دواى ئەو هەموو بانگەشە بەناو دیموكراسیەى توركیا، هێشتا كورد بێ ناسنامەیە

Wednesday, 12/08/2009, 12:00

3475 بینراوە


راپۆرتى شیكارى:

هۆكارى نەگەیشتنى كورد لە توركیادا بە مافە رەواكانى خۆیان، جیا لەو كۆكنەبوونى نێوان كوردانى ئەو وڵاتە لە لایەك و لە لایەكى ترەوە لەمپەررى هەرە گەورە وڵاتانى زلهێز بووە، كە هەردەم بەرژەوەندیەكانیان وایانخواستووە پشت لە كورد بكەن و روو لە تورك بن، دواجار كۆكبوونى داخوازى و رەوتى سیاسیى لە كوردستانى توركیادا لە پارتێكى وەك pkkدا خۆى بینیەوە، لێ فشارى ئەو پارتەش تا ئێستا نەبۆتە هۆى وەدیهاتنى خەونەكانى كوردانى كوردستانى توركیا، ئایا ئەو هەموو هۆكارانەى كە باسى لێوە دەكرێت، دەبێت ئەمانە بن، یاخود ئەو دروشمانەى كە لە سەردەمى شۆڕى ئۆكتۆبەرەوە تا دەگاتە ئەمڕۆى دیموكراسیەتى رۆژئاوان؟!

سەرهەڵدانى تورك
لە سەدەى یەكى پێش زایین ئاسیای بچوك بووە پارچەیەك لە ئیمپراتۆریەتى رۆمانى، دواتر ئەم ئیمپراتۆریەتە گواسترایەوە بۆ ئیمپراتۆریەتى بێَزەنتین، ئەو كاتە تورك بە هیچ جۆرێك لە هاوكێشەكانى ئەو سەردەمەدا بوونى نەبوو، بەڵام لە سەدەى شەشەمى زایین دا تورك بە سەرهەڵدان لە ناوچەى وڵاتانى ناوەندى ئاسیاوە دەستیان كرد بە تورككردنى كەسانى هەژار و دەربەدەرى وڵاتانى دراوسێ و بۆ ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆرە یەك لەدواى یەكەكان، ئەمەش بە هۆى شەڕ و ململانێى نێوان ئیمپراتۆرەكانەوە بوو، كە لە دواییدا روویانكردە هەرێمى كوردستان و ئایینى ئیسلامیان كردە رابەر و رۆشنبیرى خۆیان بۆ ناساندنیان بە گەلانى دیكە، بە بەژداربوونیان لە فتوحاتى ئیسلامى كە لە دواییدا بووە هۆى فراوان بوونى دەسەڵات و چەسپاندنى نەژادى تورك لە ناوچەكەدا.
بەپێى ئەم زانیاریانەى سەرەوە پێكهاتەى تورك لە ئەنجامى دەربەدەرى نەتەوە و گەلانى دیكەى هەژارەوە بوو، تاكو ئێستاش لە هەموو ناوچە و نووسینەكان ناسراون بە (تۆرانى)، واتا نەتەوەیى بێ دایك و باوك، لەبەرئەوە تورك یاخود تۆرانى لەسەر پاش ماوەى نەتەوەكانى دیكە خۆى پێكهێناوە، خاوەنى مێژو و زمان و كلتور و داب و نەریتى تایبەت بەخۆى نەبووە، نمونەش ئەوەیە كە لە دواى هەرەسهێنانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى و راگەیاندنى كۆمارى توركیا بە زەقى رەنگى داوەتەوە، بە تایبەتى لە رووى زمانەوە كە تورك خاوەنى نووسینى تایبەت بەخۆى نەبووە و لەسەر پیت و وشەى لاتینى پیت و وشە و رستەیان پێكهێناوە، لە نەتەوە جیاجیاكانى كیشوەرەكە بە تایبەتى كورد و ئەرمەن و عەرەب و فارس كلتوریان پێكهێناوە، چونكە تورك ئیسلامیەتیان بە بەهێزترین چەك دانا بۆ خزمەتكردنى ئایندەى دروستبوونى نەژادى خۆیان.

دەسەڵاتى نوێ ى كۆمارى توركیا
هەروەك زانراوە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى زۆرجار بە پیاوە نەخۆشەكە لە ناوچەكەدا ناسرابوو، كاتێك جەنگى جیهانى یەكەم كە لە 3/8/1914 سەریهەڵدا، ئەم جەنگە كۆتایى بە مەرگى دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بە دواى خۆیدا هێنا، لەو كاتەشدا سەركەوتنى شۆڕشى ئۆكتۆبەر ناسراو بەبیرى سۆسیالیستى (باڵى بەلشەفى) لە روسیا و دابەشبوونى جیهان بەسەر دوو بلۆكى سەرمایەدارى دژ بەیەكتر لە بیر و بۆچونى دەسەڵات و ئایدۆلۆژیادا لەسەر تەواوى ناوچەكە و جیهان رەنگى دایەوە، هەرچەندە بیرى سۆسیالیستى لەو سەردەمەدا كاریگەرى خۆى لەسەر تەواوى بزاڤە شۆڕشگێڕیەكانى ناوچەى رۆژهەڵات هەبوو و هاتنە مەیدانى بیرى سۆسیالیستیش كە لە سەرتادا دروشمە ستراتیژیەكانى ئازادبوونى گەلانى بن دەست بوو، بەڵام ئەو دروشمانە وەك خۆى نەتوانرا ببێتە پاڵپشتێكى هەمیشەیى، چونكە هەروەك بەپێى ئەزموونى سەرهەڵدانى شۆڕش و پێگەى دەسەڵاتە زلهێزەكان هەموو ئەو دروشمانە لە پێناو جێگیربوونى بەرژەوەندییە باڵاكانى خۆیاندا بووە، نەك گەلانى بن دەست، هەربۆیە ٍلەیەكەم رێككەوتنامەى نێوان دەسەڵاتى نوێى روسیا و توركیا، روسیا لە دژى كوردان لە 16/3/1921 هاتە كایەوە بە پێدانى پاداشت بۆ توركان، ئەویش بە بیست و نۆهەزار پارچە چەك و شەست و سێ ملیۆن فیشەك و پەنجاو چوار تۆپ و بیست هەزار ماسكى دژەكیمیایى، كە ئەم پاداشتەش بۆ دژایەتیكردنى جوڵانەوەكانى كورد لە توركیادا بوو، ئەمەش لە ئەنجامى مۆركردنى پەیمانى نێوان روسیا و ئەڵمانیا و نەمسا و مەجەر و بوڵگاریا و توركیا بوو، كە لە پێناو دابەشكردنى كوردستان و ئۆكرانیا پێكهات، لە پێناو پێكهێنانى دروستبوونى وڵاتى نوێى توركیا لەسەر خاكى كورد و گەلانى دیكە لەناوچەكە و دابەشكردنى جیهان لە نێوان سێ وڵاتى زلهێزى وەك فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا.

كۆمارى گێلاف
بەپێى خوێندنەوەى سەرچاوە مێژووییەكان زۆرجار دەبینین كات و ساتى سەرهەڵدانى راپەرینەكان، یاخود شكستەكان زۆر لە یەكەوە نزیكن، دەتوانین ئەمەش بۆ دوو هۆكارى سەرەكى بگێڕینەوە.
یەكەم: سەرهەڵدانى جوڵانەوەكان لەهەر پارچەیەك روویدابێت، ئەوا بۆ ماوەیەكى كەم ئەو سەرهەڵدانە كاریگەریەكى تەواوى لەسەرپارچەكانى دیكە هەبووە.
دووەم: پاڵپشتیكردنى دەرەكى، واتا وڵاتانى زلهێز بۆ جوڵانەوەكانى كورد هەمیشە كاتى بوون، تەنها لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانى خۆیان كوردیان بەكارهێناوە و هەركاتێكیش بەرژەوەندییەكانیان سەقامگیر بووبێت، ئەوا جوڵانەوەكانى كورد بوونەتە قوربانى ئەو بەرژەوەندیانە، نمونەشمان بۆ ئەو باسكردنەى سەرەوە ئەوەتا لە5/6/1920 كە لە كوردستانى توركیا لەسەر دەستى (میرزا كوچەك خان) كۆمارى گێلاف دادەمەزرێ، هێندە نابات لە 23/8/1920 راپەرینى (ئیبراهیم خانى دەلۆ)ش لە شارۆچكەى كفرى و دەوروبەرى بۆ پشتگیرى كردنى شۆڕشەكەى (مەلیك محمود) بەرپا دەبێت و جۆش و خرۆشى بیرى نەتەوەییش لە شارى (هەولێر)دا دروست دەبێت، هەر لەوكاتەدا (ئارنۆڵد وڵسن) جێگرى دادوەرى رامیارى گشتى بەریتانیا لە ئێراق لە 8/9/1920 بۆ هێوركردنەوەى بارودۆخەكە سەردانى شارى هەولێر دەكات.
بەڵام مخابن تەمەنى كۆمارى (گێلاف) تەنها یەك ساڵ دەبێت، دامەزرێنەرى ئەم كۆمارەش واتا (میرزا كوچەك خان) بە دەستى جەندرمە تۆرانیەكان لە شاخى (تاڵش) تیرۆر دەكرێ، دوابەدواى ئەوەش پەیمانى سیڤەر لە 10/8/1920 مۆركرا، كە چەندین بڕگەى باشى تێدا دیارى كرابوو بۆ كوردان، بەتایبەتى لە مادەى (3) بڕگەى 62،63،64 بەڵام مۆركردنى پەیمانى (لۆزان) لە 24/7/1923 بووە ئەو خەنجەرە ژەهراوییەى كە لە پشتى چارەنووسى ئایندەى كورد درا و كوردستان بەسەر چوار كەڵبەى دوژمندا دابەش كرا، لە نێوان مۆركردنى پەیمانى (سیڤەر و لۆزان)دا دەسەڵاتى كەمال ئەتاتورك بەرفراوان تر بوو.

كەمال ئەتاتورك
مێژووى دەسەڵاتە سیاسیەكان لە هەر چوار پارچەى كوردستاندا پێش گرتنە دەسەڵاتیان بۆ چارەسەركردنى مافە رەواكانیان هەمیشە بەڵێنى جۆراوجۆریان بەمیللەتى كورد داوە، بەڵام هەركاتێك دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست جگە لە پەشیمان بوونەوەى بەڵێنەكان بە توندترین شێوەش بەگژ میللەتى كوردا چوونەتەوە.
كەمال ئەتاتوركیش هەروەك دەسەڵاتەكانى دیكە بەرامبەر كوردان لە سەرەتادا خاوەنى چەندان بەڵین بووە، بەڵام لە پاشاندا زۆر دڕندانە بەگژ میللەتى كوردا چۆتەوە.
كەمال ئەتاتورك كە بە باوكى (تورك) ناسرابوو بە رەسمى لە 16/11/1922 دەسەڵاتى توركیاى گرتە دەست لە 29/10/1922 دەوڵەتى كۆمارى توركیاى راگەیاند
كەمال ئەتاتورك لەگەڵ كوردان پەیمانى بەست و بەڵێنى پێدان كە هەمان مافى لە پەیمانى سیڤەردا هاتووە بۆ كوردان لەبەرچاو بگرێت، بەڵام هەرئەوەندەى خۆى و دەسەڵاتەكەى بە دوور لەمەترسیەكان زانى لە هەموو بەڵێنەكان پەشیمان بوەوە و بەتوندترین شێوە كەوتە گیانى میللەتى كورد و راپەرینەكانى.

سەركوتكردنى راپەرینەكان
دواى پاشگەزبوونەوەى كەمال ئەتاتورك لە بەڵێنەكانى بەرامبەر بە كورد، سەرەتا بە دڕندانەترین شێوە بەگژ راپەرینى (خۆش خەیرى)دا چوەوە، لە 9/9/1922 شارى ئەزمیرى داگیركرد و دەستى كرد بە تورككردنى كورد و خاكەكەى، پاشان بەگژ شۆڕشەكەى شێخ سەعیدى پیران داچوەوە، ئەو شۆڕشەى كە لە 21/3/1925 سەربەخۆى كورستانى راگەیاندبوو و دیاربەكرى كردبووە پایتەخت، لە 7/5/1925 ئەو شۆڕشە زۆربەى زۆرى ناوچەكانى كوردستانى گرتەوە، وەك شارەكانى (وان، دیاربەكر، قارس، بەتلیس، بانجان، ڤاژێ، سەلایتە، دەرسیم..هتد)، چەندین ناوچەى دیكەى كوردستان بەڵام دوایى تۆرانیەكان بە هاوكارى كوردە خۆفرۆشەكان توانیان شێخ سعید لە باكورى شارى ڤاژێ لەگەڵ (27) هاوڕێیدا دەستگیر بكەن و دواتر لە 29/6/1926 لە سێدارەدران و پاش ئەوەش لەباربردن و خامۆش كردنەوەى ئارارات بە رابەرایەتى (ئیحسان نورى پاشا) هاتە كایە.
ئەو راپەرینانە بە جۆرێك لە جۆرەكان سەركوتدەكران كە تەنانەت ناڕەزایى كەسانى دیبلۆماتكاریشى دەگرتەوە، چونكە رابەرانى سیاسیى و ئاینیى و رۆشنبیران بە شێوەیەكى بەرنامەڕێژ دەستگیر و لە سێدارە دەدران، لەو سەردەمەدا وەزیرێكى كاروبارى دەرەوەى تورك بە ئاشكرا لە میوانیەكى دیبلۆماتى دا رایگەیاندبوو، كە حكومەتەكەى بەرنامەى وایە كوردان لە ئەنادۆڵ رابگوێزێـت. وردە وردە واى لێهات دەسەڵاتى كەمال ئەتاتورك رۆژانە بەگژداچوونەوەى خۆى بەرامبەر بە كوردان زیاتر دەكرد و تاگەیشتە ئەو رادەیەى كە بەهیچ شێوەیەك دان بەهیچ نەتەوەیەكى دیكەدا نەنێت، جیا لە تورك نەبێت، تاگەیشتە ئەو رادەیەى بە هەموو شێوەیەك وشەى كوردى قەدەغەكرد و زاراوەى سەپێنراوى (توركى كێوى) بەسەر میللەتى كورد لە توركیادا سەپاند و هەموو هۆكارێكى یەكلابوونەوەى بۆ دژایەتى كوردان لە پێناو مافەكانیان دا بەكار دەهێنا.

هەنگاونانى بەناو دیموكراسى دەوڵەتى توركیا
دەگمەنە خوێنەرى كورد مێژووى دیكتاتۆریەتى دەوڵەتى عوسمانى و كەمال ئەتا تورك نەزانێـت، كە چۆن بەرامبەر بە كوردان وەستاونەتەوە، بەپێى ئەزموونەكانى زۆرینەى ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرانە هەركاتێك دركیان بەوە كردبێت كە بەرژەوەندى دەسەڵات و وڵاتیان لە مەترسى دایە، ئەوا ناچاربوون كە بە دواى هەنگاونانێكى روكەشدا بگەڕێن بۆ ئەوەى خۆیان لە شەرمەزارى و بیر و بۆچوونەكانى وڵاتانى زلهێز بە دوور بگرن، لەلایەكى تریشەوە دەیانەوێت ئەوە پیشانى چواردەوورى خۆیان و دۆستانى وڵاتانى دیكە بدەن، كە گوایە دەسەڵاتەكانیان لەگەڵ رەوتى گۆڕانكاریەكانى سەردەم دەجوڵێتەوە، بەڵام هەموو ئەو بیركردنەوانە لە هزرى توركاند لە هەقیقەتدا وجودى نەبووە، چونكە ئەزموونى هەنگاوەكانى سەرەتای پیادەكردنى دیموكراسى دەوڵەتى توركیا لە خۆشى چاوى كۆمەڵگا بە گشتى و كورد بەتایبەتى نەبووە، بەڵكو لە پێناو ئەوەدا بوو كە توركیا بەشى زۆرى سنوورى خاكەكەى كەوتۆتە ئەوروپاوە و ناچاربوو، كە ئەو هەنگاوە بنێ، بەڵام لە ناوەرۆكدا هەروەك خۆى مایەوە و تاكو ئێستاش بە هیچ شێوەیەك ئامادە نیە بە ئاشكرا و بە فیعلى چارەسەرى كێشەى نەتەوەی كورد لە توركیادا بكات.
توركیا پاش سى ساڵ سیستمى تاك حیزبى روویكردە كارى فرە حیزبى، لە سەرەتاى ساڵانى 1950 دەستى كرد بە پرۆڤەى دیموكراسى، بەڵام دیموكراسى نەك بۆ كۆمەڵگا، بەڵكو دیموكراسى بۆ سوپا لە پێناو چاككردنى رژێم بۆ مەبەستى خۆى، كە بەم شێوەیە سێ جار شێوازى دەسەڵات گۆڕاوە، وەك كۆدێتاى مایسى 1960 و مارسى 1971 و سیپتەمبەرى 1980 كە هەریەكەیان نیشانەى سەردەمێكن بۆ سەركوتكردن و دامركاندنەوەى راپەرین و تێكشكاندنى ئەحزابەكان لە ژێر سایەى دیموكراسى، تا ئەمڕۆش توركیا تەنها رواڵەتى بەناو دیموكراسى دەباتە پێشەوە، چونكە بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى راستەقینە لە توركیا نە لەلایەن ئەنجومەنى نیشتمانى، نە لەلایەن حكومەت، نە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بەڕێوەناچێـت، بەڵكو لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەییەوە كە ئەو ئاسایشەش زیاتر لە ژێر كاریگەرى عەقڵى جەنەراڵە سەربازییەكان دایە، هەر لەبەر ئەوە هزرى راستەقینەى دەسەڵات لە توركیا سوپایە، تەنانەت چاپەمەنیەكانى تورك لە مافى ئاشكراكردنى كۆبونەوەكانى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیى دەبێت نهێنى بێـت، سوپا لە ساڵانى 1980 بووە بنەمایەكى نادینى پیرۆز، بەم جۆرە لیبراڵیزمێكى وەحشى لە توركیا سەردەمدارە، لە كەمالیزم تەنها ناسیۆنالیزمى توندڕەو ماوەتەوە كە هەموو رێگاكان بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد بە نەزۆك دادەنێت.

دەورى روناكبیرانى كورد
موساعەنتەر، جانیت یولدرم
دواى تێپەڕبوونى 20ساڵ بەسەر سەركوتكردنى راپەڕینى دەرسیمدا، كورد لە كوردستانى توركیادا لەو ماوەیەدا بێدەنگى بەخۆیەوە بینى، تاكو ساڵى 1958 كە روناكبیرانى كوردى دیاربەكر وەكو (موساعەنتەر) و (جانیت یولدرم) هەفتەنامەیەكیان بەناوى (دیلەرى یۆرت) واتە (پێشكەوتووخواز) بڵاكردەوە.
پاشان لە ساڵى 1969 (محمد على ئەسلان) رابەرى پارتى كرێكارانى توركیا مانگانەیەكى بە هەردوو زمانى كوردى و توركى بەناوى (یەنى ئاگوش) واتا (ئاڕاستەى نوێ) بڵاوكردەوە، كە بۆ یەكەمجار پرسى مافى نەتەوەی كوردى خستە روو، ئەم گۆڤارە تەنها چوار ژمارەى لێدەرچوو پاشان قەدەغەكرا، پاشان وردە وردە بڵاوكراوەى كوردى بە دووزمان بەرەو زیادبوون دەچوو، وەك (دیجلە، فورات، دەنگ) كە ناوى ئەو بڵاوكراوانە بوون، وە گۆڤارى (دەنگ) چوار ژمارەى لێدەرچوو پاشان وەستێنرا، موسا عەنتەر فەرهەنگى كوردى توركى بڵاوكردەوە، نووسەرێكى دیكە بە ناوى موحمد على یوز ئەرسەلان، كە دانەرى بەرهەم و لێكۆڵینەوەى لە زەمینەى كۆمەڵناسى و ئابوورى كوردستاندا هەبوو، بڵاوكراوەیەكى بە زمانەكانى كوردى و توركى دەربارەى (مەم و زین) بڵاوكردەوە یەكسەر قەدەغەكرا.
لە كانوونى دووەمى 1967 حكومەتى (سلیمان دیمرییل) بەپێى بڕیارنامەیەكى رەسمى هەموو جۆرە بڵاوكراوەیەكى بە زمانى كوردى قەدەغەكرد، لەژێر رۆشنایى ئەم بڕیارەشدا چەند مانگێك دواتر (تورانیەكان) بە ناوى (ئوتوكان) لە نیسانى 1967 وتارێكى زۆر تووندیان لە دژى كوردان بڵاوكردەوە، لە تەمموزى هەمانساڵدا لە دواى بڵاوبوونەوەى وتارێكى دیكە لە ژێر ناونیشانى (هاتوهاوارى كوردى سوور) هەڵوێستى پێشویان دووبارە كردبوەوە، نووسەرانى ئەم وتارە كە لە دژى كوردان توندڕەو بوون، ئەو رووداوانەیان هێنابوەوە یاد كە لە ساڵانى بیست رابەرانى توركى لە دژى كورد هاندرابوون و نووسیبویان "ئەگەر ئەوان دەیانەوێت بە زمانى سەرەتایى خۆیان بدوێن، كە تەنها چوار پێنج هەزار وشەیان هەیە، یا ئەگەر بیانەوێت دەوڵەتى خۆیان پێك بێنن و بڵاوكراوەى خۆیان چاپ بكەن، دەتوانن كۆچ بكەن بۆ جێگاى دیكە، ئەوان دەتوانن سەدلەسەد لە شارەكاندا زۆرینەش بن، بەڵام خەونى پێكهێنانى دەوڵەت لە سەرخاكى تورك هەروەك خەونى یۆنانیەكانە، بۆیە هەرجێگایەكیان دەوێت بابڕۆن، ئێران، پاكستان، هندستان، بۆلاى بارزانى، یان لە رێكخراوى نەتەوەكان داوا بكەن لە ئەفریقیا جێگایەكیان بدەنێ، ئێوە داواى زمانى سەربەخۆ لە ئێمە دەكەن، خوێندنگاى سەربەخۆ..هتد بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى خۆتان كۆبونەوەى نهێنى خۆتان بەردەوام دەكەن، بارزانى وەك قارەمانى نەتەوەیى دەناسێنن، چەكەكانى توركیا بە نهێنى بۆ ئەو دەنێرن، لە كۆبونەوەى تایبەتیدا مناڵەكانتان فێرى شیعرى كوردى دەكەن، ئێوە بتانەوەێ توركیا پارچە پارچە بكەن، ئێمەش دەرتان دەكەین با چاوەڕوان بین". ئەوەبوو لە نۆڤێمبەرى 1959 (49) روناكبیرى كورد كە زۆربەیان یەكتریان نە دەناسى بە تاوانى ئیمزاى داواكردنى دامەزراندنى دەوڵەتێكى كوردى دەسگیركران و لە ئەنكەرە دادگایى كران.

سەرەتایى خۆپیشاندانەكانى رۆشنبیرانى كورد
بەپێى زانیاریە مێژووییەكان دەركەوتووە كە هیچ كاتیك دەسەڵاتى تورك، چ لە سەردەمى ئیمپراتۆریەتەوە تا دەگاتە سەردەمى بەناو دیموكراسیەكەى هەرگیز لەگەڵ بیروراى ئاشتەوایى نەبووە لەگەڵ كوردان، هەمیشە دەست پێشخەر بووە چ لە رووى سەربازى، یاخود نووسەران و رۆشنبیرانی بۆ بەگژداچونەوەى مافى كوردان هانداوە، هەر لەم پێناوەشدا هەمیشە كوردى توكیا بۆ پارێزگاریكردن لە مافەكانى شێوازى جۆراوجۆرى خەبات و بەرخودانیان پیادەكردووە، هەر بۆیە لە پێناو ئەو نووسینە هێرش بەرانەى كە تۆرانیەكان دژى كورد بڵاویان دەكردەوە، كوردەكان یەكسەر كاردانەوەیان بەرامبەر ئەم جۆرە نووسینانە نیشان دەدا، كە لە بڵاوكراوەیەكدا بە ناونیشانى (وەرن بۆلانەى توندو تیژى ببینن كە چ كەسێك ئەوى دیكە لەناو دەبات)، هەربۆیە كۆمەڵە و خوێندكارانى نۆزدە شارى كوردنشین لەوسەردەمەدا وەك (بینگۆل، تەبلیس، العزیز ،جەزیرە، دیاربەكر، ئەرز رۆم، وان، ئورفە، موش..هتد)، ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەى نووسەرى (ئۆتوكان) بوو رایانگەیاند (ئێوە دەتانەوێ ئێمە بەرەو جەنگى براكوژى بەرن وڵات لە حەمامى خوێندا نقوم بكەن و بیكەنە مەیدانى جەنگ، زۆرباشە بفەرموون بۆ مەیدان ئەوسا دەبینن چ كەسێك ئەوى تر لەم وڵاتە دەردەكات)، كوردان بەوەش نەوەستان لە بانگەوازى كۆمەڵەى زانكۆیانى كورد لە ئابى 1967 رێپێوانى جەماوەرى گەورە لە هەموو كوردستانى توركیا بەڕێوەچوو، وەك لە سلیڤان 10 هەزار و دیاربەركر 25 هەزار كەس بەشدارییان تێداكرد، ئەم رێپێوانە گەورەترین خاڵى وەرچەرخان بوو، چونكە 30 ساڵ لەوەوپێش بۆ یەكەمجار بوو كوردى توركیا بتوانێت بە ئاشكرا بەرامبەر بە حكومەت ناڕەزایەتى خۆیى و هێزى جەماوەرەكەى نیشانى دەسەڵات بدات، ئەوەبوو سەرۆك كۆمارى تازەى توركیا (جەنراڵ گورسیل)، كە لایەنگرى توندوتیژى دژ بە كوردان بوو، لە رۆژنامەیەكى سویدى رایگەیاندبوو: "ئەم چیا نشینانە كە بێ ئارامن و شایانى ریفۆرم نین، سوپا لە بۆمبارانى شار و لادێكانى ئەوان نابێ گومانیان هەبێ، دەبێ حەمامێكى خوێناوییان بۆ ساز بدرێت تا ئەوانى تێدا نقوم بكرێن".

سەرهەڵدانى پارتى رامیارى
هەروەك لە سەرەتاى راپۆرتەكە ئیشارەتمان پێداوە، دوابەدواى جەنگى جیهانى یەكەم و سەركەوتنى شۆڕشى ئۆكتۆبەر كە كۆتایى هاتنى دەسەڵاتى ئیمراتریەت بوو لە توركیا، دەتوانین بڵێین لەو سەردەمەدا بیرى سۆسیالیستى هاوردەیەكى تەواوى فكر بوو بۆ گەلانى جیهان بەگشتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە تایبەتى، كاریگەرى خۆى لەسەر كۆمەڵگاكان بۆ بنیاتنانى ئەحزابى سیاسیى لە ناوچەكەدا هێنابووە كایەوە، بەڵام مخابن لەبەر ئەوەى دامەزراندنى ئەحزابى سۆسیالیستى بە تەواوى نەیدەتوانى داكۆكى لە مافە نەتەوەییەكان بكات و هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندیەكانى سۆڤیەتدا كارى دەكرد و سیاسەتێكى (تحت تلب)ى هەبوو، بۆیە نەتوانرا سەركەوتنى هەمیشەیى لەنێو گەلاندا بە دەست بێنێت، باشترین نموونەش ئەوەیە، كە لە دواى روخانى بلۆكى سۆسیالیستى، جیابوونەوەى كۆمارەكان و راگەیاندنى سەرۆبەخۆیى نەتەوەكان لە خودى سۆڤیەت خۆى باشترین بەڵگەى زیندووى هەڵەى پیادەكردنى سیاسەتەكانى رابەرانى كۆمۆنیستى ئەو سەردەمە بوو، بەڵام ناكرێت دان بەوەدا نەنرێت كە سەرهەڵدان و سەركەوتنى شۆڕشى ئۆكتۆبەر لەو سەردەمەدا بە باشترین سەرەتاى هۆشیاربوونەوەى گەلانى بن دەست حیساب نەكەین.

پارتى كرێكارانى توركیا
ئەم پارتەش هەروەك بیرۆكەى حیزبى شیوعى عێراقى كاریگەرى خۆى لەسەر هەڵسوڕاوانى ناسیۆنالیستى كورد لە توركیا هەبوو، ژمارەیەكى زۆر لە لاوانى كورد لە توركیا لە 1963 چوونە ناو پارتى كرێكارانەوە، بەڵام هێندەى نەخایاند لاوانى كورد لەو حیزبە كشانەوە، چونكە ئەو حیزبە وەڵامێكى رۆشنایى بۆ پرسى نەتەوەى كورد لە توركیا پێنەبوو، ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەوەى كە لە سەرەتادا پارتى كرێكارانى كورد هەڵوێستى ئاشكراى نەبوو، زۆرجاریش هەنگاوەكانى نێگەتیڤ بوون، لە ساڵى 1967 رابەرێكى كۆمۆنیستى تورك لەو پارتەدا بە ناوى (محەممەد عەلى ئایبار) لە كۆنگرەیەكى نێودەوڵەتى لە شارى ستۆكهۆڵم رایگەیاندبوو: "كێشەى كورد لە توركیا بوونى نییە".

جیابوونەوەى لاوانى كورد لە فكرى چەپ
لە سەرەتاى 1969 ئەوكاتەى ناسیۆنالیستەكانى رۆژهەڵاتى توركیا بەردەوام بوون لە رێپێوان كردن ژمارەیەكى زۆر لە خوێندكارانى كورد زانكۆكانى توركیا، كە ئەندام بوون لە پارتى كرێكارانى توركیا، ئەو پارتەى كە بەڕەسمى پرسى كوردى نەدەبینى بۆیە بە ناچارى لاوانى كورد خۆیان لەو پارتە كشانەوە و لە دەرەوەى ئەو پارتە بە ناوى فیدراسیۆنى كۆمەڵەى فەرهەنگى شۆڕشگێڕى رۆژهەڵات كۆبوونەوە، پاشان ئەم كۆمەڵەى فەرهەنگە لە مایسى 1969 كۆمەڵەى (د. د. ك. و)یان پێكهێنا كە یەكەمین رێكخراوى یاسایى كورد بوو لە مێژووى راگەیاندنى كۆمارى توركیادا، ئامانجى ئەو رێكخراوە كۆكردنەوەى لاوانى كورد و ئاشنایەتیان لەگەڵ ناسنامەى نەتەوەیى و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتى رژێم.
(د. د. ك. و) دوو كۆمیتەیان هەبوو كە هەر كۆمیتەیان لە 30 كەس پێكهاتبوو، یەكێكیان لە ئەستەنبوڵ و ئەویتریان لە ئەنقەرە، كۆمیتەى ئەنقەرە پێكهاتبوو لە (عەلى بایقلو، یومنو بوجاق، سەبرى شەپیق..هتد) كۆمیەى ئەستەنبوڵیش پێكهاتبوو لە (لەیلا ئەژدەر، یەڵماس باڵكاش، نەجمەدین بویك، مەحمود قلیج) بەڕێوەدەبران، كە لە دواییشدا (مەهدى زانا) لە دیاربەكر و باتمان بارەگاى لقى كردەوە و دەستیان كرد بە دەركردنى بڵاوكراوەیەكى مانگانە.

پارتى دیموكراتى كوردستانى توركیا
فەهمى بیلال راوێژكارى جارانى شێخ سەعیدى پیران كە كەسایەتیەكى ئاڵۆزى ماركسى بوو، پاش 60 ساڵ لەسەركوتكردنى بزوتنەوەى شێخ سەعیدى پیران لە تەمەنى 85 ساڵیدا لاوانى هاندەدا بۆ خۆ رێكخستن و بەرخودان، ئەوەبوو لە رۆژى 11ى تەمموزى 1965 لە دیاربەكر لەناو باخى كۆشكى قازى بە سەرپەرشتى خۆى چەند لاوێكى بیرى ناسیۆنالیستى پارتى دیموكراتى كوردستانیان راگەیاند كە ئەمانە بوون، (سەعید ئاڵچى، شەكیر ئاپۆلۆزۆمیر، دەروێش ئاك گول، كە بە سەعدۆ بەناوبانگ بوو، عومەر تورهان، دورناس).

تاریكترین رووداوى بزوتنەوەى كورد لە توركیا
دكتۆر شڤان كە ناوى راستەقینەى (سەعیدى قرمزى توپوراك) بوو، خوێندكارێكى پزیشكى زانكۆ بوو، كەسێكى چالاكوانى سیاسیى بوو، ئەوەبوو لەگەڵ 40 كەسى تردا زیندانى كرا، دكتۆر شڤان لە زینداندا زۆر لە كەسانى بە تەمەن سودى وەردەگرت، لە ساڵى 1960 ئازادكرا،
دكتۆر شڤان پەیوەندیەكى ئاڵۆزى لەگەڵ پارتى دیموكراتى كوردستان هەبوو، ئەو هەمیشە دیدەنى سەعید ئاڵچى سكرتێرى گشتى پارتى دیموكراتى كوردستانى دەكرد، كە ئەوكاتە سەعید ئاڵچى لە ساڵى 1968 لە ئەنتالیا زیندانى بوو، دكتۆر شڤان كاریگەرى خەباتى (ماتسیتۆنگ، جیڤارا، ریجی دووبریە)ى لەسەر بوو، لە ساڵى 1969 دكتۆر شڤان سەردانى كوردستانى عێراقى كردبوو، ئەویش بە مەبەستى كردنەوەى سەربازگەیەك لە ناوچەى بادینان و نزیك (باتوفە)، لە دواى كودەتاى ساڵى 1971 سەعید ئاڵچى بە هۆى هەڕەشەكانى دەسەڵاتى تور و ئەو ناكۆكیانەى نێوان خۆی و دكتۆر شڤان كە هەیبوو، سەفەرى كردبوو بۆ كوردستانى عێراق، ئەو دەیویست دكتۆر شڤان رازى بكات كە ناوى حیزبەكەى بگۆڕێت و بچێتە ناو پارتە كۆنەكە، بۆ ئەم مەبەستە سەعید ئاڵچى پێویستى بە دادوەرى بارزانى هەبوو، ئەوەبوو لە تەمموزى 1971 سەعید ئاڵچى لە لاین دكتۆر شڤانەوە كوژرا، بۆیە لایەنگرانى سەعید ئاڵچى لە دیانەمانى نیگەران بوون و داواى لێكۆڵینەوەیان لە بارزانى كرد، ئەوەبوو دكتۆر شڤان لە لایەن بارزانیەوە دەستگیركراوە و لە لایەن ئەسعەد خۆشەوى بەرپرسى پارتى ئەو سەردەمە دادگایى لەگەڵدا كردو رۆژى 26ى 1971 لە لایەن پارتى دیموكراتى كوردستانى عێراقەوە لە سێدارە درا، ئەم دوو كوشتنە سەردەمێكى نوێى لە مێژووى بزوتنەوەى كوردى توركیا دەستپێكرد، كەتاكو ناوەڕاستى هەشتاكان زۆر بە بەرفراوانى بەردەوام بوو.

زەحمەتكێشان، ریا ئازادى، سۆسیالیست
پارتى زەحمەتكێشانى توركیا كە ئەویش بە هەمانشێوە كۆپى بیر و كردارى پارتە چەپەكان بوو، بەڵام دواى یەك دوو ساڵ لەژێر كاریگەرى رووداوەكان ناچار بوو، كە هەڵوێستى خۆى لەبەرامبەر كورد و خاكەكەى نوێ بكاتەوە، ئەوەبوو لە ساڵى 1969 كوردێك بە ناوى (محەممەد عەلى ئەسلان) چووە جێگاى (محەممەد عەلى ئایبارى تورك)، هەر لە دواى ئەوە لە كۆنگرەى 4ى ئەو حیزبەدا بڕیارنامەیەكى نوێ پەسەند كرا، ئەویش ئەوەبوو (نەتەوەى كورد لە رۆژهەڵاتى توركیا هەن).
لە ساڵى 1974 دواى دەستپێكردنەوەى چالامى پارتى كرێكاران (كەمال بورقاى) بوویە ئەندامى ئەو پارتە، هێندەى نەبرد بۆ پێكهێنانى پارتێكى كوردى بە ناوى (ریا ئازادى) لە ئەنقەرە كەمال بورقاى لە دیسامبەرى 1974 بوویە سكرتێرى گشتى ریا ئازادى، پاشان لە كۆبوونەوەیەك لە ماڵى (زیا ئاكار) 7 ئەندامى ئەو پارتە لە ساڵى 1975 پارتى سۆسیلیستى كوردستانى توركیایان راگەیاند، لە حوزەیرانى 1975 گۆڤارەكەیان بە ناوى ریا ئازادى یەكەم ژمارەى لێ دەرچوو، رابەرانى ئەم پارتە هەمیشە سوربوون لەسەر رەخنەگرتن لە رابەرانى فیوداڵى بۆرژوازى بارزانى لە كوردستانى عێراق.

سەرەتاى دروستبوونى PKK
دواى گفتوگۆیەكى زۆر و ململانێیەكى بێ وینە لە گۆڕەپانى سیاسەتى كوردستانى توركیا لە نێوان ناسیۆنالیست و چەپەكاندا دوایین رێكخراوى سیاسیى كە لە كوردستانى توركیا لە ساڵى 1976 لە دێهاتى ناوچەى سیڤەر لە لایەن گروپێكى بچوك لە خەباتكارانى بیر و باوەڕو لایەنگرانى (ماوتسی تۆنگ) و كاریگەرى كۆنى دكتۆر شڤانیان لەسەر بوو، رێكخراوێكیان بە ناوى (رێكخراوى ماویستى_ كاوە) پێكهێنا، هەموو ئەندامانى ئەم رێكخراوە یەك ئامانجیان هەبوو، ئەویش (ئازادى بۆ كوردستان)، (كوردستانێكى دیموكرات و سۆسیالیست)، هەمیشە رابەرانى ئەم رێكخراوەش دژى بۆرژوازى كورد خەباتیان دەكرد، كە سەرەنجام ئەم رێكخراوە یەكەم دەرگابوو بۆ دروستبوونى پارتى كرێكارانى كوردستانى توركیا (PKK).

دواى ئەو هەموو بانگەشە بە ناو دیموكراسیەى توركیا كورد هێشتا بێ ناسنامەیە
دواى بوونى مێژووى ئەو هەموو راپەڕین و بزوتنەوە و رێكخراوە سیاسیانەى كوردى توركیا كە لە پێناو بەدى هێنانى مافەكانیاندا هێنابوویانە مەیدان، بەتوندترین شێوازى سەربازى سەركوتكران، دوایین وێزگەى كۆبوونەوەى كورد لە توركیا لە چوارچێوەی بەرەیەكدا خۆى دۆزیەوە، ئەویش بە رابەرایەتى PKK بوو،.
هیچ خوێنەرێكى ئەمڕۆى كورد نییە كە ئاشنایەتى لەگەڵ مێژووى خەباتى سیاسیى PKKدا نەبێت، ئەویش بە حوكمى ئەو رووداو و پێشهاتانەى كە لە ناوچەكەدا سەرى هەڵدا و هەمووشمان دەزانین هەركاتێك زوڵم و ستەم لە سایەى هەر دەسەڵاتێكدا سەرى هەڵدا، ئەوكات رۆحى شۆڕشگێڕى و بەرخودان بۆ پارێزگاریكردن لە مانەوە و ماف و خاكەكە بەردەوام دەبێت، هەربۆیەشە بوونى هێزى گەریلاكانى PKK لە كوردستانى توركیا وەڵامدانەوەیەكى بابەتیانە و سەردەمیانەبوو بەرامبەر بە دەسەڵاتى فاشى توركیا، ئەمە جگە لەوەى كە لەناو خودى PKKشدا هەر لە سەرەتاى قۆناغەكانى خەباتیدا ململانێى بیر و راى جیاواز وجوودى هەبووە، بەڵام گرنگ ئەوەبووە كە هەمیشە خۆى بەو هێڵە گشتیەوە خۆى گرێداوە كە ئامانجى رزگارى كوردستان بووە لە سایەى دیموكراسیدا، بەڵام دەسەڵاتى تورك نەك هیچ گوێى نەداوەتە ئەو داخوازیانەى كورد، بەڵكو هەمیشە هەولێ بێوچانیان داوە كە بە ئاگر و ئاسن هێزەكانى گەریلاى PKK لەناو بەرن، لە ماوەى چەند ساڵەى خەباتى گەلى كورد لە توركیا و بە تایبەت لە سەردەمى PKKدا چەندینجار ئاگر بەست لە نێوان هێزى PKKو توركاندا رووى داوە، جگە لەمەش رابەرانى PKK بۆ بەدیهاتنى ئامانجەكانى گەلى كورد لە سایەى گفتوگۆدا هیچكات دەرگاى گفتوگۆى راستەقینەى دانەخستووە، بەڵام هەموو ئەم هەنگاوانەى پارتیزانەكانى كورد لە توركیا بەرامبەر لێكتێگەیشتن و داواكردنى مافى خۆیان دەسەڵاتى تورك لە توركیا پێچەوانە هەنگاوى ناوە، هەمیشە پەناى بۆ لەناوبردنى مافەكانى كورد داوە لە توركیا، دەسەڵاتى تورك جگە لە هێرشە سەربازیەكانى بە شێوازى جۆراوجۆر بۆ سەر بنكە و بارەگاكانى گەریلا چەندین جاریش هەوڵى خۆى خستوەتەگەڕ، كە بۆ ئەوەى كەناڵى راگەیاندنەكانى سەر بە PKK لەگەڵ پارەكانى ئەو پارتە لە بانكاكانى ئەوروپا بلۆك بكات، بەڵام هەرچى هەوڵى سیاسەتى تورك هەبوو لە ئاست تواناى فكرى سیاسیى و سەربازى PKKدا و بە پێى ئەزموون لە خەونى حوشترێك دەچوون، كە هەرگیز بۆى نەدەهاتە دى، ئەمەش ئەوەى سەلماند كە هیچ هێزێك ناتوانێت تا سەر خەباتى نەتەوەى بن دەست بە ئاگر و ئاسن و پیلانگێڕان بتوێنێتەوە.

قەندیل دوا وێستگەى PKK
دوابەدواى ئەو گۆڕانكارى و پێشهاتانەى كە لە ناوچەى رۆژهەڵاتدا سەریانهەڵدا بە گشتى و كوردستان بە تایبەتى، بوونى راپەڕینى كوردستانى باشوور و دواتر روخانى رژێمى عێراق تا دەهات گەمە سیاسیى و ململانێ هەرێمیەكان و حیزبە سیاسیەكانى كوردستانى باشووریش بوبوونە لەمپەرێك لە ئاست تواناكانى گەریلاكانى PKK تاواى لێهات چیرۆكى چەندان موزایەدەى سیاسیى و شەڕى قورس بەرەو رووى هێزەكانى گەریلاى PKK بوەوە، بە تایبەتى گەورەترین گەمەى قورسى سیاسیى نێوان هاوكێشەى بەرژەوەندى وڵاتە گەورەكان كە ئامانجى سەرەكییان دەستگیركردنى رابەرى PKK (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بوو، هەر لە دواى گرتنەكەیەوە تاكو ئێستا چەندان چیرۆكى نهێنى خۆى مەڵاس داوە و دەشێت كاتى دەرخستنى راستیەكان سەرى هەڵنەدابێت، بۆیە باسى لێوە ناكرێت، ئەو پیلانە گەورەیەى كە هەموو تواناى دەزگاى سیخوڕى میت و مۆساد و وڵاتانى زلهێز، لەپێناو ئەوەدابوو كە جارێكى دیكە تورك مێژووى دەسەڵاتى خۆى بەسەر شۆڕش لە كوردستانى توركیادا بسەپێنێت، بەگرتنى رابەرەكەى چۆك بە تەواوى گەریلاكان دابدات، ئەمە جگە لەوەى لە دواى رووخانى رژێمى عێراقیشەوە توركیا لە ئاست پیلانەكاندا بەردەوام بوو، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە مەرامەكانى خۆى وەك پێویست بهێنێتە دى، بۆیە پرسیارە هەستیار و گرنگەكە لێرەدایە، ئایا توركیا بە بێ چارەسەر كردنى كێشەى پرسی نەتەوەى كورد دەتوانێت ببێتە ئەندامى یەكێتى ئەوروپا؟! ئەگەر بەبێ چارەسەر كردنى پرسى كورد توركیا بوو بە ئەندامى یەكێتى ئەوروپا، ئیدى ئەوروپا یاخود رۆژئاوا چ دروشمێكى تریان هەیە بۆ جێگرەوەى دیموكراسى لە پێناو چارەسەركردنى پرسى نەتەوەكان بەگشتى و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كورد بە تایبەتى؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە