ئاشكراكردنى گەندەڵییەكانى سەردەم و دەزگاكانى دیكەى كوردستان بۆ من، شۆك نین..

Sunday, 27/06/2010, 12:00

1545 بینراوە


ئەشرافمان هەموو بێ ڕۆح و سستن
دەخیلە پشتیان هیچ پێ نەبەستن
هەموو ناكۆك و پارەپەرستن...../ فایەق بێكەسى نەمر
لە رۆژنامەى ئاوێنەو (سایتى كوردستان پۆست) دا، شوان ئەحمەد، وتارێكى درێژى لەمەڕ ئاشكراكردنى گەندەڵییەكانى دەزگاى چاپ وپەخشى سەردەمەوە، نووسیوەو بڵاوكردۆتەوە، دواى ئەوەى كە دوازدە ساڵ لەوێ كارى كردووەو دیارە ئێستا لەوێ نەماوە، بۆیە ناچار هەموو ئەو شتانەى زانیوویەتى ئاشكراى كردون.
ئەوەى گرنگەو بۆ بەندە مابێتەوە، سەرنج و دەرەنجامە لەو جۆرە نووسینانە كە بەداخەوە لەكاتى خۆیانداو لە سەعاتى سفردا، ئەو گووتنانەو هەقبێژییانە ناخرێنە بەرچاومانەوە، بەڵكو وەكو پۆلیسى فیلمى هیندى، دواى تەواو بوونى كوشتنى كوڕە خائینەكەیەو ئەو دەمەش، ئیدى هاتنى پۆلیس نرخ و بەهاى نییە.
ئەو گەندەڵییانەى لەمەڕ سەردەم یان دەزگا زۆرو زەوەندەكانى رۆشنبیرى و میدیایى و حزبییەكانى كوردستانى باشوورەوە، نزیكەى چەند ساڵێكە، هەموومان (نوسەرە سەربەخۆو بوێرەكان) لە بەردەمیاندا چۆكمان دانەداوەو باسمان لێوە كردوون.. لە سەعاتى سفرداو لە دەموەختى هەستیاردا خۆمان لەسەر نانبڕاو كردووەو بە هەژارى و كرێچێتى و نەبوونى و نەدارى ژیان بەسەر دەبەین.
ئەوە جێگەى شۆك نییە بۆ كەسانێك كە دەزانن تاكەكەسى كورد بە گشتى و زۆرینەى رۆشنبیرو هونەرمەندو نوسەرو مامۆستایانى زانكۆكانى كوردستانە ئازادەكەمان، سەبرو ئارامى و قەناعەتیان نییە، بەرگەى سەرماو گەرماى تاقەت پڕوكێنى ئەم وڵاتە هەشبەسەرە ناگرن و بە هەموو جۆرەكانییەوە، لەبەر بەرژەوەندى و چاوچنۆكى و پارەپەرستى وترسنۆكى و خۆپەرستى خۆیان، تەسلیم بە نیعمەت و پارەو ڤێلاو سەیارەى ئەم حزب یان ئەو حزب دەبن، چاویان دەنوقێنن و دەمیان دەگرن و گوێیان هەڵدەخەن، بەڵام ناوێرن باس لە هیچ و نتەقى هیچیش بكەن، هەتا دەر دەكرێن یان تڕۆ دەبن، بێهەڵوێستى و ترسنۆكى و بێدەنگى لە ژیانى خۆیان و نوسینە روو زەردەكانیاندا رنگ دەداتەوە.. لەگەڵ مەڕو گورگدا ئاو دەخۆنەوە، هەر بزوتنەوەیەكیش بێتەكایەوە، زمانى لووس و شیعرى كوول و چیرۆكى قرچۆكیان دەخەنەوە كار، زۆرێك لەو شاعیرو ماعیرو نوسەر و نۆسەرانە، لە سەردەمى بەعسى فاشیشدا هەر سەرنووسەرو بەڕێوەبەرو شت بەدەست بوون.
ئەمجۆرە نوسەرانە سڵ لە دزى و گزى و داوێنپیسى و دەستپیسى و ستایشخوازى و سەرشۆڕى و ملكەچى و پیاهەڵدان و ماستاو سارد كردنەوەو ....تاد. ناكەنەوە، ئەگەر كەسێكى وەكو بەندەى بێ پشتوپەناو سەربەخۆو ناحزبى بچێتە لایان، با هاوڕێ و ناسیاوو هاوكار و هاوپیشەشیان بێت، ئەگەر وەكو خۆیان دزو درۆزن و دەڵاڵى كچى شۆخ و مەیگێڕو سەماكەرو داوێنپیس و دەستپیس نەبێت، بە لایەكى لووتەوە وەڵامى سڵاوە شەرمن و گەرموگوڕەكەى ئەدەنەوە، كتێبەكە مردار بۆوەكەى دەستیشى بە هەزار ناڵى عەلى لێوەرئەگرن و دواى دوو- سێ ساڵ دەردەدڵى و ئازار چەشتن بۆى چاپ ئەكەن.. بە فیزو بوغراوە لەگەڵیدا ئەدوێن، بە زمانى گاڵتەجاڕییەوە باسى هەندەران و گەشتە یەك بەدوا یەكەكانیان و شەوانى یانەو خواردنەوەو باسى ژن و خێزانى ئەم نوسەرو ئەو نوسەرى بۆ ئەكەن، ئەگەر رەخەیان لێبگریت، ئیدى نە ئەتوانن بە نوسین وەڵامت بدەنەوە، نە رێگا ئەدەن لە رۆژنامەو گۆڤارى خزمەكانیانەوە نوسین بڵاو بكەیتەوە، ناوت ئەخەنە لیستى رەشەوەو بە دژەباوى نەزان ناوزەدت ئەكەن.
بەڵام بۆچى تووشى شۆك نابم، لەبەر ئەوەى بە تایبەت لە سلێمانیدا كەشوهەوایەك لە ئارادایە كە فرە كوێخایی و لێنەپرسینەوە لە هیچ و دادگایى نەكردنى هیچ كەسێك خەمڵیووە، ئەم شارە جوان و پڕ لە مێژووە بڵندە، ئەمڕۆ بووەتە مۆڵگەى گەندەڵییەك كە لە سەردەمى بەعسیشدا بەخۆیەوە نەدیووە، نە چاودێرى دارایى و نە لیژنەى نەزاهەو نە سكرتێرو مكرتێرى هیچ حزبێك ناتوانێت بە كەس بڵێت: چى ئەكەیت؟ ئەمەت لەكوێ بوو؟ ئەوەت چى لێ كرد؟ كەسێك نییە لەسەر دزى و گزى و خراپەكارى دادگایی بكرێت و بە ملیۆنەها ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ ئەچێت و كەسێكى ئەمشارە قارەمانە نتقى لێوە نایەت.
جێى داخە كە شارى سلێمانى، بە بەراورد بە هەولێر شارۆچكەیەو لە هەموو رووییەكەوە لە دواوەیە، سیاسەت و رۆشنبیرى و هونەر و فیلمسازى و بەرنامەى تەلەفزیۆنى و سینەمایى و زانستى و پەروەردەیى و هێمنى و خزمەتگوزارى و بەرنامە رێژیی و زۆر شتى تریش زۆر لەدواوەیە.. تەنیا هاوارو قاووقیژو فڕەى چارەكە ملیۆن و زیاترى سەیارە شڕو دووكەڵاوییەكەى و شۆستە خراپ و رێگاوبان و خەستەخانەو چێشتخانە خراپەكانى نەبێت.. دوكان بازاڕو گرانى و قۆڵبڕى و تاوانكارى و مەیخۆرى و حەشیشەخۆرییەكەى نەبێت، بە هیچ شتێكدا ناناسرێتەوە.. شارەوانى و دەزگاو دایرەو زۆرینەى جێگە گرنگەكانى لەنێو گەندەڵیدا سیخناخن. زۆرینەى بەرنامە رادیۆیى و تەلەفزیۆنەكانى پڕن لە نەفامى و نەزانى و جەهالەتخوازیدان.. رۆژنامەو گۆڤارەكانى تووڕەخوازى و نەهلیستى و پووچگەرایى و رووخاندنى مرۆڤ و لەدەستدانى ئیرادەى بڵاو دەكەنەوە.. خەمۆكى و بێهوودەیى و مەرگخوازى و هیستیریاو بەدگومانى و خیانەت و بێمتمانەیى و بڕوا نەمانى بەنێو چین و توێژاڵەكانیدا پەرشو بڵاو بۆتەوە.. بۆرە پیاوان و پیاوى ملكەچ و بێ غیرەت و ویژدان مردووەكانى زۆرتر بوون و لە تەشەنە كردندان.. ئاكار نزمى و لەشفرۆشى و دزى و تاوانكردن و مەیخواردنەوەو جگەرەكێشان و نێرگەلەكێشان و بەڕەڵایى بۆتە سیماو خەسڵەتى ئەمشارە قارەمانەى پێش راپەڕین.. كەچى ئێمەش زۆربەمان لە ئاست هەموو شتێكى ناڕەواو گەندەڵى و خراپەكارییەكانیدا، بێدەنگین و كۆیلەى پارەپەرستى و پاراستنى نهێنى یەكترین..
((بۆ من و كەسانى وەكو ئێمەى ئازادو سەربەخۆى دانیشتووى كوردستان، كە بە هەژارى و كرێچێتى و دوور لە شاشەى تەلەفزیۆن و رادیۆ روو زەردەكان ژیان بەسەر دەبەین)) ئەوە جێى شۆكە، كە نوسەرە جیدییەكانى دانیشتووى هەندەران، ئیمزا كۆ ئەكەنەوەو هەڕەشە ئەكەن نوسین بۆ ئەو رۆژنامەیە نەنێرن، كە نوسینەكەى شوان ئەحمەدى بڵاو كردۆتەوە، لە كاتێكدا ئەوان رێبەرو پێشەنگى ئازادیى رادەربڕین و شەفافییەت و سیسمتى كراوەو دیموكراسین و ئەمڕۆكە نایەڵن بەشەكانى دیكەى ئەو نووسینە بڵاو بێتەوە كە خەڵك تینوون ئەو دۆكومێنتانەى گەندەڵییە زۆرەكانى ئەم دەزگایانە بڵاو بكرێنەوە كە نوسەرانێك دەیكەن لاى زۆربەى گەنجان و خوێنەران نموونەى باڵاو نوسەرى گەورەو شاعیرى گەورەو چیرۆكنوسى مەزن و وەرگێڕى گەورەى گەلەكەمانن. ئەوە جێى شۆكەو هەڕەشەكردن بە راگرتنى ئەو نووسینە جێى مەترسییە بۆ ئەو ئازادییە مەرجدارەى كەوتۆتە دەست دەسەڵات و رۆشنفیكرى كوردستانى باشوورى هەشبەسەرەوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەو هەڵوێستەى ئەو نوسەرە جیدیانە زۆر لەسەریان ئەكەوێت و مێژوو بە خەتمێكى رەشەوە تۆمارى ئەكات.. ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە هەڵوێستانەیە كە شوان ئەحمەد نواندى بەڵام با لە كاتى خۆیدا بووایە، چونكە دواى دوازدە ساڵ لە گەندەڵى، بڕست و هێزى نامێنێت.
من خۆم دواى گەڕانەوەم لە هەندەرانەوەو پاش سەردانم بۆ ئەمجۆرە دەزگایانەو مامەڵەكردنیان لەگەڵ میوان و نوسەرو لە چاپدانى كتێبى خۆیان بەو زۆرو شوومارییەوە جێى گومانبوو بۆ بەندە كە ئەم دەزگایانە باشتر بن لەو دەزگایانەى سەردەمى بەعس كە لە هەولێرو بەغدا، هاوەڵە نوسەرەكانى ئەم نوسەرانە دەیانبرد بەڕێوە.. لەو دەزگایانە نوسەرە چاكەكانمان دەبینى كە ئاواتەخواز بووین لە نزیكەوە بیان بینین، كەچى رەفتارلى هەرزەكارانەو عیزەت نەفسیى نزمى ئەوان و زمانى نوكتەبازى و گاڵتەجاڕییان بۆ یەكتر، هەر زوو چاوى رەشمان كاڵ بۆوەو ئیدى هامووشۆكانم بۆ ئەو جێگا قەبزو گەندەڵ و بودەڵانە كەمترو كەمتر كردەوە، بە جۆرێك كە هەر لەم شارەشدا نەژیم وایە..
برادەرانى سەربەرزى كوردم، نوسەرى داهێنەرى راستەقینە نابێت، ماستاوچى و درۆزن و سووك و ریسواو پارەپەرست و ژنانى و داوێنپیس بێت. دەبێت وەكو تۆلستۆى پێغەمبەر بێت و وەكو گۆتە ئوستاز بێت و وەكو ئانیشتاین بلیمەت و سەربەرز بێت و وەكو گاندیش سادەو ساكارو خاكیى بێت، ئەگینا تۆ نە نووسەریت نە موسەر.. بەڵكو تۆ نۆسەریت و رۆژى نۆ جار سەر بە بارەگاى نۆ حزبدا دەكەیت. ئەو دەمەش تەمەنى نیعمەت و كورسییەكەت هەر نۆ ساڵەو نەمر نیت و هەر لە ژیاندا ریسوایت..
بمرێ نووسەرى نۆسەر و ژیان و نەمرى بۆ ئەو نوسەرانەى لەشێوەى جەمال نەبەزو جەمال عەبدول و حسێن بەفرین و عەبدوڵا پەشێون. ئەم نوسەرانە ئەگەرچى نوسینەكانیان شاكاریش نەبێت بەڵام هەڵوێستەكانیان شاكارن و قوتابخانەن بۆ نەوە هەناسە ساردەكانمان كە ئەو جۆرە نوسەرانەیان كردبووە نموونەى باڵایان.
سلێمانى 27ى 06ى 2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە