ئەوە كێیە لەپیرەمەگروون تەقەتەق دەكات؟!

Tuesday, 12/01/2010, 12:00

1476 بینراوە



گۆران دوكانى / ئەنقەرە


(دەستى دەرەكیان لەپشتە...دەستی سیاسیان لەپشتە...كۆمەڵێك كەسی نەیاربوون...دژبە بەم ئەزمونەى ئەمڕۆى هەرێمى كوردستانن)... ,بەم ووشەتەقلیدیانەو كۆمەڵێك دەستەواژەى سواوى دیكە(18)ساڵە دەسەڵاتى كوردى مێشكى میللەتى پڕكردوە ,لەبەرامبەریشدا لەدنیادا هیچ دەسەڵاتێك نیە بەقەد ئەم دەسەڵاتەى لەمەڕخۆمان دەستى سیاسی و دەرەكى لەپشت نەبێت و بەرپرس نیە هێماى ئیستییفهامى لەسەرنەبێت!,ئەوەى كەلە مێدیاكاندا لەسەر سیخوڕیو عیلاقەى بەرپرسانى كورد لەگەڵ ڕژێمى پێشوى عێراق و ووڵاتانى بەرودراوسێ بڵاوكراوەتەوە كەبەشێكى زۆر لەوبەرپرسانە ئەمڕۆخاوەن پۆستى باڵاى حوكمڕانیكردنن,ئاخۆدەبێت چەند زانیارى دیكەى نهێنى هەبێت كەتائەمڕۆدەستى مێدیاكانى ڕاگەیاندن نەكەوتون وپڕن لەفەزیحەى جۆراوجۆر؟!.
كەچى بەپێچەوانەوە دەسەڵاتى سیاسی كوردى ڕۆژلەدواى ڕۆژ دەستەواژەى بەدو ناشرین نەما نەیخاتە پاڵ خەڵكى قوڕِبەسەرو ڕەشوڕوتى ئەم هەرێمە,لەكاتێكدا كەخەڵك حەقێكى یاسای خۆیەتى لەپێناو بنەبڕكردنى گەندەڵى و نەبونى خزمەتگوزاریە سەرەتایەكان بێتەسەرجادەو نەك وەك ئەوەى كەلەخۆپیشاندانەكانى ڕابردووى شاروشارۆچكەكانى هەرێم ودواین خۆپیشاندانى شارۆچكەى پیرەمەگرووندا بینیمان كەڕێگەیەكى سەرەكى بگیرێت ,یاخود ئۆتۆمبێلێك ,یان بینایەكى حكومى بسوتێندرێت بەڵكو بەراورد بەو فەسادەئیداریەى كەئەمڕۆ بەرۆكى هەرێمى كوردستانى گرتوە و نەبونى یاساو ئەو سیستەمى خەساندنو سەندنەوەى شوناسو ڕوخانى ئیرادەى تاك كەماوەى چەندساڵێكە دەسەڵاتى كوردى لەباشوردا گرتوێتیەبەر ,شتێكى زۆرئاساییە ئەگەربێت و یەك بەیەكى بەرپرسەكانى ئەم هەرێمە بەردباران بكرێن.
دوایین خۆپیشاندان كەلەشارۆچكەى پیرەمەگرووندا ئەنجامدرا ,ئەگەربێت و هەركەس لەنزیكەوە و بەوردى ئاگادارى ئازارەكانى دانیشتوانى ئەو شارۆچكە بێنازو مەزڵومەبێت بێشك لەگەڵ ئەو بۆچونەى مندایە كەدەبێت یەك بەیەكى بەرپرسانى ئەم هەرێمە بەردباران بكرێن,چونكە ئەوەى ڕۆژێك لەڕۆژان لەسەردەمى شاخدا خزمەتى پێشمەرگەی كرد,ئەوەى ڕۆژانێك شوناسی كوردبون وكوردایەتى لێ یاساغ كرا, ئەوەی زێدى باوباپیرانى وێرانكراو بەزۆر ڕاپێچى ئەو ئۆردوگا زۆرە ملێیەكرا,ئەوانەى كەزەمەنێك هەموو ژیان وسەروەت وسامانى خۆیان كردەقوربانى بۆهاتنەدى ئەو بەناو ئازادیەى كەئەمڕۆدەسەڵاتی كوردى لافوگەزافى پێوە لێدەدات,ئەوەى كەلەپێناو فریشتەكانى دوێنێو فایلدارەكانى ئەمڕۆى دەسەڵاتدا ئازیزانیان بێسەروشوێنكران و لەئێستشادا ڕۆژلەدواى ڕۆژ ئێسكوپروسكى ڕۆڵەكانیان دەگاتەوەدەست...زۆرینەى ئەو خێزانانەن كەلەئێستادا دانیشتوى ئەو شارۆچكەیەن و ئەمڕۆ فریشتەكانى سەردەمى شاخ لەسایەى ئەو((ئازادیو دیموكراسیەى كەپێیان وایە لەدنیادا وێنەى نیە)) كون بەكون شوێن منداڵە بێنازو بێباوكەكانیان كەوتون ,كەتەنهاگوناهیان ئەوەیە لەپێناو دەستەبەركردنى سەرەتاترین مافەكانیان بۆچەند خولەكێك ڕێگایەكى گشتیان گرتو ئۆتۆمبێلێكى پۆلیسیان سوتاندو بەردبارانى بینایەكى ڕەقوتەقى ئەوشارەوانیەیان كرد كەسەرۆكەكەى لەكەناڵێكى تەلەفزیۆنەوە سوكایەتى بەهەست وشعوریان دەكات.
دەمەویت لێرەدا باس لەڕاستیەك بكەم ئەویش ئەوەیە كەجگەلەهاوڕێ ڕۆژنامەنوسەكانى دیكەم ,بەتەنها خۆم چەندین ڕاپۆرت و هەواڵم لەهەردوو ڕۆژنامەى هاوڵاتى وئاوێنەو هەروەهاڕادیۆى نەوادا لەسەرنەبونى خزمەت گوزاریو گەندەڵى لەم شارۆچكەیە بڵاوكردۆتەوە,تەنانەت چەندین بەرنامەى تایبەتم لەڕادیۆى نەوادا لەسەر ئەم شارۆچكەیە ئامادەكردوە,ئەوەى كە مەبەستمە لێرەداباسی لێوەبكەم ئەوەیە ,ئەگەردەسەڵاتدارانى هەرێم خوێنەر وگوێبیستى بەتەنها هەواڵو ڕاپۆرتى مێدیاكانى ڕاگەیاندن بووبن بەتەنها لەساڵى ڕابردوودا ,((كەمن دڵنیام ئاگادارى تەواویان بوون)) ,باش ئەوڕاستیەیان دەزانى كەدانیشتوانى ئەوشارۆچكەیە تاسەرئێسقان لەدەسەڵات توڕەنو بەوهۆیەشەوە خۆپیشاندانێكى ناڕەزاى توند ئەنجام دەدەن,چونكە زۆربەى ئەوهاوڵاتیانەى كەلێدوانیان بۆدەزگاكانى ڕاگەیاندن دەدا هەڕەشەى خۆپیشاندانیان دەكرد ئەگەربێت وبەزوترین كات داواكاریەكانیان جێبەجێنەكرێت,تەنانەت تەنها لەساڵى ڕابردوودا دانیشتوانى ئەوشارۆچكەیە چەندجارێك بەشێوەى هێمنانە لەبەردەم دامودەزگاحكومى وحیزبیەكانى ئەوشارۆچكەیەدا داواى چارەسەرى كێشەوگرفتەكانیان كرد بەڵام دەسەڵات مێشێكى میوان نەبوو,نەك وەك ئەوەى كەدواى خۆپیشاندانەكە زۆرێك لەموریدەكانى یەكێتى لەمێدیاى حیزبەكەیانەوە باسیان لەوەدەكرد كەدەبوایە ئەوخۆپیشاندانە بەشێوەیەكى هێمنانە ئەنجام بدرایە ,وەلێ بەپێچەوانەوە دواى ئەوەى كەدانیشتوانى پیرەمەگروون چەندجارێك بەشێوەى هێمنانە داواى مافەكانى خۆیان دەكرد بەڵام گوێیان لێنەگیراو دەسەڵات كابرا ووتەنى دەیگووت ئەرێ (ئەو دەنگەدەنگە لەكوێوەدێت)!!.
تەنانەت من دڵنیام دواى ئەوخۆپیشاندانەش هیچ لەمەوزوع ناگۆڕێت تەنها ئەوەنەنێت كابرا ئەم جارە لەجیاتى ئەوەى بڵێت ئەو(دەنگە دەنگە)لەكوێوەدێت ,دەبێژێت ئەو(تەقە تەقە لەكوێوەدێت!!) .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە