڵای شۆڕش فكرێكی گۆڕانخواز بووه‌و كار بۆ گۆڕانخوازی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه‌ی تا دوێنێ لافی گۆڕانیان لێداوه‌، ئێستا نه‌ك له‌گه‌ڵی نین، به‌ڵكو دژایه‌تی ده‌كه‌ن، له‌و باره‌وه‌ حه‌مه‌ ئاوات وتی: ئه‌وه‌ی ئێستا تووشی گه‌نده‌ڵی بووه‌ ئه‌وه‌ سیفه‌تی ئێستای نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مه‌عده‌نییه‌تی راستی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌، مه‌لا به‌ختیار ئێستا كه‌ كه‌سێكی گه‌نده‌ڵه‌، ره‌نگه‌ له‌شاخ هیچی له‌به‌رده‌مدا نه‌بووبێت، شه‌خسی مه‌لا به‌ختیار زیندانی كراوه‌ ئه‌گه‌ر بیرتبێت، ئێمه‌ به‌كرده‌وه‌ ئیسپاتمان كرد گۆڕانخوازین كه‌وازمان له‌به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سی هێناوه‌ له‌پێناو گۆڕاندا، ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت میلله‌ت تووشی چه‌واشه‌كاری بكه‌ن له‌به‌ر پاراستنی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گیرفانی خۆیان، مه‌لا ئێستا هه‌ره‌ گه‌نده‌ڵترین كه‌سی ناو یه‌كێتییه‌، لێره‌وه‌ پێی ده‌ڵێم ئاماده‌یه‌ با بێت موناقه‌شه‌ بكه‌بن به‌و دیكۆمێنتانه‌ی كه‌زۆربه‌یان ده‌ستنوسی خۆیه‌تی پاش به‌ربوونی و به‌نامه‌كانی سجنییه‌وه‌ به‌شاهیدی میلله‌ت كه‌ چ گه‌نده‌ڵێكه‌، ئه‌وه‌تا ئێمه‌ به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆین خه‌ڵك سڵاوو ماچمان بۆ هه‌ڵده‌دات، به‌ڵام ئه‌وان جامه‌كانیان ره‌شكردووه‌، ته‌حه‌دای مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌م به‌ ئاشكرا به‌شه‌قامی سه‌هۆڵه‌كه‌دا تێ بپه‌رێت.
ئاڕِاسته‌و باڵه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تاكه‌كه‌سكانی ناو ئاڵای شۆڕش
ئه‌و فیكره‌و بڕیاردانانه‌ی بۆ رێكخستنی ناو ئاڵای شۆرش جیاواز بوون، هه‌ر گروپ یان كه‌سێك له‌پێناو فیكرو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بڕیاری ده‌دا، حه‌مه‌ ئاوات له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: بۆ جیابوونه‌وه‌و دروستكردنی رێكخستنكه‌مان ته‌وه‌جوهاتمان جیاوازبوو، شه‌خسی مه‌لا به‌ختیار بۆچوونی وابوو له‌ناو یه‌كێتیدا بین و رێكخستنی خۆمان هه‌بێ له‌پێناو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی كه‌خۆی مه‌به‌ستی بوون، چونكه‌ ئیحتیمالی یه‌كگرتنی باڵی كۆمه‌ڵه‌و ئه‌و باڵه‌ی ئێمه‌ ده‌مانویست عه‌تفی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌لای خۆیدا رابكێشێت و ببێت به‌سكرتێری كۆمه‌ڵه‌، ئه‌و بۆچونانه‌یمان به‌خه‌ونێكی موراهیقانه‌ ده‌زانی كه‌ كه‌سێكی موراهیقی سیاسی بوو، هه‌میشه‌ كاك سالار عه‌زیز ده‌یوت مه‌لا به‌ختیار ده‌رمه‌كه‌ن له‌ته‌كه‌توله‌كه‌مان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دووری بخه‌ینه‌وه‌ پیسترین جه‌لالی ده‌رده‌چێت له‌هه‌موو كه‌س زیاتر شه‌ڕمان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، هه‌ندێك هاوڕێ وه‌ك سالار عه‌زیز و مامۆستا جه‌عفه‌ر و مامۆستا سه‌لام عه‌بدوڵڵا و تاڵیب ده‌یانویست رێكخستنه‌كه‌ هه‌ر ناوی كۆمه‌ڵه‌ بێت، به‌ڵام دوور له‌جه‌لالییه‌ته‌وه‌ به‌كوللی جه‌لالییه‌ت لامان ره‌فز بوو.
هۆكاری گیرانی مه‌لا به‌ختیار له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌كاركردن، یه‌كێتی بڕیاری ده‌ستگیركردنی چه‌ند كه‌سێكی كه‌میدا، له‌وانه‌ش مه‌لا به‌ختیار، له‌مباره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌ ئاوات رونكردنه‌وه‌ی‌ داو وتی: مه‌لا به‌ختیار ئه‌گه‌ر وابزانێت خۆی سه‌رقافڵه‌ی ئاڵای شۆڕشه‌، نیهائییه‌ن وا نییه‌، ئاڵای شۆڕش كه‌ كۆبوه‌ته‌وه‌ ئه‌ڵقه‌ی ناوه‌ندی نوسه‌رانی داناوه‌، له‌وانه‌ مه‌لا به‌ختیارو مامۆستا پشكۆ و شێخ عه‌لی و ئاسۆ عه‌لی و مامۆستا موحسین، مامۆستا موحسین كه‌خاڵی عیماد ئه‌حمه‌ده‌، پێش گرتنی مه‌لا به‌رائه‌تی داو لێچوویه‌وه‌و پاكانه‌یدا پێش ئه‌وه‌ی مه‌لا پاكه‌نه‌ بدات به‌یه‌كێتی، ئه‌م ئه‌ڵقه‌ی ناوه‌ندی نوسه‌رانه‌ به‌رپرسێكی راسته‌وخۆی نه‌بووه‌، به‌ڵام گیانێكی موراهیقی سیاسی هه‌بوو، مه‌لا به‌رده‌وام خۆی به‌كه‌سی یه‌كه‌م ده‌زانی، مه‌لا ده‌یزانی ئه‌گه‌ر له‌ناو یه‌كێتیدا حسابی بۆ بكرێت، له‌به‌ر ئێمه‌ بوو، بۆیه‌ هه‌رده‌یزانی ئێمه‌ هه‌ر ده‌ڕۆین به‌ڕۆشتنی ئێمه‌ش گورگان خواردیان ده‌كرد، بۆیه‌ دوامان ده‌كه‌وت به‌ناچاری نه‌ك به‌قه‌ناعه‌تی فیكری و سیاسی له‌گه‌ڵمان بوبێت، ئاڵای شۆڕش پێش راپه‌ڕین یه‌ك پلینیۆمی گرتووه‌ له‌خواكورك، من ده‌نگی یه‌كه‌مم هێناوه‌، عیماد ئه‌حمه‌د دووه‌م و شه‌هید شێخ حسێنه‌ سور سێیه‌م و سه‌ڵاحی شێخ سدیق چواره‌م و كاردۆ پێنجه‌م، ئه‌و كاته‌ مه‌لا سجن بووه‌ تاوه‌كو راپه‌ڕین، ئێمه‌ حسابمان بۆ عیماد ئه‌حمه‌د نه‌ده‌كرد، ئه‌مه‌ شتی تاكه‌ كه‌سی نییه‌، نه‌ك كێشه‌ی تاكه‌ كه‌سیم له‌گه‌ڵی نییه‌، به‌ڵكو قه‌رزارمه‌، عیماد ئه‌حمه‌د دژایه‌تی من و سالار عه‌زیزو چه‌ند كه‌سێكی تری ده‌كرد كه‌هیچ پله‌یه‌كی نه‌بوو ئه‌و كاته‌، ئه‌و ته‌نیا كار بۆ خۆی ده‌كات نه‌ك بۆ نه‌ته‌وه‌و گه‌ل، ئه‌وه‌نده‌ خراپبوو له‌گه‌ڵ ته‌كه‌توله‌كه‌ی خۆی، لێیان دابوو باڵێكیان شكاندبوو، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌یانویست ده‌ریبكه‌ن له‌ئاڵای شۆڕش، به‌وه‌ش رازی بوو به‌مه‌رجێك له‌مقه‌ره‌كه‌ شوێنی بكه‌نه‌وه‌، من نه‌مهێشت ده‌ریشی بكه‌ن و هێشتیشمه‌وه‌ له‌مقه‌ڕه‌كه‌، به‌یانی ته‌له‌فۆنم بۆ كاك سالار عه‌زیز كرد بۆ سویدو پێموت ته‌كه‌توله‌كه‌ی خۆی له‌عیمادیان داوه‌، كاك سالار پێی ووتم بیقۆزه‌ره‌وه‌ عیماد ئیمتیهازییه‌ بای ده‌داته‌وه‌ به‌لای ئێمه‌دا، فعله‌ن وا ده‌رچوون، به‌یانی مه‌قالێكی نوسی له‌وه‌ی سۆڤییه‌تی كرد به‌قه‌ڵای ئیشتراكی، ئه‌مه‌ شه‌خسییه‌تی عیماد ئه‌حمه‌ده‌، هه‌ر له‌ڕۆشتنی براده‌رانمانه‌وه‌ بۆ زێوێ گومانمان هه‌بوو له‌وه‌ی یه‌كێتی كه‌سێكی له‌ناوماندا دروستكردبێت ئه‌ویش شه‌خسی عیماد ئه‌حمه‌د بوو، نامه‌ی مه‌لا به‌ختیارم لایه‌ له‌سجنه‌وه‌ بۆی ناردوم كه‌نوسیویه‌تی كۆبونه‌وه‌كانتان ده‌گاته‌وه‌ به‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئه‌وه‌ سه‌لام عه‌بدوڵڵا و كاك سالار شایه‌تن، دواتریش به‌كرده‌وه‌ هه‌ندێك پێشنیاری ده‌كرد بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌كار بۆ یه‌كێتی ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی مه‌لا گیرا كه‌تاوه‌كو ئێستاش نامه‌یه‌كی لامه‌ كه‌تێیدا نوسیویه‌تی (ئێمه‌ به‌ناچاری چوینه‌ سه‌ره‌وه‌ واته‌ بۆ لای جه‌لال تاڵه‌بانی و كه‌نوسیویه‌تی خۆمان ته‌رحكرد).
له‌نامه‌كه‌دا نوسیویه‌تی (مام جه‌لال به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه‌ تا ماوه‌ی سێ مانگ مه‌سروفاتمان بكات تاوه‌كو خۆمان راگه‌یاندنی رێكخستنێكی سه‌ربه‌خۆ بكه‌ین)، زۆربه‌مان بڕوامان به‌به‌ڵێنه‌كانی جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌بوو، دوای نامه‌كه‌ كۆبوینه‌وه‌ مه‌لا له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وتی: مه‌ترسن یه‌كێتی هیچی پێ نه‌ماوه‌ وه‌كو عه‌له‌شیش وایه‌ به‌س خۆی فش ئه‌كاته‌وه‌.
ئه‌مه‌ بۆچوونه‌كانی مه‌لا و له‌خۆڕازینه‌كانی بوون، تا وای لێهات ده‌ستگیری بكه‌ن و سوكایه‌تی زۆری پێبكه‌ن، جێی پێكه‌نینه‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی مه‌لا له‌كه‌ناڵی‌ گه‌لی كوردستان به‌و تێكۆشه‌رانه‌ی ئێستا له‌لیستی گۆڕانن ده‌ڵێت مێژووی سیاسی خۆیانیان كرده‌وه‌ به‌سفرو ده‌بێت له‌سفره‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌ڵێم مه‌لا به‌ختیار به‌جێهێشتنی ریزه‌كانی یه‌كێتی مێژوو ناكاته‌وه‌ سفر، ئه‌وه‌ به‌رائه‌ت و پاكانه‌یه‌ مێژوو ده‌كاته‌وه‌ سفر.
سه‌رده‌می راپه‌ڕین ململانێكانی نێوان شۆڕشگێڕان
له‌گه‌ڵ گیرانی مه‌لا به‌ختیارو به‌ربونی، كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌نێوان ئه‌ندامانی ئاڵای شۆڕشدا سه‌ری هه‌ڵدا، له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌ ئاوات ووتی: له‌گه‌ڵ به‌ربونی مه‌لا به‌ختیار ده‌ستم له‌كاركێشایه‌وه‌ له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار، دوای راپه‌ڕین له‌به‌ر بریندارییه‌كه‌م له‌ساڵی (1992) سه‌فه‌ری سویدم كرد بۆ عیلاج، دواتر بوم به‌حزبی زه‌حمه‌ت كێشانی كوردستان، له‌كۆنگره‌ی دوودا له‌ساڵی (1994) بوم به‌ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزب و به‌رپرسی لقی سلێمانی، پاشان بومه‌ به‌رپرسی لقی ئه‌وروپای حزبی زه‌حمه‌ت كێشان، له‌ساڵی‌ (2005) دا ده‌نگی یه‌كه‌مم هێنا و قادر عه‌زیز و ئه‌وان پێیان قبوڵ نه‌كرا، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عه‌قڵییه‌تی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ كه‌سه‌رچاوه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ كه‌حزبه‌ كوردییه‌كانی كوردستان له‌و حزبه‌ جیابونه‌ته‌وه‌و به‌هه‌مان عه‌قڵی ئه‌و حزبه‌ش كار ده‌كه‌ن، ئه‌م قبوڵنه‌كردنه‌ بووه‌ هۆی ئینشیقاق و جیا بوینه‌وه‌و ره‌وتی نیشتیمانی كوردستانیمان راگه‌یاند، پێش چه‌ند رۆژێك جه‌لال تاڵه‌بانیم بینی و له‌وێوه‌ ئاگادارم كرد ئێمه‌ جیاده‌بینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت مه‌كته‌بی سیاسی پارتیشم ئاگاداركرده‌وه‌، چونكه‌ له‌زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ باره‌گامان هه‌بوو، جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بوو ئێمه‌ ببین به‌یه‌كێتی، پێی وابوو ئێمه‌ ببین به‌حزبێكی سه‌ربه‌خۆو جیا له‌یه‌كێتی، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ری قادر عه‌زیزو چه‌ند كادرێكی تر كه‌مه‌به‌ستی بوو فشاری بۆ هێناین ئه‌گه‌ر نه‌بین به‌یه‌كێتی موچه‌كانمان ده‌بڕدرێت، دواتر به‌ناچاری په‌یوه‌ندیمان كرده‌وه‌ به‌یه‌كێتی نیشتیمانییه‌وه‌، باشتر وایه‌ بڵێم نه‌ك به‌و یه‌كێتییه‌ كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری بێت، به‌ڵكو هاتینه‌ لای ئه‌و باڵه‌ی تازه‌یه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا موزه‌كه‌ره‌یه‌كی چاكسازی دابووه‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئێمه‌ش ئه‌مه‌لی چاكسازیمان هه‌بوو به‌و براده‌رانه‌ی كه‌ئه‌و مزه‌كه‌ره‌یان نوسیبوو.
پڕۆفایل
حه‌مه‌ ئاوات له‌دایكبووی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده‌و ساڵی (1953) خوێندنی سه‌ره‌تای له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌واوكردووه‌، قۆناغی ناوه‌ندی له‌سلێمانی ته‌واوكرده‌وه‌و په‌یمانگای ته‌ندروستی به‌شی تیشكی له‌به‌غداد له‌ساڵی (1971-1973) ته‌واوكردووه‌، سه‌ره‌تا یه‌كێتی قوتابیان بووه‌ كه‌سه‌ر به‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و كاته‌بووه‌، یه‌كه‌م سكرتێری ده‌رچوی ئاڵای شۆڕش بووه‌.
گۆڤاری رێگا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە