باوکم ڕاستی ووت

Wednesday, 24/10/2012, 12:00

3295 بینراوە


باوکم لە گوندێکی نزیک بە گوندی کارێزەی شێخان کە ناوی گوندی کونە ماسیە لەدایک بووە ، باوکم بە کۆرپەیی لە کۆشی دایکیدا دەبێت کە شێخەکانی خزمیان باپیرم دەربەدەر دەکەن بە مەبەستی داگیرکردنی زەویەکانی ، باپیرم ڕوو لەگوندێکی چەپەک دەکات، خەڵکی ئەو گوندەش بەسیفەتی پەنادانی لێقەوماوان ناسرابوون باوەش بۆ باپیرم دەکەنەوە و ئەویش بە خەڵوزکردن و کۆکردنەوەی مازوو و بەڕوو پێنج کوڕ و دوو کچ گەورە دەکات و پاشانیش لە گوندەوە دەیان باتە شار.
باوکی من لە شار دەبێتە (کەناس) ی بەلەدیە ، گەرچی پیشەی کەناسی وەک پاشگری کەسێکی کارکەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە چاوێکی نزمەوە سەیردەکرا ، بەڵام ئێستاکە من شانازی بەباوکمەوە دەکەم کە شۆستە و شەقامەکانی شاری لە پۆخڵ و پیسی پاک دەکردەوە تا لاو گەنجەکانمان شانازی بەو شارەوە بکەن و بڵێن ئەی ئەوە نیە شارەکەمان وەک دڵی خەڵكی ئەسڵی شار خاوێنە.
هەر هەمان ڕێڕەوی پیشەی پاکی وەک باوکم بوو سەدان گەنجی هاندا ببنە پێشمەرگە تا وەک باوکم بست بە بستی شەقام و کۆڵان و شاخ و دۆڵی کوردستان بە خوێنی خۆیان لە داگیرکەر پاک بکەنەوە ، ئەو لاو و گەنجانە لەجیاتی گسکەکەی دەستی باوکم چەکیان کردە شان و بە خوێنی خۆیان سەدان ڕەبایە و سەربازگەی پڕ لە کێم و جەراعەتیان تەقاندو پاکیان کردەوە .
یەک هەفتە بوو بووبووم بە پێشمەرگە ، باوکم دنیای وێڵ کردبوو بە دوامدا تا لە هەمان شوێنی لەدایک بوونی خۆیدا وەک لەسەرەوە باسم کرد منی دۆزیەوە ، لەسەربانی مزگەوتی گوندەکە بووین باوکم زۆر پاڕایەوە لێم تا واز لە پێشمەرگایەتی بێنم و بەڵێنی خۆش خۆشیشی پێدام لەوانە پێکهێنانی ژیانی هاوسەری ، منی پڕکراویش بە هزری مارسکیزم و لینینیزم و بەدیهێنانی ئایندەیەکی وەک یەک بۆ تاکی کورد ، بەرپەرچی هەموو ئەو داخوازیانەی باوکم دەدایەوە کە دەیخستە بەردەمم .
باوکم ئەو شەوە لەگەڵ من و هاوڕێکانمدا لە مزگەوتی دێکەدا ڕۆژی کردەوە ، پاش ئەوەی نەیتوانی قەناعەتم پێ بکات واز لە پێشمەرگایەتی بێنم ، بە چپەوە پێی ووتم : ڕۆڵە دەزانم ئێوە لە پێشمەرگەکانی پێشوو جیاوازترن ، دەزانم ئێوە لە ئیمامی عومەرو عەلی و ئەسحابەکانی پێغەمبەر ئازاتر و بەبڕواترن بەس کوڕم بڕوابکە : (ئێوە دەیکەن و دەوڵەمەندەکان دەیخۆن) گەرچی من ئەو کاتە لە ووشەی دەوڵەمەند تێنەگەیشتم باوکم مەبەستی کێ بوو ؟
بەڕاستی باووکم ڕاستی فەرموو: ئێستا من وەک پێشمەرگەیەکی دێرین لە فەرموودەکەی باوکمەوە تەعریفی بڕێک لەو سەرکردانەی سەردەمی شاخ لەگەڵ دەوڵەمەندەکانی سەردەمی بەعسم لا ڕوون بۆتەوە کە شەریکن لە لووشدانی بەرهەمی شۆڕش، هەردوو توێژەکەش لە ژووری هوتێلێکدا ڕۆژ دەکەنەوە کە باوکم کەناسی بووە.
ئاواتە خوازم منیش وەک باوکێک ، کوڕەکەم لە پاش چەند ساڵێک نەنووسێت (باوکم ڕاستی ووت) .
٢١-١٠-٢٠١٢
هۆڵەندا ئەنیشخەدە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە