بە بۆنەى راگەیاندنى دەوڵەتى كوردى و گەڕانەوەى كەركوك ئەم شەو هەولێر ئاهەنگ و خۆشى گێڕا!

Monday, 27/07/2009, 12:00

1714 بینراوە


هەولێر
دەڵێن پیاوە مەزنەكان لە دونیادا وەك خەڵكى ئاسایی ناژین،چونكە ئەوان وەك ئێمە تەنها لەبیرى خۆیان دانین بەوەى تەنها بخۆن و بخۆنەوە.بەڵكو ئەوان هەردەم لەتاو ئێش و ئازارى گەلەكەیان خەوناچێتە چاویان و بەردەوام بیرلە بە ئامانج گەیشتنى ئێمەى گەل دەكەنەوە.لەرابردوودا نمونەى زۆر و زەبەند لەم جۆرە مرۆیانە بەرچاو دەكەوێ و شایستەى ئەوەن داستانەكانیان بە ئاوى زێر ِبنوسرێتەوە.لەم سەردەمەشدا گەر هەندێك گەل شانازى بە ماندێلا و ئۆباماوە بكەن ئێمەى كوردیش شان بەشانى گەلان خاوەنى دەیان وسەدان لەو پیاوە مەزنانەین.
هەندێك جار مرۆڤ لەبەر سپڵەیی یان سەرقاڵى بە ژیانى خۆى و خۆپەرستى ئەم پیاوە گەورانە لەیاد دەكات!بۆیە جێگاى خۆیەتى لەلایەن كەسانى ترە بەبیریان بهێنرێتەوە كە فڵان كەس جێگاى شانازیە نەك تەنها بۆ گەلەكەى بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتى بەگشتى!ئەگەر باس لە نمونەیەكى زیندووى ئەم حاڵەتە بكەین دەبى ئاماژەبۆ ئەو كەرنەڤاڵە پڕ لە شادى و شكۆمەندیەى ئەو شەوى هەولێربكەین. كە بینیمان رۆڵە قارەمانەكانى حزب چۆن وەك شێر هاتنە مەیدان و لەنیوەى شەو دا زۆر بەجوانى و بەشێوەیەكى زۆر پڕۆفیشناڵ و زانستى و ئەكادیمیانە وەك تاوى تەزرەى بەهار هەزاران هەزار كوللەیان بەئاسمانەوەنا لە خۆشى ئەوەى لە هەڵبژاردنى25/7 سەرۆكى هێژا دووبارە خۆى كردەوە سەرۆكى كوردستان!
ئەوەى جێگاى داخە ئەو خەڵكانەن خۆیان بە كورد دەزانن و لەم كەرنەڤاڵە پڕ لە سەدان قیژەى ئافرەت و مناڵانە بێ بەش بوون، كە زیڕەیان لەگەڵ دەنگى گوللەكان ئاوێزان بوو.چونكە قارەمانى حزب پڵینگ ئاسا هاتبوونە دەست و تا بۆیان كرا وەك دیاردەیەكى زۆر شارستانى سەردەمیانە زندەقى پیرو پەككەوتە و مناڵ و ئافرەتانى ئەوشارەیان برد.بۆئەوەى لەخەوى غەفڵت راچڵەكێن و و بزانن ئەوە سەرۆك بارزانیە جارێكى تر لوتفى نواندوە و لەبەرخاترى خاتران پێى لەجەرگى خۆى ناوەو هەموو بەرژەوەندیەكى شەخسى بەلاوە ناوە تەنها لەپێناو كورد و كوردستان ئەم جارەشیان خۆى كردۆتەوە سەرۆكى هەرێم!
بەڕاستى ئەم شەو لە هەولێر شەوێكى زۆر مێژوویى بوو، تا ئەوجێگایەى بیرم لێكردەوە تەنها بەدوو شەو دەچوو.
یەكەم: ئەوانەى كە تەمەنێكیان هەیە و بەبیریان دێت كە كاتێك (سید الرئیس) مەقولەیەكى دەفەرموو یان بڕیارێكى مێژووى دادا برا جاشەكانمان لەگەڵ برایانى ئەمن و ئیستغبارات ئەوەندەیان تەققەدەكرد دوژمنانى قین لەدڵ لە حەوت سنور بەولاوە ترسیان لێدەنیشت!
دوەەم: زۆر بە شەوى 31/ئاب دەچوو كە حزبمان لە پێناو بەرژەوەندى باڵاى كورد جارێكى تر برایانى بەعسى بەم شارە شاد كردەوە!
ئەمەكدارانى حزب لەبارەگاكانیان كە بە رێكخراوە ناسراوە، ئەو رێكخراوەى وەك جوانترین گوڵ لە یەخەى هەموو گەرەكێكى ئەم شارە دراوە و لە هەزاران تاقیگەو ناوەندى لێكۆڵینەوە و سەنتەرى مەشقى زانستى گرینگ ترە و، دیارى حزبە بۆ ئەم خەڵكە نەزان و بێ وەفایە.زۆر مەردانە هەركەس لەجێگاى خۆیەوە لولەى تفەنگیان لە ئاسمان دەكرد و هەزران گوللەیان دەكردە دیارى دووبارە دانانەوەى سەرۆك.
وەفادارانى حزب بەوەش نەوەستان، بەڵكو كارەبایان گوژاندەوە و كەس نەیدەوێرا لەبەر هاژەى كوللە بچێتە دەرەوە و لەژوورەوەش خەریك بوو لەگەرمان گیانیان دەربچێ!بەڵام هەڤاڵانى حزب بەم نیوە شەوە بەدەیان و سەدان ئۆتۆمۆبێلیان رژاندە سەر شەقام و دەنگى تەسجیلەكانیان بەرزكردبۆوە و بەبڵند گۆ هوتافیان دەكێشا. هەموو ئەوانە زۆر لە جێگاى خۆى بوو چونكە پاش نزیكەى یەك سەدە لە چاوەروانى بە هیمەتى سەرۆك بارزانى توانیمان ویلایەتە یەكگرتوەكانى كوردستان رابگەێنیین.هەرچەند دەست نیشانكردنى سنورەكەى بۆ كاتێكى نادیار دواخراوە،بەڵام دەبێ چەندینى وەك ئۆباما هەر بەدووربین سەیرى بكەن و سەر دەرنەكەن كە لەناویدا چى رودەدات تا زانست و فەلسەفەكانمان لێنەدزن.
كەرنەڤاڵى ئەم شەوى هەولێر ئەوەى سەلماند كە ئێمە كۆمەڵگەیەكى نەگۆڕێن و داب و نەریتى خۆمان بە دونیاى دواكەوتووى رۆژئاوا ناگۆڕینەوە و، ئەو فەلسەفەیەمان لەیاد ماوە كە (سید الرئیس)فێرى كردین. تەنها خەم بەوە دەخۆم كە پاڵەوانانى حزب چوار ساڵى ئایندە جارێكى تر توشى ئەزیەت خواردن دەبنەوە و دەبێ دیسان لە نیوەى شەودا خەڵك هەراسان بكەن و ئەو خەڵكە ناشایستەیە بە ئاگابێننەوە.بەوەى جارێكى تریش سەرۆك بارزانى كرایەوە سەرۆكمان.بۆیە من لاى خۆمەوە ئەو بەرێزانە دڵنیادەكەمەوە و ئاگاداریان دەكەمەوە بۆ داهاتوو جارێكى تر خۆیان تووشى زەحمەت نەكەن. چونكە تا سیستەمى دەسەڵات و هەڵبژاردن ئاوا پاك و بێ گەردو دور لە چاو سوركردنەوە و فرت و فێڵ و گۆڕینى كۆدى سندوقەكان بەڕێوەبچێت، بەدڵنییایەوە سەرۆكى هێژا تا گیان لە لاشەى پیرۆزیدا مابێ هەرئەو سەرۆكى ئێمەى گاگەلە.ئەگەر خوانە خواسە شتێكیشى لێهات كە "قەت ئەوە ناخوازین و گیانى هەموومان بەقوربانى ساتێكى ئەوە بێ" ئەوە رۆحیانەتى پاكى لەناوماندا دەمێنێ و وەك ئیلهام بەخشێك كەسێكى خانەوادەى نزیكى خۆى دەكاتە سەرۆك بەسەر ئێمەى رەعیەتى بێسودو قازانج.
كەرنەڤاڵى ئەم شەو دیمەنێك بوو شێتى دێنایە پێكەنین و عاقڵى مەست و حەیران دەكرد.بژى شارى هۆلاكۆ بەزێن...
بمرى ئازادى و دیموكراسى و مافى مرۆڤ...
شەكاوەبێ ئاڵاى حزبمان...
تەنها ماوە هەموومان بە یەك دەنگ و بەیەك ئاواز و بە یەك ریتم هەڵپەڕێن و پڕ بەدەممان هاورا بكەین و بڵێن بۆپێشەوە پێشمان كەوە بارزانى...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە